خۆپێشاندانهكانی بهرانباری ٩٦ و ههروهها ئاخێزی ئهم جارهی ئێران و كوردستانیش كه به ههزاران كوژراو و برینداری لێ كهوتهوه، به تهواوی شانۆی سیاسی له ئێران گۆڕیوه، گۆران ههم له فۆرم و ههم له ناوهرۆك. گرینگترین خاڵ له ڕوانگهی منهوه شكانی تهواوی مهشروعییهتی سیاسی و ئیدئۆلۆژیكی كۆماری ئیسلامییه، له لایهكی ترهوه نهمانی كارامایی دهستگای حاكمییهت، لێكترازانی نوخبهگانی دهسهڵات، قهیرانی دارایی و نێودهوڵهتی وایان كردووه كه كۆماری ئیسلامی و ههموو موناسهباتی ناوخۆییهكهی گۆڕانی بهسهر دابێ.
ڕێفۆرمخوازان تووشی شكستی گوفتمانی هاتوون و له سهراشێوی ههڵبژاردنی سیاسیدا یان بهڵای باڵهكهی دیكهوه چوون، یان ڕادیكاڵتر بوونهتهوه وله بهرهی ئینقلابدا خۆیان پێناسه دهكهن، ئهوهی ماویشن زیاتر به ئیستمرارتهڵهبان ناوزهدیان دهكهن كه له ڕاستیدا هێزێكی كاریگهری ئێستای سیاسی ئێران نین.
ههنووكه كه بهرهوه خولی یازدهههمی ههڵبژاردنی مهجلیسی ئێران دهچین و ههوڵهكانی دهسهڵات له ههموو لایهكهوه له گهڕدان بۆ بهشداری جهماوهر و كڕینهوهی شهرعییهتی له دهست چوو و ئێپۆزیسیۆنیش بهرەو تهحریم ههنگاو دهنێت، به پێویستی دهزانم كه ڕوانگهی نهزهری كۆمهڵه لهسهر چهمكی ههڵبژاردن به گشتی و ههڵبژاردنی ئهم جاره به تایبهتی ڕوون بكهمهوه.
هەڵبژاردن به یەكێك لە كاریگەرترین ئامرازەكانی بەشداری سیاسی و دیاری كردنی چارەنووسی كۆمەڵانی خەڵك دێته ئاژمار، بەڵام بەپێچەوانەی روانگەی گشتی «تەنیا» ئامراز نییه، هەڵبژاردن لە راستیدا سازدانی باروودۆخێكه كە تێیدا دەنگدان دەبێته هۆكاری باشتر بوون و گۆڕانی دێمۆكراتیك لە كار و بار و بەڕێوەبهریدا. كەواته كۆی گشتی پڕۆسەی هەڵبژاردن تەنیا دەنگدان نییه. كۆی گشتی پرۆسەی هەڵبژاردن، سازدانی پڕۆسه و مێكانیزمێكه كە تێیدا زانیاری گشتی كۆمەڵانی خەڵك لەباری سیاسییەوە دەچێته سەرەوە و بە مافەكانی خۆیان ئاشنا دەبن و بەوپێیه بژاردەی خۆیان دیاری دەكەن، بوونی ئازادی بەیان و ڕادەربڕین، بوونی رۆژنامه و چاپەمەنی ئازاد و سەربەخۆ، بوونی نیهاده مەدەنییەكان و ئەحزابی سیاسی و سەرئەنجام هەبوونی دۆخێكه كە هەم پاڵێوراو و هەم دەنگدەر بتوانن ئازادانه خۆیان بەربژێر بكەن و دەنگ بدەن.
