تواناسازی لە وشەی لاتینی Empowerment وەرگیراوە و بە مانای “تواناكردنەوە” یان “بەهێزكردن” بەكاری دەهێنن. بابەتی تواناسازی یەكێك لە لقەكانی زانستی مودیریەتە كە لە هەر سیستەمێكی مودیریەتیدا بۆ گەییشتن بە ئاستێكی باشتر كەڵكی لێ وەردەگیردرێت. تواناسازی لە هەر سیستمێكدا بریتیە لە فێركردن و سپاردنی ئەرك بە كەسەكانی ناو بازنەی ئەو سیستمە بۆ بەرینكردنەوەی چالاكیی تاكەكەسی و زۆرتر كردنی ئەركی هەركام لە كەسەكان. لە تیۆری تواناسازیدا بە ناسینی تایبەتمەندیی كەسەكان و توانای چالاكیەكانیان، ڕاهێنان و پەروەردە دەكرێن بۆ وەئەستۆگرتنی ئەركی گەورەتر، زۆرتر و كارامەتر و دواتر بازنەی چالاكیەكانیان بەرینتر و ئاستی ئەركەكانیشیان قورستر دەكرێتەوە. پرۆسەی تواناسازی بۆ مودیریەتی سیستم وەكوو ئازادكردنی هێز و توانی سەرجەم ئەندامانی بازنەی سیستم وایە و مەبەست لەم پرۆژەیە ئەكتیڤ كردنەوەی یەكبەیەكی بەشەكان و كەسەكانی سیستم دەبێت. تیۆری تواناسازی لە پرۆژەی مۆدێڕنیزەكردنی سیستمی حیزبی لە هەر بەشێكدا دەتوانێت وەكوو سەكۆیەكی پەڕین بۆ چەند قاتی پێشتر و سەرووترەوە ببێت. بۆ كەڵك وەرگرتن لەم تیۆرە لە سیستمی حیزبیدا و بۆ هەر بەشێكی ناوخۆیی، پێویستمان بە بەرنامەیەك دەبێت لە سێ بەشدا یەكەم، پێناسە دووهەم، ڕاهێنان سێهەم، پەرەپێدان .
كۆمەڵە و تواناسازی
كۆمەڵە وەك هێزێكی چەپ و خاوەن بیرۆكەی نوێ لە سەرەتای عەلەنی بوونیەوە توانی پێگەیەكی تایبەت لەناو كۆمەڵگای كوردستان بۆ خۆی بدۆزێتەوە. جیاوازیی كۆمەڵە و هەر هێزێكیتری گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی كوردستان لەوەدایە كە بە لەبەرچاوگرتنی بنەما و بنچینەی بیرۆكەی چەپ، لە هەمان كاتدا بەردەوام گۆڕانكاری لە سیستم و شێوەی مودیریەتی ناوخۆیی حیزبەكەیدا دێنێتە ئاراوە. مێژووی كۆمەڵە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات كە داڕێژانی پرۆگرامی داهاتووی كۆمەڵە بەردەوام بە گوێگرتن لە خواستی كۆمەڵگای كوردستان بووە و لە ئەگەری شكستهێنانی هەر پڕۆژەیەكدا بەبێ هیچ ترسێك پێداچوونەوەی بە هەڵەكانی خۆیدا كردووەتەوە. بۆ نموونە، دامەزراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران وەكوو خاڵێكی لاواز بوو لە مێژووی كۆمەڵەدا و لە ساڵی ٢٠٠٠ی زایینیدا بە خوێندنەوەیەكی درووست هەوڵی ساغكردنەوەی ئەو هەڵەیە هاتە ئاراوە. كۆمەڵە وەكوو هەر حیزبێكی سیاسیی دنیا، خاوەنی سیستمێكی مودیریەتە و هەر بەم بۆنەشەوە پێویستی بە كەڵك وەرگرتن لە سەرجەم لقەكان و تیۆرەكانی زانستی مودیریەتە.
هەر سازمان و سیستمێكی مودیریەتی بەردەوام پێویستی بە گۆڕانگاریی بنەڕەتی و داهێنان هەیە. هێزی ڕكابەری ناوچەیی و دنیایی ئەمڕۆكە هەر سازمان و سیستمێكی ناچار كردووە دووای ١٠ ساڵ لە چۆنیەتیی شێوە و سیستمی كارییەكەی خۆیدا گۆڕانكاری بكات. ئەمە بە جۆرێك دەبێت كە هەر سازمانێك خاوەنی سیستمێكی سەقامگیر بۆ ماوەی چەند دەیە نەمێنێت و تەنیا ئامانجە كە ناگۆڕدرێت بەڵام سیستمی مودیریەتی بەردەوام لە گۆڕاندایە. لە مودیریەتی نوێی ئەمڕۆدا یەكێك لە سەركیترین ئەركەكانی ڕێبەریی هەر سازمانێك گۆڕانكاری و بەڕۆژكردنەوەی سیستمی كاریە بۆ گەییشتن بە ئامانج. ڕێبەری و مودیریەتی سازمانی، زانستێكی كارامە و حاشا هەڵنەگری ئەمڕۆكەیە بۆ سەركەوتن و بەرەو پێشچوونی هەر حیزب و سازمانێك. مودیریەتی سازمانی پێویستی بە تواناسازیی كەسەكانی بازنەی مودیریەتی هەیە و ئەمەش دەبێت بە هاندانی یەكەیەكەی بەشداربووان و بەڕێوبەرانی سیستمەكە، سپاردنی ئەرك و چاودێریی بەردەوام و داڕژاندنی چارت و بەرنامەیەكی دیاری كراوی ماوەدار لە لایەن ڕێبەریی سیستمەكەوە جێبەجێ بكرێت. لەلایەكیترەوە گرنگترین هۆكاری بەهێزبوون و بەرەوپێش چوونی هەر سازمان و سیستمێك “سەرچاوەی مرۆیی”ە. كەوابوو، هەڵدان و گەشەكردنی هەر سازمانێك لە ڕاهێنانی بەردەوام و سپاردنی ئەرك بەپێی توانای كەسەكاندا خۆی دەبینێتەوە و ڕێبەری بە یارمەتیی پسپۆڕ و شارەزاكانی بوواری مودیریەتی و سەرچاوەی مرۆیی ناو بازنەی حیزبەكە هەنگاوی بەهێزتر و قاییمتر بەرەو پێش هەڵدێنێتەوە.
كۆمەڵە خاوەنی پێگەیەكی گەورەی جەماوەرییە لە كۆمەڵگای كوردستاندا و ئەمەش بە شەهادەتی مێژووی ساڵەكانی خەباتی كۆمەڵە ڕاستیەكی حاشاهەڵنەگرە. لە ساڵەكانی پاشەكشێی هێزی پێشمەرگە لە شارەكانی كوردستان و زاڵبوونی دەسەڵاتی خۆسەپێنەری كۆماری ئیسلامی بەسەر ناوچەكەدا، بەرنامەی هەڵەی دامەزراندنی حیزبی كۆمۆنیست زەربەیەكی گەورەی لە ڕەوتی ڕوو لە گەشە و هەڵكشانی كۆمەڵەدا. لە پاش هاتنەدەرەوەی كۆمەڵە لە حیزبی كۆمۆنیست پڕۆژەی “ساغكردنەوەی كۆمەڵە”، بە هۆی گرفتی ناوخۆیی و دابڕانی بەشێك لە ئەندامان، مەجالی بۆ بە ئاكام گەیشتن، بەوجۆرەی چاوەڕووان دەكرا نەڕەخسا. ئەمڕۆكە و پاش تێپەڕبوونی نزیك بە ٢دەیە، كۆمەڵە پێویستە وەكوو مێژووی پڕ لە شانازیی خۆی بە گەڕانەوە بۆ هێزی ئینسانی و جێگە و پێگە جەماوەرییەكەی بەرنامەیەكی زانستی بۆ گەشە و بووژاندنەوەی خەبات لە كوردستان و ڕێبەریی شۆڕشێكی نوێ بگرێتەبەر. كەڵكوەرگرتن لە تیۆری “مودیریەتی “تواناسازی” دەتوانێت ئەو بەرنامەیە بێت كە كۆمەڵە ڕێبەریی خەباتی ڕۆژهەڵاتی پێبكات و جەماوەری پێ بجووڵێنێت. بەپێی بەرنامەی تیۆری مودیریەتی تواناسازی دەبێت پێناسەی گونجاو زانستیت لە سیستم هەبێت و دواتر ڕاهێنانی باشی بۆ بكرێت و لەكۆتاییدا پەرە بە چالاكییەكان بۆ گەیشتن بەئامانج بدرێت. كۆمەڵە و تەشكیلاتی حیزبی كۆمەڵە ئەگەر لە ٣ بەشی سەرەكیدا؛ نهێنی، عەلەنی، دەرەوەی وڵاتدا ببینینبەوە بەپێی ئەم بەرنامە بۆ هەركام لەم بەشانە خاڵگەلێكی گرینگ بۆ پەرەپێدانی خەبات لە مڕۆدا دەخەینە بەرچاو و ئاماژەی پێدەدەین.
