وتووێژی ئاسۆی رۆژهەڵات لەگەڵ هاوڕێ جەماڵ ئەحمەدی، ئەندامی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە
سازدانی: ئاسۆی ڕۆژهەڵات
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: جگە لە ڕوانگە ئەمنیەتییەكەی كۆماریی ئیسلامیی ئێران بۆ سنوورەكانی كوردستان، پێتان وایە هۆكارەكانی تری داخستنی ئەو سنوورانە بۆچی دەگەڕێتەوە، بە تاێبەت بەسەر بازارییەكان و كاسبكاراندا؟
جەماڵ ئەحمەدی: هەروەها كە ئاگادارن لە لایەن ڕژیمەوە هەموو نەورۆزەكان بە درووشمێكەوە ساڵی نوێ دەس پێدەكەن. ئەم ساڵ لەژێر ناویی درووشمی پاڵپشتی كردن لە بەرهەمە ناوخۆییەكان لە لایەن عەلی خامنەییەوە ناوزەد كراوە و لەژێر بەرچاوڕوونی و ستراتێژیی خودی ڕژیمەوە هەوڵیان ئەوەیە بۆ ئەوەی پێش بگرن بە هاوردەكردنی كاڵاكانی دەرەوە بۆیە سیاسەتی داخستنی سنوورەكانیان پێڕەو كردوە. هەموان دەزانن بە هۆی گەمارۆ ئابووریەكانی وڵاتانی زلهێزەوە، بەشێكی زۆر لە كارگە و كارخانەكانی ناوخۆی ئێران داخران و لە پێناو زیندووكردنەوەی ناوەندەكانی بەرهەمهێنان و گرینگیدان بە ئابووریی شكست خواردوی ناوخۆ، هەوڵیان ئەوەیە كە پێش بە هاوردنی كاڵای قاچاخ بگرن. هەروا كە خۆشتان لە پرسیارەكەدا ئاماژەتان پێداوه ڕوانگەی ئەمنیەتی هەمیشە گورزێكی كاریگەر بووە بەسەر ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانەوە.
لە ماوەی مانگەكانی ڕابردوودا بەرپرسانی سیاسی و ئەمنیەتیی ڕژیم لە كوردستان، لە میدیاكانی خۆیانەوە هەواڵی ناڕاست و چەواشەكارانە كە گوایە حیزبەكانی كوردستان چەك و چۆڵ لە ڕێگای سنوورەكانەوە دەنێرنەوە بۆ ناوخۆ، چەندین جار هەواڵی لەم چەشنەیان بڵاو كردوەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگا خۆشكەر بێت بۆ داخستنی سنوورەكان. ئامانجێكی دیكەی ڕژیم لەم پڕۆسەیە ڕێگا خۆش كردنە بۆ بەسیجگیری كە ڕژیم سیاسەتی ئەوەیە شەڕی كورد بە كورد بكات لە كوردستان. لە كوردستان و ئێران بە گشتی بێكاری و هەژارییەكی لە ڕادەبەدەر باڵی كێشاوە بەسەر كۆمەڵانی خەڵكدا. ئەم بێكاریی و نەبوونی بازاڕە تەنیا كاریگەریی لەسەر چینی خوارەوەی كۆمەڵگا نەبووە بەڵكوو توێژی بازاڕی و تاجرانیشی گرتووەتەوە، بەم هویەوە سەرمایەی ئەوانیشی تووشی داڕمان و گرفت كردووە. هەروا كە ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن كە لە ئەگەری هاتنەدەری ئامریكا لە بەرجام و دەستپێكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكان، كە جەواد زەریف ئاماژەی پێكرد، گەمارۆكانی سەر ڕژیم چڕتر دەبنەوە. لە ئەگەری بەردەوامیی گەمارۆكان خودی ڕژیم ناچار دەبێت سنوورەكان بكاتەوە و كەڵكیان لێ وەرگرێت. لە بیرمان نەچێت پێش واژوو كردنی بەرجام ڕژیم زۆرترین كەڵكی لە سنوورەكان بۆ هاورده كردنی پێداویستەكانی خۆی وەردەگرت.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: ماویەكە بەشێكی زۆری شارەكانی كوردستان لەوانە مەریوان، سەقز، بانە، سەردەشت، و ….بە تایبەت بازاڕییەكانی ئەو شارانە، دووكان و شوێنی كار و مەعیشەتیان داخستووە بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوە ناڕەزایەتیی خۆیان بە بڕیاری داخستنی سنوورەكان دەرببڕن و بەرەنگاری ئەم بڕیارە ببنەوە. ڕای ئێوە چییە سەبارەت بەم پرسە؟
