وتووێژ لەگەڵ وەحید كەماڵیئیلامی، سەبارەت بە پرسی كورد و داهاتووی ئێران و قەیرانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: دوای هاتنەدەرەوەی ئەمریكا لە بەرجام و تەنانەت ماوەیەكیش پێش ئەوە, ئێمە شایەتی كۆمەڵێك پەرچەكردار و دژكردەوەی جۆراوجۆرین سەبارەت بە پرسی ئێران چ لەلایەن كاربەدەستانی ڕژیمەوە چ لەلایەن كاربەدەستانی ئەمریكاوە؟ بۆ نموونە هێرشەكانی ترامپ لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بۆ سەر ئێران و وڵامدانەوەی بەرپرسانی ئێران؟ ئەم پرسە بەڕای ئێوە تاكەی بەو شێوەیە درێژەی دەبێت؟
وڵام: وێرای سڵاو و ڕێز بۆ ئێوەو خوێنەرە بەڕێزەكانتان پێم باشە كە وەڵامی ئەم پرسیارە بەو شێوەیە بدەمەوە و سەرەتا ئاماژەیەك بدەم بەوەی كە بەڕای من هاتنەوە سەركاری دوناڵد ترامپ و دەوڵەتی تازەی ئەمریكا، دەبێ خوێندنەوەیەكی جیاواز لە دەوڵەتەكانی پێشووی ئەمریكای بۆ بكرێت بە تایبەت دوای ئەوپەرچەكردارو هەنگاوانەی كە ترامپ دوای هاتنە سەركاری جێبەجێانی كردووە نەك لە بەرانبەر كۆماری ئیسلامی بەڵكوو لە بەرانبەر هەموو وڵاتانی دونیا و تەنانەت هاوپەیمانەكانی لە ئاست هەموو دونیادا. بۆیە، دەبێ ئێمە ئیتر لەم چەمكە تێبگەین كە سیاسەتەكانی ئەمریكا چ لەناوخۆی ئەو وڵاتە و چ لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا پەیامێكی گەورەی تێدایە و دەتوانرێت ئەم پەیامە بەو شێوەیە پێناسە بكرێت كە “ئەمریكا دەیەوێ بەشێوازێكی تاكڕەوانە سەروەریی هەموو دونیا بكات و نیزامێكی نوێی بەڕێوەبەرایەتی لە هەموو جێهان پەیڕەو بكرێت و هەنگاوە جیددی و سەرەتاییەكانی لەم ڕاستایەدا هەڵگرتووە”.
سەبارەت بە كەیسی كۆماری ئیسلامیش دەوڵەتی ترامپ و تیمەكەی و تەنانەت خودی ترامپ هەم لە كاتی هەڵبژاردنەكانی سەروكایەتیی ئەمریكا و هەم دوای هاتنەسەركاری دەوڵەتی تازە، زۆر ڕاشكاوانە سیاسەتی خۆیان ئاشكرا كردووە و پێموایە لە دانۆستانەكانی پشتی پەردەش هەر بەم ڕاشكاوییە تەعامولیان لەگەڵ كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیدا كردووە و ئامادە نەبوون و نین هیچ چەشنە باج و ئیمتیازێك بدەنە حكومەتی كۆماری ئیسلامی و سوورن لەسەر جێبەجێ كردنی 12 داواكارییەكە لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە بۆیە دەتوانین بڵێین كە هەوڵی بێوچانی سەرانی كۆماری ئیسلامی و لەوان زیاتر هەوڵەكانی وڵاتانی ئۆرووپایی وەك بریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕانسە كە شەریكی سەرەكیی كۆماری ئیسلامین و تەنانەت گوشارە