سنە جارێكیتر خەمێكی قورس لە سەرشانی نیشت. جارێكیتر گەندەڵی و نابەرپرس بوون و ناكارامەیی ڕژیم لەسنە كارەساتی لێكەوتەوە.
پێكدادانی بارهەڵگرێكی نەوتكێش لەگەڵ ئوتووبووسێكی ڕێگای نێوان سنە – تاران كە نیوەشەی ڕابردوو لەتێرمیناڵ سنە ڕوویدا، تەقینەوەو ئاگركەوتنەوەیەكی گەورەی لێكەوتەوەو ژمارەیەك لە خەڵكی بێتاوان گیانیان لەدەستدا و زیان و خەساری زۆری ماددی لێكەوتەوە.
ئەمە یەكەمجار نییە خەڵكی سنە لەنێو ئاگردا،دەسووتێن كە بەئەگەری زۆر لە لایەن سپای پاسدارانەوە قاچاخ دەكرێ. پێشتریش لەڕووداوێكی گوماناویدا،تەنكەری ژەهراویی،ئاوی خواردنەوەی خەڵكی شاری سنەی پیس و ژاراویی كردبوو. هیچكات ئەم ڕووداوانە لێكۆڵینەوەی ڕوون و سەربەخۆیانەی لەسەر نەكرا، ئەو كەسانەی كە هۆكاری ئەم كارە بوون نەناسێندران، هیچ هەنگاوێك نەنرا بۆ ئەوەی ڕووداوی لەو چەشنە دووبارە نەبێتەوە، زیانلێكەوتووەكان قەرەبوون نەكرانەوەو بۆ خەڵك ڕوون نەكرایەوە كە بۆچی وەها ڕووداوێك ، ڕوویداوە. نابێ ئیزن بدرێت كۆماری ئیسلامی لەمە زیاتر گاڵتە بە گیان و ماڵی خەڵك بكات. نابێ بهێڵدرێت كۆماری ئیسلامی لەمە زیاتر نابەرپرسانە كایە بە گیان و ماڵی خەڵك بكات.
بەمشێوەیە وێڕای ئەوەی كە سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەو كەسانی نزیكی ئەم كارەساتە دەكەم، هاودەردی و هاوسۆزی خۆم لەگەڵ خەڵكی شۆڕشگێڕی سنە دەردەبڕم.