ئاماژە:
بە لەبەرچاوگرتنی شێواندن و بەلاڕێدابردنی مێژووی گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی بندەست لەلایەن ئەویترەكانی كوردەوە و سەرەڕای هەموو بیروڕا جیاوازەكان سەبارەت بە ڕەچەڵەكی جێژنی نەورۆز، یەك بۆچوون لەوانی دیكە بەهێزترە: نەورۆز وەك جێژنێكی كۆنی كورد دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ماد و هەر بە هەمان شێوەش ساڵنامەی كوردی سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێكەوتە.
جێژنی نەورۆز بە مێژوویەكی سێ هەزار ساڵەوە بۆ كورد و ئەو نەتەوانەی كە جێژنی نەورۆز پیرۆز دەكەن ئاماژەیەكە بۆ كولتووری دەوڵەمەندی ئەو نەتەوانە و لەوانەش گەلی كورد.
ئەوەی لەم سەردەمەدا گرنگە ئەوەیە كە كورد نەورۆز بە جێژنێكی تایبەت دەزانێت و وەك هۆكارێكی شوناسبەخش چاو لەو بۆنەیە دەكات هەر بۆیە لە هەموو كون و قوژبنێكی كوردستاندا جێژنی نەورۆز پیرۆز دەكرێت.
نیشانە و نەورۆز
نیشانە شتێكە كە دەلالەت لە هەبوون، ڕاستەقینەبوون، چۆنایەتی یان حاڵەتێكی دیكەی چشتێكی تایبەت دەكات، نیشانە هۆكارێكی تایبەتە لە پێوەندییەكاندا و بەگشتی بریتییە لە نیشانەی زمانی (پێوەندیدار بە زمانەوە) و دیداری؛ یان هەر شتێك كە لای بەردەنگ مانایەكی تایبەت درووست بكات. نەورۆز كۆمەڵێك نیشانەی زمانی و دیداری لە خۆ دەگرێت و بە گشتی لە ئاراستەی پێكانی ئامانجێكی تایبەتدا دەردەكەوێت. نیشانە زمانییەكانی نەورۆز لە سروودە حیماسییەكاندا خۆ دەردەخات و نیشانە دیدارییەكانی نەورۆز بریتییە لە هەموو ئەو هۆكارە دیداریانەی كە ڕواڵەت و پەیكەرەی نەورۆز پێكدەهێنن.
ئەگەر لە چوارچێوەی سیستەمی نیشانەناسیدا شرۆڤە بۆ نەورۆز بكەین لە حەقیقەتی شاردراوە لە پشتی هێما، سیمبۆل و ڕەمزە كولتوورییەكانی نەورۆز تێدەگەین.
ئەگەر لە گوشەنیگای نیشانەناسییەوە ئاوڕ لە نەورۆز بدەینەوە نەورۆز وەك وشە بەتەنیا خۆی واتایەكی ئەوتۆی جگە لە “ڕۆژی نوێ” نییە؛ بەڵام واتاكان لە چوارچێوەی تۆڕێكی بەربڵاوی تایبەت بە نەورۆزدا بەرجەستە دەبنەوە كە هەركامەیان بۆ خۆی چوارچێوەیەكی كولتووریی تایبەتی هەیە، هەر بەم پێیە ئەگەر ئاوڕ لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستانیش بدەینەوە هەر لە بەكارهێنانی ڕەنگەكانەوە بگرە تاكوو فرەچەشن بوون و تەنانەت جیاوازیی درووشمەكان و جیاوازی لە شێوازی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزدا، ئەمەمان بۆ دەردەخات كاتێك لە گۆشەنیگای نیشانەناسییەوە ئاوڕ لە نەورۆز دەدەینەوە لەگەڵ سیستم و لە هەمان كاتیشدا تۆڕێكی بەرین و بەربڵاوی نیشانەكان بەرەوڕووین.
نەورۆزی ڕۆژهەڵات لەم سەردەمەدا
یەكێك لە خاڵە جێ سەرنجەكانی ڕێوڕەسمی نەورۆز ئەوەیە كە نەورۆز جگە لەوەی ئاماژەیەكە بۆ نوێ بوونەوە ئاماژەیەكیشە بۆ زیندوو بوونەوە، واتە زیندووبوونەوەیەكی نوێ لە كۆمەڵگادا؛ ئەو گۆڕانەی كە لە سرووشتدا دەبینرێت لە ژیانی مرۆییشدا پێك دێت، ڕەشی جێگای خۆی دەدات بە شەبەنگێك لە ڕەنگەكان كە بەتەواو مانا هەم لە سرووشتیشدا دەبینرێن و هەم لە جل و بەرگی تاك بە تاكی خەڵكی كۆمەڵگاشدا دەبینرێن و بەگشتی هێمایەكن بۆ ژیان.
