هانا ئارێنت دەڵێت: “دەسەڵاتی سیاسی دیاردەیەكە كە لە پێوەندییە ئازادانە و خۆخوازەكانی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. تا ئەو كاتەی كە هێز هەڵقوڵاوی خەڵكە، زیندوو و بەردەوامە بەڵام كاتێ كە ببێتە گەمەی دەستی گرووپێكی سەركوتگەر و پاوانخواز، ڕوو لە نزۆكی و داڕمان دەكات. لە ڕوانینێك بەسەر دەسەڵاتی تۆتالیتێری “یەكێتیی سۆڤییەت” بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە لە نێوانی ساڵەكانی سەرەتای دامەزراندنی ئەم یەكێتیە تا كاتی مردنی لێنین (١٩١٧-١٩٢٤)، واتە لەو سەردەمەدا كە ڕێبەری بەدەست لێنین و بولشێڤیكەكانەوە بوو، تەنیا ڕێگە و بژاردەی مۆنشێڤیكەكان، “ئێس ئاڕ”ەكان (سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەكان) و ئاناڕشیستەكان تواندنەوە و ملكەچبوون لە هەمبەر هێژێمۆنیی بۆلشێڤیكەكاندا بوو بەڵام لەدوای لێنین تراژیدیایەك دەست پێدەكات و ستالین وەكوو پێشەوای نوێ، سەركردایەتیی حیزب لە هێڵەك دەدا و دەست دەداتە سڕینەوەیەكی ناوحیزبی. لەم ساڵانەدا، “ترۆتسكی” هاوڕێی دێرینی لێنین دوورخرایەوە و لەدواییدا كوژرا، “كیرۆڤ” بە شیوەیەكی گوماناوی لە بەین چوو، “زینۆوێف” و “كامێنێڤ” لە دەیەی ٣٠ و پێش لە دەستپێكی شەڕی جیهانی دووهەم لە دادگاكانی ئێستالیندا بە مەرگ مەحكووم كران. لەدوای ستالین، فراكسیۆنی خرۆشچۆف ئەوانی دیكەی تەسفییە كرد و تیمی ئاندرۆپۆف فراكسیۆنی پێشووی لەناو برد و دواتر گۆرباچۆف بە سڕینەوەی سیاسیی دژبەران، هەنگاوی كۆتایی هەڵگڕت. لە دەسەڵاتی فاشیست و تۆتالیتێری نازییەكانی ئاڵمان سناریوكە سامناكتر بوو. “ئێرنست روم” هاوڕێی كۆنی هیتلێر و ڕێبەری “كراس قاوەییەكان” كە وەكوو گرووپگەلی هێرش ناویان داخستبوو، بە دەستی ئێس ئێس لەناو چوو و بەشێكی زۆر لە جێنێراڵە پلەبەرزەكانی وێرماخت لە سێدارەدران و گوللەباران كران. مارشاڵ ڕۆمێڵ بەهۆی ئەوەی كە لەنێو بیرۆكەكانی هێتلێردا نوقم بوو زیندوو مایەوە بەڵام لە دوای دوودڵ بوون بە باوڕەكەی، لەسەر داواكاریی هیتلێر خۆی كوشت.
