ڕۆژی ١٠ی مانگی مەی، ئیسراییل ڕایگەیاند كە لە لایەن هێزەكانی سوپای قودس و بە فەرمانی قاسم سلێمانی فەرماندەی ئەو هێزە، ٢٠ مووشەك ئاراستەی بەرزاییەكانی گوڵان (جۆلان) كراوە، چەند كاژێر دواتر ئەرتەشی ئیسراییل هێڕشێكی بەربڵاوی كردە سەر ٥ ناوەندی سەربازی لە ناو خاكی سووریە و بەپێی ڕاگەیاندنی ئەو ئەرتەشە، لە ئاكامی هێڕشەكە هەر ٥ ناوەندەكە بە تەواوەتی لە ناو چوون. ئەگەرچی سووریە بە پێچەوانە دەڵێت كە ئەوە خودی سووریەكان بوون وەكوو بەرپەرچدانەوە هێڕشیان كردووتە سەر هێزەكانی ئیسراییل، بەڵام ئاراستەكان و بەڵگەكان وا دەریدەخەن ئەو هێڕشە ڕاستەوخۆ بە فەرمانی قاسم سلێمانی بەڕێوە چووه و لەم هەلوومەرجەدا پێناچێت سووریەكان بۆ خۆیان كارێكی لەو شێوە لە ئەجێندایاندا بێت. ئەگەرچی پێشتریش و بە تایبەت لە ١٠ی فێڤریه و جاری دواتریش لە ٩ی ئاپریل ئیسراییل هێڕشی مووشەكی كردبووە سەر چەند ناوەندی سەربازی ئێرانیەكان و حیزبۆڵڵا لەناو خاكی سووریە، بەڵام ئەوەی لە ١٠ی مانگی ئاپریل ڕوویدا بێوێنەیە لەبەر ئەوەیكە یەكەم جار بوو دوای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی لە نێوانی ئێران و ئیسراییل شەڕێكی ڕاستەوخۆ بێتە ئاراوە لە كاتێكدا كە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا هەر دوو لا بەتایبەت ئێران یان لە ڕێگای بریكارەكانیانەوە یان جاروبار لە ڕێگای تیرۆرەوە شەڕی دژی یەكیان بردووتە پێشەوە. تێكهەڵچوونەكانی ئەم دواییەی نێوان ئیسراییل و كۆماری ئیسلامی دەبێت لە دوو ڕەهەندەوە لێكبدرێتەوە، یەكەمیان لە ڕوانگەی ئیسراییلیەكان و دوهەمیان لە چاو بەرژەوەندیەكانی كۆماری ئیسلامییەوە.
ئیسراییل
لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین هێرشەكانی ئیسراییل بۆ سەر ناوەندە سەربازیەكانی ئێران و هاوپەیمانە میلیشیاكانی لە ناو خاكی سووریە، دوو ئاستی “هەڕەشە” و “دەرفەت” لە خۆوە دەگرێت. ئیسراییل كە لە ماەی ٧ ساڵ شەڕی ناوخۆیی سووریە هەموو هەوڵێكی داوە كە بێلایەن بێت و بە چەندین هۆكاری تایبەت هیچ كات پاڵپشتی لە ناڕازیانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد نەكات، ئێستا لەبەرانبەر سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی لە ناو خاكی سووریە هەستی بە هەڕەشەیەكی واقێعی كردووە، ئەوەیكە تاران دەیەوێت قەیرانی سووریە بكات بە دەرفەتێك و بەرەكانی شەڕ دژی ئیسراییل بگوازێتەوە بۆ سنوورەكانی ئەو وڵاتە. جگە لە دامەزرانی چەندین ناوەندی سەربازی بە ئیمكاناتی لۆجیستكیی بەربڵاو و پێشكەوتوو، ئێرانیەكان سەدان مووشەكی بەهێزیان گواستووتەوە بۆ ناو خاكی سووریە و بە سەدان مووشەكی دیكەشیان هەر لەو ڕێگاوە داوە بە حیزبۆڵڵا تەنانەت ناوەندی بەرهەمهێنانی مووشەكیان لە سووریە دامەزراندووە، ڕوونە ئەوە دەتوانێت هەڕەشەیەك بێت بۆسەر توانایی سەربازی و بەرگریی ئیسراییلیەكان و هاوسەنگیی هێز دژی ئەوان بگۆڕێت. واتە