سیاسی و دیپلوماسییەكانی وڵاتانێك وەك ڕووسیا و چین تا ئێستا نەیانتوانیوە شتێك لە بابەتەكە و هەڵویستی دەوڵەتی ئەمریكا لە بەرانبەر كۆماری ئیسلامیدا بگوڕن و نوێنەرانی ئەمریكا لە هەموو وتار و قسەكانیاندا پێ لەسەر ئەو 12 خاڵ و مەرجانە دادەگرن كە بۆ كۆماری ئیسلامی دانراوە. وەك پێشمەرج و هەڵسوكەوت و وتەكانی ئەم دواییەی سەرانی كۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ئۆرووپایی هەر لە هەڕەشەكانیانەوە بگرە تا دەربڕینی بێ هیوایی ئەوەمان پێ نیشان دەدات كە داهاتووی ئەم هاوكێشەیەدا دەبێ هەر ئەوە بێت كە ئەمریكا دەیهەوێت. هەرچەندە وڵاتانی ئۆرووپایی و ڕووسیا و چین و ئێران و تەنانەت توركیا لە هەوڵی ئەوەدان كە بە هەر شێوەیەك پێش لە هەنگاوەكانی دەوڵەتی ئەمریكا لە بەرانبەر بابەتی ئێران و سیاسەتی دەرەوەی ترامپ لە بوارەكانی ئابووری و سەربازیدا بگرن بەڵام ئەو هەلومەرجەی كە ئەم وڵاتانە تێیدا دەژین و كێشە قووڵەكانیان لە بوارە جیاجیاكاندا، زەحمەتە ئەو دەرفەت و تواناییەیان بۆ بڕەخسێتەوە بتوانن ببنە ئاستەنگ لە بەرانبەر سیاسەت و كردارەكانی ئەمریكا و لە كۆتاییدا ئەمە پێشبینی دەكرێت كە ملكەچی ویستەكانی دەوڵەتی ترامپ دەبن .
ئاسۆی ڕۆژهەلات: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ژوورێكی تایبەتی دامەزراندووە بۆ كاروباری ئێران و ئەو پرسانەی پێوەندیان بە ئێرانەوە هەیە. هەرچەندە هەموومان لەوە ئاگادارین كە ئەمریكا پلان یان ستراتێژیكی دیاریكراوی بۆ ئێران نییە و زۆرتر باسی گۆڕینی ڕەفتاری ئێران دەكەن. ئێوە ئەو پرسە چۆن لێك دەدەنەوە؟
وڵام: من پێموایە سەبارەت بە كۆماری ئیسلامی، ستراتیژی و سیاسەتی دەوڵەتی تازەی ئەمریكا زۆر شەفاف دیاریكراوە و ئەو 12 خاڵەی كە بۆ ئێران دیاریكراوە لە بواری حقوقی و دیپلوماتیكدا زۆر ڕوون و ئاشكران و نیشاندەری ئەوەن كە دەوڵەتی ئەمریكا بێ هیچ تعاروفێكی سیاسی و دیپلوماتیك دەستی خستۆتەسەر ئەو خاڵانەی كە مەبەستییەتی و ئەگەر ورد ببینەوە لەو 12 خاڵە، بە جوانی دەبینین و تێدەگەین كە ویستی ئەمریكا چییە .
بە ڕای من دەوڵەتی ئەمریكا دو ئامانجی سەرەكیی هەیە لە پێشكەشكردنی ئەو 12 خاڵە كە بەمجورە پێناسەیان دەكەم :یەكەم، پاشەكشێكردن بە كۆماری ئیسلامی تا پشت سنوورەكانی خۆی و داڕماندنی ئابووریی ئێران .دووهەم، وردكردنەوە و ڕووخاندنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لە پرۆسەیەكی زەمانیی مامناوەند و تەنگەتاو و بە هێزی ناوخۆیی ئێران بە كەڵكوەرگرتن لە زانستی مودیرییەتی قەیرانەكان .
