كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان!
كرێكاران و زەحمەتكێشان!
كادر و ئەندامانی كۆمەڵە!
٣٩ ساڵ لەوە پێش، ڕۆژی ٩ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی، ١١ ڕۆژ دوای فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر كوردستان، لە جەنگێكی نابەرابەردا لە ئاوایی »بستام» سەر بە سەرشیوی سەقز، كاك فوئاد مستەفا سوڵتانی ڕابەر و یەكیك لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵە، لە حاڵێكدا لە بانەوە بەرەو مەریوان دەڕۆشت، گیانی بەختكرد.
گیانبەختكردنی كاك فوئادی ڕابەر لەو سەردەمەدا خەسارێكی گەورە بوو لە بزووتنەوەی ڕەوای گەلی كورد و كۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان یەكێك لە ڕێبەرە دیارەكانی خۆی لە دەستدا. گیانبەختكردنی كاك فوئاد بۆشاییەكی گەورەی خستە ناو بزووتنەوەی ڕەوای كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات.
كاك فوئاد تەنها چەند مانگ پێش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی و لە پاییزی ١٣٥٧ دا، دوای ٤ ساڵ زیندانی بوون لە زیندان ئازاد كرا. بە داخەوە ماوەیەكی كەم بە ئازادی ژیا، بەڵام لەو ماوە كورتەدا ڕێكخەری كۆمەڵێك جووڵە و چالاكی سیاسی بوو كە ئێستاش شوێن پەنجەیان بە سەر بزووتنەوەی كوردەوە دیارە. »یەكیەتی جووتیاران» و »كۆچی مێژوویی مەریوان» دوو حەرەكەتی سیاسی دیارن كە ڕاستەوخۆ شوێن پەنجەی كاك فوئادیان پێوە دیارە، هەرچەند دەتوانین بڵێین كاك فوئاد كاریگەری و دەوری دیاری بووە لە دامەزراندن و دروستبوونی یەكیەتییەكانی تایبەت بە مامۆستایان، بێكاران، ژنان، خوێندكاران و… لە شارەكانی كوردستان كە لە هەر شارێك بە ناوێكەوە دەردەكەوت.
كۆچی مێژوویی مەریوان كە كاك فوئاد ڕێبەری دەكرد، یەكێك لەو چالاكییە سیاسی- كۆمەڵایەتییانەیە كە لە مێژووی بزووتنەوەی كوردستان و تەنانەت ناوچەكەشدا بێ وێنەیە و تا ئێستاش وەك ڕەمزی خەباتی مەدەنی لە كوردستانی رۆژهەڵات دەناسرێت.
كاك فوئاد هیچكات وەك ڕێبەرێكی سیاسی لە خەڵك دانەبڕا و هەموو كات خەڵكی بە گەورەترین پشتیوانی بزووتنەوەی كوردستان دەزانی. لە دانیشتن لەگەڵ نوێنەران ڕژیم لە كاتی گفتوگۆكان زۆر زوو خەڵكی لە وردەكاری گفتوگۆكان ئاگادار دەكردەوە. ئەم تایبەتمەندیانە وای كردبوو كاك فوئاد بەشێكی دانەبڕاو بێت لە جەماوەر و جەماوەریش هەموو كات بە متمانەوە بڕیارەكانی وەربگرن.
بەداخەوە گیانبەختكردنی كاك فوئاد، گیانبەختكردنی دیارترین ڕێبەری جەماوەری كوردستان بوو، كە لە گەڵ خەڵكەكەی و لە ناو خەڵكەكەی دەژیا. لە ساڵیادی گیانبەختكردنی كاك فوئادی رابەردا، وێڕای پەیمان نوێ كردنەوە لەگەڵ ئامانجەكانی كاك فوئاد، پێویستە ئەو هەنگاوانەی كاك فوئاد هەڵیگرتوون بكەین بە ڕێبازی خەباتی خۆمان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری. »بێگومان شۆڕش بە بێ فوئاد سەر دەكەوێت، بەڵام بە بێ ئامانجی فوئاد سەر ناكەوێت».
جەماوەری تێكۆشەر!
كرێكاران و زەحمەتكێشان!
كادر و ئەندامانی كۆمەڵە!
لەمڕۆدا كە یاد دەكەینەوە لە گیانبەختكردنی كاك فوئادی ڕابەر، بە جێی دەزانین وەك كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە، یاد بكەینەوە لە یەكێكیتر لە دامەزرینەرانی كۆمەڵە، كە چەند ساڵ دوای گیانبەختكردنی كاك فوئاد و رۆژی ١٣ی خەرمانانی ١٣٦٨ بە دەستی ناپاكی بەكرێگیراوێكی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی تیرۆر كرا.