لەم ساڵانەی دواتردا هەر تاكێكی كورد بەشبەحاڵی خۆی هەوڵی بەدیكۆمێنت كردنی ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز داوە، ئەمە دەرخەری ئەم ڕاستییەیە كە چیتر نەتەوەی باڵادەست ناتوانێت ڕاستییەكان بەلاڕێدا ببات و شوناسی ناڕاستەقینە بۆ نەتەوەی بندەست درووست بكات و لەم سەردەمەدا هەموو ڕووداو و جووڵە كۆمەڵایەتییەكان ڕۆژانە بەڵگەمەند و ئارشیڤ دەكرێن. لە نێو كورددا ڕێوڕەسمی نەورۆز بەئامانجێكی جیاوازتر لە نەتەوەكانی دیكە بەڕێووە دەچێت، ڕێوڕەسمی نەورۆز پێگە و مەكۆیەكە بۆ بەرەنگاری لە بەرامبەر داگیركەردا، بە گشتیی بەرەنگاری لە بەرامبەر هەموو ڕەشی و بارودۆخە سەخڵەتەكان و تووندوتیژی بەسیستمكراوی دەسەڵاتی داگیركەر و داپڵۆسێنەر. خەڵكی كوردستان بە هاتنەوەی سەری ساڵی تازە لەگەڵ نیشتمان پەیمان تازە دەكەنەوە تاكوو بە هەڵپەڕكێ و شادی و سروودەوە لە لایەكەوە بەرەو پیریی ڕاماڵینی زەبر و زەنگەكان بچن و لە لایەكی دیكەشەوە بە باوەشێكی ئاوەڵا و پڕ لە هیواوە بەرەو ڕزگاریی یەكجارەكی بچن. بەچاوخشاندنێك بە بەڕێووەچوونی ڕێك و پێك و بەرنامەبۆداڕێژراوی ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز لە كوردستانی ڕۆژهەڵات ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە نەورۆز خاوەنی ئەو وزە شاراوەیە كە لە هەموو لایەنێكەوە گوڕ و تینێكی تایبەت دەبەخشێتە كۆمەڵگا.
هێماسازی لە كوردستان ڕۆژهەڵاتدا
بەدرێژایی خەبات دژ بە داگیركەرانی كوردستان هەر سەردەمێك كۆمەڵێك چشت بوونەتە هێما و ئاماژە بۆ مەبەستێكی تایبەت، هەر هێمایەك واتاسازیی بۆ پرسێكی تایبەت كردووە و لەو ڕێگایەوە ورەیەكی تایبەتی بە كۆمەڵگا بەخشیوە. ئەگەر بە خێرایی چاوێك بە جێژنە نەریتییەكانی هەر نەتەوەیەكدا بخشێنین، بۆمان دەردەكەوێت كە لە ڕەوتی مێژووییدا بەردەوام ئاڵ و گۆڕ بە سەر شێوازی بەڕێوەبردن و بەپیرۆزكردنی ئەو جێژنانەدا هاتووە، واتە سەرەڕای پێداگری لە سەر كۆڵەكە و ناوەرۆك و فۆرمی سەرەكیی ئەو جێژنانە، بەڵام بە پێی هەل و مەرجی تایبەت بەو كۆمەڵگایە كۆمەڵێك خاڵ بەو جێژنانە زیادكراوە.
ئاگر،سروودی شۆڕشگێڕانە و هەڵپەڕكێ لە ڕواڵەتدا چوارچێوەی فۆرمیك و ناوەرۆكی جێژنی نەورۆز دیاری دەكەن، جاری وا هەیە سروودی شۆڕشگێڕانەی نوێ بە بانگەشەگەلی نوێیەوە دێتە ئاراوە، جل وبەرگی گرووپی هەڵپەڕكی و خەڵك بەگشتی كۆمەڵێك نیشانەی تایبەتی پێ زیاد دەكرێت و هەر نیشانەیەك ئاماژەیەكە بۆ شتێكی تایبەت. نەورۆز بە فەلسەفە و ئامانجێكی تایبەت پشتبەستە و دەربڕی هەست، سۆز و پێداویستی و داخوازیگەلی هەر سەردەمێكە كە كورد پێیدا تێدەپەڕێت.
