هەر وڵات و تەنانەت هەر كۆمەڵە خەڵكێكیش لە ناو ئەو وڵاتەدا تایبەتمەندیی تایبەتی خۆیان و كولتوویی تایبەت بە خۆیان و لە كۆتاییدا شێوازی تایبەت بە خۆیانیان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دیاردە جیاوازەكان. كوردستانی ئێرانیش لەو قاعیدەیە دەرئاویشتە نییە و لە هەموو ئەم ساڵانەدا نیشانی داوە كە سەرەڕای هەموو كاریگەری وەرگرتنەكانی لە پارچەكانی تر بەڵام ئاجێندای خۆی هەیە و سەرئەنجامیش ڕێچكەی تایبەت بە خۆی دەگرێتە بەر. لە كوردستانی ڕۆژهەڵات دوابەدوای پەیدابوونی دیاردەی حیزبایەتی و پاشانیش قایلبوونی دەوری پێشرەو بۆ حیزبەكان لە سەرەتایی شۆڕشی گەلانی ئێران لەلایەن كۆمەڵگاوە بۆتە هۆی سازبوونی كولتوورێك كە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت كولتووری زاڵی هەموو كۆمەڵگای كوردستان رۆژهەڵاتە. حیزبەكان ڕۆڵی پێشڕەوی خۆیانیان هەست پێكردووە و هەر لەو كاتەوە تا ئێستا توانیویانە بە هەموو تەنگ و چەڵەمەكانی سەر ڕێیان ئەم ڕێگایە بە درووستی بپێون.
حیزب پێكهاتووە لە كۆمەڵێك مرۆڤ كە لە دەوری كۆمەڵێك خواست و بیرۆكەی دیاریكراو و لە قەوارەیەكی دیاریكراودا كۆدەبنەوە و لە دنیای ئەوڕۆدا بە یەكێك لە سەرەكیترین گارانتییەكانی دێمۆكراسی و كەمكردنەوەی مەترسیی ئێستبداد دادەنرێ. كۆنتڕۆلی قووەی موجرییە و تەقویەتی قووەی مۆقەنەنە یەكێكە لە كاركردەكانی حیزبی سیاسی لە دنیای مۆدێرن و دێمۆكراتیكدا. لەلایەكیترەوە، حیزب وەك ئامرازێك بۆ وشیارتركردنەوەی هەر چی زیاتری كۆمەڵگا پێویستە بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتێكی گشتی لە ناو كۆمەڵگادا و ئەمە یەكێكی تر لە ئەركەكانی حێزبە. بۆ نموونە، هانتینگتۆن لەمەڕ حیزب و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگای مۆدێرن دەڵێت: هەر وڵاتێك بیەوێ لە ڕێگەی گەشە و پێشكەوتندا هەنگاو بنێت ناچارە كە حیزبی جۆراوجۆری هەبێت.
لە ڕاستیدا پێشكەوتنی سیاسی، كە بەردی بناغەی دێمۆكراسی و بەرەوپێشچوونی هەموو كۆمەڵگایەكە بەبێ بوونی حیزب بەرەوپێش ناچێت؛ حیزبە كە دەتوانێ توێژە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگا بێنێتە مەیدانەوە و كرێكار و جوتیار و مامۆستا و بازاڕی و… لە دەوری خواستێك كۆكاتەوە و بەشداریان بكات لە پڕۆسەی سیاسیدا و هەر ئەویشە كە دەتوانێ ببێتە زامنی وەدەستهێنانی مافی هەموو ئەو توێژانە.
لە قەوارەی حاكمییەتێكی وەك حاكمییەتی ئێستای ئێران (ناوەندگەرا) كە تێیدا ڕێچكە حیزبییەكان بەو خاڵانەوە قەتیس كراونەتەوە كە لە چوارچێوەی مەسڵەحەتی كۆماری ئیسلامیدا دەبێ خۆی پێناسە بكا، ئەگەری سازبوونی حیزبێكی كە بە مانا و ناوەرۆك بتوانێ لە دڵی جەماوەرەوە سەرهەڵبدا نییە. تەنانەت ئەو حیزبانەشی كە لەو چوارچێوەیەدا خۆیان پێناسە دەكەن زۆرجاران بەریان پێدەگیرێت و هەڵدەوەشێندرێنەوە كە لەو ساڵانەدا نموونەیان كەم نەبووە. ئەمە دیارە تا ڕادەیەكی زۆر زیاتر لەسەر حیزبەكانی ڕۆژهەڵات كە لە ڕۆژی یەكەمەوە لەگەڵ بنەڕەت و بنەمای سیستمی كۆماری ئیسلامیدا كێشەیان بووە جێبەجێ كراوە و هیچ كات ئەو حیزبانەی كە هەڵقوڵاوی ناو دڵی خەڵك و نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان بوون ڕێگەی كار و هەڵسوڕانیان پێ نەدراوە.
