ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی كاسبكاران و بازاڕییانی شارەكانی بانە و پیرانشار لە ناڕەزایەتی بە داخستنی سنوورەكانی ئەم شارانە دوكان و بازاڕییان داخست.
ئاشكرایە لە ئێستادا بە هەزاران كەس لە خەڵكی ئەو شارانە لە ئەنجامی سیاسەتی دواكەوتوو ڕاگرتنی بواری ئابووری كوردستان لە لایەن ڕژیمی كۆماری ئیسلامییەوە، بژیوی ژیانیان لەو سنوورانەوە دابین دەكەن. داخستنی سنوورەكان لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە بە هەر بیانوویەكەوە كاریگەری خراپی لە سەر ژیان و گوزەرانی ئەو هەزاران كەسە و بنەماڵەكانیان بووە.
خەڵكی شارەكانی بانە و پیرانشار بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لە ناڕەزایەتی بەو بێ مافییەی خەڵكی كوردستان دووكان و بازاڕەكانیان داخست و ئه م دوواییانه ش خەڵكی شاری مەریوان بۆ هاوپشتی لەگەڵ خەڵكی شارەكانی بانە و پیرانشار دووكان و بازاڕەكانی داخست. پشتیوانی خەڵكی شاری مەریوان لە داخوازی و مانگرتنەكەی خەڵكی شارەكانی بانە و پیرانشار دەرخەری هاوچارەنووسی خەڵكی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا نیشانەیەكە لە پێگەیشتووی لە خەباتی مەدەنی خەڵكی كوردستان بۆ دەستەبەر كردنی ماف و داخوازییەكانیان.
ناوه ندی هاوكاری حیزبه كانی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكووم كردنی داخستنی سنوورەكان و گوشار هێنان بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵك لە لایەن ڕژیمی كۆماری ئیسلامییەوە ئەم جووڵانەوە مەدەنییەی شارەكانی بانە، پیرانشار و مەریوان بەرز دەنرخێنێت و پشتیوانی خۆی لە ماف و داخوازییەكانی خەڵكی ئەو شارانە دەر دەبڕێت. جێی وەبیرهێنانەوەیە كە هاوپشتی و هاوخەباتی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان، سەركەوتن و دەستبەری مافەكانی خەڵكی كوردستان گەرەنتی دەكات.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران