زیاتر لە حەوتوویەكە شارەكانی پارێزگەی خوزستانی ئێران بوون بە مەیدانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵكی عەرەبی ئەو پارێزگەیە. سەرەڕای هاتنە مەیدانی هێزە سەركوتكەرەكانی ڕێژیم و بەربوونیان لە گیانی خەڵكی ناڕازی و، وێڕای بەردەوامیی لەشكركێشی و ڕەوانەكرانی هیز لە پارێزگەكانی دیكەوە بۆ سەركوتی خۆپێشاندەران، دانیشتوانی سووكایەتی پێكراوی پارێزگەی خوزستان، لە سەر درێژەدان بە خۆپێشاندان بەردەوامن.
ئەگەرچی هەتا ئێستا دەوروبەری ١٦٠ كەس لە خۆپێشاندەران قۆڵبەست و ڕەوانەی گرتووخانەكان كراون و، كەشوهەوای سەركوتكەرانە لە ئەهواز و ئابادان و شارەكانی دیكەی ئەم پاریزگەیە ڕوولە زیادبوونە، خەڵكەكە كۆڵیان نەداوە و لەسەر مەحكوومكردنی سووكایەتیی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی بە شوناسی نەتەوەیی خۆیان و بەربەرەكانیی هێزە سەركوتكەرەكان بەردەوامن.
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەكانی ئەمجارەی شارەكانی پارێزگەی خوزستان دوای ئەوە دەستی پێكرد كە تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتیی ئێران لە بەرنامەیەكی نەورۆزیی خۆیدا، شوناسی نەتەوەیی خەڵكی ئەو ناوچەیەی كە لە گەلی عەرەب پێك هاتوە، پشتگوێ خست. ئەوە یەكەم جار نیە نەتەوە بندەستەكانی ئێران بە شێوەی خۆپێشاندان و هاتنە سەرشەقام بەرامبەر سووكایەتیی راگەیەنە دەوڵەتییەكانی ئێران هەمبەر شوناسی نەتەوەیی خۆیان، دژكردەوە پێشان دەدەن. ئامادەیی نەتەوە بندەستەكانی ئیران بۆ دژكردەوە نیشاندان بە شێوەی خۆپێشاندان لە چەندین شار ومەحكوومكردنی سیاسەت و كردەوەی دامودەزگا دەوڵەتییەكان، هۆیەكی زۆر ڕوونی هەیە. ئەم تووڕەیی و بێزارییە، بەرهەمی دەیان ساڵ ئینكاركرانی شوناسی نەتەوە جۆراوجۆرەكانی ئێران و خۆبواردنی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە داننان و بەرەسمی ناسینی مافە نەتەوەییەكانیانە. دامودەزگا دەولەتی و حكوومەتییەكان هەر بەوەندەشەوە نەوێستاون و لە ڕووی ئابووری و ئاوەدانییشەوە هەوڵیان داوە شارو ناوچەكانی ئەو نەتەوە بندەستانە پشتگوێ بخەن و كەمترین ئاوڕیان لێ بدەنەوە. سەرەڕای ئەو دۆخەش، شانبەشانی گرتنەبەری سیاسەتی هەڵاواردن و پشتگوێخستن، پەنایان بردووەتە بەر زاڵكردنی كەشوهەوای ئەمنیەتی و خزاندنی هێزی سەركوتكەر لەو ناوچانە و، هەر چەشنە ناڕەزایەتی دەربڕینێك بە سەركوت و گرتن و ئێعدام ولام دەدەنەوە.
خەڵكی ئازادیخواز و خەباتگێڕی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە نزیكەی ٤٠ ساڵە بە هەموو وجوودیانەوە ئاكام و شوێنەوارەكانی سیاسەتی شۆڤێنیستی و سەركوتكەرانەی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بەرامبەر خۆیان دیتوە و چێشتوە، زۆر باش لە كێشە و گرفت و بێبەشیەكانی خوشك و برایانی خۆیان لە خوزستان تێ دەگەن. ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، وێڕای مەحكوومكردنی سووكایەتیی راگەیەنە حكوومەتییەكان بە شوناسی نەتەوەیی پێكهاتەكانی ئێران، پشتیوانیی خۆی لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەكانی خەڵكی شارەكانی پارێزگەی خوزستان و ویستە ڕەواكانی ئەوان رادەگەیەنێ. ئێمە لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان و بەشەكانی دیكەی ئێران بۆ پشتیوانی لە داخوازە ڕەواكانی خەڵكی خوزستان بانگەواز دەكەین، لە ناوەندەكان و كۆڕو كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكانی جیهان داوا دەكەین گوشار بخەنە سەر كۆماری ئیسلامیی ئیران و، سەركوتی ئەو ناڕەزایەتییانە و گرتن و بێسەروشوێنكردنی چالاكانی عەرەب لە لایەن دامەزراوە سەركوتكەرەكانی ئەو ڕێژیمە بە توندی مەحكووم بكەن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٦/١/١٣٩٧
٥ی ئاوریلی ٢٠١٨
(پێكهاتوو لە: كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
حیزبی دیموكراتی كوردستان)