وتووێژی هاوڕێ ئەبووبەکر مودەریسی ئەندامی دەفتەری سیاسی و جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەتێروریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن ئەمریکاوە لەگەڵ رادیۆ کوردتریبووناڵ.
کاک ئەبووبەکەر سڵاوی ئێمەتان پێشکەش و بەخێرهاتن تان دەکەین بۆ ئەم وتووێژە.
ئەم کاتەتان باش زۆر سپاس.
پرسیار: کاک ئەبووبەکر هەفتەی ڕابردوو سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئەمریکاوە بەتێروریست ناساندرا و لە ڕۆژی دووشەممە واتە ١٥ی ئاپریلەوە بە شێوەی فەرمی ناوی تۆمار دەکرێ وەکوو سپایەکی تێرورێست، بەبڕوای ئێوە تا چەندە ئەم ناوزەد کردنە گرینگە و دەتوانێ چ ئاسەوارێکی بێت لەداهاتووێکی نزیک یان دوور دا لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەکەدا؟
وڵام: من پێم وایە ئەوە روداوێکی گرینگە! تەنانەت بە ئیعترافی خودی ئیدارەی ترامپیشەوە تا ئێستا بێ وێنەبووە. لە ئیدارەی سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو تا ئێستا سپایەکی فەرمی وڵاتێک یان بەفەرمی بەتێروریست ناوزەدی نەکردووە وە ئەوە بٶ یەکەمین جارە کارێکی وەها دەکرێت، دیارە بابەتەکە زۆر گرینگە و زۆر بێ وێنەیە لەو بارەوە لەلایەکی دیکەشەوە سپای پاسداران دەور و ڕۆڵی زۆر گەورەی هەیە لەهەموو ئەو کێشانەی کە ئەمریکایش وەک لایەنێک دەرگیریەتی لە سووریەوە بگرە تا یەمەن، لوبنان و هەموو تەقریبەن ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. بەجۆرێک لە جۆرەکان لەلایەک ئەمریکا و زۆر جارانیش هێزە نیزامییەکانی ئەمریکایش تەنانەت لەگەڵ سپای پاسداران بوونیان هەیە بۆیەش کارێکی وەها کارێکی گرینگ و بڕیارێکی بێ وێنەیە.
پرسیار:کاک ئەبووبەکر لە پێوەندی لەگەڵ حیزبەکوردییەکان دا کە تائێستا ناچار بوون دژی حکومەتی ئیسلامی ئێران بەرگیری لە خۆیان بکەن و هێزی پێشمەرگەیان بێت، ئەم بەتێروریست ناساندی سپای پاسداران دەتوانێت چ مانایەکی بێت بۆ ئەوان؟
وڵام: بەرلەوەی بچمە سەر هەڵوێستی حیزبە کوردییەکان من دەتوانم لەلایەن حیزبەکەی خۆمەوە قسە بکەم و بڵێم بەر لەوە بچینە سەر ئەو بابەتە بەگشتی هەڵوێستەکان لەلایەن حێزەکانی ئێرانی و تەنانەت کەسایەتییەکان وەک زۆر شتی دیکەش لەو پێوەندیەدا هاتووەتە گۆڕێ لەم چەندساڵەدا لایەنی جۆرواجۆر هەن کە هەڵوێستیان هەرکامی بەجۆرێکە، لەو بابەتەش دا بەگشتی ئێمە دژبەرانی ئەو بڕیارەی ئەمریکامان هەیە لە ئێران، ئەمانە خۆیان دوو دەستەن؛ دەستەیەک ئەوکەسانەن کە دژایەتی یان لەگەڵ ئەو بڕیارەی ئەمریکا بەجۆرێک هاوسۆزی لەگەڵ نیزامی سیاسی ئێرانە جا هەر لە ڕیفورمخوازەکان بگەرە، کەسانێک کە ئێستا بەقەولی فارسی