كوردی ڕۆژهەڵات بە گشتی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانەكەی بە تایبەتی لە ماوەی 39 ساڵی دەسەڵاتدارێتیی كۆماری ئیسلامیدا گەلێك هەوراز و نشێوی تێپەڕاندووە، بە قوناغگەلێكی جیاجیادا گوزەری كردووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی جیهان و ناوچەكە و بە تایبەتی ناوخۆی ئێران، قوناغی خەباتی ئێستای ڕۆژهەڵات هەستیارە. لەم قوناغەدا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵات هەم دەبێت وەكوو كورد بۆ مافەكانی تێكۆشێ و هەمیش بەشدار بێت لە پرۆسەی ڕزگار =كردنی گەلانی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و دڕووستكردنی ئێرانێكی دێمۆكرات و فێدراڵ تاكوو پاش ڕووخانی كۆماری ئیسلامی مافەكانی كورد سەلمێنراو یان دەستەبەر كراو بێت. لەم قۆناغە تازەیەدا یەكگرتوویی نێو ماڵی كورد لە ڕۆژهەڵات بە گشتی چ حیزب و ڕێكخراوە سیاسیەكان و چ بزووتنەوە كۆمەڵایەتی و جەماوەریەكان ئەركێك و لە ڕاستیدا یەكێك لە چەكە بەهێزەكانی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئەم قوناغەدا، لەم ڕاستایەدا هەست بە بەرپرسایەتی بە ڕادەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات و پاشان چینوتوێژە جیاجیاكانی نێو كۆمەڵگای ڕۆژهەڵات .
پاش مانگرتنە گشتی و بەرفراوان و مێژووییەكەی 21ی خەرمانانی ئەمساڵ، جاڕێكیتر قسەی خێر و باسی یەكگرتن و یەكگرتنەوە و یەكڕیزی و تەبایی وەكوو قەتارە فیشەك وشەی جوان ڕیز كرا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی لەخۆ گرت. قسەی خێر هەر لایەنێك و كەسایەتیەك و تاكێكی كۆمەڵگا بیكات هەر چاكە، بەڵام ناكرێت ئەوە نەبینرێت كە گوتاری یەكگرتن و یەكڕیزیی نێو ماڵی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ئاڵاهەڵگری بووە. كۆمەڵە پاش هاتنەدەر لە حیزبی كۆمۆنیستی ئێران هەر زوو هەستی بەوە كرد كە تاكە ڕێگا بۆ پێشگرتن لە دووپاتە نەبوونەوەی شەڕی نێوخۆ و هەر وەها بۆ وەسەرخستنەوەی وزە و تواناكانی هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكان لە دژی كۆماری ئیسلامی پێویستیی سازكردنی بەرەی كوردستانی هەست پێكرد. ئەو پیشنیارەی لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا بە شێوەگەلی جۆراوجۆر خستۆتە بەر دیدی ڕاِی گشتی و هێزە ڕۆژهەڵاتییەكان، ناگەڕم بە شوێن ئەوەی كە هۆكاری سەرنەگرتنی بەرەی كوردستانی چی بووە، بۆ تاكوو ئێستاكە بەرەی كوردستانی درووست نەبووە چۆنكە پێم وایە لای هەموومان ڕوون و ئاشكرایە، بەڵام پاش هەوڵ و تەقالایەكی دەیان ساڵە سەرەنجام ڕێكەوتننامەیەك لە نێوان كۆمەڵە و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، هاتە ئاراوە كە بوو بە جێگای خوشحاڵیی خەڵكی كوردستان و جێینیگەرانیی نەیاران و دوژمنانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستانی ڕۆژهەڵات. بەڵام كۆمەڵە بەوەشەوە نەوەستا و هەر ئەو كاتەی پاش واژۆكردنی ڕێكەوتنەكە ڕایگەیاند كە درگای ئەو ڕێكەوتنە كراوەیە بۆ لایەنەكانی دیكەی ڕۆژهەڵات كە پەیوەست بن بەو ڕێكەوتننامەیەوە. لەو كاتەوە تاكوو ئێستا كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە چڕی هەوڵی یەكگرتن و سازكردنی زەرفێك دەدا بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم حیزب و لایەن و كەسایەتیەكانی ڕۆژهەڵات كە لەو بارەیەوە چەندین گەڵاڵە و پیشنیاری خستۆتە بەر دەستی هەموو لایەك كە بریتین لە: درووستكردنی بەرەی كوردستانی، گرتنی كۆنگرەی ڕۆژهەڵات، دانانی ژوورێكی فەرماندەیی بۆ هێزی پێشمەرگە بە