ئەگەر ئەمانه وەك پێوەر حیساب بكەین، لە ئێرانی كۆماری ئیسلامیدا هیچ كامێكیان بوونیان نییه. باسی بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن لە ناوخۆی ڕژیمێكدایه كە بە هەموو پێوانەیەكی فكری و فەلسەفییەوە دەچێته خانەی دەسەڵاته تۆتالیتەرەكانەوە كە تەنانەت جیاوازه لەو پۆلێنكردنه نەریتییەی فكری سیاسی كه ڕژێمەكان دابەش دەكات بەسەر ستەمگەر، ئۆتۆكرات، دیكتاتۆری، دێموكراتی و پاڕلەمانی و هتد. ڕژیمه تۆتالیتارەكان كە كۆماری ئیسلامیش یەك لەوانه بە وردی كار لەسەر پاوانكردنی هەموو بوارەكانی ژیانی مرۆڤ دەكەن، لە ئابووری و پەروەردەوە بگره تا پاوانی روحییەتی مێژوویی و لۆژیكی زانستی و فەلسەفەش. كەواته ئەگەر پێوەری دێمۆكراسی و مافی بەشداری ئازادانه بێت، ئەوە ئەو مافه لە ئێمه و لە كۆمەڵانی خەڵكیش زەوت كراوە و مەجال بۆ بەشداری نیه.
روانگەیەكی دیكه كە لەم ساڵانەی دواییدا لە ئێران زۆری باس لێدەكرێت و ئیسلاح خوازانی ئێرانی بەردەوام پشتی پێ دەبەستن بۆ هاندانی خەڵك بۆ بەشداری كردن، هەڵبژاردنی بەینی «خراپ» و «خراپتره»، پێویسته له بارهشهوه ههڵوێستهیهك بكهین تەحریم، بایكۆت، بەشداری نەكردن یا هەر ناوێكی لێ بنێین لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەركێكی ئیدئۆلۆژیك نییه، بەڵكوو سیاسەتێكه كه به لێكدانەوەی كۆی گشتی باروودۆخی سیاسی و تاكتیكی بڕیاری لەسەر دەدرێت. «لێكدانەوەی تایبەت لە باروودۆخی تایبەتی» هەر دەورەیەك بۆ ئێمەی دیاری دەكات كە چۆن لەسەر هەڵبژاردنەكان بڕیار بدەین. سەرەڕای جیاوازی ئیدئۆلۆژیك و فكری لەگەڵ كۆماری ئیسلامی، كۆمەڵه بەپێچەوانەی بەشێكی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆن و تایبەتەن چەپی دۆگماتیك و چەق بەستوو دۆسیەی بەشداری كردن یا نەكردن وەك پرسێكی سیاسی و تاكتیكی دەبینێت.
هەڵوێست وەرگرتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و سیاسەتێك كە ئێمه لە هەر دەورەیەك دەیگرینەبەر، دەرئەنجامی شیكاری گشتییەتی باروودۆخی سیاسی و لێكدانەوەی دەركەوتەكانی بەشداری كردن یا نەكردنه. ئەوەیكە كۆماری ئیسلامی ڕژیمێكی دیكتاتۆری و تۆتالیتاره، بەبێ لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندیەكانی هەر قۆناغێك ناتوانێت تەنیا هۆكار و سەرچاوەی بڕیار بێت بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن. ئەزموونە مێژووییەكان نیشان دەدەن كە زۆر جار تەنانەت هێزه ئازادیخواز و چەپەكان لە وڵاتانی دیكتاتۆریش بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە و كاریگەری ئەرێنیشیان هەبووه، جاری وایه هەر ئەو بەشداری كردنه لە هەڵبژاردندا دەتوانێت ئەو ڕژیمانه تووشی قەیرانی ناوخۆیی و دەرەكیش بكات، ڕەنگ بێت لە باروودۆخی تایبەتدا هەر ئەم بەشدارییه لێكترازانێك لە كاكڵەی دەسەڵات دروست بكات كە ئەگەر كەرەستەكانی دیكەی داڕمانی دەسەڵاتیش ئاماده بن، ببێته هۆكاری ڕووخان و كۆتایی ڕژیمەكان.
لەبنەڕەتەوە ئەوەی ئێمه ناتوانین بەشداری هەڵبژاردنەكان بین نە «فەزیلەته» و نه «مەزییەت»، مافێكه كە لە ئێمه زەوت كراوە، ئێمه بێبەش كراوین كە خۆمان لەو تاقیكاریه بدەین. ئەم مافه لە ئێمه و لە كۆی ئۆپۆزیسیۆنی كۆماری ئیسلامی زەوت كراوە و لێرەدایه كه دیسان زیانەكانی دەسەڵاتی تۆتالیتار زیاتر دەردەكەوێت.