پێیان دەڵێن «ئیستمرار تەلەب» یان کەسانێک بەجۆرێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی دان، بەڵام جگە لەمانە خەڵکی دیکەش هەن کە دژی ئەو بڕیارەن، هەموو ئەوانە ناتوانین بە دۆستی کۆماری ئیسلامی بناسین، بەڵام خەڵکانێک هەن کە پێیان وایە ئەو بڕیارە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئاکامی باشی لێ ناکەوێتەوە بە دژی کۆماری ئیسلامی و بگرە هەتا بەقازانجی بێت. دیارە ئەوانە سیاسەتی خۆیان هەیە، بەڵام دەتوانم بڵێم کورد بەگشتی نەک تەنیا حیزبی سیاسی بە دڵنیایەکی سەدلەسەد دەتوانم بڵێم کورد بەگشتی وەک نەتەوە موافق و ڕەزامەندی ئەو بڕیارەیە، دژایەتی ناکات و ئەو بڕیارە بە جۆرێک بە پاڵنەر و پشتیوانی خەباتی خۆی بە دژی کۆماری ئیسلامی بٶ دەستەبەر کردنی مافەکانی خۆی دەزانێت. گەلی کورد بەگشتی هەڵوێستێکی ئاوەهای هەیە، هۆکارەکەیشی رۆشنە بۆچی؟! سپای پاسداران بە درێژایی هەموو ئەو چوار دەیە یەکێک لەهێزە سەرکوتگەرەکانی زۆر زۆر شوێندانەر و کاریگەری نیزامی سیاسی ئێران بووە لە سەرکوتی خەڵکی کورد و لە دژایەتی لەگەڵ خواستەکانیان و خەڵکی کورد بەگشتی ئەزموونی زۆریان هەیە لە دژایەتی ئەو سپایە لەگەڵ خۆیان لە هەموو شار و دێهاتەکان خەڵک دەتوانن باسی دەیان ڕووداو بکەن لەوەی کە سپای پاسداران وەکهێزێکی داگیرکەر تەنانەت هاتۆەتە مەیدانی بەربەرەکانێ لەگەڵ حەقخوازی خەڵکی کورد و سەرکوتی کردوون و زیندانی کردوون و ئەشکەنجەی داون و تێروری کردوون. سپای پاسداران تەنانەت بەپێچەوانەی زۆر هێزی دیکەش بۆخۆی دەوڵەتێک لە تۆی دەوڵەت دایە، بەجۆرێک دامودەزگای ئەمنیەتی تایبەتی خۆی هەیە زیندانی تایبەتی خۆی هەیە، بازجووی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیەش سپای پاسداران بەراستی هێزێکی سەرکوت گەری زۆز زۆر کاریگەر و دڕەندە بووە لەو بارەوە بەپێ ئەوانەوە دەتوانین هەست بکەی کە خەڵکی کورد بەهەموو هێزە سیاسییەکانی نێو بزووتنەوەی خەڵکی کورد ناتوانن دژی ئەو بڕیارەی ئیدارەی ئەمریکا بن. بەهەر جۆرە بۆچوونێک کە بیانەوێت لەبارەی خودی ئەمریکاوە، ئایا ئەمریکا بۆ ئەوە دەکات؟! ئەوە بابەتێکیدیکەیە.ئایا ئەنگیزەکانی چیە ئەوە بابەتێکی دیکەیە. هەڵبەت پێوەندی هەیە لەگەڵ ئەم وتووێژەی ئێمەوە و جەنابت دەی هێنیتە گۆڕێ و پرسیار دەکی لەو بارەوە، بەڵام هەر لێكی بدەینەوە ئەو بابەتی ئەمریکا زۆر بۆم زەحمەتە بۆمغەیری قابلی دەرکە بەقەولی فارسی بۆ دەبێ هێزێکی کوردی دژی ئەو بڕیارە بێت؟! بۆیە دەتوانم لە وڵامی ئەو پرسیارەی جەنابت بڵێم هێزە سیاسییەکان قائدەتەن هەموو دەبێ موافقی ئەو بڕیارە بن وە ئەو بڕیارە لە ئاراستەی خواستەکانی خۆیان بزانن.
