كۆمەڵانی خەڵكی ئازادیخواز!
حزب و رێكخراوه سیاسی و مەدەنییەكان!
هاوڕێیان، دۆستان و كوردانی تاراوگه
هەر وەك ئاگادارن مانگرتنی گشتی خەڵكی كۆڵنەدەری بانه پێی ناوەته حەوتووی چوارەمەوه. مانگرتنی خەڵكی زەحمەتكێش و كاسبكاران و بازاڕیانی بانه كاردانەوه و ناڕەزایەتییەكه بەرامبەر به زەخت و زۆر و بەربەستەكانی كاربەدەستانی رژیمی ئیسلامی له پێوەند لەگەڵ كار و كاسپی سەرسنووردا و دوكان و بازاڕیان داخستووه. رژیمی ئیسلامی به جێگای جێبەجێكردنی داوا رەواكانی خەڵكی هەقخوازی بانه، هێزی تایبەتیان بۆ بانه ناردووه و ئینترنێتی ئەو شارەیان هەڵبڕیوه و جۆرێك له گەمارۆیان خستوونە سەر. له هەمان كاتیشدا هەوڵیان داوه ریزی یەكگرتوو و پتەوی خەڵكی ناڕازی و مانگرتوو تێكبشكێنن و دووبەرەكی و چەندبەرەكی بخەنه ناویان. بەڵام خەڵكی مافخواز و خۆڕاگری بانه وشیارانه یەكڕیزی و یەكگرتوویی خۆیان پاراستووه و بەریان بەم سیاسەتە چەپەڵەی رژیم گرتووه.
هەر وەك پێشتریش كۆمەڵه رایگەیاندووه، ئێمه پشتیوانیی خۆمان لەم مانگرتنه بێ وێنە و شكۆدارەی خەڵكی خۆڕاگری بانه و داوا رەواكانیان دەردەبڕین و ئەم مانگرتنه به خاڵێكی پڕشنگدار له میژووی خەباتی مەدەنی كوردستانی رۆژهەڵاتی دەزانین. بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی زۆری مانگرتنەكه كاریگەریی خستووەته سەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی تێكۆشەری بانه و بۆیه داوا له كۆمەڵانی خەڵكی ئازادیخواز له شارەكانی دیكەی كوردستان دەكەین پشتیوانی خۆیان لەم مانگرتنە بكەن و بەر هەر جۆرێك كه بۆیان دەكرێ یارمەتیدەر و هاوپشتیان بن.
هەروەها داوا له حزب و رێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكان و دۆستان و هاوڕێیان و كوردانی تاراوگە دەكەین دەنگی دلێر و مافخوازی خەڵكی خۆڕاگری بانە به كۆڕوكۆمەڵ و ناوەندە نێونتەوەییەكان و پارلمانی وڵاتانی پێشكەوتوو بگەیەنن و سەرنج و سۆز و هاوپشتیی نێونەتەوەیی بۆ ئەم مانگرتنه شكۆدارەی بانه رابكێشن و نەهیڵین لەم تاقیكردنەوە مێژووییەدا خەڵكی كۆڵنەدەری بانه به تەنیا بكەونەوه. جێگای خۆیەتی له دەرەوەی وڵات به ڕێكخستنی ئاكسیۆن یا له هەر رێگایەكی گونجاو بۆ پشتیوانی له خەڵكی بانه و داوا رەواكانیان كەڵك وەرگرین. با پێكەوه نەهێڵین رژیمی ئیسلامی ئێران به زەبر و زۆر و سیاسەت و تاكتیكه دژه ئینسانییەكانی دەنگی دلێری خەڵكی خۆراگری بانە كپ بكا. با هەموومان تێبكۆشین به هاوپشتی گشت لایەك ئەم مانگرتنە شكۆداره ببێته ئەزموونێكی بەهێز و سەركەوتوو له خەباتی مەدەنی له سەرانسەری كوردستانی رۆژهەڵات.
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
كومیتەی دەرەوەی وڵات
٨ی مەی ٢٠١٨
١٨ی گوڵانی ١٣٩٧