كۆمەڵانی تێكۆشەری خەڵكی كوردستان، خۆشك و برایانی خۆشەویستم، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، دایك و باوكە بەڕێزەكان، پێشمەرگە دێرینەكان، كچان و كوڕانی خەباتكار، دۆستان و ئازیزان، گەلی سەربەرزی كورد، نەورۆز و ساڵی تازە لە هەمووتان پیرۆز.
نەورۆز ساتی نوێ بوونەوە و بووژانەوەیە، ڕەمزی هاتنەوەی تینی ژیانە بۆ لەشی ساردەوەبووی سروشت و هێمای سەركەوتنی ڕووناكی و دەروشانەوە بەسەر تاریكی و كەسیرەیی دایە. با لەم ساتەدا ئێمەش گەشی و سەركەوتن بۆ یەكتری بە ئاوات بخوازین. با بە جامانەی خەباتكارانە و گوڵی سووری هیواكانمانەوە، بە دڵی خۆش و پڕ لە هیوا و بەسەری بەرزەوە دەست لەناو دەستی یەكتری، بەپانایی هەموو كوردستان، ڕۆژی نەورۆز بكەین بە رۆژی شایی و دیلانی گشتیمان، با نەورۆز بكەین بە ڕۆژی ئاشتەوایی و كرانەوەی دڵمان بەرامبەر بەكتر، بێكەین بە رۆژی پتەو كردنەوەی پەیوەندیمان لەگەڵا یەكتر، بەكورتی بیكەین بە بۆنەی یەكگرتووییمان.
با ئاگری نەورۆز وەكوو چرایەك شەوەزەنگی تاریكیمان بۆ دڕ بدا و بەرچاومان ڕوون بكاتەوە، با ئاهەنگی نەورۆزی كوردەواری پیر و لاو بێنێتە جۆش و فەرهەنگی گەش و پێشكەوتوومان بە نەسلی نوێ بناسێنێت. با ئاڵای كوردستان دەسرۆكەی سەرچۆپیمان بێت، جامانە و هەوری شان و ملمان بڕازێنێتەوە و گوڵی سوور بكەینە یادگاری ئەو ئازیزە گیانبەختكردووانەمان كە بۆ شادی و بەختەوەری گەل خۆیان بەخت كرد.
با نەورۆز بانگی دادپەروەری و ئازادیخوازی گەلی دێرینی كورد بەدنیادا بڵاو كاتەوە و منداڵا و نەوەی نوێیمان بەو سرود و دروشمانە گۆش كا، با نەورۆز ببێتە هێمای یەكگرتوویی لەشكان نەهاتوومان، رۆژی بڕوا بەخۆییمان و رۆژی نیشاندانی ئیرادەی نەتەوەییمان، با نەورۆز ببێتە مژدەبەخشی داهاتووی گەشمان، با نەورۆز ببێتە رۆژی شەكانەوەی ئاڵای سەوز و سوورمان.
نەورۆز هەمیشە لە كوردەواریدا خۆشەویست بووە، بە هێنەری تین و تەوژمی نوێ ناسراوە و بەگەرمی پێشوازی لێكراوە، با بە كردنەوەی ئاگری نەورۆز لە زۆرترین شوێنەكانی هەموو گوند و شارەكانی كوردستان، رێز لەو فەرهەنگە خۆشەویستە بگرین و ئەو نەریتە بسپێرینە دەست نەسلی تازەشمان.
لەبیرتانە لە پەیامی نەورۆزی پارەكەدا رامگەیاند كە: دڵنیا بن كە دوژمنانی ئازادی و بەختەوەریمان لەئێستادا گەورەترین تەنگژەی هەموو ژیانی نگریسیان تێپەڕ دەكەن، زۆری نەماوە جێیان پێ لەق بێ و شیرازەیان لێ تێك بچێ، دڵنیا بن ئەو كاتەی قەڵای بەڕواڵەت لەشكان نەهاتووی دیكتاتۆری هاتە داڕمان، خۆتان پێتان سەیر دەبێ كە تا چ ڕادەیەك كولۆر و پرتووكاو بووە و بەخۆتان دەڵێن بۆ ئێمە وا دێر جووڵاوینەتەوە.