پرسیار؟ کاک ئەبووبەکر زۆر باس کراوە لەولا و لە میدیاکاندا کە هێزە کوردییەکان زۆر بە گرینگی ئەو بڕیارەیان نەهێناوەتە گۆڕێ، بۆیە هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نەبووە لە بابەتێکی وەها کە دوای بەرجام کە ئەمریکا لێ هاتە دەرێ ئەمە یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانە کە هاتووەتە گۆڕێ، بەڵام حیزبە کوردییەکان وادیارە زۆر جیددییان نەگرتووە. ئەو جۆرەی لە میدا باس دەکرێ، بۆ نموونە دەڵێن تەنیا ڕاگەیاندنێکیان لە لایەن ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە داوە، ڕای جەنابت چییە لەو بارەیەوە؟!
وڵام: بەراستی نازانم ئەو کەسانەی ڕەخنەیەکی وەهایان هەیە چۆن ئیستدلال دەکەن و تەوجیهات و ڕوونکردنەوەکان یان چییە لەو بارەوە، بەڵام ئەو بڕیارە ئێستا بەگشتی هەفتەیەکە هاتووەتە گۆڕێ و تەسەورم ئەوەیە کە حیزبە سەریەکییەکانی کوردستان هەموو بەجۆرێک لە جۆرەکان لەو بارەوە ئیزهاری نەزەریان کردووە، کۆمەڵەش هەم لە ڕێگای ڕاگەیاندنی هاوبەش لەناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و هەم لەڕێگای وتووێژی سکرتێری خۆی لەوبارەوە هەڵوێستی خۆی بەتەواوی ڕۆشن بووە، بۆیە لەو بارەوە ناکرێ، ڕەخنەیەک وارد بێت. بەڵام لەدوای ئەو هەڵوێستە ئایا چاوەڕوانی ئەوە دەکرا شتێک بکات؟! کارێک بکات!؟ ئەوە دەبێ شی بکرێتەوە و قسەی لەسەر بکات، بەڵام تائەو جێگایە ڕەخنە لەوە هەیە کە بێ هەڵوێست بوون، ئەمە بەرامبەر بە کۆمەڵە و هەروەها بەرامبەر بە هێزە بەشدارەکانی ناو ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئیران ڕاست نییە و ناوەندەکە زۆر زوو جووڵاوە و ڕاگەیاندنێکی زۆر تێر و تەسەلی لەوبارەوە داوە.
پرسیار: کاک ئەبووبەکر، نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرا بە جل و بەرگی سپای پاسدارنەوە چوونە نێو مەجلیس، تەنانەت نوێنەرانی کوردیش بەو جل و بەرگەوە بەشداری کۆبوونەوەکانی مەجلیسیان کرد یان حەسەن ڕووحانی سەرۆ کۆمار و لایەنگرانی بە جلی پاسداریەوە دەرکەوتن و قسە دەکەن، وا دەردەکەوێت کە ئێستا کێشەیان لەگەڵ سپا نییە، بە پێچەوانەی ئەو وتانەی پێشووتریان کە دەیانوت لەگەڵ «دەوڵەتی با توفەنگ»، کێشەیان هەیە، ئایا کێشەیان نەماوە یان وەلایان ناوە و ئێستا بە یەک زمان دەدوێن. هەڵسەنگاندنی جەنابت لەو بارەیەوە چییە؟!
وڵام: من پێم وانییە ئەو جل لەبەرکردنە و ئەو پۆز و وێنە کێشانە بەو مانایە بێت کە کێشەکان و ناکۆکییەکانی ناو حکومەت بەتەواوی لاچووبێت، ئەوە لە ڕاستی ژێستێکە تەنها بۆ ئەوە نیشانی دەن کە هەموو لایەنەکانی نیزامی سیاسی ئێران لەوبارەوە یەک هەڵوێست و یەکگرتوون، سپای پاسداران هێزێکی نەتەوەییە و هەموو کەس پشتیوانی یان لێ دەکات، بۆیە ئەو جلانەیان لەبەر کردووە. زۆرتر بۆ نیشان دانی ئەوەیە کە بڵێن ئێمە یەکگرتووین لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی ئەمریکا دا ئەگینا پێم وایە ئەو گێرەوکێشانەی کە لە ناو نیزامی سیاسی ئێران دا هەن، وەک خۆیان ماونەتەوە و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی زۆر دووریش نا، دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە لێرە و لەوێ خۆیان نیشان دەدەنەوە. من بۆچوونم ئەوە نییە ئەو کێشە و ناکۆکیانە لەبەین چووبێتن.