جەماڵ ئەحمەدی: خەڵكی كوردستان هەمیشە هەوڵیان داوە لە هەموو میكانیزمەكانی خەبات بۆ بە دەست هێنانی ماف و داخوازییەكانیان كەڵك وەر بگرن. ناڕەزایەتی دەربرێن و خەبات بە شێوەی مەدەنیانه لەمێژ ساڵە وەكوو چەكێكی بەهێز لە دژی ڕژیم بەكار هاتووە كە مێژوەكەی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی. خەڵكی وەزاڵە هاتوو لە پێناو پڕ كردنەوەی سفرەی بەتاڵی بنەماڵەكانیان هەوڵی خۆیان دەدەن. بەڵام سەرەڕای مانگرتنی چەن ڕۆژە، هێشتا ڕژیم وڵامی بە داخوازیەكانیان نەداوەتەوە. ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بكرێت یەكگرتوویی و هاو دەنگیی كۆمەڵانی خەڵكە كە ترسیان لە ڕژیم شكاوە، بە ڕاشكاوانە باس لە ماف و داخوازییەكانی خۆیان دەكەن. ئیبتكاراتی نوێی وەك “ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ” لە شەقام و كۆڵانەكان و كۆبوونەوە لە دەوری بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی سنوورەكان و زیادكردنی گومركی كاڵاكان بە شێوازی مەدەنییانە چین و توێژە جیاوازەكان، كۆڕ و كۆبوونەوەی بەرینیان بەڕێوە برد.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بەپێی وێنە و فیلمی ئەو ناڕەزاێەتیانەی كە لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو بوونەتەوە و هەمووان دەتوانن بیبینن، خەڵكی دەرگیر لەگەڵ پرسی داخستنی سنوورەكان، یان باشترە بڵێین بازاڕیانی ئەو شارانە، زۆر تووڕە و بێتاقەتن؟ ڕای ئێوە چییە سەبارەت بەم تووڕەیی و بێتاقەتییەی خەڵك؟
جەماڵ ئەحمەدی: زۆربوونی ڕێژەی بێكاری، گرانی و نەبوونی هەلی كار تەنگی بە كۆمەڵانی خەڵك هەڵ چنیوە، گوشارێكی زۆر كەوتۆەتە سەر بنەماڵەكان، بە تاێبەت چینه كەم داهاتەكان. زۆر بوونی ڕێژەی گەندەڵیی ئابووری لە ناو سیستمی حاكمیەت و دەست و پێوندەكانی ڕژیم و چوونە سەرەوەی نرخی دراوە خارجێەكان كە ئەمەش كاریگەری زۆری بوە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك و هەروەها كاریگەریی هەبووە لەسەر بارودۆخی تاكی كۆمەڵگا لە ڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتی و باقیی ڕەهەندەكانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵك. هاتنە خوارەوەی قودرەتی كڕین، چوونە سەرەوەی ڕێژەی تەڵاق، چوونەسەرەوەی ڕێژەی لادانە كۆمەڵایەتییەكان، خۆ كوژی و خۆ سووتاندن، نا عادڵانە دابەش كردنی سروەت و سامانە نەتەوەییەكان. هەموو ئەمانە لە پاڵ بەڕێوەبەریی لاوازی بەڕێوەبەران و چۆنییەتیی مامەڵە كردنی بەرپرسان لەگەڵ خەڵك كۆی ئەمانە بوونەتە هۆكاری هەرچی زیاتر بوونی ڕق و تووڕە بوونی كۆمەڵانی خەڵك. ئەم ڕق و كینە پەنگخواردوەی خەڵك تا دێت زیاتر دەبێت و ڕژیمیش توانای چارەسەر كردنی ئەو كێشانەی بە هیچ شێوەیەك نەماوە. لە ڕۆژەكانی ڕابردوودا سەعیدی جەلیلی، وەك نوێنەری ڕێبەر سەردانی كوردستانی كرد بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان بەڵام خەڵكی شارە جیاوازەكان چاو نەترسانه بەرامبەری وەستانەوە و نیشان درا كێشەكان لەوە قووڵترن كە ڕژیم بتوانێت بە ناردنی نوێنەرێك چارەسەری بكات.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: پێتان وایە لەم بارودۆخە قەیراناوییە هەنووكەییەی ئێراندا بە تایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، دام و دەزگا پێوەندیدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانن وڵام بدەنەوە بە خواست و ویستی خەڵك و بازاڕیانی ئەو شارانە؟