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: ئەمریكا لەم دەورە یەكەمەی گەمارۆ ئابوورییەكاندا توانیویەتی گوشارێكی قورس بخاتە سەر كۆمەڵێك بانك و كۆمپانیای جۆراوجۆر و ئەمەش كۆمەڵێك لە بەرپرسانی وڵاتانی ناچەكە_ بۆ وێنە عێراق_ی هێناوەتە سەر خەت و هەڵوێستیان هەبووە. دۆخی ئێران لە ناوچەكەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
وڵام: نالەباربوونی ڕەوشی ئابووریی ژیانی خەڵك و مایەپووچبوونی زۆرینەی كۆمپانیاكان لە ئێران و نەبوونی هیچ چەشنە ئاسۆ و هیوایەكی ڕووناك بۆ داهاتوو و مەرگی تەدریجی دراو و پارەی كۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر دراوەكانی دیكە و چوونەدەرەوی كۆمپانیا بیانییەكان لە ئێران و ترسی وڵاتانی دراوسێ و زۆرێك لە وڵاتانی جیهان لە بەردەوامیی پێوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ ئێران بە هۆی هەڕەشەی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆسەر كۆماری ئیسلامی و ئەو وڵاتانەی بیانەوێت بەردەوام بن لە پێوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ ئێران و هەروەها پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكانی خەڵك لە ناوخۆی ئێران و دەركەوتنی نیشانەكانی كۆتاییهاتنی تەمەنی كۆماری ئیسلامی و پاشەكشێ ناچارییەكانی هێزەكانی ڕژیم لە سووریا و یەمەن و… بوونە بە هۆكاری ئەوەی كە سەنگی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە تووشی گۆڕانكاری ببێت و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ و ئەو هێزانەی تادوێنی هاوپەیمانی كۆماری ئیسلامی بوون بیر لە پێاچوونەوەیەكی جیددی بە نسبەت پێوەندییەكانیان بكەن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی و هەنگاوەكان لەم بوارەدا لە لایەن چەند لایەنێك كە پێشتر پشتی خۆیان بە دەسەڵاتی ئێران قایم كردبوو هەڵگیراوە و كاردانەوەی نەرێنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی بەدوای خۆیدا هێناوە .
بەتێپەڕ بوونی كات كۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر هەست بە لاوازی و تەنیایی و پەراوێز كەوتنەوە دەكات و هەرچەندە سەرانی كۆماری ئیسلامی هەركەسە و بە جورێك هەوڵ دەدەن ڕاستییەكانی ئەو هەلومەرجەی كە تێی كەوتوون چەواشە و پێچەوانە بكەن بەڵام دونیای ئەمڕۆی سیاسەت و ئاراستەكانی لە ناوچەكە و لە جیهاندا و ئامرازەكانی ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە ناوچەكە و جیهاندا ئەمری واقێع بۆ هەموو لایەك دەردەخەن و ئەگەر هەر بەم شێوەیە بڕوات زەحمەتە هێزی ڕۆخێنەری دەرەكی و ناوەكی تەنانەت دەرفەتی دانپێدانان بدات بە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و ئەم ڕژیمە لە بەرانبەر پرۆسەی شكست و كەوتن و ڕووخان ناتوانێت دڵ بە هاوپەیمانەكانی خۆش بكات .
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: زۆركەس لەو باوەڕەدان كە كۆمەڵگای ئێران دەكوڵێت و جموجۆڵ و ناڕزایەتییەكی بەرین هەیە و دەوڵەتیش خۆی بە بەرپرس نازانێت و ئەركەكانی خۆی بە نسبەتی خەڵكەوە_بۆ وێنە دۆخی كاسبكاران، كامیۆنداران، لێقەوماوانی كرماشان و سەرپێڵ زەهاو و…_ ڕاناپەڕێنێت. پێتان وایە دەوڵەت لە توانایدا نییە ئەم ئەركانە ڕابپەڕێنێت یان ئەوەندە كێشەكانی نێو خۆی قووڵە كە سەری خەڵكی ناپەرژێت؟
وڵام: كۆمەڵگای ئێران بە گشتی و هەروەها كۆماری ئیسلامی ئێستاكە تووشی زۆر قەیران و ئاڵۆزیی ناوەكی و دەرەكی بوونەتەوە و لەلایەك ڕێژەی جەماوەریی ئێران بە هەموو نەتەوەكانییەوە زیادی كردووە و ئاستی خواستی گەلان لە ئێران لە هەموو بوارەكان بەرز بووتەوە و گۆڕانی بەسەر هاتووە و خەڵكی ئێران دەیانەوێت هەرچوون بێت خۆیان بگەیننە ئاستی ژیانی ستانداردی مودێرنی جیهانی. ئەمانە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە سیاسەت و هەوڵە فراوانخوازە چڕوپڕەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ داگیركردنی بەشێكی زۆر لە جیهانی عەرەب و ئیسلامی سوننە و باقیی دەستدریژییەكانی ئێران بۆ وڵاتان و بەرزبوونەوەی تێچووی كردارەكانی و زۆر هۆكاری ئاشكرای دیكە وەك دزپەروەریی دەسەڵات و بوون بە بارگرانیی قورسی ئابووری بەسەر ئێران و سیستمی ئەم وڵاتە هەموو ڕۆژە و بەشێك لە قووتی گەلانی ئێرانی دەكردە خەرجی سیاسەتەكانی دەروە و وردە وردە ئاستی خزمەتگۆزارییەكانی بە خەڵك و بەهاناچوونی داواكارییەكانیان كەم بوویەوە و لە تێنەگەیشتوویی خۆیانیش بە زەبروزەنگ و ئاسن و سەركوت، بەرەنگاری ویستی ڕەوای خەڵك لە هەموو بوارەكاندا بوونەوە و ئێستا تەنانەت كۆماری ئیسڵامی ئەگەریش بیەوێت پێیناكرێت وڵامدەرەوەی گەلانی ئێران بێت بۆیە هەوڵ دەدات ئەوەندە خەڵكی ئێران برسی و فەقیر بكات هەتاكوو خەڵك بۆ نانی ڕۆژ ئامادە بێت بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە.