پرسیار: مانای بەکردەوەی بەتێروریست ناسندنی سپای پاسداران سەبارەت بە پێوەندی لەگەڵ حکومەتی کوردستانی باشوور و لایەنەکانی دیکە دەبێتە چی؟ و چ کاردانەوەیەک لەسەر کوردستانی باشوور دادەنێت؟
وڵام: بێگومان بۆ هەمووهێزەسیاسییەکان و هەم بۆ دەوڵەتی ناوەندی عێراق و هەم بۆ حکومەتی هەرێم، ئەم بابەتە لە شوێنەکانی دیکە هەستیارترە. بۆ خۆتان دەزانن سنوورێکی دوور و درێژی هاوبەشیان لەگەڵ ئێران هەیە، نفووزی ئێران لە ناوچەکە و هەموو ئەوانە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەو بابەتە بۆ ئەوان زۆر هەستیار بێت. بەلام سەرجەم دەتوانم بڵێم کە ئەگەر لە خودی ئەو شوێنە کە عێراق بێت و بەحکومەتی کوردستانیشەوە چاوپۆشی بکەین، مانای ئەو بڕیارەی ئەمریکا سەبارەت بە سپای پاسداران دا ئەو جۆرەی بۆخۆیان دەڵێن بۆچوونم ئەوەیە دروستیشە، ئەو قسەی خۆیانە، ئەوە لە بەردەوامی گوشاری هەمەلایەنەیە بۆسەر کۆماری ئیسلامی. نەک تەنیا گەمارۆکان و هەوڵدان بۆ ئەوەی گەمارۆکان زۆرتر ڕەنگدانەوەی بێت و توانایی ئابووری نیزامی سیاسی حکومەتی ئێران کەم بکاتەوە، لەهەمان کات دا ڕۆڵی ئێران مانوری دەوری ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانی حکومەتی ئێرانیش لەناوچەکەدا بەگشتی کەم بکاتەوە و زەحمەتی بکاتەوە، چوونکە ئەو بڕیارە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە بەگشتی هەڵسوکەوت لەگەڵ سپای پاسداران، هاوکاری لەگەڵ سپای پاسداران قورس تر دەبێت و زۆرتر بەمانای دژایەتی کردن لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا پێناسە دەکرێ لەلایەن خۆدی ئیدارەی ئەمریکاوە، بۆیە ئەوە عەواقبی هەیە و زۆر کەسیش دەخاتە بیری ئەوەوە کە تەنانەت پێداچوونەوە بکەن بە قووڵایی و بەرفراوانی پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ سپای پاسداران، بەڵام بەگشتی بووچوونی من ئەوە نییە کە ئەو بڕیارەی ئەمریکا بەمانای ڕاگەیاندنی شەڕە لەگەڵ حکومەتی ئێران. لەوانەیە بەهۆی نزیکی هێزەکانی هەردوولایەنی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکە لە کەنداو وەکقایقه توندرەوەکان و بەقەولی فارسی لەدەور و بەری کشتییەکانی ئەمریکا تا ئێستا خۆلاونەتەوە و بەردەوامیش بن و لەوێش تەقەیەک، پێکدادانێک بێتە ئاراوە، بەڵام بڕوای من ئەوە کە لە حاڵی حازردا هەر دووک لایەن هەوڵ دەدەن ئەوانە مەحدوود و سنووردار بکەنەوە. لە ڕاستیدا نووکی تیژی ئامانجەکانی ئەو بڕیارە بریتیە لە کەم کردنەوەی توانایی نفووز و هێزی مانوری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ حزوور و توانایی دەستێوەردان لە ناوچەکە بە عێراقیشەوە.