ئەمساڵا رێك ئەو دۆخە هاتە ئاراوە و بەربڵاوترین بزووتنەوەی ئەم چل ساڵە بەدژی رژیمی كۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانباردا هاتەدی و دەیان شاری گەورە و بچووكی ئێران دەنگی گۆڕانگارنخوازی خۆیان بە هەموو دنیا گەیاند. ئەو سەرهەڵدانە گەورەیە، كە پێدەچێ سەرەتایەك بێت بۆ كۆتایی زستانی دیكتاتۆری، ئەفسانەی لەشكان نەهاتوویی رژیمی پووچەڵا كردەوە، سام و هەیبەتی شكاند و مەشروعیەتی لەبەرچاوی دنیا بۆ نەهێشتەوە.
هیوادارم نەورۆزی داهاتوومان نەورۆزی ئازادی بێت و هەموومان بە شادی و یەكگرتوویی بتوانین بەتێكڕا بڵێین:
ئەو رەنگە سوورە بوو كە لە ئاسۆی بڵندی كورد،
موژدەی بەیانی بە گەلی دوور و نزیك ئەبرد.
هەرچەند ئەمساڵا تەوژمی گەورەی خەبات بۆ ئازادی لە هەمیشە زیاتر بەرۆكی بە دەسەڵاتدارانی كۆنەپەرست گرتووە و ئاسۆی خەباتمان لە هەمیشە روونترە، بەڵام هیچ سەركەوتنێك بێ تێكۆشان و ماندوو بوون بەدەست نایە و هیچ ئازادییەك و هیچ مافێك بەبێ نرخ نییە. هەموو شتێك بەستراوەتەوە بە تێكۆشانی خۆمان، بە ورەی بەرزی خۆمان، بە یەكگرتووییمان، بەرێكخراوبوونمان، بەرێباز و سیاسەتی دروستمان.
هاوڕییان، هەر وەك لە پەیامی بیست و شەشی رێبەنداندا بەڵێنمان دا، جارێی دیكەش هەمووان دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ سەختی و بەربەستێك و هیچ پیلانێكی رژیمی كۆماری ئیسلامی، لە ڕێ لامان نادا و كۆڵمان پێ نادا. كۆمەڵە لەسەر پەیمانی شۆڕشگێڕانەی خۆی سوورە، بەرپرسایەتی مێژوویی خۆی بەڕوونی دەناسێ و پێداگری لەسەر دەكا، وەكوو هەمیشە بەرچاوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان روون دەكاتەوە، رێگەی دروستی خەبات دەنوێنێ و بۆخۆشی بوێرانە لە رێزی پێشەوەی ئەو خەباتەدا بەرەو سەركەوتن رێ دەپێوێ.
ئێوەش لاوانی خۆشەویست، نەسلی نوێی خەباتكاری كوردستان، بەسەر و دڵی خۆش و شێلگیرتر و پتەوتر لە هەمیشە وەرنە ریزی خەباتی پڕ لەشانازی كوردستانی شۆڕشگێڕتان و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕتانەوە. بزانن كە ئێستا ئاسۆمان لەهەمیشە روونترە، دوژمن لە هەموو كاتێك زەلیلترە و فرسەتێكی مێژوویی بۆ هەموو خەڵكی ئێران هەڵكەوتووە، بەڵام ئەوەش بزانن ئازادی گەوهەرێكی گرانبەهایە، بەڵام نرخێكی سەنگینیشی هەیە و بەخۆڕایی دەست هیچ میللەتێك ناكەوێ.
جارێكی دیكە سەری رێز بۆ هەزاران شەهید و بۆ بنەماڵەی بەڕێزیان دادەنەوێنم.