ئێستا كۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی لە ناو و دەرەوەی ئێران تەنها یەك خەمیان هەیە و ئەویش بابەتی بەردەوامی و مانەوەیانە و پرسی برسی مان و بێخزمەتی بە خەڵكی ئێران لە ئەولەوییەتی خوارەوەیە و هەموو هەوڵ و هێزی خۆیان خستووتەگەڕ تاكوو بەهەر قیمەت و موعاملەیەك بێت خۆیان بسەپێنن بەسەر ناوچەكە و جیهاندا .كۆماری ئیسلامی لە یەك شت باش تێگەیشتووە كە هەتا ئۆپوزیسیوونەكەی چ لەناوخۆ و چ لە دەرەوە ئاوا پەرژ و بڵاو بێت و ڕێبەرایەتی و هێزی یەكگرتوویان نەبێت، ناڕەزاییەكانی ناوخۆی هەرچوون بووە پێ كۆنتڕۆڵ دەكرێت هەرچەن ئەمەش ئینكار ناكرێت كە ئاستی كێشە ناوخۆییەكانیشی لە هەركاتێك زیاترە و بەم هەلومەرجەی كە ئێستا هەیە لە ڕۆژان و مانگانی داهاتوودا بەتایبەت ئەگەر گەمارۆكان بەردەوام و زیاتر ببن، قووڵایی كێشەكان زیاتر دەبێت بۆیە لە ئاستی ناڕەزایەتیی چین و توێژ و نەتەوەكان و ئایین و ئایینزاكان زیاتر هەوڵ دەدات بە پڕۆپاگاندە خەڵك بخەڵەتێنێت.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: پێتان وایه كورد دەبێ دەورێكی چۆنی هەبێت لە ئێستای ناڕەزایەتییەكانی ئێراندا؟
وڵام: ژێرخانی بیروباوەڕ و سەرەكیترین ئاواتی خۆم وەك هەموو تاك و تێكوشەرێكی كورد ئەوەیە كە ئەنجامی ئەم ناڕەزاییانەی لە ناخۆی ئێران هەیە و بەرهەمی گۆشارەكانی دەرەوە بۆسەر كۆماری ئیسلامی ببێتە هۆی درووست بوونی كیانێكی سەربەخۆی كوردی و نەتەوەكەمان بگاتە مافە ڕەواكانی بەڵام ئەمە هێشتا لە دایك نەبووە و دەبێت دان بەم ڕاستییەدا بنێن كە هێزی كورد بە تەنیایی لە هەموو بوارەكاندا تا ئەمڕۆ توانای ئەوەی نەبووە كە دەسەڵاتی ئێران و سیاسەتەكانی بگوڕێ و كورد و خاكەكەی تەنها گەڵی داكیركراو لە ئێران نییە و ئەزموونەكانی مێژووی ئێران و زۆر وڵاتی دیكە ئەمەی سەڵماندووە كە ئەو نەتەوە و هێزانەی لە یەك جوگرافیادا داگیركراون تەنها بە هاوكاری و هەماهەنگیی یەكتر توانیویانە گوڕانكاری بەدیبهێنن یان خۆیان ڕزگار بكەن. تەنانەت خودی دەوڵەتی ئەمریكاش بۆ بەرەنگاربوونەوە و سەركەوتن بەسەر كۆماری ئیسلامیدا بە دوای هاوپەیمان و هاوكار و شەریكدا دەگەڕێت و بە بڕوای من چەمكی هاوپەیمانێتی و هاوكاری و یەكگرتوویی لە فاكتەرە سەرەكییەكانە بۆ سەركەوتن لە بەرانبەر نەیارانی بەهێز و چارەسەر كردنی هاوكێشە نەتەوەییەكان .ئەوەی ڕاستیە، نەتەوەی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران لە هەموو تەمەنی زیانباری كۆماری ئیسلامی، مۆتۆر و دینامۆی هەمیشە ڕۆشنی خۆڕاگری لە بەرانبەر سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی لە دژی هەموو گەلانی ئێران بووە و تا ئەمڕۆش وانەكانی موقاومەت و كۆڵنەدان بەگوێ هەموو نەتەوەكانی ئێراندا دەخوێنێت .