جەماڵ ئەحمەدی: بزووتنەوەی بەفرانباری ٩٦ چەندین پەیامی جیاوازی تێدا بوو كە گرینگترینیان خواستە ئابوورییەكان و پرسی بژێویی ژیانی خەڵك بوو، خەڵك بە درووشمی نان ژیان ئازادی و نان كار ئازادی، تەعبیریان لە خواستەكانی خۆیان دەكرد. ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە ڕژیم بە درێژایی ٣٩ ساڵی ڕابردووی خۆی نەیتوانیوە كێشە ئابووری و چینایەتییەكانی خەڵك چارەسەر بكات. ئابووریی داڕووخاو، گەندەڵیی ماڵی و سیاسی، وەدواكەوتنی حەقدەستی كرێكاران و مووچەی بەشێك لە كارمەندان، مامۆستایان و ناوەندەكانی كاری تایبەت بە ئۆرگان و ناوەندە حكوومیەكان، سیاسەتی دەرەكیی ڕژیم و تێچووی ئابووری و سیاسیی دەستتێوەردانەكانی لە ناوچەكه، بەتایبەت لە سوریە، عێراق، یەمەن، لۆبنان و فەلەستین قورسایی خستووەتە سەر ئابووریی داڕماوی ئێران و وای كردووە كە دەسەڵات چیتر ناتوانێت كێشە ناوخۆییەكانی چارەسەر بكات. باشتر كردنی بارودۆخ و گوزەرانی خەڵكی وەزاڵەهاتوو ڕێكاری نەماوە و ئاسۆی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئاماژەیەك لە گۆڕانكاری بەرەوە باشتر بوونی لێ بەدی ناكرێت. لەم سیستمە ئابووری و سیاسییەدا كە تا هاتووە بۆشایی نێوان چین و توێژی كەم داهات و دەوڵەماندان و ڕانتخۆرانی حكوومەتی زیادی كردووە، چاوەڕوان دەكرا لانیكەم سەعید جەلیلی نوێنەری خامنەیی لە شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لە سەردانەكەیدا بۆ كوردستان، باسێك لە چارەسەر كردنی كێشەی توێژی كەم داهات بكات، بەڵام نەك باسی ئەوەی نەكرد بەڵكوو بە تیشك خستنەسەر سیاسەتی دەرەكیی ڕژیم، گۆڕانكارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان، تێكۆشا كە سەرەنجی خەڵك بۆلای قسەكانی خامنەیی بۆ پشتیوانی لە بەرهەمە ناوخۆییەكان و داخستنی سنوورەكان ڕاكێشێت كە هەڵبەت لەوەشدا سەركەوتوو نەبوو.
ئەمە لە كاتێكدایە كە زیاتر لە ٢٠ ئێسكلە و ناوەندی هاوردەی شت و مەك لە بەندەرەكانی باكوور و باشووری ئێران بێ شناسنامەن و دوورن لە هەرچەشنە تەعرەفەیەكی گومركی و هیچ ماڵیاتێكیش لەو ڕێگایەوە ناچێته خەزانەی گشتییەوە. لە بیرمان نەچێت چەند ساڵ بەر لەمە مەحموودی ئەحمەدی نژاد، لە كاتی سەرۆك كۆماریدا دەستەواژەی “بەرادەرانی قاچاخچی خودمان”ی بە كار هێنا، كە بە ئاشكرا مەبەستی لە سنووره نافەرمی و دەسكردەكان بوو كە سپای پاسدران كەڵكیان لێ وەردەگرێت و تەنانەت دەوڵەتی ئێرانیش لێی ئاگادار نییه.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: وەزیفە یان ئەركەكانی كۆمەڵە چییە بەرامبەر بەم پرسە؟ بە مانایەكی دیكە، كۆمەڵە چەندە دەتوانێت دەستی هەبێت لە سەر خستنی خواست و داواكاریی بەر حەقی ئەو خەڵكە بەرامبەر بە داخستنی سنوورەكان لەلایەن كۆماریی ئیسلامیی ئێرانەوە؟
