ڕۆژی ٢٥ی سێپتامبه‌ر ٧٣هه‌مین کۆبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌ستی پێ‌کرد. هه‌ڵبه‌ت ڕوون بوو که ئه‌مجاره زۆربه‌ی وڵاتان و دیپلۆماته‌کان چاوه‌ڕوانی وته‌کانی سه‌رۆک کۆماری ئامریکا، دۆناڵد ترامپن که له یه‌ک حه‌فته پێشتره‌وه له لایه‌ن ده‌زگای دیپلۆماسیی ئه‌و وڵاته و به‌تایبه‌ت باڵوێزه‌که‌یان له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرا. دیار بوو که ته‌وه‌ری سه‌ره‌کیی وتاره‌که‌ی ترامپ، ئێران و هه‌ڵسوکه‌وتی کۆماری ئیسلامیه له پرسه ناوچه‌یی و جیهانیه‌کاندا و ته‌نانه‌ت پۆمپێئۆ ڕۆژی پێشتر ئاماژه‌ی به‌وه کردبوو که “لحن”ی ترامپ سه‌باره‌ت به ئێران ئه‌مجاره زۆر جیاواز و تایبه‌ت ده‌بێت. ٢٥ی سێپتامبه‌ر هات و سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکاش وتاره‌که‌ی پێشکه‌ش کرد و له کۆی نزیک به ٣٥ خوله‌ک قسه‌کانی سه‌رۆک کۆماری ئامریکا، ته‌نیا ٣.٥ خوله‌کی له‌مه‌ڕ ئێران بوو به‌ڵام له‌و چه‌ند خوله‌که‌دا به زمانێکی تووندتر له هه‌میشه هێرشی کرده سه‌ر ئێران، به‌جۆڕێک که له ماوه‌ی چڵ ساڵی ڕابردوو لانیکه‌م له لایه‌ن ڕێبه‌رانی ئامریکا و له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی له‌و شێوه به‌و جۆره و به‌و وشه و ڕستانه سیاسه‌ت و هه‌ڵویست و کرده‌وه‌کانی کۆماری ئیسلامی نه‌که‌وتووه به‌ر هێڕش و ڕەخنەوە. کۆی گشتیی قسه‌کانی دۆناڵد ترامپ دووپاتکردنه‌وه‌ی هه‌مان وته‌کانی پێشووی ناوبراو بوو، به‌ڵام به زمانێکی تووندتر و هه‌ڵبه‌ت فه‌رمیتر و ڕاشکاوانه‌تر. ناوبردن له کۆماری ئیسلامی وه‌ک سیستمێک که “تۆوی مه‌رگ و نه‌مان” له ناوچە و جیهان ده‌چێنێت” و ناوبردن له ڕێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی وه‌کوو “سیاسه‌توانانی گه‌نده‌ڵ که پاره‌ی خه‌ڵک دەدزن بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان و نانه‌وه‌ی ئاژاوه له ناوچه و جیهان” له خۆیه‌وه ئه‌وه‌نده تووند و هێڕشبه‌رانه بوو که بۆ چه‌ند خوله‌ک ساڵۆنی کۆبوونه‌وه‌که بێده‌نگ بکات و ته‌نانه‌ت نوێنه‌ری تاران له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به ڕق و تووڕه‌ییه‌وه گوێ بداته وته‌کانی سه‌رۆکی ئامریکا. دوای ترامپ سه‌رۆک کۆماری فه‌رانسه، ماکرۆن، وتاری پێشکه‌ش کرد که وێڕای ڕەخنه له سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی له ناوچه و جیهان و به‌رنامه‌ی مووشه‌کیی ئێران، داکۆکی له ڕێککه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران کرد که ئه‌و هه‌ڵویستانه دواتر له لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا و چه‌ند ڕۆژ دواتریش له لایه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان دووپات