سڕینەوە، ئێعدام و قۆڵبەستكردنی هاوڕێیانی پێشوو، لە دەسەڵاتە تۆتالیتێرەكان ڕاستییەكە كە بەهۆی ئاڵۆزییە ناوخۆییەكانی ئەم سیستمە، بەشێوازی دەورەیی ڕوو دەدا. ڕژیمگەلی تۆتالیتێر بەهۆی وەفای لەڕادەبەدەر بە ئایدیۆلۆژیا و تواندنەوەیان لە دەروونی ڕێبەر و دامەزرێنەر هەروەها ترس و دڵەڕاوكێ لە پیلانی دوژمنان و نەیارانی دەرەكی، بە ئاڵۆزییەكی دەروونی و ناعەقڵانی دەگەن و خوازیاری دەسەڵاتخوازییەكی بێ سنوور دەبن و دەكەونە خۆخواردن و هاوڕێیانی پێشوویان دەسڕنەوە و بلۆكی نوێی دەسەڵات، جێگری دۆڕاوەكانی پێشوو دەكرێن. دەسەڵاتی سیاسی، گرینگترین مەرجی مانەوە یان داڕمان لە نیزامە گشتخواز و تۆتالیتێرەكاندایە. بەم بەكگراوندەوە، هێز و دەسەڵاتی سیاسی لە كۆماری ئیسلامی ئێران، بەچوار فاكتەرەوە گرێدراوە كە بەپێی گرینگیەكەیان بریتین لە:
١-ئاستی ئۆتۆریتەی ڕژیم
٢-سەرچاوەی دارایی
٣-ڕێژەی پاڵپشتە چالاكەكان
٤-شێواز و ئاستی پێوەندی لەگەڵ كۆمەڵگای جیهانی
هەموو ئەم خاڵانە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی كاریگەرییان هەیە و پێچەوانەكەیشی ڕاستە. بەو مانایەی كە دابەزین یان بەرزبوونەوەی ئۆتۆریتی دەبێتە هۆی داكشان و هەڵكشانی دەسەڵاتی سیاسی. دوو ئێلێمانی ئاستی ئۆتۆریتی و سەرچاوەی دارایی گرینگییەكی زۆریان هەیە. دەسەڵاتێ كە هاوكات تووشی قەیرانی ئۆتۆریتی و ئابووری بووبێت، چووەتە خانووی داڕمانەوە.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، ئایا دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی تووشی ئەم دوو قەیرانە هاتووە؟ وڵام ئەرێیە! كەوابوو ڕژیم چووەتە ناو فازی داڕمانەوە. بەڵام بۆ؟
ئۆتۆریتی (Authority) لە گرینگترین سەرچاوەكانی هێزە بۆ دەسەڵاتە تۆتالیتێر و ئایدیۆلۆژیكەكان كە پێنج خاڵی سەرەكی وەك بنەما لەخۆ دەگرێت.
١-ڕەوایی
٢- هێزی سەركوت ( ئەمنییەتییەكان، سپای پاسداران، یگانی ویژە…
۳- یەكدەستی و هاوڕیزیی كاربەدەستانی حكوومەت
۴- مۆنۆپۆلكردنی ڕاگەیاندن
۵- پێكهاتەی برۆكراتیكی حكوومەت.
ساڵی ٨٨، دەستپێكی ڕووخانی ئۆتۆریتی بوو كە ناوەندە گرینگیەكانی دەسەڵات كرانە ئامانج و تووشی شڵەژاوی و قەیران بوون.
١-ڕەوایی لە سیستمی ئێسلامیی ئێراندا هاوتای ڕەوایی ولایەتە. دوو خوێندنەوەی جیاواز لە نێو دەسەڵاتدارانی ڕژیم بۆ ڕەوایی دەكرێت. بەشی گرینگی بەدەنەی بناژۆخوازان لەو بڕوایەدان كە ڕەوایی لە خودا دەگیردرێت و باوڕمەندی لە خەڵك. بەڵام بەشێكی بەرچاو لە باڵی میانەڕەو و ڕێفورمخواز پێیان وایە كە هەم ڕەوایی و هەمیش باوڕمەندی لە خەڵكەوە سەرچاوە دەگرێت. تاكوو پێش لە ڕووداوەكانی ٨٨، لەگەڵ دەسەڵاتێكدا ڕووبەڕوو بووین كە هەرچەندە ڕەواییەكەی تووشی نزۆكی هاتبوو بەڵام لە ڕوانگەی كارناسانەوە هێشتا وەكوو وڵاتێكی توانا و بەهێز ئەژمار دەكرا و كەمترین ئاسۆیەكی داڕمانی پێوە دیار نەبوو. بەڵام سەرهەڵدان و ناڕەزاییەكانی ٨٨ ڕەوایی ولایەتی بردە ژێر پرسیار و خەڵكی ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر ڕێبەردا وەستاندەوە. لەو ماوەدا، ڕەواڵەتی پێكهاتەی سیاسیی كۆماری ئیسلامی دەركەوت و ڕۆڵی ڕاستەقینەی ڕێبەری وەكوو ئەندازیار و باوەگەورەی تەڤگەری بناژۆخوازی خستە دەرەوە هەروەها كاریگەرییەكانی لەسەر ڕووداوە بچووك و گەورەكان و كوودتای هەڵبژاردن و سەركوتەكانی دوای ئەوەی، بەجوانی ڕوون كردەوە.
