خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
چین و توێژەکانی مافخوراو، بەشمەینەت و چەوساوە!
هاوڕێیان و پاڵپشتەکانی کۆمەڵە!
٤٠ ساڵ لەمەوپێش و لە ئاوەها وەرزێکدا، شەقامەکان خرۆشابوون و ئاپۆرەی جەماوەر و خەڵکانی ناڕازیی، لە ئەنجامی ڕاپەڕینێکی بەریندا کۆتاییان بە دەسەڵاتی ٢٥٠٠ ساڵەی پاشایەتی هێنا. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە بە بۆنەی هەلومەرجی نوێ و بە هۆی گیانبەختکردنی هاوڕێی ڕێنوێن و ڕێکخەر “کاک حەمەحسێن کەریمی”، ژیلەمۆی ٩ ساڵ نووستووی ڕێکخراوەیەک کڵپەی کرد و ڕووناکی و تینی ئاگرەکەی هەموو کوردستانی گرتەوە. ڕێکخراوەیەک کە لەسەر دەستی لاوانی خۆنەویست، پێشەنگ، پێشکەوتنخواز و خوێندکاری کورد دامەزرابوو.
٤٩ ساڵ لەوە پێش، لە نێو دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە گیرۆدەی زۆر بیری دوواکەوتوانه بوو، ڕێبازێکی سنوورشکێن و پێشکەوتنخواز سەری هەڵێنا کە بوارەکانی خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوایەتی، دادپەروەری چینایەتی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، یەکسانیخوازی ڕەگەزی و هەروەها بەرابەربوون لە پێناسە و مافەکانی مرۆڤی ئاوێتەی یەک کرد و کردییە پردێک بۆ گەیشتن بە ئامانج و بە داکۆکی شێلگیرانە لە سەر ئەو ڕێچکە و باوڕە، کە هەنووکەش ژووانگەی هەموو ئەوانەیه که هەست بە بندەستەیی، چەوسانەوە و هەڵاواردن دەکەن.
نزیکەی نیو سەدە خەبات و تێکۆشانی بێوچان لە دژی کۆنەپەرەستی، پاوانخوازی و چەوسێنەری و هەروەها ٤ دەیە ڕووبەڕووبوون و بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی لە سەنگەری پێشەوەدا، بەرپرسایەتی و ئەرکێکە کە کۆمەڵە بە درێژایی ئەم ساڵانە و بە پانتایی ههموو کوردستان لە ئەستۆی گرتووە.
ئهوه مێژووی ٤ دەیە ڕاوەستانی بێوچانه! ڕاوهستانی بێوچان لەهەمبەر ئایدۆلۆژیا، كولتور و سهركووتی ڕژیمێک کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ناوەڕۆک و ڕەواڵەتی دڕندانەی ڕوونتر دەردەکەوێت. ڕژیمێک کە بۆتە تابلۆی زیندەبەچاڵکردنی مرۆڤایەتی، هێمایەک لە دواکەوتوویی و قەڵاچۆکردن و ئەشکەنجە و ئازار و مەرگ، کانگایەک بۆ تۆقاندن و هەڵقوڵانی تێرۆر و توندوتیژی و سەرچاوەیەکی ئاژاوەگێڕ کە ناوچەیهکی ئاگر داوە و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ بەرپرس و هۆکاری کوژرانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی میلیۆنانی دیکەیە.
هاوڕێیان و هاوسەنگەران!
بە درێژایی ئەم چوار دەیە، هزر و هێزی سیاسی کۆمەڵە، پێداگر بووە لەسەر ماف و خواستەکانی گەلی کورد و بەردەوام بووە لە تێکۆشان بۆ هەڵبژاردن و بەرەوپێشبردنی سیاسەتی گونجاو و دۆزینەوەی ڕێکاری مومکین و بەدواداچوون بۆ چارەسەری کێشەکان.