تەشكیلاتی نهێنی
بۆ پەرەپێدان و تەوسعەی چەندێتی”كەمییەتی” و چالاكیی چۆنیەتی”كەیفی” تەشكیلاتی نهێنی پێویستە بوار و دەرفەتی گونجاو بدۆزرێتەوە. لە مڕۆدا و بە چاوخشاندنێك بە سەرژمێرییە ناوخۆییەكانی كۆماری ئیسلامیدا ڕێژەی زۆری پەراوێز لە شارەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بە زقی دیارە. سەرجەم شارەكانی كوردستان خاوەنی گەڕەكی زۆری پەراوێزنشینن و ڕێژەیەكی زۆری خەڵكی كورد ئەمڕۆكە لە سەرەتایترین كەرەستە و مافەكانی ژیان وەكوو بێهداشت و ئەمنیەت و… بێبەشن. كۆمەڵە دەبێت لەم دەرفەتە بە باشترین شێوە كەڵك وەربگرێت و ئەندامانی تەشكیلاتی نهێنی پاش ڕاهێنان و ئامادەبوونیان بنێرێتە ناو دڵی پەراوێزنشینەكانەوە. جێگەی ئاماژەیە كە ئێستاش زۆربەی ئەندامانی نهێنیی كۆمەڵە دانیشتووی ناوچەگەلی پەراوێزنشینی شارەكانن. بەرنامە و دروشمی كۆمەڵە وەك حیزبێكی چەپ و داكۆكیكاری مافی كرێكاران و هەژاران ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات كە پێویستە جارێكیتر چالاكیەكانمان ببەینەوە ناو دڵی خەڵكی هەژار و كرێكار.
جووڵانەوەی پەراوێزنشینەكانی كوردستان بەمانای جووڵانەوەیەكی ڕاستەقینەی جەماوەریە و ئەمەش پێویستی بە بەرنامەیەكی ورد هەیە. پەراوێزنشینان لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەرەوڕووی هەڵاواردنی چەند قاتی دەسەڵاتداران بوونەتەوە و سەرەڕای بێبەری بوونیان لە سەرەتاییترین مافەكانی هاوڵاتیانی ئێران وەك بیمە، دۆخی ستانداردی سڵامەت لەو وڵاتە، مەدرەسە و شوێنی فێركاریی گونجاو و هەر مافێكیتر، تەنانەت بوونیشیان لەو دۆخەدا لەلایەن كۆماری ئیسلامیەوە لەبەرچاو نەگیردراوە. دۆخی نالەبار و ڕوولە خراپەی ئەم چینە و ڕێژەی زۆریان لە پاڵ قەیرانە ناوخۆییەكانی كۆماری ئیسلامی لە ئێستادا، دەتوانێت هۆكاری سەرەكیی ئامادەبوونیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و گونجاوبوونی دەرفەتەكە بێت. ئەندامانی نهێنیی كۆمەڵە دەبێت بە باشی لەم دەرفەتە ئاگەدار بكرێنەوە و دواتریش بە بەرنامەیەكی بەردەوام و چاودێریی كۆمیتەیەكی تایبەت لەناو پەراوێزنشینەكاندا جەماوەرێك لە دەور خۆ كۆكەنەوە و لە هەنگاوی دووهەمدا بە جووڵانەوەی ئەو جەماوەرە بزووتنەوەیەكی جەماوەری وەڕێ بخەن.