ئاخێزی بەفرانباری ٩٦ و ئەو ماڕشە گەورەی خەڵك كە شەقامەكانی زیاتر لە ١٠٠ شاری گرتەوە و درووشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی تێیدا بانگەواز دەكرا، نموونەیكی بابەتیی نەمانی ڕەوایی ئەو دەسەڵاتەیە. لەم خۆپیشاندان و سەرهەڵدانانەدا ڕێبەرایەتی، ڕۆحانییەت و سپای پاسداران كەوتنە بەر هێرش و تووڕەیی خەڵكی ناڕازی. كارنامەی ناسەركەوتووانە و ڕەشی ڕۆحانی، كاریگەریی ڕاستەوخۆی بووە لەسەر ئاستی ڕەوایی ڕێبەر و ئۆتۆریتەی دەسەڵات، هەروا كە كارنامەی پڕ لە تاوانی سپای پاسدارانیش لەم پێناوەدا ڕۆڵی گێڕاوە.
دەیان ساڵە كە سێگۆشەیەكی ئەهریمەنی واتە بەیتی ڕەهبەری، سپای پاسداران و ڕۆحانییەت پێهاتووە كە لە هەموو بنەماكانی دەسەڵاتی سیاسی دابین دەكەن و دایدەڕێژن و لە لایەن ڕێبەرەوە سەرپەرشتی دەكرێت. ئەم ڕەوتە بووەتە هۆی تێكەڵاوی و گرێدراوی چارەنووسی سیاسیی ئەم سێ ناوەندی هێز و سێكوچكەی دەسەڵاتە، بەشێوازێك كە لاوازیی هەركامەیان لەسەر ئەوانی دیكەش ڕاستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی دادەنێت. لە ئاكامی شێوەگەلی خراپكارانەی ئەم سێگۆشە ئەهریمەنییە، كاریزمای ڕێبەرایەتی خەساری گەورەی بەركەوتووە. سەركوتی بێ ڕەحمانەی ناڕەزایەتییەكان، هەواڵی دەستدرێژیی جنسی و ئەشكەنجە و ئازار لە درێژماوەدا كاریگەریی نەرێنی خۆی بەسەر ڕۆحیە و باوڕی كادر و ئەندامانی مامناوەندی بەسیج و سپادا نواند.
٢- سەرچاوەی دارایی: بەرزبوونی لە ڕادەبەدەری نرخی نەوت لە دەورانی ئەحمەدی نێژاد و تەنانەت ڕێكەوتنی بەرجامیش لە سەردەمی ڕۆحانی نەیانتوانی ئێران لە قەیرانی ئابووری دەرباز بكەن. بەڵام بۆ؟ یەكەم، گەندەڵیی سیستماتیكی كاربەدەستانە كە چەمكی خەزانەداری گۆڕاوە بۆ خەزانەخۆری. هەروەها بە درووستكردنی بۆشایی لەنێوان سەرچاوە ئابوورییەكان، نزیكەی ٤٠ لە سەدی دارایی خستووتە بندەستی گەندەڵەكانەوە. بە وتەی كارناسانی ئابووری، لە ١٠٠ دولار داهات لە ئێران ٦٠ دولار دەمێنێتەوە و ٤٠ دولاری لە كۆچە و كۆڵانە شاراوەكاندا دەدزرێت. دووهەم، بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری بەشی سپای پاسداران لە ئابووریی وڵاتە كە لە هەموو بوارەكاندا هەر لە ئاڵ و گۆڕی دراو و بازەرگانی، چالاكی و دانوستاندنی دارایی، بوورس و بانك و كارخانە و … تاكوو پەیمانكاری، خانووسازی و درووستكردنی بەنداو و هەناردە كردن و هێنانی كەلوپەل لەخۆ دەگرێت.
