کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان ڕۆژانی ڕابردوو کوردستان و هەموو ئێران شاهێدی گەورەترین بزووتنەوەی ئێعترازی و هاتنە مەیدانی ئێوەی تێکۆشەر بوو. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە هەموو هەستان و هاتنە مەیدانێکی جەماوەر زڕاوی تۆقیوە وڵامی داخوازی ڕەوا و ئاشتیخوازانەی خەڵکی بە زۆرترین توندووتێژی داوەتەوەو دەیان کەس لە ڕۆلەکانمان گیانیان لە دەست داوە، من لێرەدا پڕ بە دڵ سەرەخوەشی و هاوخەمی خۆم بۆ بنەماڵە و کەسوکار و دۆستانی ئەو شەهیدە سەربەرزانە دەردەبڕم، خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم و دڵنیایان دەکەمەوە کە خوێنی ئەو ڕۆڵە ئازیزانەمان بە فیڕۆ ناڕوا و داری ئازادی و بەختەوەریمان دێنێتە بەر، بۆ بریندارەکانیش ئاواتی چاک بوونەوە دەخوازم و چاویان ماچ دەکەم.
خۆشەویستانم چل ساڵە کە کوردستان سەری بۆ ئەو ڕژیمە گەندەڵ و دیکتاتۆرە دانەنەواندووە و لە زەبر و زەنگی دامودەزگاکانی نەترساوەو زۆرجار بە تەنیایش ئەو خەباتەی بردووتە سەر، ئێستا بۆ یەکەمین جار لەم چل ساڵەدا دەبینین کە هەموو خەڵکی ئێران و لە سەرتاسەری وڵاتدا بە گەرموگۆڕی بە دژی ئەو ڕژیمە هەستاون و بوێرانە لە بەرانبەریدا وستاونەتەوە، دڵنیا بن ترسی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کار بەدەستانی لە هەستانی یەکپارچەی خەڵکی ئێران زۆر لە هەموو ترسێک گەورەترە، ئەوان لە هەموو بوارێکی سیاسی و ئابووری و نێونەتەوەییدا بە بنبەست گەیشتوون، شاییان بە عراق و لۆبنان بوو کە چی لەو وڵاتانەش میلیونها خەڵک بە دژیان هاتنە سەر شەقامەکان و نیشان درا کە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتانەش بێجگە لە نەفرەت و ناخۆشەویستی هیچ بەرهەمێکیان نییە، لە ڕاستیدا هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا بە دژی کۆماری ئیسلامی هەستاون بە دڵنیاییەوە ترسی گەورە کەوتووەتە گیانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، زەبرو زەنگ نواندنەکەشی هەر لەو ترسەوە سەرچاوە دەگرێ،
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نوقمی گەندەڵی و دزی و ناکارئامەییە، بە سیاسەتی چەوت دنیای لە خۆی کردووە بە دوژمن و ئەمڕۆ خەڵکەکەی خۆیشی بە پانایی هەموو ئێران لێ هاتوونەتە مەیدان ئەو ڕژیمە دەرەتانێکی بۆ خۆی نەهێشتووەتەوەو لە ڕاستیدا ڕێگەیکەیشی بێجگە لە خەبات و هاتنە مەیدان بۆ خەڵکیش نەهێشتووەتەوە، میلیاردها دولار تەخشان و پەخشانی پەرەدان بە تێرۆریزم لە ناوچەکە دەکا، هەر ڕۆژەو گەندەڵیێکی چەن میلیاردی لێ دەردەکەوێ و لێشی ناپرسێتەوە بەو حاڵەش توانایی و ویستی دابینکردنی کار و ژیانێکی سەرەتایی بۆ خەڵکەکەی خۆی نییەو بە گران کردنی نرخی سووتەمەنی لە ڕاستیدا کەوتووەتە ڕاوڕووتی داهاتی بنەماڵەکانیش. ئەو نە نانی لە سەر سفرەی بنەماڵەکان هێشتووتەوە، نە کرامەت و حورمەت و نە ماف و ئازادیشی بۆ کەس بە جێ هێشتووە، بۆیە هەستانی خەڵک و هاتنە مەیدانیان ڕەواترین وڵامەو لە گەڵ هەموو یاسایەکی نێونەتەوەییش دێتەوە.
لاوانی خوێنگەرمی کوردستان دڵم لە گەڵتانە، هەست و هۆشم لە گەڵتانە و شەو و ڕۆژ بۆ گەیاندنی دەنگی ئێوە بە دنیاو بۆ یارمەتی بە سەرخستنی خەباتە گەورە و شکۆمەندەکەی ئێوە خەریکم.
ئازیزانم، ئەوڕۆ دنیا چاوی لێتانەو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش ڕۆژبەڕۆژ بەرانبەر بە خەبات و وەستانەوەی ئێوە هەستیارترو پەرۆشتر دەبێ.
جارێکی دیکەش دەستان بە گەرمی دەگووشم، داواتان لێ دەکەم ئەوڕۆ ڕۆژی یەکگرتووییە، ڕۆژی هاوپشتی و پشتگیری یەکترییە، ڕۆژی وەلانانی هەموو ناکۆکیەکان و دەستی یەکتر گرتنە.
دەیشزانم ورەتان بەرزە مەیدان چۆڵ ناکەن بەڵام وریای خۆیشتان بن و بە وشیاری پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ کەنەوە.
سەرکەوتن بۆ ئێوەیە و بۆ گەلە
شکست و ڕیسوایی بۆ ڕژیمی دیکتاتوری گەندەڵی کۆماری ئیسلامی