قەیرانی سووریە بووە بە دەرفەتێك كە ئێران لە بری –ڕەنگە بە ناوی- پاڵپشتی هەمە لایەنە لە بەشار ئەسەد، ناوبراو ڕازی كردبێت كە چەندین پێگەی سەربازی لەوێ دابمەرزێنێت و چەك و چۆڵی سەربازی و لەوانە مووشەك هەناردەی سووریە بكات. لە باكووری ئیسراییلیش كە حیزبۆڵڵا بە تەواوەتی لە لایەن كۆماری ئیسلامی پڕچەك كراوە و لە باشووریش كە حەماس بەهەمان شێوە دەتوانرێت لە لایەن تارانەوە بەهێز بكرێت. بۆیە، نیگەرانیەكانی ئیسراییل لە مەڕ سەقامگیری و ئاسایشی شارۆمەندەكانی زۆر واقێعی و ڕاست دەردەكەون و تەنانەت كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش، لەوانە ڕووسیە -وەكوو هاوپەیمانی ئێران و سووریه- لەو ڕاستیە ئاگادارن و تا ڕادەیەكی زۆریش بەرامبەر بە هێرشە سەربازیەكانی ئیسراییل بێدەنگیان ڕاگرتووە. لەم ڕوانگەوە دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین ئەوەی ئیسراییل دەیكات لە ڕاستیدا دژكردەوەیە دژی هەڕەشەی مانەوەی درێژماوەی كۆماری ئیسلامیە لە سووریە نەك زیادەرۆیی ئەو لایەنە. لە ئاست دەرفەت، بێگومان هاتنی ترامپ و سیاسەتەكانی هەم بەرامبەر بە ئیسراییل و هەم بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی، ئەو دڵنیاییەی داوە بە تێل ئاڤیڤ كە دەستی ئاوەڵایە بۆ بەرگری لە خۆی و لە بوونی و ئەوە ئامریكا لە ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی بێ ئەملاوئەولای دەكات و ناهێڵێت كە كۆدەنگیەكی جیهانی دژی بێتە ئاراوە، تەنانەت لە ڕووداوی كوشتنی فلستینیەكان لە سنووری نێوان غەززە و ئیسراییل ئەوەش بە ڕوونی هاتەبەرچاو كە دەوڵەتی ترامپ ئامادە نییە یەك هەنگاو لە پاڵپشتیی تەواو لە ئیسراییل پاشگەز ببێتەوە، ئێستاش كە ئامریكا “ئۆرشەلیم”ی وەكوو پێتەختی ئیسراییل بە ڕهەسمی ناسیوە، دەوڵەتی ئیسراییل گەیشتووتە ئەو قەناعەتە كە باشترین دەرفەتە پێش هەر گۆڕانێك و قووڵبوونەوەی هەڕەشەكان، لەو دەرفەتە كەڵك وەربگرێت و نەهێڵێت سوپای قودس بگاتە ئامانجەكانی، بەتایبەت ئەوەیكە ئیسراییلیەكان بارودۆخی ئێستای سووریه و هەلومەرجی سەربازیی ئێران لەو وڵاتە بە دەرەنجامی سیاسەتەكانی باراك ئۆباما دەزانن و خۆشحاڵیی خۆیان لە هەڵبژاردنی ترامپ وەكوو سەرۆك كۆمار نەشاردووتەوە. تەنانەت نێتانیاهۆ هەوڵی داوە كە دڵی ڕووسەكانیش بەدەست بهێنێت، چەندین جار كۆبوونەوە لەگەڵ پووتین دەرەنجامی ئەرێنیی بۆ ئیسراییل بووە، تەنانەت لە چاوپێكەوتنی نێوان پووتین و بەشار ئەسەد لە مانگی مەیدا، مۆسكۆ ڕاشكاوانە ڕایگەیاند كە كاتی ئەوە هاتووە هەموو هێزە دەرەكیەكان سووریە بەجێ بهێڵێن كە هەڵبەت ڕوونە مەبەستی جگە لە هێزە ڕووسیەكان بوو. لە ڕاستیدا خوێندنەوەی هەڵویستەكانی ئیسراییل وا دەریدەخات كە دەوڵەتی نێتانیاهۆ هەموو هەوڵی خۆی دەدات كە هەڕەشەكان بكات بە دەرفەت و لە دەرفەتەكانیش بە باشترین شێوە كەڵك وەربگرێت كە هەڵبەت تا ئێستا لەوەدا سەركەوتوو بووە.