هەر بەم بۆنەوە گەمارۆ خستنە سەر ئەم ناوەندە، لە داهاتوودا كاریگەریی نەرێنی زیاتر دادەنێت لەسەر ئابووریی ئێران. ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە چوونە دەرەوەی سپا لە ئابووری دەكەن، دوور لە ڕاستین و تەنیا بۆ دڵخۆش كردنی خەڵك باسی لێدەكەن. بە وتەی وەزیری بەرگریی ئێران: “چالاكییەكانی قەرارگای خاتەمولئەنبیای بەردەوامە و درێژەیشی دەبێت”. ئەم ناوەندە كۆمەڵێك كۆمپانیای گەورە لەخۆدەگرێت و هەركامەیان بەپێی توانا و ئەو پڕۆژانەی كە بە دەستیانەوەیە لەگەڵ وەزارەتخانە هەرە گرینگەكانی ئێران بەراوەرد دەكرێن. ڕێژەیەكی بەرچاو لە توانای ئابووریی ئێران لە بندەستی ئەم ناوەندە و ئۆرگانگەلێكی دیكەدایە كە ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵات و چاودێریی ڕێبەریدا چالاكی دەكەن. سێهەم، تەرخانكردنی بەشێكی بەرچاو لە بوودجەی وڵات بۆ ئەو ناوەندانەی كە ئەركی پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژیای ناوەند و بەهێزتركردنی دەسەڵاتی ملاكانیان لە ئەستۆیە. ئەم دامودەزگایانە نە تەنیا لە كەرتی بەرهەمهێنان و پیشەسازی كاریگەریان نییە بەڵكوو نەهادەكانی كۆكردنەوەی نەزر و خێرات و دەوڵەمەند وەكوو ئاستانی قودس لە دانی باج و خەراج بێبەری دەكەن. هەروەها دەیان هۆكاری دیكە وەك ناكارامەیی و سەرمایەگوزاری بێ ئەنجام، تەرخانكردن و هەناردەی بەشێكی زۆر لە سامانی وڵات بۆ سووریا و لوبنان و عێراق و یەمەن لە پێناو بڵاوكردنەوە و پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژیا و درێژەدان بە ماجەراجوویی و دەستێوەردانی ناوچەیی و هتد.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هۆكارانەی كە باسكرا، داهاتی وڵات نەك تەنیا بەجوانی و درووست بڵاو ناكرێتەوە بەڵكوو ئەوەیشی كە لێی دەمێنێتەوە بۆ هەڵسوكەوتی دژبەرانە دابین دەكرێت و بڕێكی زۆر كەمی بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی خەڵك تەرخان دەكرێت. بودجەی دەوڵەتانی ڕۆحانی و ئەحمەدی نژاد لە زۆر بوارەوە لە یەك دەچن. بودجەی گشتیی ساڵی داهاتووی دەوڵەتی ڕۆحانی ٣٨٦ هەزار میلیارد تەمەنە كە دەكاتە نزیكەی ٨٦ میلیارد دولار كە بۆ وڵاتێك كە ڕێژەی دانیشتوانی ٨٠ میلیۆن كەسە، زۆر كەمە (نزیكەی ١٠٠٠دولار بۆ هەر كەس) بەڵام ئایا داهاتەكانی وڵات هەر ئەوەندەیە؟ هاوكات ڕۆحانی دەڵێت، لە ڕێژەی ئەم بودجەیش ئەو ئیختیاری تەنیا ١٦٠ هەزار میلیارد تمەنی بە دەستەوەیە (٣٨میلیارد دولار) كە ئەم ڕێژەیە لە نیوەی گشتیی كەمترە، هەروەها بڕێكی بەرچاوی ئەم پارەش بۆ ناوەندە مەزهەبی و دامودەزگاكانی ولایەت مێحوەر دیاری كراوە. كەواتە باقیی ئەو بودجە چی لێدێت؟ بەدڵنیاییەوە سەرفی لێقەوماوانی بۆمەلەرزەی كرماشان ناكرێت.