جەماڵ ئەحمەدی: كۆمەڵە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ لەو بارەوە خاوەن ڕوانگەی خۆی و ستراتێژ و تاكتیكی تایبەت بەخۆی بووە. پاڵپشتی و هاندانی جەماوەر بۆ چارەسەر كردنی پرسە ئابووری و چینایەتییەكان وەك ئەسڵ و بنەمایەكی فكری و سیاسی پێڕەو كردووە و لەمەودواش ئەم ئەسڵە تا گەیشتن بە ئامانجە دیاریكراوەكان كە پیادەكردنی عەداڵەتی هەمە لایەنەی ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتییە، درێژەی دەبێت و كۆمەڵه ئەوه وەك ئەسڵ و كۆڵەكەیەكی فكریی خۆی دەبینێت و بەردەوام بۆی تێدەكۆشێت. پێكهێنانی یەكێتیی جوتیاران، یەكێتیی كرێكاران، یەكێتیی بێكاران، یەكێتیی ژنان و شووراكان كە لە مەریوانەوە دەستی پێكرد و باقیی شارەكانی دیكەی كوردستانی گرتەوە، شاهێدن بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیانە كە ئەمانە هەم لە بەرنامە و هەم بە كردەوەش كۆمەڵە پەرەپێدەری بووە و بۆی تێكۆشاوە. بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئەم سیاسەتانه ئاشنان و بۆ زۆربەی خەڵك كۆمەڵه بەو سیاسەتانەوە دەناسرێتەوە.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆربەی مانگرتنەكانی تایبەت بە پرسە چینایەتییەكان لەلایەن كۆمەڵەوە كاریان بۆ كراوە و لە ڕاستیدا كۆمەڵە هاندەر و بزوێنەری سەرەكیی جموجۆڵه كرێكاریەكان بووه. كۆمەڵه هەموو كات پێیوابووە كە چالاكان و فەعالینی ناوخۆی كوردستان دەوری كاریگەریان هەیە و دەتوان خزمەتی گەورە بە كۆمەڵگای كوردستان بكەن و لەو باوەڕەدایە پێویستە زیاتر لە جاران بە چاوێكی هەستیار، گرینگ و پڕبایەخترەوە بڕواننە كێشە ئابوورییەكان و هەوڵ بۆ ناساندن و دەستەبەر كردنی مافی كرێكاران و زەحمەتكێشان و كێشەی كۆڵبەران بدەن، پاڵپشتییان بكەن و ڕێكخەر و یارمەتیدەریان بن. دیارە ئەم مانگرتنانە لە ماوەی حەوتووی ڕابردووەدا خواستی سەرەكیان ئابووری و مەعیشەتی و بژێویی ژیانی خەڵك بووە، لە كوردستان زیاتر لە ٧٠ هەزار كەس تەنیا كۆڵبەرمان هەیە لە شارە سنوورییەكان، ئەوە سەرەڕی ئەوەی لە باقیی شارەكانی دیكە حەشیمەتی سەدان هەزار كەسی و میلیۆنیی بێكارمان هەیە كە سفرەی ماڵیان وەك سفرەی بەتاڵی سەرشەقامەكان خاڵیە و ناتوانن بە باشی دابینكەری ژیانیان بن. ئەمە خواستێكی سینفی و ئابوورییە نەك خواستی سیاسی، بەڵام ڕژیم هەرچەشنە خواستێكی كۆمەڵانی خەڵك تێكەڵ بە سیاسەت و پرسە سیاسییەكان دەكات و ئامانجیشی ئەوەیە كە دەستی ئاوەڵا بێت بۆ سەركووتی هەمە لایەنەی ئەم مانگرتنانە لە شارەكانی كوردستان.
تا ئەو جێیەی دەگەڕێتەوە سەردەمی هەنووكه، كۆمەڵە وەك ستراتێژی خۆی هەم پرسە چینایەتییەكان و هەم پرسە نەتەوەییەكان هاوتەریب بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریكراوەكانی گەلی كورد بەرەو پێش دەبات و پرسی كۆڵبەران و كاسبكارانی سەرسنوور هەمیشە یەكێك لەو پرسانە بووە كە بە گرینگییەوە سەیری كراوە و تەنانەت وەك یەكێك لە باسەكانی كۆنگرەی پازدەهەم سیاسەتی كۆمەڵه لە هەمەبەر كۆلبەران پەسەند كرا. لە قاودانی سیاسەتەكانی ڕژیم لەمەڕ كوشتنی كۆڵبەران، نەبوونی دەرفەتی یەكسانی هەلی كار بۆ خەڵكی كوردستان و هەڵاواردنی هەمە لایەنە و پەراوێز خستنی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە لە ڕابردوو و هەنووكەشدا و بۆ داهاتوویش هەوڵەكانی خۆمان زیاتر وەگەڕ دەخەین بۆ پشتیوانی لە مانگرتنەكانی شارەكانی كوردستان.