پرسیار: کاک ئەبووبەکر، هەندێک کەس لەدەرەوەی ئێران بە جلی سپای پاسداران وێنەی خۆیان داناوە، بەڵام کەسانێکی زۆر کەمن.ئایا دەکڕێ ئەوانە وەکوو پشتیوانی و بانگەشە بۆ سپای پاسدارن کە هێزێکی تێرورستە لێکۆڵینەوەی یاساییان بۆ بکرێت؟
وڵام: بەڵێ منیش هەندێک شتێکم دیووە. سەبارەت بەوەی کە هێندێ لەو جل لەبەر کردنانە بەو مەبەستە بووە لە خۆدی ئەوەی دا گومان هەیە، هەرکەسە و مومکینە گومانەکە لەسەری دروست بێت یان دروست نەبێت و بە هەڵکەوت بێت. هەر بەو جۆرەی کە بیستوومە یەکێک لەو کەسانەی کە بەوە گومانی لەسەرە یەکێکە لە کارمەندەکانی تێلفیزیونی فارسی دەنگی ئەمریکایە کە بەرنامەکەی پێشتر لە درچوونی ئەو بڕیارە تۆمار کردووە. بۆیەش ئەوانە هەرکامێکی دانەدانە دەتوانێ قەزاوەتی لەمەوردابکەی کە مەبەستیان چی بووە؟! ئایا بۆخۆیان ڕوونکردنەوەیان داوە لەو بارەوە ئەوە من زانیاری پێویستم لەسەری نییە. بەڕای من شتەکە ئەوەندە هەستیار نییە کە بتوانی بیکێشینەتە دادگا و بەدواداچوونی یاسایی بۆ بکرێت، نەخێر لەو باوەڕەدا نیم.
پرسیار: ئایا ئۆروپا دەتوانێت پێوەندی خۆی لەگەڵ هێزێکی تێروریست ڕاگرێت و دەرباز بێت لە سزاکانی ئەمریکا؟
وڵام: ئەوەی سەبارەت بە ئۆروپا دایە تا ئێستاکە من دەتوانم بیڵێم ئەوەیە؛ هیچ وڵاتێکی ئۆرپایی بەپێچەوانەی بەرجام و ڕۆیشتنی دەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام کە دژایەتی خێرایان کرد و وتار و هەڵوێستان بوو، هیچ وڵاتێکی ئۆروپایی لەو بارەوە دژایەتی بڕیارەکەی ئەمریکای نەکردووە، بۆیەش چوونکە هۆکاری ئەوەیە خۆدی ئۆروپاییەکانیش هەر دوو سێ رۆژ بەر لەوەی ئەو بڕیارە ئاشکرا بکرێت لەلایەن ئیدارەی ئەمرێکاوە، خۆدی ئۆروپاییەکان پێشنیاری گوشار هێنان بۆسەر ئێران بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرلەوە پێشنیاریان داوە کە تاقیکردنەوەی موشەکی ئێران و دەور و نەقشی سپای پاسدارانی ئێران مەحدوود بکرێتەوە، بۆیەش پێم وایەکە ئەمریکا لەو بارەوە لەگەڵ دژکردەوەی گەورە لەلایەن وڵاتانی ئۆروپاییەوە بەرەو ڕوو بێتەوە. من وڵاتێکی ئۆروپایی ناناسم کە زۆر بە ئاشکرا پێوەندی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ سپای پاسداران بێت، بەڵام ئەگەر لەجێگایەکیش ئەوە بێت بەبێ گومان هەر بەو جۆرەیش کە پرسیاری جەنابیتش نیشانی دەدا پێداچوونەوە دەکات لەوبارەوە، چونکا ئەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان نێوانیان لەگەڵ ئەمریکا ناخۆش دەکات. تەنانەت ئەگەر لەباری یاساییەوە پاساوێک نەبێت کە ئەوان مەحکووم بکرێن، بەڵام ئەمریکا وڵاتێکی زڵ هێزە و ئۆروپاییەکانیش پێوەندێکی ئابووری بازرگانی و سیاسی زۆر بەربڵاویان هەیە و لە هەمان کات دا جۆرێک هاوبەرژەوەندی ستراتژیکیان هەیە، بۆیە رەعایەت دەکەن و تەبعەن زۆر پێم سەیرە ئەگەر پێچەوانەکەی بێت، واتە وڵاتێک بییەوێت لەو دۆخەدا بەجۆرێک ژێستێک بگڕێت و وێنەیەک لەگەڵ سپای پاسداران بکێشێت، شتی ئاوا نابێت.
