لە گەرمەی ڕاهێنای هێزی پێشمەرگەی کۆمەلە لە زستانێکی تووش پێشناری وت و وێژێکمان بە هاوڕێ عەلی بەهمەنی کرد بۆ «ئاسۆی ڕۆژهەڵات»، بە دڵ ئاواڵەییەوە داواکەی لێ قبووڵ کردین. ئەوەی لە درێژەدا دەیخوێننەوە دەقی وت و وێژێکە لەگەڵ هاوڕێ عەلی بەهمەنی ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵە.
ئا: ئاسۆی ڕۆژهەڵات
پرسیار: هاوڕێ عەلی لە ٢٦ی ڕێبەندان، ڕۆژی کۆمەڵە نزیک دەبینەوە، سەرەتای پرسیارەکان بەوە دەست پێ دەکەم، کۆمەڵە لە چ هەلوومەرجێکدا و لە وڵامدانەوە بە چ پێویستییەکەی سەردەمی خۆی دامەزرا؟
وڵام: ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی کە سەرئەنجام بوو بە هۆی ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی، دەرگای بۆ بەشداری سەرجەم هێزە و لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەت چەپەکان لە مەیدانی خەباتی سیاسی دا کردەوە کە تا ئەو کات بە شێوەی پڕژوبڵاو یا نهێنی درێژەیان بە خەباتی خۆیان دەدا و لە جەریانی ئینقلاب دا ئاشکرا بوون و حیزب و ڕێکخراوەیان دامەزراند، یەکێک لەو لایەنە سیاسییانە کۆمەڵە بوو کە بە هۆی داخراوبوونی فەزای سیاسی ئەو کاتی ئێران بە نهێنی چالاکی دەکرد و دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕژیمی پاشایەتی، لە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٥٧، بە گیانبەختکردنی کاک حەمە حسێن کەریمی، یەکێک لە ڕێبەرانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە، پاش نۆ ساڵ کاری نهێنی، خەباتی ئاشکرای خۆی دەست پێکرد.
دوای بەلاڕێدابردنی ئاراستەی ئەم شۆڕشە جەماوەرییەی خەڵک و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی لەسەرەتای هاتنەسەرکاریەوە گوشاری بۆ سەر نەیارانی خۆی و بە تایبەت لایەنە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان دەست پێکرد، کە بە هۆی ئەو کەشە دێمۆکراسیخوازانەیەی کە لە کوردستان هەبوو، زۆربەی ئەم حیزب و لایەنانە ڕوویان کردە کوردستان و لەوێ درێژەیان بە خەباتی خۆیاندا.
تا کۆتاییەکانی دەیەی چل کە کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی نهێنی دامەزرا، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات حیزبێک نەبوو کە بتوانێ وڵامدەرەوەی ماف و داخوازییەکانی بەشی زۆری کۆمەڵگای ئەو کاتی کوردستان بێ، کرێکاران و زەحمەتکێشان و چینی هەژار و بەشمەینەتی کوردستان کە بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردستانیان پێکدێنا، ژنان، لاوانی پێگەیشتوو و خوێندەوار پێویستییان بە حیزبێک بوو کە ئاڵاهەڵگری ماف و داخوازییەکانیان بێت، کۆمەڵە لە وڵام بەم پێویستییەی ئەو سەردەمەی کوردستان دامەزرا؛ دامەزرێنەرانی کۆمەڵە وەک: کاک حەمە حسێن کەریمی، کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی، دوکتور جەعفەر، کاک عەبدوڵڵا موهتەدی و کاک سدیقی کەمانگەر کەسانی جێ بڕوا و متمانە و خۆشەویستی خەڵکی کوردستان بوون، هەر بۆیە ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا هەزاران کەسی تێکۆشەر و ئازادیخواز لە کرێکاران و زەحمەتکێشان، خوێندکاران، لاوان و ژنان لە دەوری سیاسەتەکانی خۆی کۆکاتەوە.