هەمووان ئاگادارن كە كۆماری ئیسلامی هەر لە سەرتای هاتنە سەركاری خۆیەوە لەگەڵ دیاردەیەكی جیاواز لە هەموو ئێران بەرەوڕووبوو و هەتا ناسینی ئەو دیاردەیە تووشی شڵەژان و ناهەماهەنگی جیددی لەسەر شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵی هات. ئەوە چ نەبوو جگە كوردستان و بەرەنگاربوونەوەی كوردستان و دەستی ڕەدی كوردستان لە سینگی ڕژێمی تازە هاتووە سەركاری تاران، كە ئەو كات و لە بەرەبەری ڕاپەڕین تا ڕادەیەكی زۆر ڕەوایەتی و مەشرووعیەتی لە ناو خەڵكی ئێراندا هەبوو؛ كوردستانێك كە خاوەنی گوتاری جیاوازی خۆی و خواستی جیاوازی خۆی و شێوازی بەرەنگاربوونەوەی جیاوازی خۆی بوو. بوونی حیزب لەسەر ڕووبەری سیاسیی كوردستان و بوونی ڕێخستنی سیاسی و تەشكیلاتیی بەهێز لەو سەردەمدا و گێڕانی دەوری ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەكە لەلایەن ئەم حیزبانەوە وایكرد كە ڕژێمی تازە هاتووە سەر كار دوای بەینێك بە شێوەیەكی تەواو جیاواز ئاگاداری ئەم بەشە لە جۆغرافیای سیاسیی ئێران بووەوە لەگەڵ باقیی شوێنەكانی تر. بە درێژایی هەموو ساڵانی ڕابردوو كۆماری ئیسلامی حیسابێكی تایبەتی بۆ كوردستان كردووە و شێوازی هەڵسوكەوت لەگەڵ خەڵكی كوردستان فەرقی بووە. تاوانی سیاسی لە كوردستان و لە تاران بە یەك شێواز پێناسە ناكرێ و یەك شێوەش بەرخوردی پێ ناكرێت. لە كوردستان هیچ كۆبوونەوەیەكی ناڕازایەتی نییە كە مۆركی حیزبەكانی پێوە نەبێت و هیچ كۆبوونەوەیەكی تەنانەت سێنفیش نییە كە لە كۆبوونەوەدا نەبێتە ناڕەزایەتییەكی سیاسی. هیچ بنەماڵەیەك نییە كە لانیكەم جارێك لە ڕۆژدا نێوی یەكێك لە حیزبەكانی كوردستانی تێدا دووپات و چەندپات نەكرێتەوە. كوردستان مەكۆی ڕاستەقینەی حیزبایەتی بووە و هەتا ئێستاش هەر حیزبەكانین كە جێگەی متمانە و جێگەی خاترجەمین بۆ داهاتووەكەی.
دیارە دووركەوتنەوەی بەناچاری و چەند ساڵەی حیزبەكان لە كۆمەڵگا، كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر پێناسەی ڕاستەقینەی حیزبایەتی بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەم چەند ساڵەدا خەڵكی كوردستان سەلماندیان كە تەنیا حیزبە وەك كەرەستە كە دەتوانێ ڕێبەریی بزووتنەوەی كوردستانی بەدەستەوە بێت. بانگەوازی چەند مانگرتنی گەورە لەلایەن حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە و سەركەوتوو بوونی ئەم بانگەوازانە لەلایەك و تەغزییەی چەند ساڵەی حیزبەكان لە بواری هێزی مرۆیی (هێزی پێشمەرگە) دەرخەری ئەم ڕاستییەن كە لە سەرەوە ئاماژەم پێكرد. شاراوە نییە كە هەندێك لەو حیزبانە بە هەڵبژاردنی سیاسەتی هەڵە لە مەودای زەمانیی جیاوازدا كاریگەری خراپیان لەسەر بەرەوپێشچوونی كاری بزووتنەوەكە بووە و ئەمە جێگەی نكۆڵی نییە. بۆ نموونە هەڵبژاردنی سیاسەتی بایكۆتی بزووتنەوەی سەوز لەلایەن كۆمەڵێك لە حیزبەكان بووە مایەی شكستی ئەم بزووتنەوەیە لە كوردستان و ڕێگەی بە بڵاوتربوونەوەی ئەم بزووتنەوەیە گرت. لە ڕاستیدا سیاسەتی ئەو كاتی كۆمەڵە وەك هێزێكی ڕاستەقینەی ڕۆژهەڵاتی وشیار لە وەختی خۆیدا ڕەچاو نەكراو و دواتریش كە ئەم سیاسەتە لەلایەن ئەم حیزبانەوە گۆڕدرا تازە زۆر درەنگ ببوو و بزووتنەوەكە لە بار چووبوو. كۆمەڵە ئەوكاتیش پێی وابوو كە سەرەكیترین لایەن كە خێری لە هەر شێوازە گۆڕانكارییەكی سەراسەریدایە كوردە و ئەو لایەنەی كە زیاتر لە هەموو كەسیش لە شكستی بزووتنەوە سەراسەرییەكان زەرەر دەبینێ هەر كوردە و لە دەرئەنجامیشدا بینیمان كە هەر وای لێهات و ڕێك دوابەدوای شكستی بزووتنەوەی سەوز، ئێعدامی لاوانی كورد ( فەرزاد كەمانگەر، فەرهاد وەكیلی و هتد) دەستی پێكرد و دەستخۆشانەی بەشدارینەكردنی كورد بووە ستاندنی گیانی لاوانی.
