كرێكارانی كوردستان!
چین و توێژە زەحمەتكێشەكانی کوردستانی ڕۆژهەڵات!
بە بۆنەی ١ی مانگی مەی(١١ی گوڵان)، ڕۆژی هاوپێوەندیی جیهانیی كرێكاران، گەرمترین پیرۆزباییتان پێشكەش دەكەین. لەم بۆنەیەدا سەركەوتنتان لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانتان و گۆڕینی هەلومەرجی پڕ لە ستەم و چەوسانەوەی سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتدارێتی و سیاسەت و قانوونەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاوات دەخوازین.
نزیكەی٤ دەیەیە، كرێكاران و چین و توێژە زەحمەتكێش و كەم داهاتەكان لە وڵاتی ئێران بە گشتی و لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەتی، لە سێبەری دەسەلاتدارێتیی ڕێژیمی ئێستا دا، لە گەڵ پێشێلكرانی سەرەتاییترین مافەكانیان بەرەوڕوون. كرێكاران، لە كۆمەڵگەی ئێمەش وەك زۆربەی وڵاتانی جیهان، ئەگەر چی زۆرترین پشكیان لە هەڵسووراندنی چەرخی ئاوەدانی و بەرهەمهێناندا هەیە، بەڵام كەمترین داهات و دەسكەوتیان لە بەرهەمی ڕە نج و ماندوویەتیی خۆیان پێ دەبڕێ. ئەو حەقدەستەش كە بۆیان دیاری كراوە، سەرەڕای ئەوەی وەڵامدەری زۆربەی پێداویستییەكانی ژیانی خۆیان و بنەمالەكانیان نیە، بە ناڕێكوپێكی پێیان دەدرێ. ئەمەش لە كاتێك دایە كە قانوونەكانی وڵات و دەسەڵات و دامەزراوە جۆراوجۆرەكانی ڕێژیم، لە لایەكەوە ڕێگرن لە پێكهاتن و تێكۆشانی یەكیەتی و ڕێكخراوە كرێكارییەكان و بەڕێوەچوونی مانگرتن و چالاكییە جۆراوجۆرەكانی دیكە، لەو لاشەوە پشتیوانی خاوەنكار و سەرمەیەدارەكان و هەلومەرجی چەوسێنەرانەی زاڵ بە سەر كارخانە و كارگە و شوێنی كارن. جیا لەمانەش، ئاخوندە دەسەڵاتدار و”ئاغازادە”كانیان، بنكە و بنیاتە حكوومەتییەكان، فەرماندەرانی سوپای پاسداران و گەورەكاربەدەستانی حكوومەتی و دەوڵەتی، لە ئاستی سەرانسەری و لە ئاستی هەر پارێزگە و شار و ناوچەیەكدا بەشی هەرە گەورە، لە سەرمەیەی وڵات و پڕۆژە ئابوورییەكانیان لە پاوانی خۆیان گرتوە و هەر چەشنە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆڕێكخستنی كرێكاران بۆ گۆڕینی هەلومەرجی داسەپاو، بە توندی سەركوت دەكەن.
بەو حاڵەش كرێكارانی كوردستان هیچ كات بەرامبەر ئەو بارودۆخە جەهەننەمییە كە دەسەڵاتدارانی وڵات بە سەریاندا سەپاندوون، بیدەنگ و بێهەڵویست نەبوون. ڕۆژژمێری خەبات و تێكۆشان و بزووتنەوەی حەقخوازی لە كوردستان پڕە لە ناڕەزایەتی دەربڕین، مانگرتن و بەربەرەكانیی كرێكاران. بە خۆشییەوە بزووتنەوەی كرێكاری و خەباتی ڕوو لە گەشەی چین و توێژە زەحمەتكێشەكانی كوردستانی ئێران، كۆڵەكەیەكی حاشالێنەكراو و ڕوویەكی گەشی بزووتنەوەی چینایەتی، مەدەنی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە. ئەو چالاكی و كۆبوونەوە گەورانەش كە هەموو ساڵی بە بۆنەی ١ی مانگی مەی، سەرەڕای دژایەتی و كەند و كۆسپ دانانی دامودەزگا حكوومەتییەكان، لە هێندێك لە شارەكانی كوردستانی ئێران پێك دێن، بە هێزی و ڕەوایی ئەم بزووتنەوەیە دەسەلمێنن.
كرێكارانی كوردستان!
یەكیەتی و ڕیكخراوە كرێكاریەكانی ڕۆژهەڵات!
ئەمساڵ ئێوە لە كاتێكدا بە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە دەچن، كە شارەسنوورییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوون بە گۆڕەپانی مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی مەدەنیی خەڵكی هەژار و زەحمەتكێشی ئەو شارانە. دانیشتوانی شار و ناوچەكانی بانە، مەریوان، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، پاوە ، جوانڕۆ و ژمارەیەك شاری دیكە كە بژیوی بنەماڵەكانیان لە ڕێگای كۆڵبەری و كاسبیی سەرسنوور دابین دەبێ، جارێكی دیكە لە گەڵ داخرانی سنوورەكان و زنجیرەیەك یاسا و بڕیاری زاڵمانەی دیكەی دامودەزگاكانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەتەوە. ناڕەزایەتی و مانگرتنی شارە سنوورییەكان ڕوویەكی دیكەی خەباتی ئێوەیە لە دژی چەوسانەوە و ئەو ڕۆژڕەشی و بێبەشیانە كە ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران بە سەر خەڵكی ئێرانی داسەپاندوە. داواتان لێ دەكەین ئەمساڵ یەكگرتووانەتر لە هەمیشە و بە شكۆیەكی هەر چی زیاترەوە، پێشوازی لە ڕۆژی خۆتان ١ی مانگی مەی بكەن. پەیامی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بۆ ئێوە ئەوەیە وێڕای مەحكووم كردنی سیاسەتە دژە كرێكارییەكانی كۆماری ئیسلامی و دەربڕینی بێزاریی خۆتان لە هەر جۆرە هەلاواردنێكی چینایەتی و پێداگری لە سەر داخوازەكانتان، خۆپێشاندان و كۆبوونەوە و ڕێپێوانەكانی ئەمساڵی خۆتان لە ڕۆژی جیهانیی كرێكاراندا، بكەن بە سەكۆیەك بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی شارە سنوورییەكان و داخوازە ڕەواكانیان.
سەركەوێ خەباتی كرێكاران بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان،
بژی هاوپێوەندی و هاوپشتیی كرێكاران و سەرجەم چین و توێژە حەقخوازەكانی كوردستان لە خەبات بە دژی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
پیرۆز بێ ای مانگی مەی، ڕۆژی هاوپێوەندیی كرێكارانی جیهان.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٨/٢/١٣٩٧
٢٨/٤/٢٠١٨