پرسیار: یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کۆمەڵە وەک حیزبێکی جەماوەری کە ئێستاش کۆمەڵە و مێژووەکەی پێوە دەناسرێتەوە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە چ قۆناغێکدا دامەزرا؟
وڵام: لە وڵامی ئەم پرسیارەتاندا سەرنجتان بۆ وتەیەکی کاک فوئادی ڕێبەر ڕادەکێشم کە دەڵێ: کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ دیفاع لە دەسکەوت و مافەکانیان دەبێ هێزی پێشمەرگەی خۆیان دروست بکەن، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، باڵی چەکداری کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی هەژار و بەشمەینەتی کوردستان بوو کە بۆ دیفاع لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کورد و مافی هەژاران و بەشمەینەتان دامەزرا و مێژووش شایەدی ئەوە دەدات کە سەرکەوتوو بوو لەو بەرپرسیاریەتیانەی کە بۆی دیاری کرابوو؛ بۆ نموونە: کۆتایی هێنان بە تەمەنی دەسەڵاتداریەتی ئاغا و دەرەبەگ و دابەش کردنی زەوی و زارەکانیان بە سەر هەژاران و بەشمەینەتانی کوردستان، مقاومەت لە بەرابەر هێزی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ بە فەرمانی فتوای خومەینی هێرشیان کردە سەر کوردستان؛ هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەپەنا ئەمانە، ئەرکی هوشیارکردنەوەی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و ئاشناکردن بە ماف و داخوازییەکانیشی لەئەستۆ بوو کە بە شانازییەوە لە هەموو قۆناغەکاندا ڕووسوور و سەربەرز هاتەدەر.
پرسیار: ئەو تایبەتمەندیانەی کە کۆمەڵە و پێشمەرگەی کۆمەڵەی لە ناو خەڵکی کوردستان پێ دەناسرێتەوە چین؟
وڵام: سەداقەت، پاکی، هەڵسووکەوتی باش و دروست، پشتیوانی لە خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش، ئەمانەتداری و قارەمانییەتی بەشێک لەو تایبەتمەنیانەن کە پێشمەرگەی کۆمەڵەی پێوە دەناسرێتەوە. هەر ئەو تایبەتمەندیانەیە کە وای کردووە پاش چەند دەیە لە جێگیربوونی هێزی پێسمەرگەی کۆمەڵە لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات، ئێستاش خەڵکی کوردستان بە هێزی خۆیانی دەزانن و لە هەر شوێنێک هەست بە زوڵم و زۆر و ناعەداڵەتیەک بکرێ، ناوی پێشمەرگەی کۆمەڵە وەک هێزی پشتیوان و ڕزگاریبەخشی خەڵک باس دەکرێ، ئێستاش زۆرن ئەو دایک و باوکانەی بە دڵێکی پڕ لە هیواوە ڕۆڵەکانیان دەنێرن بۆ ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە و شانازی بەوە دەکەن کە ڕۆڵەکانیان پێشمەرگەی کۆمەڵەیە و ئەوانیش بە بۆنەی ڕۆڵەکانیانەوە ڕووسوور و سەربەرزی ناو خەڵک و کۆمەڵگان.