کرایه‌وە. واتە، به جۆڕێک ڕەخنهیان له کشانه‌وه‌ی ئامریکا له‌و ڕێککه‌وتنه گرت و دووپاتیان کرده‌وه که هه‌موو هه‌وڵی خۆیان ده‌ده‌ن بۆ ڕاگرتنی ئه‌و ڕێککه‌وتنه. چه‌ند کاتژمێر دوای قسه‌کانی ترامپ ده‌رفه‌ت بۆ سه‌رۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەخسا که وڵامی وته‌کانی سه‌رۆکی ئامریکا بداته‌وه. بێگومان ئه‌گه‌رچی زۆرێک له نوێنه‌رانی جیهان له کاتی وتارخوێندنه‌وه‌ی ناوبراو له هۆڵی کۆبوونه‌وه‌که ئاماده نه‌بوون به‌ڵام ڕوونه که وته‌کانی حه‌سه‌نی ڕۆحانیش گرنگیی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌رپرچدانه‌وه و هه‌ڵویسته‌کانی کۆماری ئیسلامی ده‌خسته ڕوو. ئه‌وه‌یکه ڕۆحانی چه‌ندین جار له وته‌کانی په‌نای بۆ درۆ و چه‌واشه‌کردنی ڕاستیه‌کان برد ته‌وه‌ری باسی ئێمه نیه، به‌ڵام ناوبراو هه‌وڵی دا که جەغد بکاته سه‌ر ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی و بێوه‌فایی ئامریکا بسه‌لمێنێت، به‌تایبه‌ت که ناوبراو باش ده‌یزانی له‌و بابه‌ته‌دا هاودڵیی ئۆرووپاییه‌کان و هه‌روه‌ها چین و ڕووسیای له‌گه‌ڵه و ته‌نیا ده‌توانێت له‌سه‌ر ئه‌وه مانۆڤر بدات. خاڵی زه‌قی وته‌کانی حه‌سه‌نی ڕۆحانی به‌کارهێنانی وشه‌ی “ئیسراییل” له باتی “ڕژیمی سه‌هیۆنیستی” بوو که دوو یان سێ جار له وته‌کانی به‌کاری هێنا و ئه‌وه‌ش یه‌که‌م جار بوو که سه‌رۆک کۆماری حکوومه‌تی ئیسلامیی ئێران له به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی ڕژیمی سه‌هیۆنیستی خۆی لابدات که هه‌ڵبه‌ت ڕوونه ئه‌نقه‌ست بوو. ئه‌وه سیمایه‌کی گشتی له ڕۆژی یه‌که‌می کۆبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بوو.
دوابه‌دوای وته‌کانی حه‌سه‌ن ڕۆحانی زۆڕێک له چاودێرانی سیاسی، به‌تایبه‌ت ئێرانی، که‌وتنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که له ٢٥ی سێپتامبه‌ر دۆناڵد ترامپ و به گشتی ئامریکا ته‌ریک که‌وتووه و ئه‌وه حه‌سه‌ن ڕۆحانی بوو که به وتاڕێکی دیپلۆماتیک توانیویەتی هاوسۆزی و هاوڕایی کۆمه‌ڵگای جیهانی بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بکات، به‌ڵام ئایا بە ڕاستی لێکدانه‌وه‌ی له‌و شێوه درووسته؟ ئه‌گه‌ریش درووست بێت ئایا ئه‌وه ده‌توانێت فریای قه‌یرانه قووڵه‌کانی ئێستای کۆماری ئیسلامی بکه‌وێت؟ لە بنەڕەتدا بۆ سه‌رۆکی ئامریکا ته‌ریککه‌وتنه‌وه له‌م پرسه‌دا گرنگه؟ ئایا ئامریکا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه که سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیی هاوپه‌یمانه ڕۆژئاواییه‌کانی له‌م پرسه‌دا سه‌ربکه‌وێت؟ ده‌یان پرسیاری دیکه‌ی له‌و شێوه دێته ئاراوه که ده‌کرێت به وردی و‌ڵامیان بۆ بدۆزینه‌وه و بگهیەنه ده‌ره‌نجامێکی ڕوون.
