ئەگەری ئێعدامی رامین حوسێن پەناهی هەیە،
هەڵمەتێكی گستی و خێرا بۆ رزگاركردنی گیانی ئەو پێویستە!
لە ڕۆژی سێشەمە ١١ی بانەمەڕەوە، بەندیی سیاسیی كورد رامین حوسێن پەناهی بۆ قەرەنتینە راگوێزراوە. نیشانەكان ئەوە دەگەیەنن كە جەڵلادەكانی كۆماری ئیسلامی نیازی ئێعدامی ئەو لاوە كوردەیان لەم ١-٢ رۆژە دا هەیە. بە سەرنجدان بە تەئیدكرانەوەی حوكمی لە سێدارەدانی ڕامین لە لایەن دیوانی بەرزی وڵات و هەر وەها بە وەبەرچاوگرتنی ڕق و دوژمنایەتیی لەمێژینەی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر خەڵكی كوردستان و لەمانەش گرنگتر، پێویستیی ئێستای ئەو ڕێژیمە بە چاوترساندنی خەڵكی وەزاڵەهاتووی شارو ناوچەكانی كوردستان، نیگەرانی لە ئیعدامی رامین حوسێن پەناهی زۆر جیددییە.
لەم دوا ساتانەی ژیانی ئەو لاوە كوردە دا، تەنیا شتێك كە دەتوانێ ئەم ڕێژیمە لە بڕیاڕی ئێعدامی ئەو پاشگەز بكاتەوە، بەرز بوونەوەی دەنگی نارەزایەتیی هاوزمانان و هاونیشتمانانی رامین و هەموو مرۆڤە بە ویژدان و بە هەڵوێستەكان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتە. بەم بۆنەیەوە بانگەوازی كۆمەڵێك كەمپەین و چالاكی لە نێوخۆی رۆژهەلات و لە ولاتانی ئورووپایی بڵاو بوونەتەوە. ئێمە وێڕای پشتیوانی لە كۆبوونەوە و ڕێپێوان و هەر حەرەكەتێكی دیكە بۆ بەرگری لە گیانی رامین حوسێن پەناهی و مەحكوومكردنی بڕیار و نیەتی ئێعدامی ئەو بەندییە سیاسییە، لە هاونیشتمانان لە نیوخۆ و دەرەوەی وڵات داواكارین دوایین دەرفەتەكان بۆ دەنگ هەڵبڕین دژی ئەم تاوانە، لە دەست نەدەن. چاوەروانیمان ئەوەیە هەڵمەتێكی خێرا و گشتی بۆ راكێشانی سەرنجی بیرورای گشتی بۆ لای تاوانێك كە خەریكە روو بدا ، وەڕێ بخەن.
لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی بەرگری لە مافی مرۆڤیش داوا دەكەین هەولەكانی خۆیان بە مەبەستی نەجاتی گیانی رامین حوسێن پەناهی، زیاتر و خێراتر بكەن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
پێكهاتوو لە:
حیزبی دیموكراتی كوردستان
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
١٢/٢/١٣٩٧
٢/٥/٢٠١٨