تەشكیلاتی عەلەنی
ئەگەر ئاماری پەزیرشی ئەم ساڵانەی رابردووی كۆمەڵە بخوێنینەوە بۆمان دەردەكەوێت ڕێژەیەكی ئێجگار زۆر ڕووی لە كۆمەڵە كردووە. لە لایەكیترەوە ئەگەر چاوێك بە ڕێژەی پێشمەرگە و دانیشتووانی ئوردووگای كۆمەڵەدا بخشێنین، بۆمان دەردەكەوێت كە ڕێژەكان زۆر لەیەك جیاوازان. پەرەپێدان و تەوسەعەی هێزی ئینسانی لە بەشی عەلەنیی كۆمەڵەدا پێویستی بە دۆزینەوەی هۆكاری چوونی هاسانی خەڵك بەرەو دەرەوەی وڵات یان دابڕانیان لە ڕیزەكانی كۆمەڵەیە. ئەگەر ئەو خاڵانەی لە بەشی ڕاهێنان ئاماژەی پێدرا بێتە قۆناغی كردەوەوە ئەوكات بۆ پەرەپێدانی بەشی عەلەنی تەنیا پێویستمان بە دیسیپلینێكی تۆكمە دەبێت. پێویستە بەردەوام ئەمەمان لەبەرچاو بێت كۆمەڵە وەكوو حیزب ببینین نەك دەسەڵات یان دەوڵەت! لە حیزبدا گەورەترین فاكتی مانەوە و تۆكمەبوون پاش سیاسەتی درووست و بەڕۆژ بوون، نەزمی سیستماتیكە. ئێمە لەم ساڵانەدا زۆرتر بە ئازادی و مافە دێمۆكراتیكەكانی ئەندام و پێشمەرگە گرنگیمان داوە، كە ئەمەش لە جێگەی خۆی كردەوەیەكی باشە، بەڵام نەزمی حیزبیمانی لاواز كردووە. حیزبێكی سیاسی كە خاوەنی هێزی چەكدار بێت پێویستی بە نەزمێكی نیزامی بە تەواوەتی و بێ كەم و كۆڕیە كە دەبێت وەكوو یاسا لە فەزای ئوردووگا بە عەمەل دەریبێنین. نەزمێك كە لە نزافەتی ڕۆژانەی تاكەكەسیەوە تا سەعاتی كاریی كەسەكان چاودێریی تەواوی بە سەرەوە بێت. نووسینی سەرلەنوێی چارتی كاری و سیستمی چالاكیی ئۆرگانەكان و سەروەریی یاسای داڕێژراوی حیزبی بە سەر سەلیقەی تاكەكەسی و لەبەرچاوگرتنی “شایستەسالاری” و بوونی پلانی كاری بۆ چالاكیی ڕۆژانەی لانیكەمی ٧ كاتژمێر بۆ هەر ئەندام و پێشمەرگەیەك دەتوانێت ئەنگیزە و هیوا بە چالاكیی زۆرتر و مانەوەیان زۆرتر بكات. ئەمانە دەتوانێت هەست بە كەڵكداربوون و پەروەردەی ورەی خاوەندارێتیی ڕاستەقینە لە حیزبدا لەناو ئەندامان زۆرتر و زۆرتر بكاتەوە. سەرەڕای جەولەی زۆری پێشمەرگانە لەمساڵانەی ڕابردوودا پێویستە بەبەرنامەیەكی دیاریكراوی چالاكیی پێشمەرگانەمان زۆرتر بكەینەوە.
تەشكیلاتی دەرەوەی وڵات
ڕێكخستنی دەرەوەی وڵات دەتوانێت كۆڵەكەی یارمەتیی ماڵی و دارایی كۆمەڵە بێت بە مەرجێك كە بەرنامە و پلانی تایبەتی هەبێت. ئەو ئەندامانەی كۆمەڵە كە لە دەرەوەی وڵات خاوەنی ئیش و كاری بەردەوام و مووچەن پێویستە جگە ئابوونەی مانگانە لە ساڵا پارەی چەند ڕۆژی كارییان بۆ كۆمەڵە بێت و ئەمەش دەبێت دیاری بكرێت. هەموو ئەندامێكی كۆمەڵە بە پێی تەمەن و دەرفەت پێویستە بە خوێندن بۆ پسپۆڕ بوون لە بوارە جۆرواجۆرەكان، لە زانكۆ و كەرەستەكانی خوێندنی ڕۆژاوا تەشوێق بكرێن. پەروەردەكردنی كادری پسپۆڕ لە ڕێگەی خوێندنی ئاكادێمیكەوە دەبێت ببێت بە ئەركی ڕێكخستنی دەرەوەی وڵات. سیستمی ئابووری و كاری ڕۆژاوا دەتوانێت دەرفەتێكی باش بێت بۆ یارمەتیی ماڵی و كۆكردنەوەی كەرەستەكانی سەرەتایی تا پێشكەوتوویی خەبات، كە ئەمەش هەم ئێمە و هەم سەرجەم حیزبەكانی ڕۆژهەڵات بەتەواوی خۆمانمان لێی دوور كردووتەوە. باشتر وایە كۆمەڵە و سەرجەم حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە مڕۆدا بەكەڵكوەرگرتن لە زانستی نوێ و كەرەستەكانی ڕۆژ گیانێكی تازە بە خەبات لە كوردستانی ڕۆژهەڵات ببخشینەوە. مودیریەتی تواناسازی سەرەڕای ئەوەی كە بەتەنیا ناتوانێت وەڵامدەرەوە بێت بەڵام دەتوانێت یارمەتیدەر بێت و پێویستە كەڵكی لێوەر بگرین.