كۆماری ئیسلامی بە پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی ئێمه لە بەشداری، هەڵبژاردن دەكاته سەرچاوەی شەرعییەت بۆ دەسەڵاتی نگریسی خۆی، بۆیه ئێمه هەموو كات تێدەكۆشین كە بە وشیاری و لێكدانەوەی كۆی باروودۆخەكە بڕیار بدەین كە ئایا خهڵك هان بدەین كه بەشداری بكەن یان نەكەین؟ ئەگەر بزانین كە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەبێته هۆكاری بردنە پێشەوەی (هەرچەند كەمیش) تێكۆشانی كۆمەڵانی خەڵك بۆ دەستەبەر كردنی مافەكانیان، یان ئەوەی كە دەبێته هۆی زانیاری بەخشین و وشیاری زیاتر و كۆمەڵانی خەڵك لەو ڕێگەیەوە یەكگرتووتر و چاونەترستر دەكات، یان پڕۆسەی هەڵبژاردن دەبێته سەكۆیەك كە خەڵك دەتوانن دەنگی دادپەروەرانەی خۆیان هەڵبڕن و بڕوابەخۆیی لەناویان زیاد بكات كە لە هەنگاوی دواییدا زەبری ئاخر لە جەستەی دیكتاتۆری بدەن، یان ئەوەی دەستی ڕژێم لە سەركوت كورت دەكاتەوە و ناچاری دەكات نەوێرێ تووندوتیژی ڕەها بەكار بەرێت، لەوە سڵ ناكەین و بڕیاری هاندانی خهڵك بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەدەین. بەڵام ئەگەر بزانین سەر و دڵ خۆشی سیاسی، تەوەهوم و ڕازیبوون بە باروودۆخی هەنووكەیی لە كۆمەڵانی خەڵكدا زیاد دەكات، و تەنیا دەبێته هۆكاری كڕینی مەشروعییەت و سیمای رژیم دەڕازێنێتەوە و مەجالی خۆتەیار كردنی زیاتر و پشوودان دەستەبەر دەكات بۆ دەسەڵات كە بە ئاسوودەیی زیاتر دەست بۆ سەركووتی خەڵك بەرێت، ئەوە تێدەكۆشین خەڵك هان بدەین بەشداری نەكەن.
بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەش سێ فاكتەری تایبەت هەیه كە پێمان باشه هەموان لێی ئاگادار بن كە بۆچی كۆمەڵانی خەڵك هان دەدەین كە بەشداری هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامی نەبن.
یەكەم: ئەگەر ئیسلاحخوازی و ڕێفۆرمخوازان دوای جۆزەردانی ٧٦ توانیان هێندێك لە هێڵه سوورەكانی نیزام ببەزێنن و كۆمەڵێك پرس و خواستی باسلێنەكراو بورووژێنن كه سرنجی خەڵك بۆلای خۆی ڕاكێشی و لەو ڕێگەیەوە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی تووشی دووبەرەكایەتییەك بكات كە لە هەڵبژاردنەكانی ٨٨ گەیشته تروپكی خۆی، ئێستاكه لە بازنەی میانەڕەوی ڕووحانیدا ئیتر هیچ یەك لەو خواستانه بەرچاو ناكەون و نابیسترێن، ئیتر باسێك له كۆمەڵگای مەدنی ناكرێت، باسێك لە ڕۆژنامه و چاپەمەنی ئازاد تەنانەت لەناوخۆی دەسەڵاتیش نەماوە، باسی ئازادی زیندانیانی سیاسی هەر بوونی نیه، ڕێفۆرمخوازانێك كە ئێستا دەبیندرێن كاری سەرەكیان بۆته ترساندنی خەڵك له ئەزموونی سووریه و عێراق، به «چاوترساندن» و پانیك دروست كردن لەو بارەیەوە خەڵك هان دەدەن كە بهشداری له ههڵبژاردنهكان بكهن. لە راستیدا تێئۆریزەكردنی بژاردەی «خراپ» و «خراپتر» بۆته ئاجێندای سەرەكی ڕێفۆرمخوازانی ئەم سەردەمە، بۆیه بەشداری كردن لەوەها هەڵبژاردنێكدا كە كاری ڕێفۆرمخوازەكەی ئەمە بێت هیچیتر نییه جیا لە كەوتنه بازنەی گەمه و تاكتیكی هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەسەڵات.