ئێران
لەمەڕ ئێران و سیاسەتەكانی لە سووریە و دژایەتیی ئیسراییلدا بێگومان دوو لایەنی جیاواز تەنانەت لە ناوخۆی دەسەڵاتی ئێستای كۆماری ئیسلامی بوونیان هەیە، یەكەمیان بۆ نموونە ڕووحانی و كەسانی هاوبیر وەكوو ئەون كە لەو باوەڕەدان ئێستا كاتی ئەوە نییە بەرەیەكی دیكەی شەڕ ئەویش ڕاستەوخۆ دژی خۆمان، بكەنەوە تەنانەت ئەگەر لە سنوورەكانی نێوان سووریە و ئیسراییل بێت. ئەو گرووپە لەو باوەڕەدان یەكەم ئەوەیكە لەو ڕێگاوە تاران ناتوانێت قووڵایی ستراتێژیكی خۆی بەربڵاوتر و قووڵتر بكاتەوە و لە كاتی ئێستادا بەربەستی جیدی له بەردەم ئەو سیاسەتەدا هەیە دووهەم، بە سەرنجدانی بە بارودۆخی ئێستا و پێگەی لەرزانی كۆماری ئیسلامی لە ئاست جیهان و بە هاتنی ترامپ، سیاسەتی لەو شێوە تەنیا دەبێتە هۆی درووستبوونی كۆدەنگیەكی جیهانی دژی ئێران كە لە ئاكامدا دەتوانێت ببێتە سەلمێنەری ڕاستبوونی نیگەرانیەكانی دەوڵەتی ئامریكا و هەڵبەت ئیسراییل، ئەوەش كارتی گەمەكە لە دەستی نوێنەرانی ئێران و لە وتووێژە جیهانیەكان دەردێنێت. لە بەرامبەر ئەم گرووپەدا، لایەنێكی توندڕەوی دیكە هەیە كە خامنەیی و فەرماندەكانی سوپا و یەك لەوانە قاسم سلێمانی، دەگرێتە خۆی كە بە ڕواڵەت دەستەی یەكەم بە “سازشكار” ناوزەد دەكەن و لەو باوەڕەدان سەرۆك كۆماری ئێستا لەبەرامبەر ڕۆژئاوا و ئامریكادا تەسلیم بووه و لە دۆسیەی ئیسراییلیش خەریكە درووشمە بنەڕەتیەكانی كۆماری ئیسلامی بنپێ دەنێت. ئەم تاقمە لە ڕاستیدا زۆرتر لەوەی باوەڕیان بە بنەما ئایدۆلۆژیكەكانی خۆیان هەبێت، بیر لە بەرژەوەندیەكانی خۆیان دەكەنە. لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوو و بە پاڵپشتیی خامنەیی، سوپای پاسداران بووە بە خاوەنی موڵك و ماڵی ئێران و هیچ گرووپ و لایەنێك بە قەد ئەوان توانای ئابووریی نییە و بە قەد ئەوان دەستی بەسەر هەموو داهات و سەروەت و سامانی ئێران نەگرتووە، بێگومان ئەوەش بەرهەمی ئەو هەلومەرجە قەیراناویەیە كە بە ئەنقەست لە لایەن ڕێبەری كۆماری ئیسلامی و گەورە بەرپرسانی سوپای پاسداران درووست كراوە. قاسم سلێمانی، وەكوو مێشكی كردەوە سەربازیەكانی ئێران لە دەرەوەی سنوورەكان و لە ناوچەكە، بۆ سەركەوتن لەم كێبڕكێیە بە تەواوەتی پێویستی بە ڕادیكالیزەكردنی بارۆدۆخەكە هەیە، بەتایبەت ئەگەر بتوانت لە بەرامبەر ئیسراییلیەكان سەركەوتنێك بەدەست بهێنێت و لە ئاكامدا پێگەی سربازی ئێران لە ناو قووڵایی خاكی سوریە سەقامگیر و دوورماوە بكات، ئەوە دەتوانێت لەبەرامبەر ڕووحانی و هاوبیرانی براوەی هاوكێشە ناوخۆییەكانی ئێران بێت. لەم چەند مانگەی دواییدا دەنگۆی ئەوەش هەیە كە سوپای پاسداران بە پاڵپشتیی خامنەیی و لە ڕێگای نوێنەرانی تووندئاژۆی پاڕڵەمان دەیەوێت جۆرێك لە كوودەتا دژی ڕووحانی وەڕێ بخەن و پاشان سەرۆك كۆمارێكی سەربازی كە ڕەنگە سلێمانی بێت بكەنە خاوەن دەسەڵات، ئەگەرچی تا ئێستا لەو پرۆژەیەدا سەرنەكەوتوون و ئاراستەی ڕووداوەكانیش وای نیشان دەدات ئەگەری سەركەوتنیان زۆر لاوازە. بەڵام بەهەر شێوە بۆ ئەوەیكە بتوانن بەرژەوەندیەكانی خۆیان بپارێزن و وەكوو جاری جاران پێگەیان بە هێز بمێنێتەوە بێگومان پێویستیان بە قەیران هەیە و یەك