مەبەستی چالاكیی هاوبەش و هتد…، دانانی تێلێڤزیۆنێكی هاوبەشی ڕۆژهەڵات، دانانی هەیئەتێك كە بە نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەكان كاری پێوەندی و لابیسازكردن بكات بۆ كوردی ڕۆژهەڵات. لێرەدا، پاش ئەو هەموو پیشنیارە لە لایەن كۆمەڵەوە و قبووڵنەكردنی لە لایەن بەشێك لە حیزب و ڕێكخراوە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵاتەوە بەڵام كۆمەڵە بەبێ ماندووبوون دەستی لە هەوڵ و چالاكی بۆ سازكردنی چەترێكی هاوبەش كە هێزە ڕۆژهەڵاتیەكان لە ژێریدا كۆببنەوە هەڵنەگرت تاكوو بەخۆشحاڵیەوە لە ماوەی 1 ساڵی ڕابردوودا ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران پێك هات و بەشێكی زۆری حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لەو ناوەندە پێكەوە كۆدەبنەوە و لەسەر ڕووداوە گرینگەكانی ڕۆژهەڵات هاوكاریی پێویست دەكەن بەڵام، هەر وەك ئاگادارن ڕووداوەكانی ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی ئێران و كوردستان زۆر بە خێرایی دەچنە پێش و ئەگەری گۆڕانكاریی گەورە پتر لە هەموو كات لە ئارادایە. ڕۆژی 17ی خەرمانان كۆماری ئیسلامی بە ئیعدامكردنی 3 لاوی تێكۆشەر و هاوكات مووشەكبارانكردن و تەقە لە بنكە و بارەگاكانی حیزبە ڕۆژهەڵاتیەكان گورزێكی گەورەی لە كۆی بزووتنەوەی كورد لە ڕۆژهەڵات وەشاند و بەم شێوەیە ویستی ئەو بزووتنەوە گەوەرەیە كە هاوشان لە گەڵ حیزبە ڕۆژهەڵاتیەكان هەستاوە و خەریكی خۆ ئامادەكردنە بۆ وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتیی مێژوویی و خەباتێكی بەرین بە شێوەی سەردەم لەگەڵ كۆماری ئیسلامی، پاشەكشێ پێبكات بەڵام بزووتنەوەی كورد و بە گشتی كۆمەڵگای كوردستان یەكپارچە بە مانگرتنێكی بێوێنە لە ڕۆژی 21ی خەرماناندا وڵامێكی شیاوی مێژووییان دایەوە بە كۆماری ئیسلامی كە كوشتن و بڕین و ئیعدامكردن نەك بزووتنەوەكەمان لاواز ناكات بەڵكوو زیاتر لە هەموو كات بەهێزتر و یەكڕیزتری دەكات. خاڵی گرینگ و دەكرێت بڵێین سەرەكیی ئەزموونی ئەو مانگرتنە، یەكڕیزی و یەكگرتوویی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بوو كە لە وڵامی ئەو یەك هەڵوێستیەی حیزب و ڕێكخراوە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵاتدا درایەوە. لێرەدا، زۆڕێك لە شرۆڤەكارانی سیاسی لایان وایە پاش ئەم مانگرتنەی 21ی خەرمانان كوردستانی ڕۆژهەڵات پێی لە قوناغێكی نوێ لە خەبات و تێكۆشان ناوە، بۆیە لە سۆنگەی هەست بە بەرپرسایەتیەوە لە لایەن هەموو تێكۆشەرانی دێرین و سەرجەم دڵسۆزانی گەلەكەمان لە ڕۆژڵاتەوە جاڕێكیتر داوای یەكگرتوویی و یەكڕیزی نێو ماڵی كورد لە ڕۆژهەڵات هاتەوە بەر باس، بەشێك لەو بەڕێزانە سەرجەم حیزبەكانیان بە خەتابار زانیوە و هەموو لایەنێك تاوانبار دەكەن. بۆیە لێرەدا لەم كورتە نووسینەدا ویژدانی ئەو ئازیزانە دەخەمە بەر دیدی قەزاوەت كە چاو لە ئارشیڤ و گوتار و نووسین و كۆنگرە و كۆبوونەوە و دانیشتنەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بكەن، لە كۆنفرانسی مێری كە لە شاری هەولێر گیرا سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ داوای لە سەرجەم بەڕێزان كرد كە نەچینە دەرەوە تاكوو واژۆی بەرەی كوردستانی یان هەر پێكهاتەیەك كە بتوانێت كۆمانبكاتەوە بكەین. كۆنگرەی 15ی كۆمەڵە لە ژێر ناوی كۆنگرەی یەكڕێزی و پتەویی ڕۆژهەڵات گیرا. وێڕای هەموو ئەو هەوڵی كۆمەڵە بۆ گرتنی كۆنگرەی ڕۆژهەڵات كە لە ئێستادا باشترین و گونجاوترین كاتە بۆ گرتنی ئەو كۆنگرەیە، بە لەبەر چاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ئێران