لە لایەكیترەوە، مهجلیسی ئێران تا هاتووه بێ دهسهڵاتتر و كهم كاریگهرتر بووه، حوكمی حكومهتی وهك مۆتهیهك بهسهریهوهیهتی و تهنانهت ئهو نوێنهرانهش كه له هێڵهگی شوورای نیگههبان تێپهریون و به تهواوی لهگهڵ دهسهڵاتن باس له بێ دهسهڵاتی خۆیان دهكهن. نموونهی گران بوونی نرخی بێنزین و ئاگادار نهبوونی نوێنهرانی مهجلیس نیشاندهری ئهو ڕاستییهیه كه هیچ پلانێكی ئابووریش بۆ باش كردنی لانیكەمی باروودۆخی خەڵكیشیان ناتوانێ لهوهها مهجلیسێك تێپهر بكرێ كە بوترێت حیزبێكی بەرپرسی وەك «كۆمەڵه» نابێت ئەوە لەبەر چاو نەگرێت،.
دووهەم: لە بواری نێونەتەوییەوە كە كۆماری ئیسلامی سالانێك توانی پشوو بدات و پرسی ناوەكی كردە هۆی لەبیركردنی هەموو پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ و پرسی كەمایەتییەكان و دەیان پرسی تری لەو جۆرە، بەڵام هەلوومەرجی جیهانی و ناوچەیی و هاوكێشە جیهانییەكان، گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ئێستاكه ڕژیمی ئێران لە باروودۆخێكدایه كە هەموو هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن و ئازادیخوازان دەبێت یەكگرتووانه ئەو سیگناله بدەنه كۆمەڵانی خەڵك و كۆمەڵگای نێونەتەوەییش كه كەمترین دوودڵییان لەوە نییه كە هەڵبژاردنی ئەم جارە هیچ مەسڵەحەتێكی خەڵكی تێدا نییه و كۆماری ئیسلامی نابێت ئەمه بكاته سەرچاوەی شەرعییەتی خۆی و لە دونیای دەرەوە مانۆڕی پێبدات.
ئیستاكە ئێران وەك جاران ناتوانێ ناوچەكە بكاتە مەیدانی تەڕاتێنی خۆی بۆ دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتە زلهێزەكان و وڵاتانی ناوچەی لێهاتوەتە دەنگ و هاوپەیمانییەتێك لە دژی دەستێوەردانەكانی ئێران لە ساز بووندایە. كۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بۆ دژایەتی كردنی ئەو هاوپەیمانیەتییە دیسان پەنا بۆ هەڵبژاردن لە ناوخۆ بەریت تاوەكوو بە ڕای گشتی نێودەوڵەتی بڵێت ئێمە شەرعییەتی ئەو دەستێوەردانە لە خەڵكەكەمان وەر دەگرین. هەر بۆیە بە گونجاوی دەزانین بە بایكۆت كردنی هەڵبژاردنەكان ئەو چەكە لە كۆماری ئیسلامی وەربگرین.