٣-دابڕان و درز لەنێوان باڵەكانی دەسەڵات: تا پێش ساڵی ٨٨. بەوەیشەوە كە ڕێفۆرمخوازان لە ناوەندەكانی دەسەڵات دوور خرابوونەوە، بەڵام كێشە ناوخۆییەكان تا ئەم ڕادەیە قووڵ و ئاشكرا نەبوو. بەڵام لەدوای ٨٨، ئەم بارودۆخە بەتەواوەتی گۆڕدرا و لەناكاو بەشێكی بەرچاو لە بەڕێوەبەرانی ئنقێلاب لە شەمەندەفەری نیزام خرانە خوارەوە. حیزبە ڕێفورمخوازەكان كەوتنە بەر هێرش و بەشێكی زۆر لە چالاكەكانیان قۆڵبەست و زیندانی كران. كوودتای هەڵبژاردنی ٨٨ لە ڕاستیدا كوودتای بەشێك لە حاكمییەت بوو بە دژی بەشەكەی دیكە. تەنانەت لەدوای ئەوەیش، بناژۆخوازان كەوتنە گیانی یەكتر و یەكیان هەڵدڕاند. بۆ نموونە، تێگیران و ناكۆكی لە نێوان ئەحمەدی نژاد و برایانی لاریجانی یاكوو ڕووبەڕووبوونەوەی میانەڕەوەكان بە سەركردایەتیی ڕۆحانی-جەهانگیری لەدژی ڕەئیسی-عەلەمۆلهۆدا یان لە دژ یەك وەستانەوەی بەیتی ڕێبەری بە دەستی وەحید حەقانی و دەوڵەتی ڕۆحانی، كە هەموو كێشە و گرفتەكانی بە ڕوونی و ئاشكرا هێنایە بەر چاوی خەڵك.
٤-مۆنۆپۆلكردنی ڕاگەیاندن و كاریگەرییەكانی: ڕاگەیاندن وەكوو یەكێك لە بنەماكانی ئۆتۆریتەی هەر دەسەڵات و حكوومەتێك، لە كۆماری ئیسلامیشدا گرینگ بووە و ئاڵوگۆڕی زۆری بەخۆوە دیوە. لەدوای ناڕەزاییەكانی ٨٨ و سەرهەڵدانی قەیرانی ڕەوایی، لە نەبوونی ڕاگەیاندنی ئازاد و ڕخنەگر (كە ساڵەها لەوە پێش هەموویان داخرابوون) سەرنجی ڕای گشتیی بەرەو ڕاگەیاندنەكانی دەرەوەی بازنەی دەسەڵات وەكوو كاناڵە ماهوارەییەكانی بی بی سی و دەنگی ئەمریكا و … ئینتێرنێت و سۆشیال مێدیا و وێبسایتەكان ڕاكێشیا. لەلایەكی دیكەوە دەنگ و بیرە جیاوازەكان كە بە هۆی گوشارەكانی دەسەڵات ڕوویان لە هەندەران كردبوو، بە كەڵك وەرگرتن لە ڕاگەیاندنی ئازاد لە كۆمەڵگا پێشكەوتووەكانی ئەمریكا و ئۆرووپا و هەروەها تێكنۆلۆژیای سەردەمیانە توانییان پەیام و دەنگی خۆیان بە خەڵك بگەینێن و توانای پێوەندی و كاریگەرییان ببەنە سەر.