پیشبینیی سەرهەڵدان و جاڕێكیتر ناڕەزایەتیی گەورەی جەماوەر بینەوە لە شەقامەكاندا، كوردیش بۆ ئەوەی بتوانێت بە یەكدەنگ و تەبا خەباتەكەی لەم قوناغە تازەیەدا بەرێتە پێش بێگۆمان تەنیا رڕێگا یەكگرتن و یەكڕیزیمانە بۆ ئەم مەبەستە ئێستاكەش كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ خۆی بە ئاڵا هەڵگری گوتاری یەكگرتووییخوازانەی ڕۆژهەڵات دەزانێت و لەو بارەیەوە ئەو بژاردانەی كە لە ڕابردوودا خستوویەتە بەر دەستی حیزب و لایەنە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵات، باشترین بژاردەن بۆ كار لەسەركردن و وەك ئاماژەم پێكرد حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات لەو قوناغەدا ئەركی زۆریان دەكەوێتە سەر شان كە ڕەنگە گرینگترینیان یەكگرتن و یەكڕیزیە، كە لێرەدا دووركەوتنەوە لە بەرژەوەندیی تەسكی حیزبایەتی و ململانێی بێبنەما، یەكتر قەبووڵكردن و تێكۆشان بۆ پێكهێنانی بەرەی كوردستانی و ڕێكخستنی چالاكییەكان لە هەموو بوارەكاندا و خۆسازدان بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێك كە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە، لە وەها دوخێك دایە كە ئەگەری ڕوودانی هەر چەشنە كێشە و مەترسییەك كەم دەبێتەوە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان هیوایان بە پاڵپشت و پارێزەرانی مافەكانیان كە حیزبەكانە، زیاتر دەبێت. سازكردنی بەرەی كوردستانی كە كۆكەرەوە دەبێ بۆ سەرجەم حیزب و ڕێكخراو و تەنانەت كەسایەتیە بێ لایەنەكانی ڕۆژهەڵات چەكی دەستی بزووتنەوەی كورد بەهێز دەكات لە بەرامبەر ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی بە گشتی لە ئەگەری دانوستان و لە بە زامنكردنی مافەكانی گەلی كورد هەر لە ئێستاوە تاوەكوو پاش ڕووخانی كوماری ئیسلامی بۆ وەرگرتنی مافی سەدان ساڵ پێشێلكراوی گەلەكەمان. جگە لەمانەش زۆر كێشە و مەترسی لە داهاتوودا كە بەشێكی لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە بەرۆكی گەلی كورد و حیزبەكانی ڕۆژهەڵات دەگرێتەوە كە ئەم گرفت و كێشانە چ لە نێو ماڵی ڕۆژهەڵات و چ لە ئاستی دەرەی ڕۆژهەڵاتدا هەر یەكگرتن و ڕێكەوتنە دەتوانێت پارێزگاری لەو دەسكەوتانە بكات كە كورد بە دەستی دەهێنێت .
كۆمەڵە هەموو هەوڵی خۆی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ ئەم مەبەستانەی كە لەم بابەتەدا ئاماژەم پێ داوە، خستووەتە گەڕ و جاری واش هەبووە ئەم پێشڕەوو بوون و هەڵگرتنی ئاڵای یەكگرتن و یەكڕیزیخوازانەی نێو ماڵی ڕۆژهەڵات خوێندنەوەی خراپ و جیای لێكراوە كە ڕەنگە هەمووی بە قازانجی كۆمەڵە نەبووبێت بەڵام هیچ كام لەوانە نەبوونەتە لەمپەر لە بەرامبەر هەوڵ و تێكۆشانی كۆمەڵە لەم ڕاساتایەدا. بۆ داهاتوویش بە هەمان شێوە كۆمەڵە سوورە لەسەر سەرگرتن و هەوڵ بۆ درووستكردنی بەرەی كوردستانی یان هەر شتێك كە خزمەت بە یەكگرتوویی نێو ماڵی ڕۆژهەڵات بكات. بەڵام كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بە گشتی و بە تایبەتی كۆمەڵگای مەدەنی و جەماوەری كە داخوازیكاری ئەم یەكگرتنەن لە حیزبە ڕۆژهەڵاتیەكان هاوكارێكی باش و نزیك بن لەگەڵ كۆمەڵە بۆ چەسپاندنی ئەو گوتارە بە سەرەنجامگەیاندنی كە گەیشتن بە ڕێكەوتن و یەكگرتوویەكی زامنكراوە بۆ ئەوەی وڵامدەری ئەم بارودۆخە هەستیارە بە یەكگرتوویمان بدەینەوە و لەگەڵ سەرجەم ڕووداوەكان و پێشهات و تەنانەت دەرفەتەكاندا بتوانین بە قازانجی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان سەربكەوین و دەرباز بین .