بە بڕوای من ئەگەر دەبینین لە شارەكانی ئێران و لە نێو گەلانی دیكەدا ناڕەزایەتیی جۆراوجۆر دژ بە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی هەیە، ئەمە بە شێوەیەك خۆی نیشاندەری ئەوەیە كە خۆڕاگریی گەلی كورد هێزی خۆڕاگریی لە ناو نەتەوەكانی دیكەی ئێران زیندوو هێشتووەوتەوە و یەكێك لە هیواكانی باقیی گەلانی ئێران پشتبەستن بە هێزی دیاریكەر و چارەنووسسازی گەلی كوردە لە ئێران. لەم هەلومەرجەی ئێستای ئێران و هەتا كاتی دەستپیكردنەوەی پرۆسەی گوڕان یان نەمانی كۆماری ئیسلامی، كورد دەبێت لە دوو بواری سرەكیدا خۆی ڕێكبخات :یەكەم، بە پڕۆژەی ئامادەكراو بۆ شێوازی حوكمرانی لە داهاتووی ئێران و هەماهەنگ لەگەڵ نەیارانی كۆماری ئیسلامی چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە و بەتایبەت بە یەكگرتوویی و هاودەنگی هاوتەریب لەگەڵ باقیی هێزە گوڕانخوازەكان لە ئێران هەنگاو هەڵگرێت و لە قافڵە پاش نەمێنێت و هەمیشە و بۆ هەموو قوناغەكانی داهاتوو پلان و پڕۆژەی هەبێت. دووەم، پڕچەككردنی خۆی لە هەموو بوار و ڕەهەندەكان و هەوڵی زیاتر لەپێناو زووتر یەكگرتن و هەڵگرتنی هەنگاوی كرداریی هاوبەش لە پێناو پرسی نەتەوەیی و مافەكانی نەتەوەی كورد و هەروەها سەپاندنی خۆی بەسەر ئەو هێزانەی كە پلانی هاوبەشیان هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا .
كۆمەڵگای كوردستانی ڕۆهەڵاتیش دەبێ زۆر بە جیددی خۆی بۆ داهاتوویەكی نزیك و ڕاپەڕینێكی جەماوەری هەماهەنگ لەگەڵ باقیی گەلانی ئێران لە دژی كۆماری ئیسلامی ئامادە بكات. خەڵكی كورد لە ئێران دەبێت ئەم بابەتە بە جیددی وەربگرن كە هیچ ڕێگایەكی دیكەیان نییە و ناچارن خێراتر لە جاران خۆیان ڕێك بخەن و بە هێزێكی تۆكمەوە بڕۆنە پیری گوڕانكارییەكی مێژوویی كە داهاتوو و چارەنووسیان دیاری دەكات. پشتگیریكردن لە گەلانی دیكەی ئێران، كە خواستی هاوبەش و هاوشێوەیان هەیە لە بەرانبەر دەسەڵات لە ڕاستیدا پشتگیریكردن لە دۆزی خۆیەتی و دەبێ نەتەوەی كورد لە ڕۆژهەڵات بە مۆدێرنترین شێوازەكانی خەباتی مەدەنی خۆیان تەیار بكەن و هەماهەنگ بن لەگەڵ گەلانی دیكەی ئێران تاكوو بتوانن لە داهاتوویەكی هاوبەش و هەلومەرجێكی مێژووییدا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.