پرسیار: هاتنەدەری کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک یەکێک لە قۆناغە زێڕینەکانی مێژووی کۆمەڵە دەناسرێت، بێ گومان ئەم پڕۆژەیە کاریگەری لە سەر ڕوانگەی کۆمەڵەش بە نیسبەت خەباتی پێشمەرگانە داناوە، ئەم کاریگەریانە چی بوون؟ پڕۆژەی ساغ کردنەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر چالاکبوونەوەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دانا؟
وڵام: هاتنەدەری کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و پڕۆژەی ساغ کردنەوەی کۆمەڵە لەگەڵ پێشوازییەکی بەرینی خەڵکی کوردستان، دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و جەماوەری بەرینی کۆمەڵە بەرەوڕوو بووەوە، بێ گومان ئەم پێشوازییەی خەڵکی کوردستان لە پڕۆژەی ساغ کردنەوە خزمەتی بە چالاک کردنەوەی هەموو بەشەکانی تەشکیلاتی کۆمەڵە کرد، هەر لە هێزی پێشمەرگەوە بگرە تا چالاک کردنەوەی شانە نهێنییەکانی ناوخۆ و … ؛ پۆل پۆل لە کچان و کوڕانی کوردستان بەرەو ڕیزەکانی کۆمەڵە هاتن و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیان بەهێزتر کردەوە. یەکەم حیزب بووین دوای ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی حزووری چالاکانە و ڕاستەوخۆمان لە کوردستان ڕۆژهەڵات بووە، دوای هاتنەدەرمان لە حیزبی کۆمۆنیست، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوەی بەردەوام حزووری بوو، یەکێک لەو چالاکیانەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەم ساڵانەدا، کۆنتڕۆڵ کردنی شاری مەریوان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە لایەن کۆمەڵەوە بوو. بە ڕاستی پڕۆژەی ساغ کردنەوە، کۆمەڵەی بووژاندەوە، خەڵکی کوردستانیش بە پێشوازی و هاوکاری چالاکانەیان لە کۆمەڵە و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، ئەم پەیامەیان بە نەیارانی کۆمەڵەدا کە ئەم خەتە سیاسیەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی لەسەر ساغ بۆتەوە، خاوەنی ئەم مێژووە پڕ لە سەروەریەیە.
پرسیار: هاوڕێ عەلی هەر لە درێژەی پرسیارەکەی پێشوودا، کۆمەڵە لە سەرەتاکانی دەیەی شەست بۆ پاراستن و کۆتایی هێنان بەو پڕژوبڵاویەی چەپ لە ئێران و هەروەها ڕزگارکردنیان لە ژێر تیخی ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی، خەڵکانێکی لە ناو خۆیدا جێ کردەوە، کە بە داخەوە ئەم کەسانە پاش کەڵک وەرگرتن لە پێگە و ئیعتباری کۆمەڵە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، لە کۆمەڵە و بزووتنەوەی کورد هەڵگەڕانەوە و تەبلیغاتە ژەهراوییەکانیان تا ئێستاش بەردەوامە، ئایا ئەوانە هیچ خزمەتێکیان بە کۆمەڵە، خەڵکی کورد و بزووتنەوەکەی کردووە؟
وڵام: نەخێر، مەنسووری حیکمەت و تاقمەکەی نە تەنیا هیچ خزمەتێکیان بە بزووتنەوەکە نەکرد بەڵکوو گەورەترین زەربەیان لە بزووتنەوەی کورد و کۆمەڵەدا.
هەر وەک خۆشت ئاماژەت پێدا، ئەم کەسانە لە سەرەتاکانی دەیەی شەست بە هۆی زەبر و زەنگی کۆماری ئیسلامی و گوشار بۆ سەر چالاکانی چەپ لە ئێران، ڕوویان لە کوردستان کرد و دواتر هاتنە ناو کۆمەڵە، کۆمەڵە ئەو کات لە حیزبە سەرەکییەکانی کوردستان بوو، مایەی هیوا و ئومێدی خەڵک بوو، هێزی پێشمەرگەی هەبوو، خاوەن پێگە و ئیعتبارێکی گەورە بوو نەک هەر لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان و لە بەشەکانی دیکەی ئێرانیش، بەڵام بە داخەوە دوای هاتنی سەهەند بۆ ناو کۆمەڵە و کاریگەریان لە سەر سیاسەتەکانی کۆمەڵە، کۆمەڵەیان ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتر بەرەو لاوازی برد، بوونە هۆی نائومێدی خەڵک و جەماوەری کۆمەڵە و سەدان و هەزاران کادری قارەمانیان لە کۆمەڵە دابڕاند، دەستیان کرد بە تانەوتەشەر وتن بە بزووتنەوەی کورد، تەبلیغاتێکی ژەهراویان بە دژی ڕێبەرایەتی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کورد وەڕێخست. تەنانەت بەوەش وازیان لە کۆمەڵە نەهێنا، دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە بە ناچار لە شارەکان پاشەکشەی کرد و بەرەو سنوورەکانی کوردستانی باشوور ڕۆیشت، لە جیاتی خزمەت بە زیندوو ڕاگرتنی مەشخەڵی ئەم بزووتنەوەیە، لە ژێر پاساوی ئەوەی کە باوی خەباتی پێشمەرگانە نەماوە، ماهیەتی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیان بردە ژێر پرسیار.