٢٩ ساڵ لەوە پێش كاتژمیر ٢ی بەرەبەیانی ١٣ی خەرمانانی ١٣٦٨ كاك سدیقی كەمانگەر، زمانی ئاگرینی شۆڕش، پارێزەری هەژاران و زەحمەتكێشان، نوێنەری شاری سنە لە نزیك ڕانیەی كوردستانی باشوور و لە حاڵێكدا خەریكی نووسینی وتار بوو بۆ رادیۆ دەنگی شۆڕشی ئێران بە دەستی بەكرێگیراوێك تیرۆر كراو گیانی بەختكرد.
تیرۆر كردنی كاك سدیق بەشێك بوو لە زنجیرەیەك تیرۆری چالاكانی سیاسی لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە. ڕژیم لە هەموو دەرفەتێك كەڵكی وەردەگرت بۆ نەهێشتنی بیرجیاوازان و خەسار گەیاندن بە بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی كورد.
تیرۆر كردنی كاك سدیق خەسارێكی گەورەی تر بوو لە جەستەی بزووتنەوەی ڕەوای كورد و كۆمەڵە. دوای كاك سدیق كۆمەڵە بە زۆر هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە، تەنگ و چەڵەمەی زۆر هاتۆتە سەر رێ، بەڵام كۆمەڵە لە سەر ڕیگە و ڕێبازی سەركردە و ڕێبەرەكانی خۆی شیلگیرانەتر هەنگاوی ناوە و تا گەیشتن بە ئامانجەكانی دەست لە خەبات و تێكۆشان هەناگریت.
بنەماڵەی ئازیزی گیانبەختكردوانی كۆمەڵە!
دۆستان و لایەنگرانی كۆمەڵە!
خەڵكی تێكۆشەری كوردستان!
لە حاڵێكدا ٣٩ هەمین ساڵڕۆژی گیانبەختكردنی كاك فوئاد و ٢٩ هەمین ساڵڕۆژی تیرۆری كاك سدیق، یاد دەكەینەوە كە كوردستانی رۆژهەڵات و ئێران لە بەردەم گۆڕانكاری گەورەدایە. ڕووداوەكانی مانگی بەفرانبار بە دواوە، ئێرانی خستۆتە قۆناغێكەوە كە گەڕانەوەی بۆ نییە. لە هەمانكاتدا بە هۆی سیاسەتەكانی هەڵە و چەوتەكانی ڕژیمەوە گوشار كەوتۆتە سەر خەڵك. هەڵاوسانی ئابووری، بێكاری، چوونە سەرەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی نرخەكان وای كردووە كە خەڵك لە دژوارترین دۆخی گوزەرانیاندا بژین. دەستێوەردانە نابەرپرسانە و ئاژاوەگێڕییەكانی ڕژیم لە ناوچەكە، بەرهەم هێنان و تاقیكردنەوەی موشەكە بالستیكەكان كە ئاسایشی هەموو جیهان دەخاتە مەترسییەوە، پێشێل كردنی مافەكانی مرۆڤ لە هاوڵاتیان و شارۆمەندانی خۆی، بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی وڵاتەكەی بۆ تەرخانكردنی پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەكان لە ناوچەكە و هەموو جیهان و لە سەروو هەموویانەوە هەوڵ بۆ دروستكردنی چەكی ناوكی، ئەو ڕژیمەی لەگەڵ كۆمەڵێك قەیرانی چار هەڵنەگرتووی جەرگبڕ بەروڕوو كردۆتەوە و هەموو ئەمانە دەریدەخەن كە گۆڕانكارییەكان نزیكن و ئێران لە بەردەم گۆڕانكاری گەورەدایە و پێویستە خەڵكی كوردستانی ئێرانیش خۆیان بۆ گۆڕانكارییەكان ئامادە بكەن و یەكگرتووانە بەرەو ڕووی ڕووداوەكان بڕۆین.
ئەوەی لە كاك فوئاد و كاك سدیقەوە وەك میراتێكی گەورە بۆ بزووتنەوەی كوردستان و كۆمەڵە ماوەتەوە ئەوەیە، جەماوەر و خەڵك داینەمۆی سەرەكی شۆڕشن و شۆرشی ڕاستەقینە ئەو شۆڕشەیە لە دڵی كۆمەڵگاوە و لە سەر خواستی ڕاستەقینەی كۆمەڵگا سەر هەڵدەدات. پشت بەستن بەم وانە گەورەیەی خەبات چرای ڕێی شۆڕشە بۆ ئاسۆی گەش.
لە ساڵیادی گیانبەختكردنی هاوڕێیانی ڕابەر، كاك فوئاد و كاك سدیقدا، جارێكیتر لەگەڵ ئامانجەكانی كاك فوئاد و كاك سدیق پەیمان نوێ دەكەینەوەو بە باوەڕ بە خۆ بوونەوە بەرەو ئاسۆی گەش هەنگاو دەنێین.
بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕییان كاك فوئاد مستەفا سوڵتانی و كاك سدیقی كەمانگەر
كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ هەتاوی
٣١ی ئۆگۆستی ٢٠١٨