بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ٥ی خەزەڵوەر، لە ڕێوڕەسمێکدا، پۆلێکی دیکە لە لاوانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان، پاش تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەی خولی سیاسی و نیزامی لە فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە، لە ژێر ناوی پەلی شەهیدانی دەشتی ولەژێری شاری مەریوان، چەکی پڕ لە شانازی کۆمەڵەیان کردە شان و بە ڕەسمی، پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە.
لەم ڕێوڕەسمەدا، بە بۆنەی نزیکبوونەوە لە ٧ی خەزەڵوەر، ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێی ڕێبەر دوکتور جەعفەر شەفیعی، یادی ئازیزی ئەم ڕێبەرە گیانبەختکردووەی کۆمەڵەش بەرز ڕاگیرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی بانگەواز، سروودی ڕەسمیی کۆمەڵە و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، هاوڕێی ڕێبەر دوکتور جەعفەر شەفیعی و دوایین گیانبەختکردووانی کۆمەڵە دەستیپێکرد.
پاشان کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهیدانی دەشتی ولەژێری شاری مەریوان، هاوڕێیان ئەرسەلان جەوزاک و پەرویز عەبدی، لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامەکە، هاوڕێ دڵنیا ڕەحیم زادە، خوێندرایەوە.
دواتر هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، بە نوێنەرایەتی لە کومیتەی ناوەندی، وتەیەکی پێشکەش کرد.
هاوڕێ ئەردەڵان لە قسە و باسەکەیدا، پاش پیرۆزبایی لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە بە بۆنەی پەیوەست بوونیان بە ڕیزەکانی ئاشکرای هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە، دۆخی سیاسی ئێران و پێگەی کۆمەڵە و هێزی پێشمەرگەی لە بزووتنەوەی کوردستان دا دایە بەر باس.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە چەک و کارەکانیان لە دەستی هاوڕێ رێبوار کەریمیان، بەرپرسی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە وەرگرت.
لەم بەشەی ڕێوڕەسمەکەدا، هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە سروودێکی شۆڕشگێڕانەیان پێشکەش کرد.
پاشان، یەکێک لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە، هاوڕێ زاگرۆس ئەمینی، پەیامی پەلی شەهیدانی دەشتی ولەژێری خوێندەوە و بە شوێن ئەودا
پەخشانێک بۆ یادی شەھیدانی دەشتی ولەژێر لە لایەن هاوڕێ سوارە جامبەرسەنگ، لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە خوێندرایەوە.
دواتر خوازیارانی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە لە بەشی پەزیرش پەیامێکیان پێشکەش کرد و پاش تەواوبوونی پەیامەکە، پەخشانێک بۆ یادی ھاوڕێی گیانبەختکردوو ڕامین حسێنپەناهی لە لایەن شەرارە مورادیان، لە خوازیارانی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە، خوێندرایەوە.
ڕێوڕەسمەکە بە پیرۆزبایی گەرموگوڕی هاوڕییانی بەشدار لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە کۆتایی پێهات.