٥-هێزی سەركوت:
زۆربەی سەرچاوەكانی توانایی و دەسەڵاتی ڕژیم بە خراپترین و قەیراناویترین ئاستی خۆیاندا تێپەڕ دەبن. تەنیا نموونەیەك كە پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنێت و ڕووی لە هەڵكشان و بەهێزی بووە، توانای سەركوت و دامودەزگای بەگژداچوونەوەی ڕژیمە كە سەرەڕای درز و دابڕانی جیددی ناوخۆیی و كەوتنی بەرچاوی ئۆتۆریتەی دەسەڵات، تا ئەم ساتەش بچووكترین نیشانەیەك لە قەیرانی تێیدا بەدی ناكرێت. ئەم ئامرازە دووایین كۆڵەكەی دەسەڵاتی ڕژیمە و بۆ بەرنگاربوونەوەی دوو ڕێكارمان هەیە. یەكەم، دەستپێكردنی ماراتۆنێكی فەرسایشییە بەو هیوایەی كە لە ئەنجامی تێگیرانێكی درێژخایەندا، پتەویی و تۆكمەیی دەسەڵات تووشی ڕووخان و قەیران بكات. ڕێكاری دووهەم، ئەوەیە كاربەدەستانی باڵی نیزامی و بەتایبەت فەرماندەكانیان، ئیرادەی مانەوە بە هەر بەهایەك لەدەست بدەن لە نموونەی ئەو شتەی كە لە سەردەمی پاشایەتیدا ڕوویدا. ئەگەرچی تاكوو ئێستاش نیشانەگەلێك لەو بێ ئیرادەییە بەدی ناكرێت بە تایبەت لەنێو فەرماندەكانی سپادا.
یەكێك لە شێوازەكانی فەرسوودەكردن و پووكانەوەی هێزی بەگژداچوونەوە درێژەدان بە حوزوور و خۆپیشاندانی ناڕازیان لەسەر شەقامەكانە. لە ڕاستیدا بە بەكاربردنی ئەو ئاستە لە سەركوت و دڕەندەیی، حكوومەت قسەی ئاخری لە سەرەتاوە كردووە و لەهەمبەر شەپۆلی ناڕازیان بژاردەیەكی ئەوتۆی لەبەر دەستدا نییە. ئەم كردەوە بەم هۆكارانەی خوارەوە لە درێژماوەدا هێزی نیزامی و سەركوتگەر تووشی داڕمان و ناكارامەیی دەكات: قەیرانی ڕەوایی، ئیمكانی پەیوەست بوون و ڕاكێشانی هێزی نوێ بەخۆیەوە دژوار دەكات و نرخی هەڵوەرینی پاڵپشتەكانی ئێستا زۆرتر دەبێت تاكوو پەیوەستبوونی كەسانی نوێ. لەمەبەدوا مەرجی مانەوە و پاڵپشتی كردنی وەفادارانە، زیاتر لەوەی هەڵقوڵاوی باوڕ و پاراستنی ئەرزش و ئایدیۆلۆژیا بێت، لە پاڵنەری دارایی و مەیل بە دەسەڵات سەرچاوە دەگرێت. هەروەها قەیرانی ئابووریی ڕژیم، تا ڕادەیەكی بەرچاو توانای كڕین و ڕازیكردنی هێز و وزەی نوێ كەم دەكاتەوە. كەوابوو، دەتوانین باسەكە بەم شێوە كۆ بكەینەوە:
١-ڕەوتی جووڵانی سیستمی حكوومەت بەهۆی شۆكی ئاخێزەكانی ٨٨ و ٩٦ ، تا ڕادەیەكی زۆر ئاستی ڕەوایی دەسەڵاتی دابەزاندووە و ئاستی كێشە ناوخۆییەكانی بەرزكردەوەتەوە.
٢-ئاستی دەسەڵاتی ڕژیم، پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ ڕەوایی دەسەڵات و پێوەندیی پێچەوانەی هەیە لەگەڵ كێشە ناوخۆییەكان. بەم بۆنەوە زۆربوونی كێشەی ناوخۆیی، دابەزینی ئاستی ڕەوایی بەدواوەیە و ئەم دوو شتە لە پاڵ یەكدا لە دەسەڵاتی ڕژیم كەم دەكاتەوە.
٣-هەروەها لە نێوان ئاستی دەسەڵاتی ڕژیم و ئۆپۆزیسیۆنی ناڕێكخراو (ڕێژەی دژبەرانی چالاك) پێوەندیەكی پێچەوانە هەیە. كەم بوونەوەی ئاستی دەسەڵات دەبێتە هۆی زۆربوونی ڕێژە و توانای ئۆپۆزیسیۆنی چالاك (لە چین و توێژە جیاوازەكان) كە بێگومان پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە خیابانییەكانی بەدواوەیە.