ئێستاش کۆمەڵە بە ناڕەوا دەزانن و کوردایەتیان پێ کۆنەپەرەستییە، تۆ کە خاوەنداری لە مێژوو و خەڵکی خۆت بە عەیبە دەزانی، چۆن ڕێبەری خەڵکەکەی دەکەی؟
پرسیار: ڕەوتی بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکان لە ئێران ئاماژە بە گۆڕانی جیدی و بنەڕەتی لە کۆمەڵگای ئێران دا دەکەن، لە ئەگەری هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەک لە ئێران و کوردستان، ئەرکەکانی سەرشانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە چین؟
وڵام: بە دڵنیایەوە ئێمەش وەک هێزی ڕزگاریبەخشی هەموو بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە، پەیڕەوی ئەو بەرنامە و سیاسەتەین کە ڕێبەری حیزبەکەمان دیاری کردووە، هەر چەند ئەوەش بڵێم، ئێمە خۆمان بۆ بەشداری چالاکانە لە هەر گۆڕانێکی جیدی لە کوردستان ئامادە کردووە، بەڵام بە گشتیی، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هێزی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستان و پشت ئەستوور بە هێزی جەماوەری خەڵکە، بۆیە دەبێ وڵامدەرەوەی ماف و پێویستییە سەردەمییەکانی خەڵکی کوردستان بێت، پارێزگاری لە دەستکەوت و بەها و ئەرزشەکانی خەڵکی خۆی بکات و ئەرکی مێژوویی خۆی کە گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانە بەجێ بێنێت و هەوڵ بۆ سەرخستن و بە سەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بدات.
پرسیار: ئێوە وەکوو یەکێک لە فەرماندە نیزامییەکانی کۆمەڵە و پێشمەرگەی دێرینی ئەو حیزبە کە بەشێکی زۆری تەمەنتان لەم ڕێبازە دابوون و تا ئێستاش بەردەوامن، پەیامتان بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان ڕوو بە خەڵکی کوردستان و جەماوەری بەرینی کۆمەڵە چیە؟
وڵام: ٢٦ی ڕێبەندان، ڕۆژی ئاشکرابوونی خەباتی حیزبێکی شۆڕشگێڕە کە هەزاران کچ و کوڕی ئازا و تێکۆشەری پێشکەشی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد کردووە، ڕۆژی یادکردنەوە لە سەدان قارەمانیەتی و حەماسەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە، ڕۆژی کرێکاران و زەحمەتکێشانە، ڕۆژی هەموو ئەو کەسانەیە کە بۆ ئازادی و ڕزگاری نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات خەبات دەکەن، منیش بەم بۆنەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لە ڕێکخستنەکانی ناوخۆ، دەرەوە و پێشمەرگە قارەمانەکانی ڕیزی عەلەنی تەشکیلاتی کۆمەڵە دەکەم؛ ڕۆژی سەرکەوتنمان نزیکە و لێرەوە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هەر وەک ڕابردوو، تا گەیشتن بە سەرکەوتنی یەکجاریی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامە، هیوادارم ساڵی داهاتوو، ئەم ڕۆژە پیرۆزە لە کوردستانێکی ئازاد و بە بەشداری سەرجەم ئەوینداران و دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە بەرز ڕابگرین.