پرسیار: سەبارەت بە ئۆپوزیسیونی ئێرانی کە لەدەرەوە، بە کورد وغەیری کوردەوە، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە ئۆپوزیسیون لە دەرەوەی وڵات بەگشتی کەمپەینێک ساز بکەن دژی ئێران و داوا لە ئۆروپا بکەن کە ئەوانیش وەک ئەمریکا سپای پاسدارانی ئێران بەتێروریست بناسێنن؟
وڵام: هەر لە ساڵەکانی سەرەتایی دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، هێزی دژبەری کۆماری ئیسلامی و ئەو هێزانەی کە خەباتێکی جێددییان لە دژی نیزامی سیاسی ئێران کردووە، بەشی هەرە زۆریان بە پێی توانا و زەرفییەتی خۆیان هەوڵیان داوە کە پشتیوانی سیاسی هەم لە نێو ڕای گشتی ئۆروپا و هەم لە نێو دەوڵەتەکاندا بۆخۆیان دەستەبەربکەن، هاوسۆزی دروست بکەن بۆخەباتی خۆیان و هەوڵ بدەن کە کۆماری ئیسلامی و کردەوەکانی بەدژی مافی مرۆڤ، بەدژی خەڵکی ئێران مەحکووم بکرێت و لەنێوکۆڕ و کۆمەڵ و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان مەحکووم بکرێت، ئێستاش لە درێژەی ئەوەدا و بەبڕوای من تەنانەت زۆرتر و موتەمەرکزتر حەقی خۆیەتی کە ئەو هەوڵانە بدرێن. ئەو هەوڵانە بەو ڕوداوە تازانەشەوە کە ئێستاکە مەوردی بەحسمانە ئەگەر زۆرتربێت من پێم خراپ نیەو پێم واەیەکە ئۆپوزیسیونی جێددی ئێران دەبێ ئەو کارانە بکەن.
پرسیار: کاک ئەبووبەکر،ئێران لەو رۆژانەدا تووشی لافاوێکی ناخۆش بووتەو هەموو وڵاتی گرتووتەوە،بەڵام حکومەتی ئێران ئەم رۆژانە لە دوێنێ و پێیرێوە حەشدی شەعبی لە عێراقەوە هێناوە بۆ ئێران،ئەمش خەڵک بەوە لێک دەدەنەوە کە نەوعێک خۆنیشان دانەو نەوعێک پێوەندی سپای پاسداران و حەشدی شەعبی دەگەیەنێ و دەیانەوێ بڵێن کە ئێمە بەتەنیا نین،جەنبتان چۆن بیردەکەنەوە سەبارەت بەمە؟
وڵام: هێنانی حەشدی شەعبی بۆ ناو خاکی ئێران بەبیانووی لافاو وە یارمەتی دانی خەڵکی ئێران زۆر سەیر و سەمەرەیە وە قابیلی تەوجیح نیە بۆیەش منیش وا بیر دەکەمەوە زۆرتر مانوڕێکی سیاسیە،هەم ڕووی لە چاو ترسێنک کردنی خەڵک دایە چوون ئەوان هیچ پێوەندێکی خزمایەتی،هاوشاری گەریەتی ئەوانەیان لەگەڵ خەڵکی نارازی ئێران نیە بۆیەش ئەتوانن هێزێکی کاریگەر بن لە سەرکوت دا جا ئەوەش بۆخۆی جۆرێک پەیامە بۆ خەڵکی نارازی لە ئێران کە ئێرانیەکانیش داستانێک یان هەیە لە بەکارهێنانی لەوجۆرە خەڵکە بۆیەش بەعید نیە ئەوە بێت من بۆخۆم زانیارێکی زۆر دەقیقم نیە کە لە نێوان ئەوان و خەڵکی ئێران چیان کردووە ئایا تا ئێستا هەر ماون لەوێ یان چی،دوو جۆر قسەهەیە لەوێ یەکێک ئەوەیە،ئەون هاتوون بۆ ئەوەی نەهێڵن ئەو لافاوە بچێتە ناوخاکی عێراق ئەوە جۆرێک قسەیە جۆرێکی دیکەش ئەوەیە کە هاتوونە بۆ یارمەتی دان بە بابەتی خەڵکی زیان لێکەوتووی لافاوەکان کە هەردووکیان قابیلی قەبووڵ نین و بە ئاسانی قەبووڵ ناکرێت وە ئەسڵی قەزیەیش هەر ئەوەیە،ئێران بەهەر جۆرێک کە بۆی هەبێت ئێران هەوڵ دەدات کە بە دوژمنی بڵێت هێزێکی یەکجار زۆری بەئیتفاقی هەیە وە هێزێکی زۆری خەڵکی مۆتوعەسبی سازماندهی دراو کە ئێستاکانە بەناوی «حەشدی شەعبی» وەک بەسیجی مەردومی عێراقیان پێ دەڵێن، هێزێکی ئاوەهایە هەیە و لە ژێر نفووزین و دەتوانێ کاریان پێ بکات بەدژی نەیارەکانی خۆی، ئەوە هەوڵی هەمیشەیی ئێران بووە و ئێستاش درێژەی ئەو هەوڵانەیە.