٤- بە سەرنجدان لە پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و هێزی سەركوت، زیادبوونی ناڕەزایەتی بەرزبوونەوەی ئاستی سەركوت بەرهەم دێنێت كە هەم ڕەوایی ئەوەندەی دیكە تووشی قەیران دەكات و هەم كێشە ناوخۆییەكان قووڵتر دەكاتەوە. ئەم سیكلە بەردەوام دووپات دەبێتەوە و لە هەر خولێكدا، دەسەڵاتی حكوومەت زیاتر دادەبەزێت و هەر هەوڵێك بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، تێكدەری سەقام و پایەدارییە و ڕێگای داڕمان هەموارتر دەكات.
داهاتووی حاكمییەت: گەورەترین هۆكاری داڕمانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، قەیرانگەلی ناوخۆیی و بزووتنەوەگەلی دەرەكین. هەڵسوكەوتی حكوومەت لەگەڵ ئەم كێشە و قەیرانانەدا لە سەر دوو سناریۆ ڕاوەستاوە. یەكەم، درێژەدان بە سیاسەتی سەركوت و مشتی ئاسنینە. دووهەم، ئەگەری شێوەیەك لە سازان بۆ كەم كردنەوەی كاریگەریی نەرێنیی قەیرانە باسكراوەكان، ئەگەرچی نیشانەگەلێكی ئەوتۆ بۆ سناریۆی دووهەم لە لایەن دەسەڵات و بەتایبەتی ڕێبەریەوە نابینرێت.
لە بنەڕەتدا، عەلی خامنەیی بەهۆی تەوەهومی زۆر و خولیای فێكری، بەچاوی شك و گومانەوە سەیری هەموو پلان و هەوڵە ئاشتیخوازانەكان دەكات. بە لەبەرچاوگرتنی وتارەكانی لە كۆبوونەوەی كاربەدەستانی ڕژیم لە ساڵەكانی پێشوودا و شێوازی تێڕوانینی بۆ ئەمریكا و ڕەوتی داڕمانی سۆڤییەت و ڕاپەڕینە مەخمەلییەكان، بەجوانی لە ناوەڕۆكی بیرۆكە پیلان میحوەرییەكەی تێدەگەین. هەر بەپێی ئەم بیرۆكەیش هەموو ئەو بەرنامە و پلانانە كە ڕەنگی سازشی پێوە بوو و لە لایەن كاربەدەستانی پێشووەوە وەكوو ڕەفسەنجانی و خاتەمی و…خرایە بەر باسی، ڕەت كردەوە.
بەپێی ئەم گریمانە، دەسەڵات درێژە بە سیاسەتی مشتی ئاسنینی خۆی دەدات. هێزی سیاسیی ڕژیم، لاواز و ناتوانە. دەسەڵات و ڕەوایی درۆیینی ڕەێبەری تووشی قەیرانی جیددی هاتووە، كێشەكانی نێو بازنەی دەسەڵات لە هەڵكشانە، سەرچاوە ئابووری و مرۆییەكان تووشی داڕمان هاتوون. ڕاگەیاندنەكان كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر ڕای گشتیی نەماوە بۆ پەرەدان بە خواستەكانی دەسەڵات. ناوەندەكانی ڕۆحانییەت و سپا و هێزە سەركوتگەرەكان كەوتوونەتە بەر ڕەق و قینی كۆمەڵگا. سیاسەتی دەرەكی و پێگەی جیهانی و ناوچەیی ڕژیم لەگەڵ كێشەی قووڵدا ڕووبەڕووە. پێكهاتەی برۆكراتیك و گەندەڵ و ناكارامە لێك دابڕاوە و لە هەمووی گرینگتر، خەڵكانی برسی و تووڕە و بریندار و چەوساوە بانگی ناڕەزاییان هەڵبڕیوە. ئایا بێجگە لە داڕمان ڕێگایەك بۆ ئەم دەسەڵاتە پێشبێنی دەكرێت؟