ئایا ترامپ ته‌ریک که‌وتووه؟
له یه‌که‌م نیگادا وا ده‌رده‌که‌وێت که شرۆڤه‌ی هێندێک له کارناسان که جەغد ده‌که‌نه سه‌ر ته‌ریککه‌وتنه‌وه‌ی ئامریکا ڕاسته و زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به تایبه‌ت هاوپه‌یمانه نه‌ریتیه‌کانی خودی ئامریکا دژی کشانه‌وه له “برجام”ن و ڕاشکاوانه له کۆبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتنه‌وه ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند. به‌ڵام له شرۆڤه‌یه‌کی له‌و شێوه‌دا ئه‌وه‌ی نه‌بینراوه به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانی دۆناڵد ترامپه. ناوبراو له کۆتایی قسه‌کانیدا زۆر به ڕوونی ده‌ڵێت من به هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژی “به جیهانی بوون”م و باوه‌ڕم به سه‌روه‌ری حکوومه‌ت و وڵاتان هه‌یه و له پاڵ ئه‌وه‌شدا هاوکاری لەگه‌ڵ یەکتر. واته له ڕوانگه‌ی ترامپ و هاوکارانییەوە شتێک به مانای ڕێککه‌وتنی چه‌ند لایه‌نه مانای نییه تا ئه‌و کاته‌ی که به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئامریکا به ته‌واوه‌تی بپارێزێت و بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ک بۆی گرنگ نییه که بۆ نموونه هاوپه‌یمانه ڕۆژئاواییه‌کانی له‌گه‌ڵی هاوسۆزن یان دژی بڕیاره‌کانی ده‌وه‌ستنه‌وه. به وته‌یه‌کی دیکە، ئه‌وه جۆڕێک “ته‌ریککه‌وتنه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه”یه که ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئامریکا ده‌سته‌به‌ر بکات. بۆ نموونە، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانی “نه‌فتا” لەگه‌ڵ کانادا و مێکزیک و به‌ستنی گڕێبه‌ستی نوێی دوو لایه‌نه لەگه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته، هاتنه ده‌ره‌وه له شوورای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، هاتنه ده‌ره‌وه له یۆنسکۆ، هاتنه ده‌ره‌وه له ڕێککه‌وتننامه‌ی ئیقلیمی پاریس و چه‌ندین بڕیاری دیکه‌ی له‌و شێوه. ڕاستییەکەی ئه‌وه‌یه که ترامپ ده‌ستپێکی ده‌وره‌یه‌کی نوێیه له ئاست سیاسه‌تی جیهانی و به‌تایبه‌ت له ڕۆژاوادا، ده‌ورانێک که یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ڕێبه‌رانێکی نە زۆر بەناوبانگ و ناسراوە به ڕوانگه‌یه‌کی ڕاستی نهتهوەگهراو و پۆپۆلیستەوە. ئه‌و جۆره ڕێبه‌رانه به باشی توانیویانه له دوودڵی و نه‌بوونی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ریدا به‌رامبه‌ر به سیاسه‌توانانی کلاسیکی پێشوو که‌ڵک وه‌رگرن و به دڕووشمگهلی پۆپۆلیستی و له هه‌مان کاتدا ڕەفتار و سیاسه‌تی پڕاگماتیکی