تێکۆشانی کۆمەڵه هەموو ڕەهەندەکانی خەباتی هەر لە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی پرژوبڵاوی ئێرانی و چەسپاندنی یەکگرتوویی، ههتا یەکخستن و پاراستنی یەکڕیزی لە نێو ماڵی کورد لە کوردستان. پاراستن و پەرەپێدانی هێزی پێشمەرگه و کار و چالاکی پێشمەرگانه، ڕێکخستنی کوردی ڕۆژهەڵات له دەرەوەی وڵات، کار کردن و گەشەپێدانی دیپلۆماسی و گەیاندنی دەنگی کپ کراوی گەلی کورد و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و ناساندنی بە هەموو جیهانی لەخۆ گرتووە. ڕەنگبێت لە هەموو ئەمانه گرینگتر کار و چالاکی رێکخستنه نهێنیەکان بێت کە هەر ئێستا و لە کاتی خوێندنەوەی ئەم پەیامەدا، بەو پەڕی چاونەترسییەوە، ئازارەکانی خەڵکیان لە کۆڵ ناوە و ئەرکی ڕێکخستن و وشیارکردنەوەیان بەڕێوەدەبەن.
هاوڕێیان، کارنامەی ئێمە، مێژوو، گوتار، هەڵوێست و کردەوەمانە!
جەماوەری ناڕازیی و وەزالەهاتووی ئێران و کوردستان!
ئێرانی ئیستا قەیرانستانە، بە پێی ڕێژەی حەشیمەت ناڕازییترین وڵاتی جیهانە، گیرۆدەی دەیان قەیرانی ژینگەیی لەوانە نەبوونی ئاو، پیسبوونی هەوا و لەناوچوونی دارستانەکانە. نە ڕەوایی ماوە نە کارامەیی، نە ئیرادە، نە وزە، نە توانا و نە مەجال بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی لهچوارچێوهی ئهم دهسهڵاته. ڕەزامەندی و متمانەی خەڵک لە دەست چووە و کۆمەڵگا بەو باوڕە گەیشتووە کە باشتربوونی ژیانیان لە گرەویی ڕۆیشتن و ڕووخانی ئەم ڕژیمەدایە. یەکڕیزی نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی جێگەی داوە بە چەند دەستەیی و چەندڕیزی و هەناردەکەردنی تێرۆریزم و ئاژاوە، بۆتە هۆی پێکهاتنی بەرەیەکی ناوچەیی و جیهانی لە دژی.
ناکارامەبوونی کۆماری ئیسلامی و ناتەوانی دەسەڵاتی تاک ڕەهەند و ئایینی و پاوانخواز، بۆ هەمووان ڕوونە و تەنانەت لە بەرزترین ئاستی نێو بازنەی دەسەڵاتدا بە ئاشکرا باسی لێدەکرێت. لەبیرمان ناچێتەوە پارەکە لەم سەردەمانەدا، بزووتنەوی بەفرانبار سەری هەڵدا و هیچکام لە خواست و داخوازی و کێشەکانی ئەو خەڵکە، تا ئێستاش نە تەنیا چارەسەر نەبووە، بەڵکوو زیادی کردووە.
هاوسەنگەرانی چالاک و تێکۆشەر لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵە!
کلیلی چارەسەری کێشەکان و گەیشتن بە ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە، ڕۆیشتنی کۆماری ئیسلامییە. کاتی ئەوەیە کورد بەهۆی ئەزموون، توانایی، ئاستی تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویی، خۆی بسەلمێنێت و ببێتە ناوەندی پێشکەوتنخوازی و پێشوەچوون لە داهاتووی ئێران و ناوچەکەدا. ئێستا قۆناغێکی گرینگ و هەستیارە، سەردەمی تێپەڕبوونە و ئەمە بە واتای لەخۆبردوویی، بەردەوامبوون و خۆماندووکردنی زیاترە. خەبات و تێکۆشان لەم بارودۆخەدا، وزە و هەوڵی چڕوپڕتری پێویسته. هەمیشە دوایین هەنگاوەکان بۆ گەیشتن بە لووتکە، گرینگترین و هاوکات دژوارترینە، بەڵام ئەوەی کە چاوی لە ئاسۆی لووتکە نابڕێت، سەرکەوتنەکان مسۆگەر ئەکات.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆته مایەی دڵخۆشی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەڵام پێویسته پەرەی پێبدەین و لەوپێناوەدا کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە پێکهێنانی بەرەیەکی بەرین و توکمە بۆ کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە زەروورەتێکی پێویست، فەوری و سەردەمییانە دەزانێت، تەنیا لەو کاتەدایە کە ئێمەی کورد توانامان هەیە لە هاوکێشەکاندا ڕۆڵ بگێڕین و لە هاوسەنگییەکاندا قورساییمان ببێت.