لە نەورۆزی ئەم ساڵدا سێ هێمای تایبەت بە ڕێوڕەسمەكانەوە دیاربوون، كە گوڕ و تینێكی نوێی بە كۆمەڵگای كوردستان بەخشی: جلی پێشمەرگانە، جامەنە و گوڵی سوور ئەو هێمایانە بوون كە جارێكی دیكە لە دووتوێی جێژنی نەورۆزەوە سەریان هەڵهێنایەوە و بوونە پردێك بۆ گرێدانی شاخ و شار، پێشمەرگە و خەڵك، حیزب و كۆمەڵگا. ئەو هێمایانە لە لایەن حیزبە ڕۆژهەڵاتییەكانەوە بانگەشەی بۆكرا و خەڵك بە باوەشێكی ئاوەڵاوە ئەو هێمایانەیان بەرجەستە كردەوە. حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات وەك بكەرانی سەرەكیی پانتایی سیاسی لە كۆمەڵگای كوردستاندا دەست لە دەست خەڵكی دەستیان دایە هێماسازی و زیندووكردنەوەی ئەو هێمایانە لە دڵی كوردستاندا.
پەیامی سەرەكی ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز
بەردەنگی ڕێوڕەسمەكانی جێژنی نەورۆزی ئەم ساڵدا بریتی بوون لە:
– كۆمەڵگای كوردستانی ڕۆژهەڵات
– حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات
– كۆماری ئیسلامیی ئێران
كۆمەڵگای كوردستانی ڕۆژهەڵات:
ئەو گوڕ و تینەی كە لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕسمەكانی نەورۆز لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بینرا ئەو پەیامەی ئاراستەی سەرجەم كۆمەڵگای كوردستان كرد كە یەكڕیزی ڕەمزی سەركەوتنی هەر جووڵەیەكی كۆمەڵاتییە و بە پێچەوانەی بانگەشەی هەندێ لایەن، خەڵكی كوردستان لە پێناو ڕزگاری و بەرەنگاربوونەوەی كۆماری ئیسلامیدا ئامادەی هەرچەشنە هەزینەیەكن و لە هیچ سڵ ناكەن و چیتر كۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە تووندوتیژی و هەڕشە بەر بە جووڵە كۆمەڵاتییەكانیان بگرێت. لە لایەكی دیكەشەوە ئەو خەڵكانەی كە لە ژێر هەڕەشەی كۆماری ئیسلامیدا چاوترسێن بوون و بەشداری ئەو جووڵە كۆمەڵایەتییانە نابن، باشتر وایە لەو ڕێوڕسمانەدا بەشداری بكەن و هاونیشتمانیانیان بە تەنیا نەهێڵنەوە.
حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات:
بەپێچەوانەی بانگەشەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەندێ لایەن، بڵێسەی خەبات دژ بە كۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ بە تینتر دەبێت و حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بە پشتیوانیی خەڵك تەنیا بكەرانی ڕاستەقینەی پانتایی سیاسیی كوردستانی ڕۆژهەڵاتن و خەڵكی كوردستان هەمیشە باوەشیان بۆ حیزبەكانیان ئاوەڵایە. لە لایەكی دیكەشەوە خەڵك بە وەڵامدانەوە بە هێماسازییەكانی حیزبەكان پێداگرییان لە سەر پیگەی ئەو حیزبانە لە نێو كوردستاندا كردەوە.
كۆماری ئیسلامیی ئێران:
بەردەنگی سەرەكیی ئەو ڕێوڕەسمانە كۆماری ئیسلامی و دەزگا ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامی بوو، واتە خەڵك بە بەشداریی بەكۆمەڵیان لەو ڕێوڕەسمانەدا ئەو پەیامەیان ئاراستەی دیكتاتۆریی كۆماری ئیسلامی كرد كە ژنان، كچان، كوڕان و پیاوانی كورد هەردەم ئامادەی خەبات دژ بەو دەسەڵاتە نگریسەن و وەك هەمیشە جووڵە كۆمەڵایەتییەكان دەكەنە ئامرازێك بۆ پێداگری لە سەر لایەنە شوناسییەكانی خۆیان و بەگژداچوونەوەی كۆماری ئیسلامی.
دەرەنجام:
جیاوازیی ڕێوڕەسمەكانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ساڵانی پێشوو بریتی بوو لە بەڕێكخراوتربوونی ڕێوڕەسمەكان، واتە لە زۆربەی ئەو شوێنانەی كە جێژنەكان بەشكۆ گیران لە چەندین ڕۆژ پێشترەوە خەڵكانێكی خۆبەخش ئەركی ڕێكخستنیان لە ئەستۆگرتبوو و ئامادەكارییان بۆ جووڵەیەكی كۆمەڵایەتی كردبوو كە بڵێسەی خەباتی دژی كۆماری ئیسلامی بەگوڕتر دەكرد؛ لە لایەكی دیكەشەوە ڕاشكاویی خەڵك لە پێداگری لە سەر داخوازییە ڕەواكانیان خاڵێكی بەرچاوی دیكەی ئەو ڕێوڕەسمانە بوو