خه‌ڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، ڕێبه‌رانێک که ته‌نانه‌ت بنه‌ما ڕەفتاری و ئایدۆلۆژیکه کلاسیک و نه‌ریته‌کانی باڵی خۆشیان پێشێل ده‌که‌ن و ڕوخساڕێکی دیکه له ڕاست ده‌رده‌خه‌ن و ئه‌وه‌ش ته‌نیا تایبه‌تی ئامریکا نییه و ئه‌مڕۆ له چه‌ندین وڵاتی ڕۆژاوایی وه‌کوو ئۆتریش، مه‌جارستان و ته‌نانه‌ت له‌هێستان و چێکیش ده‌توانین به ئاستی جۆراوجۆر بیانبینین. ده‌توانین بڵێین که ترامپ له نێوان ئارمانگه‌رایی و پڕاگماتیسمدا جۆڕێک پردی دڕووست کردووه و ئه‌وه‌ش له سیاسه‌ته‌کانی چ له ئاست ده‌ره‌وه چ له ئاست ناوخۆی ئامریکا و هه‌روه‌ها له ده‌ره‌نجامه‌کانی ده‌رده‌که‌وێت. که‌وابوو، ناتوانین بڵێین وته‌کانی ترامپ بووه هۆی ته‌ریککه‌وتنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێستای ئامریکا، چونکه پێشتریش ڕوون بوو و بێگومان ترامپ و تیمه‌که‌ی ئاگاداری ئه‌وه بوون که زۆڕێک له وڵاتان و بە تایبه‌ت ڕۆژاواییه‌کان دژایه‌تیی خۆیان ناشارنه‌وه و به هه‌موو شێوازێک هه‌وڵ دەده‌ن به‌رجام بپارێزن. به‌ڵام دۆناڵد ترامپ باش له تواناکانی وڵاتی خۆی ئاگادارە، به‌هێزترین ئابووریی جیهانی له‌به‌ر ده‌ست دایه له کاتێکدا کە بەرهەمهێنانی تێکەڵی نەتەوەیی (gross national product) ئه‌و وڵاته له ساڵی ٢٠١٧ نێزیک ٢٠ ترێلیون دۆلار بووه، ئه‌وه ڕێژه‌یه له هه‌مان ساڵدا بۆ چین ١٢ ترێلیون دۆلار بووە و بۆ وڵاتێکی وه‌ک ئێران ٤٣٠ ملیارد دۆلار. ترامپ باش ده‌زانێت که به‌هێزترین که‌ره‌سته له جیهانی ئه‌مڕۆدا واته هێزی ئابووریی، له به‌رده‌ستایه و هه‌موو کۆمپانی و ناوه‌نده ماڵی و ئابووریه سهرهکییەکانی جیهان به شێوه‌یه‌ک گرێدراوی بازرگانی و ئاڵۆوێرکردن لەگه‌ڵ ئامریکان. بۆیە، ته‌نانه‌ت نزیکترین هاوپه‌یمانه‌کانی ئێرانیش له ئاکامدا ناچارن مل به گه‌مارۆکانی ئامریکا بده‌ن و ناتوانن به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان بخه‌نه مه‌ترسی بۆ پاڕاستنی حکوومه‌تێکی تووندڕەو که خه‌ریکه هاوسه‌نگیی هێز له ناوچه‌ی ستراتێژیکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تێک دەدات. له‌م نێوانه‌دا سه‌رۆکی ئامریکا پشتی به هێزی سه‌ربازیی خۆی و هه‌روه‌ها پاڵپشتی زۆرینه‌ی وڵاتانی ناوچه و به‌تایبه‌ت وڵاتانی که‌نداو قورس و قاییمه. پێشکه‌وتووترین هێزی سه‌ربازیی هه‌یه که بوودجه‌ی ساڵانه‌ی نێزیک ٧٠٠ ملیارد دۆلاره، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و فاکته‌ره به ته‌نیا کاریگه‌ر نییە، به‌ڵام کاتێک که دێینه سه‌ر یارمه‌تیی سه‌ربازی و پاڵپشتیی ئامریکا له زۆڕێک له وڵاتان و به تایبه‌ت له