پلۆنۆمی ٢ی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵه ڕۆژی شەممه ١٣ی ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی كوتایی بە كارەكانی خۆی هێنا. هەر لە ماوەیەك لەمەوبەرەوە لێژنەیەك دیاری كرابوو كە بە لێكدانەوەی سەرجەمی بار و دۆخی سیاسی و تەشكیلاتی كۆمەڵە ئامادەكاری بۆ بەستنی پلۆنۆمی دووهەمی كومیتەی ناوەندی وەئەستۆ بگرێت، لێژنەی ئاماژه پێكراویش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەفتەری سیاسی كۆمەڵه و لێكدانەوەی ژینگەی سیاسی ئێران و كوردستان و هەروەها دۆخی تەشكیلاتی و ئەمنیەتی كۆمەڵه چەند ئەولویەتێكی بۆخۆی دەست نیشان كرد.
یەكێك لە ئەجێنداكانی لێژنەی ئامادەكاری پلۆنۆم، بەڕێوەبردنی پلۆنۆمێكی بەرفراوان بوو، بۆ ئەو مەبەستە پێشنیاری بەشداریدانی كۆمەڵێك لە كادرەكانی كۆمەڵەی دا بە دەفتەری سیاسی بۆ ئەوەی لەو پلۆنۆمەدا بەشدار بن و سەرەنجامیش ئەم پلۆنۆمە بە بەشداری بەرفراوانی كادرەكانی كۆمەڵە لە كوردستان و دەرەوەی وڵات كە له كۆمیسیۆن و كومیتە باڵاكانی حیزبدا چالاكن، بەڕێوە چوو.
سەرەنجام پاش ئامادەكاریەكان پلۆنۆم رۆژی شەممه ١٣ی ژانویه بە سروودی “بانگەواز” سروودی ڕەسمی كۆمەڵە و خولەكێك بە بەێ دەنگی بە پێوە وەستان بۆ ڕێز لێنان لە شەهیدانی كۆمەڵە و سەرجەم گیانبەختكردووانی ڕێگای ئازادی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستان دەستی پێكرد. دواتر لێژنەی ئامادەكار ڕاپۆرتێكی كورتی دەربارەی چالاكییەكانی لێژنەكەیان باس كرد و بە دوای ئەویشدا هاورێ “عەبدوڵڵا موهتەدی” سكرتێری گشتیی كۆمەڵە بانگهێشت كرا بۆ پێشكەش كردنی ڕاپۆرتی سیاسی-تەشكیلاتی به پلۆنۆمی دووی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە.
ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی لە چەند بەشی سەرەكی پێك هاتبوو كە بریتی بوون لە؛ ١_لێكدانەوەی بار و دۆخی سیاسی ئێران و كوردستان بە تیشك خستنە سەر ئاخێز و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكانی ئەم دوواییانەی ئێران و كوردستان ٢_ دەست نیشان كردنی بەستێن و زەمینەكانی سەرهەڵدانی ئەم نارەزایەتییانه كە بە بڕوای هاوڕێ عەبدوڵڵا، ئابووری و دوخی خراپی گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵك پاڵنەری سەرەكی هاتنه سەرە شەقامی چین و توێژه كەم دەسەڵات و داهاتەكان بوون. هەر بۆیەش دۆخی ئابووری ئێران و كوردستان پانتاییەكی زۆرتری لە ڕاپۆرتەكەی بەڕێزیانی بۆخۆی تەرخان كردبوو.
٣_ گرینگترین بوارەكانی كاری حیزبی كۆمەڵە لە كۆنگرەی ١٥ بەملاوە كە لەم بەشەدا خاڵه بەهێز و لاوازەكان، دامەزراندنی كۆمەڵێك ئۆرگانی نوێ لە كۆمەڵە لە پێناو چەسپاندنی میكانیزمەكانی حیزبییەت و بە دامەزراوە كردنی كۆمەڵە وهەروەها ئەو پێشهات و ڕوودوانەی كە لەو ماوەیەدا بۆ كۆمەڵە هاتبوونە ئاراوە تیشكیان خرایه سەر و پلۆنۆم لە بەروپێش چوونی كارەكان و هەروەها تەنگ و چەڵەمەكان ئاگادار كرایەوە.