پرسیار: بەڕێز مودەڕیسی، پرسیارەکانی ئێمە ئەوانە بوون. وێڕای سپاس بۆ جەنابت و ئامادە بوونتان لەم وت و وێژە، لە کۆتاییدا ئەگەر شتێکی نەوتراو ماوە و پێویستە باسی لێوە بکرێت، بفەرموون.
وەڵام: بەراستی کاک ساڵار ئەو بابەتە بابەتێکی گەورەیە و بەو نیو کاتژمیرەش هەموو ئەو قسانە کە لێرە دەکرێ لەو بابەتەوە بیکەین ناکرێت، بەڵام ئەو قسە و باسانە بە بڕوای من دەبێ لە دەرفەتی دیکە لەگەڵ خەڵکانی دیکە لە بەرنامەکانی ئێوە و هەمیش لە میداکانی دیکە درێژەی بدرێت و بکرێت و خەڵکی جۆراوجۆر بێنن قسە و باسی خۆیان بکەن. ڕووداوەکە ڕووداوێکی گرێنگە. خەبات و موبارزەی ئێمە پێوەندی بەو ڕووداوانەوە نەبووە. ئەو کاتەی کە کەسێش باسی زۆری لەو شتانەی نەدەکرد، خەڵکی کورد، حیزبەسیاسییەکان و کۆمەڵەش وەک یەکێک لەوانە دەرگێری موبارەزەیەکی زۆر گەورە بووە لەگەڵ ڕژیمی ئێران و تایبەتی لەگەڵ سپای پاسداران وەک هێزێکی داگێرکەر. سپای پاسداران هێزێکی کلاسیکی نەتەوەیی نییە، هێزێکی ئیدئولۆژیکییە، تەنانەت خەڵکی ئێرانیشی لە پشت سری نییە. هیزی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامییە، بۆیەش هەر بەنێو بە ناوەروک هێزێکی موتەجاوز و دەستێوەردەرە لە کاروباری وڵاتانی دیکە، لە کاروباری ناوچە، بۆیەش بەڕاستی ئەو توهمەت و ئیتهامانە کە پێ دەبەستن جێگای خۆیەتی و ئێستاش بەبڕوای من بەتەدریجیش نابێ زۆر پەڵە بکەین.هاوسۆزییەک، ناسینێکی زۆرتری خەڵکی کوردیش وەک یەکێک لەو خەڵکانە کە زیاتر لە هەموو نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران و خەڵکی ئێران دەستی داوەتە موبارزە لەگەڵ ئەو هێزە و دەرگیرش بووە، زۆرتریش هاوسۆزێکی ئاوا بناسرێت، ئەوانە دەرفەتی باش دروست دەکات بەبێ شەرم و شکۆ دەبێ لەو دەرفەتانە کەڵک بگێرێت و موبارزەی خۆی تەشدید بکاتەوە حەقانییەتی موبارزەی میللەتی کورد زۆر زۆر گەورەترە لەوانە. پێشتر لەوانە بووە، بەڵام خەڵکی کوردیس حەقی خۆیەتی و بۆی هەیە کەڵک وەر بگرێت لەهەر دەرفەتێکی گونجاوتر کە دێتە پێش بۆ موبارزە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.