خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان
مامۆستایانی سەنگەری پەروەردە
22ی رەزبەری 1397ی هەتاوی مانگرتنی گشتی مامۆستایانی قوتابخانەكان لە بەشێكی زۆری شارەكانی ئێران وكوردستان بە سەركەوتنەوە بەرێوەچوو . مامۆستایان ئەو توێژە كاریگەرەی كۆمەڵگان كە زۆرترین خزمەت بە ڕۆلەكانی گەل دەكەن.ئەوان شیاوی ژیانێكی زۆر باشن ولە سەرجەم كۆمەڵگا پێشكەوتووەكان دا مامۆستایان وەك نموونەو پێشرەوی كۆمەڵگا سەیر دەكرێن ، نەك هەر مافیان پێشیل ناكرێ بەڵكوو فرسەتی باشترین ژیانیان بۆ فەراهەم دەكرێ بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی نەك پلەی ماموستا رێزی لێ ناگیرێ بەڵكوو مافە سەرەتایەكانیشی كە دابین كردنی ژیانێكی سەردەمیانەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییەوە بە هیند ناگیرێ ولە ژیانێكی كۆڵەمەرگی دا رایاندەگرن و ئەوە لە حاڵێك دایە كە مامۆستایان خزمەتی منداڵانی وڵاتەكەیان دەكەن وبۆ دوارۆژ وئایندەی وڵات ئامادەیان دەكەن ، مانگرتنی گشتی مامۆستایان بە نێشانەی نارەزایەتی لە لایەك بە سیاسەتی هەڵە و شەرخوازانه و دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتان و یارمەتی گەیاندنی مالی و لوجیستێكی بە تاقم و گروپە تیرۆوریستییەكانی ناوچە، لە لایەن رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و لە لایەكی دیكەوە لە هەمبەر هەلومەرجی نالەباری ئابووری مامۆستایان و كەمی مووچە، چوونەسەری قیمەتەكان، بێ بەها بوونی پوولی میللی، سەركوت و خەفەقان و نەبوونی ئازادی بەیان و نەبوونی پلانێك بۆ خوێندن بە زمانی زگماكی ،لە سەر ویست و داخوازیی كۆمەڵیك مامۆستای پێشرەو، مانگرتنی گشتی لە ئاستێكی بەربەریندا بەرێوەچوو. ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێرای پێشێوانی لە ویست و داخوازییە رەواكانی مامۆستایانی قوتابخانەكانی سەنگەری پەروەردە و زانست لە ئێران و كوردستان، داوا لە گەلانی ئێران و بە تایبەت بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان دەكەین با هەموومان بە یەكگرتوویی ویەك دەنگییەوە پشتێوانی لە داوا رەواكانی مامۆستایان بكەن. لە هەمان كاتدا داوا لە خەڵكی تێكۆشەر و خەباتگیری رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین، بە هەر شێوەیەك بۆیان دەكرێ پشتیوانی لە داوا رەواكانی مامۆستایان كوردستان بكەن.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
23ی رەزبەری 1397ی هەتاوی