سێهەم: سەبارەت بە پرسی تایبەتی كوردستانیش، ئەم بەشەی لەو ساڵانەی دواییدا بە تەواوی كەوتبووە پەراوێزەوە، كوردی ڕۆژهەڵات بووە، لە سیاسەتدا كاتێك نسكۆ و بێهومێدی زاڵ دەبێت كاری تێكۆشهرانیش پڕزهحمهت دهبێت، مادامێك جهماوهر زهوقی به هۆكاری كێشهكانی خۆی كهم بێت، ههموو ئهكت و حهرهكهتێكی سیاسیش دهخاته ژێر كاریگهریهوه، ئهم جاره به دوای بهفرانباری ٩٦ سهڕەرای زیاد بوونی كێشهكان، بهڵام كۆمهڵانی خهڵك له دۆخی بێ ئومێدی دانین، كهشوو و ههوا شۆڕشگێڕانهیه، مهیل به گۆڕانی بنهڕەتییه، ههر بۆیه دەبینین كە پارته سیاسییەكانیش كەوتوونەته خۆ و فەزا بۆ كاری هاوبەش و لێك نزیك بوونەوە زۆر زیاتر و گوونجاوتره، سازبوونی ناوهندی هاوكاری حیزبهكانی كوردستانی ئێرانیش خۆی بهرههمی ئهم باروودۆخهیه.
. لە باروودۆخێكدا كە پرسی گشتی كورد زۆر بەرچاوە لە كۆمەڵگای جیهانیدا، جێی خۆیەتی ئێمەش نیشانی بدەین كە هەم یەكگرتووین و هەم هیچ دوودڵییەكمان نییه لە خواستەكانی خۆمان. چالاكانی ناوخۆی وڵاتیش دەبێت ئەوە بزانن كە ئێمه كار و چالاكی ئەوانمان لەبەرچاوە و دەسكەوتەكانیشیان دەبینین و ڕێزی لێ دەگرین، بەڵام ئەوانیش دەبێت بزانن و وشیار بن كە نەكەونه بازنەی سیاسی- تاكتیكی ڕژیمەوە، نابێت بزووتنەوە كوردی ڕۆژههڵات و دەسكەوتەكانی هەرزان فرۆش بكرێت. لەكاتێكدا كە دەسەڵاتی كۆماری ئێسلامی بەرەوە قەیرانی گەورەی ناوخۆیی و دەرەكیش دەچێت، لەژێر ناوی ئیسلاحخوازی و بژاردەی «خراپ» و «خراپتر» و بەبێ بوونی هیچ پلانێكی تۆكمه كە گەرەنتی كردهیی هەبێت بۆ دەبێت خەڵك هان بدەن بۆ بەشداری لە دەنگدان؟!
بزووتنەوەی كورد لە مێژووی هاوچەرخدا گرێدراوە بە خەباتی شاخ و حیزبەكانییەوە، هەركەس ئەوە نەبینێت خۆی لە خوێندنەوەی مێژوو و راستیەكانیش دزیوەتەوە و له ڕاستیدا له چوارچێوهی بهرژەوهندی گشتی نهتهوهییدا خۆی نادۆزێتهوه.
هاوئاهەنگی و هاوكاری شار و شاخه كە بزووتنەوەی كوردی ڕۆژهەڵات دەگەیێنێته سەرمەنزڵی خۆی و ئاوایه كە ئێمه دەتوانین سەركەوتن مسۆگەر بكەین. ڕیفۆرمخوازان یا ههر بهربژێرێكی حكوومەتی كورد دەبێت لەوە تێبگات كە چیتر وەكوو جاران ناتوانێ دەسكەوتەكانی بزووتنەوەی كورد بكاته كەرەستەیەك بۆ دەنگ كۆكردنەوە و بەكارهێنانی لە پێناو هەندێك بەرژەوەندی كورت خایەن. دەبێ لەوە تێبگەن كە داڵانی مێژووی بزووتنەوەی كورد زۆر كەس و لایەنی بەو مەبەستە تەریك خستوەتەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت خۆیان نەگرتووەتەوە.
هەربۆیه و بە لێكدانەوەی هەموو ئەو هۆكارانه، كۆمەڵه داوا لە سەرجەم خەڵكی تێكۆشەری كوردستان دەكات كە دەنگ بە پالێوراوەكانی ئەم دەورەی هەڵبژاردن نەدەن و بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا نەكەن. هەر ئەو چاوەڕوانییەشی لە ڕووناكبیران و چالاكانی سیاسی هەیه كە تێبكۆشن ئەو هاودەنگییه ساز بكەن.