هەروەها داوا لە کۆمەڵانی خەڵک و حیزبەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکەین هاوکار و یارمەتیدەرمان بن. داوا لە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەین درگای ماڵەکانیان کراوەتر، کورەی ئیرادە و دەروونیان بەگڕتر، و چرای هیوا و ئومێدیان لە هەموو کات بە گوڕتر بێت. ڕوو لە هەموو ژنانی یەکسانیخواز، چالاکانی بوارە جیاوازەکان، پیشەنگانی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکان، کرێکاران، زەحمەتکێشان، مامۆستایان، خوێندکاران، ئەدیبان، ڕووناکبیران و هونەرمەندان دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە، کۆمەڵە داکۆکاری سەرەکی و پاڵپشتی هەموو خواست و هیواکانتانە. داوا لە لاوانی شۆڕشگێڕ و خەباتکار دەکەین، ئاوات و ئامانجەکانیان لە ڕێزەکانی کۆمەڵەدا ببیننەوە، و لە کۆتاییدا داوا لە بەکرێگیراوان و هەڵخڵەتاوان و خیانەتکاران بە خاک و خەڵک دەکەین، بە خۆدا بێنەوە و هەتا دێر نەبووە ڕێگایان ساغکەنەوە.
خەڵکی خۆڕاگر و هوشیاری کوردستان!
بە ناوی کومیتەی ناوەندیی، بە بۆنەی دەستپێکی پێنجەمین دەیەی ئاشکرابوونی خەباتی کۆمەڵە پیرۆزبایی دەکەین لە هەموو کادر و ئەندامان و پیشمەرگەکانی کۆمەڵە، هاوڕێیانی ڕەواڵەت داپۆشراوی بەشی نهێنی، پێشمەرگە دێرینەکان، کەم ئەندامان، بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوان، بەندکراوانی سیاسی، ژنان و لاوانی شۆڕشگێڕ، لایەنگران و هەموو ئەوانەی چرکەساتێک دڵیان بۆ کۆمەڵە لێیداوە، بەڵێن دەدەین و دڵنیاتان ئەکەینەوە، کۆمەڵە وەک هێزی لە بن نەهاتووی ئێوە، تەیار و ئامادەیە بۆ تێکهەڵپێچانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و چرکەساتێک لە ئارمان و ئامانجەکانی دوور ناکەوێتەوە. هەروەها دڵنیاتان دەکەینەوە لە ئەگەری هاتنە ئارای هەر جۆرە ڕووداو و ئاڵوگۆڕێکی لە ناکاو، کۆمەڵە پارێزەر و پاڵپشت و پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و خەباتەکەی تا بەدیهێنانی دوایین ئاواتەکان بەردەوامە.
ئێستاش بە وشیاری و وردبینییەوە خۆ تەیار دەکەین و هاوڕێیانمان ڕێکدەخەین تاکوو بەرەوپیری گۆڕانکارییەکانی سەردەمەوە بچین. مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ ئێوەیە و پێویستە خۆتان چارەنووسی داهاتووی خۆتان دیاری بکەن، ئێمەش لەم پێناوەدا ڕێنوێن، یاریدەر و پاڵپشتی ئێوەین. ئەو خەباتە جەماوەرییەی کە پەلووپۆی ئێرانی لەخۆ گرتووە، زایەڵەی ڕاپەڕینێکی جەماوەرییە کە پێویستە ئێوە پەروەردە و خاوەندارییەتی بکەن. کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی پرۆپاگەنداکانی لەو پەڕێ زەبوونی و لاوازیدایە، بەڵام ئێمە وا تازە خەریکین لە ملەی بەرزەوە دەست بۆ خۆر بەرین و دایگرینە سەر عەرز.
بەرز و بەڕێز بێت یادی ٤٠ساڵەی ئاشکرابوونی خەباتی کۆمەڵە
سەرکەوێ خەباتی ڕەوامان
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
13/02/2019