لەو قەیرانانە دەتوانێت زەبر لێدان لە ئیسراییل بێت. تەنانەت ڕەنگە ئەو لایەنه و بە تایبەت قاسم سلێمانی لەو باوەڕەدا بن كە ئەگەر بتوانن بوونی سەربازیی خۆیان لە سووریە مسۆگەر بكەن ئەوە دەتوانن دوواتر ئەوە وەكوو كارتی گوشار لە وتووێژەكانیان لەگەڵ ڕۆژئاوا بەكار بهێنن. هێندێك كارناس و چاودێر ئەو بێدەنگیەی سوپای پاسداران لەبەرامبەر هێرشەكانی ئیسراییل بۆ سەر ناوەندە سەربازیەكانی ئێران بەو بابەتە گرێ دەدەن. لەم نێوانەدا “توماس فریدمەن” –نووسەری نیۆیۆرك تایمز- بەڵام لەو باوەڕەدایە كە هۆكاری ئەو بێدەنگیەی سوپای پاسداران و خامنەیی لەبەرامبەر هێڕشەكانی ئیسراییل و خەسار و زیانەكانی، دەگەڕێتەوە بۆ مەترسیی ڕژیم لە ڕای گشتیی ناوخۆی ئێران، بەتایبەت لەم دۆخە هەستیارە كە ناڕەزایەتیی گشتی گەیشتووتە لووتكه. لەو ڕوانگەوە خەڵكی ئێران بۆیان بووە بە پرسیار ١٥٠ ملیارد دۆلارێك كە لە دەرەنجامی ڕێككەوتنی ناوەكی هاتە گیرفانی ئێرانەوە لە كوێە و بۆچی دەبێت لە سووریە و لە شەڕی بێ هۆكار لەگەڵ ئیسراییل سەرف بكرێت، ئەوەش دەتوانێت گوشارێكی دیكە بخاتەسەر كۆماری ئیسلامی، بۆیە كۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی خۆی دەدات كە لە لایەك لە پێشچاوی خەڵكی خۆی بوونی لە سووریە وەكوو ڕاوێژكار بنوێنێت و لەلایەكی دیكە تا بۆی دەكرێت خەسار و زیانەكانی لە ڕەوتی تێكهەڵچوون لەگەڵ ئیسراییل بشارێتەوە، هەروەها بێدەنگی ڕابگرێت تا بتوانێت كات بكڕێت و لە ژێر گوشاری جیهانی و تەنانەت خواستی ڕووسەكان ناچار نەبێت نیمە ناتەواو سووریە بە جێ بهێڵێت.
بە گشتی بارودۆخ لە بەرژەوەندی كۆماری ئیسلامی بە تایبەت قاسم سلێمانی، نییە، ئیسراییل لە پاڵپشتیی هەمە لایەنەی واشنگتۆن دڵنیایە، ئامریكا لە بەرجام هاتووتەدەر، گەمارۆكان خەریكە زیندوو دەبێتەوە كه دەتوانێت ئابووریی لاوازی ئێران بە تەواوەتی بەرەو داڕمان ببات، هێدی هێدی ئۆرووپاش خەریكە دێتە بەرەی ئامریكا، ڕووسەكان لەگەڵ ئیسراییلیەكان تا ڕادەیەكی زۆر گەیشتوونەتە ڕێككەوتن و ئیسراییل بەرژەوەندیی هاوبەشی لەگەڵ مۆسكۆ لە سووریە پێناسە كردووە، بە سەركەوتنی گەورەی بەشار ئەسەد لە شەڕی ناوخۆیی و لاوازبوونی ناڕازیان هێدی هێدی ئاراستەی ڕووداوەكان بەرەو گۆڕانێك دەبات كە چیدیكە ڕووسەكان پێویستیان بە هێزەكانی ئێران و میلیشیاكانی سەر بە ئێران نەماوە، لە لایەكی دیكەوە مۆسكۆ دەیەوێت ئەو بەڵێنە بە ئیسراییل بدات كە بوون و مانەوەی لە سووریە نەك بە دژی ئەو نییە كەچی دەتوانێت پارێزەری بەرژەوەندی و ئاسایشی بێت. هەموو ئەو ئاماژانە سەلمێنەری دۆخی نالەباری ئێران و سوپای قودسە لەو ناوچە و لە شەڕ دژی ئیسراییل، ئێستاش كە حیزبۆڵڵا بە تووندی خراوەتە لیستی گەمارۆكانەوە یارمەتیدان بەو گرووپەش زۆر دژوارتر لە جاران دەبێت، بۆیە پێدەچێت تاران دوو بژاردەی هەبێت یان بە تەواوەتی تەسلیمی خواستی ڕۆژئاوا بێت و واز لەو زیادەخوازیەی خۆی بێنێت كە ئەوەش بە مانای گەڕانەوەی هێزەكانیە بۆ ناو ئێران یان شەڕەكە بباتە قۆناخی شەڕی یەكجارەیی بە مانای سەركەوتن یان دۆڕان و نەمان، كە هەڵبەت هیچ بەڵگەیەك بۆ سەركەوتنی كۆماری ئیسلامی لەو هاوكێشەیە لە بەردەستدا نیە.