دوای پێشكەش كردنی راپۆرتی سكرتێری گشتی، بەشداربووانی پلۆنۆمەكە تێبینی و سرنج و پرسیارەكانی خۆیان دەربارەی تەوەرەكانی ڕاپۆرتەكە خستەڕوو و ڕاپۆرتەكەی هاوڕێ عەبدوڵڵایان دەوڵەمەندتر كردەوە و سەرەنجام لە بەشی كۆتاییشدا سكرتێری گشتی كۆمەڵه وێرای دەست خۆشی لە سرنج و تێبینی هاورێیان، وڵامی پرسیارەكانی دایەوە و هاوكات وێڕای ئاماژه دان بە تێبینی هاورێیان، گرینگترین ئەركەكانی ڕێبەری كۆمەڵەشی لە دەورەی داهاتوودا دەست نیشان كرد.
لەم بەشەدا هاورێ عەبدوڵڵا موهتەدی باسی لە سمینارەكانی پێشووتری كومیتەی ناوەندی كرد كە تێیاندا پرسی سیاسەتی دەرەكی كۆماری ئیسلامی و دەست تێوەردانه ناوچەییەكانی، پرسی دۆسیەی ناوەكی ئێران و هەڵسوكەوتی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا، پرسی قەیرانی مەشروعییەت و ڕەوایی نیزام و كێشەی باڵەكانی كۆماری ئیسلامی بە وردی درابوونه بەر باس و لێكۆلینەوە، جەختیشی كردەوە كە سەرجەمی ئەو لێكدانەوانه و پرسی ئابووری كە لە ئێستادا تایبەتمەندییەكی چارەنووس سازی هەیه، كۆی لێكدانەوەی ئێمه لە بار و دۆخی سیاسی ئێران و كوردستان پێك دێنن. لەم بەشەدا سكرتێری گشتی كۆمەڵە باسی لە گرینگی هاوكاری و هاوئاهەنگی ئۆپۆزێسیۆن ئێران بە گشتی و حیزبه كوردستانییەكان بە تایبەتی كرد و بە پێداگری لەسەر سیاسەتەكانی تا ئێستامان، كومیتەی ناوەندی راسپێردرا كە لە پێناو گەییشتن بە بەرەی كوردستانی بۆ هاوئاهەنگی زیاتری حیزبه كوردستانییەكان هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە.
لە ئەنجامی لێكدانەوە و تاوتوێ كردنی دۆخی سێاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی ئێستای ئێران و كوردستان ئەرك و ڕاسپاردەكانی كۆمەڵە و دەوروونەخشی لە بزووتنەوەی كوردستان و هاوكات لە پێوەند لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری لە ئێران پلۆنۆم ڕاسپێردرا بە زووترین كات بە كۆكردنەوەی باس و تەوەر و تێبینییەكان، لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی كۆمەڵە گەڵالەی ئەركەكانی لە زووترین كاتد ئامادە بكات.
بەشی كوتایی پلۆنۆمی دووهەمی كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی ١٥ی كۆمەڵە، هەڵبژاردنی دەفتەری سیاسی بوو كە بە تێكڕای دەنگی پلۆنۆم هاورێیانی پێشووی دەفتەری سیاسی بۆ دەورەی داهاتووی نێوان پلۆنۆمی دووهەم بۆ سێهەمی كومیتەی ناوەندی وەك خۆیان هەڵبژاردرانەوە.
كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
٢١ ژانویەی ٢٠١٨
١ی ڕێبەندان ١٣٩٦