ئۆرووپا، ئه‌و کاته‌یه که کاریگه‌ریی هێزی پێشکه‌وتووی سه‌ربازیی ئامریکامان بۆ ده‌رده‌که‌وێت. بۆ نموونە، ته‌نانه‌ت دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕی سارد، ڕۆژاوا که‌وته ململانێیەکی مێژووییەوە لەگه‌ڵ ڕووسیه که به هاتنی پووتین ئه‌و کێشه قووڵتر و هه‌ڵبه‌ت مه‌ترسیدارتر بووەوە و ئێستاش کێشه‌کانی نێوان ئۆرووپا و ڕووسیه هه‌ر به‌رده‌وامه و جاڕوبار تا ئاستێکی مه‌ترسیدار گه‌شه ده‌کات. ڕاستی ئه‌وه‌یه ئه‌وه هێزی ئامریکا له په‌یمانی “ناتۆ”یه که ئۆروپاییه‌کان دڵنیا ده‌کاته‌وه هه‌رگیز ناکه‌ونه ناو شه‌ڕێکی ماڵوێرانکه‌ر لەگه‌ڵ ڕووسه‌کان و ده‌توانن پارێزراو بن. ئه‌وانه‌م باس کرد که بزانین به‌ڕاستی به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی ته‌ریککه‌وتنه‌وه بۆ سه‌رۆکی ئامریکا و له‌م قۆناغه‌دا زۆر درووست نییە و ناتوانێت هه‌موو ڕە‌هه‌نده‌کانی ئه‌و پرسه لەخۆ بگرێت.
وتاره‌که‌ی سه‌رۆککۆماری ئێران و چه‌ند تێبینیه‌ک
لایه‌نی دووهه‌می ئه‌و پرسه ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ کۆماری ئیسلامی و لێره‌دا مه‌به‌ست زۆرتر وتاره‌که‌ی ڕۆحانی و کاردانه‌وه‌کانه به‌رامبه‌ری. بێگومان وتاره‌که‌ی ناوبراو تا ڕاده‌یه‌کی زۆر دیپلۆماتیک بوو، که چه‌ند خاڵێکی سه‌رنجراکێشی تێدا بوو. یه‌کەم، ئه‌وه‌ی که بۆ یه‌که‌مین جار سه‌رۆک کۆماری ئێران خۆی بوارد له به‌کارهێنانی وشه‌ی ڕژیمی سه‌هیۆنیستی و ته‌نیا ده‌وڵه‌تی ئیسراییلی به‌کار هێنا. ڕوونه ئه‌و کرداره بۆ ئه‌وانه‌ی سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی لە هه‌مبه‌ر ئیسراییل ده‌زانن چ مانایه‌کی قورسی هه‌یە. ڕۆحانی ته‌نانه‌ت له ستراتێژیکترین پرس و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامیشدا هه‌وڵیدا سیمایه‌کی دیکه له خۆیان نیشان بدات. دووهه‌م، سه‌رۆککۆماری ئێران هه‌موو جەغدەکەی خسته سه‌ر “برجام” و به هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماژه‌ی به کێشه‌کانی دیکه وه‌کوو پرسی مووشه‌کی، مافی مرۆڤ، سیاسه‌تی تێکده‌رانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پرسی تیرۆریزمی نێوده‌وڵه‌تی نه‌کرد. ئه‌وه‌ش له کاتێکدایه که ته‌نانه‌ت فەڕانسه و بریتانیا که به هه‌موو هێزێکه‌وه داکۆکی له به‌رجام ده‌که‌ن به زمانێکی تا ڕاده‌یه‌ک تووند ئاماژه‌یان به‌و پرسانه کرد و ته‌نانه‌ت خوازیاری ڕێگاچاره‌یه‌ک بۆ ئه‌و کێشانه بوون هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ به‌رجامدا، جگه له‌وه‌ش ته‌نیا پرسی ئه‌تۆمی نییه که ئامریکای ناچار کرد له‌و ڕێککه‌وتنه بکشێتهوە و سیاسه‌ته ناوچه‌ییه‌کانی کۆماری ئیسلامی هۆکاری سه‌ره‌کی بوو. به‌ڵام ڕۆحانی هه‌وڵیدا به هیچ شێوه‌یه‌ک نزیکی ئه‌و ڕەههندانهی کێشه‌که نه‌بێته‌وه که هه‌ڵبه‌ت هۆکاره‌که‌شی ڕوونه. سه‌رۆک کۆماری ئێران باش ده‌زانێت و ده‌یزانی که له‌و پرسانه‌دا ده‌ستی به‌تاڵه و ناتوانێت هیچ داکۆکیه‌ک له خۆی و نیزامه‌که‌ی بکات، واته ڕۆحانی به ئاشکرا خۆی له پشت ڕێبه‌رانی ئۆرووپایی و چین و ڕووسیەدا شارده‌وه و بۆ خۆی شتێکی له مست نه‌بوو که نیشانی خه‌ڵک و ڕای گشتیی بدات. پێش کۆبوونه‌وە گشتیه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیش ڕوون بوو که ٥ وڵاتی هاوبه‌ش له به‌رجام به هه‌موو وزهیهکەوە داکۆکی له‌و گڕێبه‌سته ده‌که‌ن، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه بوو که ڕۆحانی جیهان له‌مه‌ڕ کێشە و گریمانه‌کانی دیکه دڵنیا بکاته‌وه که نه‌ک سه‌رنه‌که‌وت به‌ڵکوو هیچی بۆ وتن نه‌بوو. له‌م نێوانه‌دا هێڕشی دراوسێ عه‌ره‌به‌کانی ئێران بۆ سه‌ر حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی هه‌موویان وه‌کوو لافاو دووپات بوونه‌وە و کۆماری ئیسلامیش هیچ توانای به‌گریکردنی نه‌بوو. ته‌نانه‌ت سه‌رۆککۆماری ئێران په‌نای بۆ به وته‌ی خۆیان فه‌رهه‌نگ و شارستانیه‌تی ٢٥٠٠ ساڵه‌یه‌ک برد که له ناوخۆدا به تووندی له لایه‌ن مه‌لاکانه‌وه ڕەت و ئیدانه ده‌کرێتەوە. به‌ڵام ڕۆحانی هه‌وڵیدا وشه‌کان به‌کار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی که جۆڕێک هاوسۆزی وڵاتان و ته‌نانه‌ت ئامریکاش بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بکات. له کۆتاییدا، ده‌بێت بڵێم که کۆبوونه‌وه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هیچ ده‌ستکه‌وتێکی بۆ کۆماری ئیسلامی نه‌بوو، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئامریکاییه‌کان نه‌هاتبوون که ده‌سکه‌وتێک بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بکه‌ن به‌ڵکوو ویستی ئیداره‌ی ترامپ ئه‌وه بوو که به یه‌کجاره‌یی و ڕاشکاوانه سیاسه‌ته‌کانی لە هه‌مبه‌ر ئێران ڕابگه‌ینێت و ئه‌و کاره‌شی به باشترین شێوازی مومکین کرد و هیچ جێگای پرسیاڕێکی بۆ لایه‌ن یان لایه‌نگه‌لی به‌رامبه‌ر نه‌هێشته‌وه. ئێستا کاتی بڕیاردانی کۆماری ئیسلامیه که چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵویسته‌ی ئامریکادا بکات و دیاره له‌م نێوانه‌دا ته‌نیا ئومێدی ئۆرووپایه، به‌ڵام ئایا ڕۆژاوا ده‌توانێت له‌م پرسه‌دا ڕێگای خۆی له ئامریکا جودا بکاته‌وه یان نا؟ لانیکه‌م به سه‌رنجدان به ڕاستیه‌کان و تواناکانی به‌هێزترین وڵاتی جیهان، وڵامەکە “نا”یە.