دیارە ئێران هەتا گوشاری زیاتری لەسەر بێت بەو ڕادەیەش كورد دەخاتە ژێر گوشارەوە و هەر كوردیشە دەبێتە ئامانجی هێرشەكانی و باقیی خەڵكی ئێران بە كوردستان و سەركوتی كوردستان و بزووتنەوەكەی و حیزبەكانی دەتۆقێنێت و هۆكاری ئەمەش ترسێكی ڕاستەقینەیە لە بزووتنەوەی كوردستان كە خاوەنی سەرە و خاوەن ئادرێسێكی دیاریكراوە. بۆ یەكەم جارە كە كورد خاوەنی ئەو مێحوەریەتەیە لەسەر ئاستی ئێران و سەرەڕای ڕێژەی كەمی حەشیمەتی، هەر كوردە كە دەتوانێ هێزە دژبەرەكانی كۆماری ئیسلامی لە دەوری یەك كۆكاتەوە و هەر كوردستانە كە دەتوانێ ببێتە سەنگەری سەرەكیی بەرەنگاربوونەوە لە بەرانبەر كۆماری ئیسلامیدا و هێزە كوردییەكانن كە جێگە متمانەی نەك تەنیا نەتەوەكەی خۆی بەڵكوو ئێستا جێگەی متمانەی هەموو نەتەوە ژێردەستەكانی تری ئێرانیشە.
لە ٥،٦ مانگی ڕابردوو ئێمە شاهیدی ئەم ڕاستییە بووین كە كۆمەڵگای كوردستانی ڕۆژهەڵات توانیویە لە ناو دڵی خۆیدا گوتارێكی تایبەت بە خۆی ساز بكاتەوە و خۆی لە ناو دڵی خۆیدا رێگە بدۆزێتەوە و ڕێبواری بۆ ساز بكات. ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ و شەهید بوونی پۆلێك لە پێشمەرگەكانی كۆمەڵە بووە خاڵی وەرچەرخانێكی گرینگ لە سەرهەڵدانەوەی دووبارەی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵكی كوردستان و بە دوای خۆیدا پشتیوانیی بەربڵاوی خەڵكی كوردستانی لە كۆڵبەرانی مافخوراوی سەرسنوورەكان هێنا و پاشانیش لە ماوەیەكی كەمدا پشتیوانیی بەربڵاوی خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵاتی لە ڕێفراندۆمی كوردستانی باشووری وەدیهێنا. دیارە ئەمە هیچ سەرلێشێواوی نییە ئەگەر بڵێین ڕێفراندۆمەكەی ئێمە لە كوردستانی ڕۆژهەڵات سەركەوتووتر بوو و هەستێكی قووڵی لە دڵی هەموو كوردستاندا زیندوو كردبۆوە. پشتیوانی و هاوخەمی و هاوسۆزیی هەموو خەڵكی كوردستان لە خەڵكی لێقەوماوی بوومەلەرزەی كرماشان، قەسرشیرین و سەرپێڵ زەهاو بووە هۆی ورووژاندنی هەستی هەموو خەڵكی ئێران و نیشانیدا كە كوردستان هەر لە ئیلامەوە هەتا سۆما و برادۆست هەستێكی بەرین و لێكدانەبڕاو و پێكەوەیان گرێ دەدات و لە هەمووی ئەوانەدا ئەگەر كاریگەریی ڕاستەوخۆی حیزبەكانی پێوە نەبینین غەدر و بێئینسافیمان كردووە. ئەوەی كوردستانی لەگەڵ هەموو جێیەك جیاواز كردووە ئەم كولتوور و تایبەتمەندییە حیزبیەیە كە لە كەمترین كاتی پێویستدا جەماوەر خۆی ڕێك دەخا و ئەمە نیشانی دەدا كە كوردستان تا چ ڕادەیەك ئامادەی گۆڕانكاریی بەرین و گەورەیە و لە ئەگەری هەر ڕووداوێكدا چۆن دەتوانێت ببێتە نموونەیەكی نەخشاو و جوانی پێكەوە ژیان و پێكەوە كاركردن.
ئێستاش و بۆ جارێكیتر بزووتنەوەیەكی جەماوەریی مافخوازانە هەموو ئێرانی تەنیوەتەوە و هەتا دێت زیاتر پەرە دەستێنێت و شار شارۆچكەكانی هەموو ئێران دەگرێتەوە و پڕاوپڕ خەریكە دەستەویەخەی كۆماری ئیسلامی دەبێتەوە. ئەم جارەشیان كرماشان بە هێنانە گۆڕێی خواستی سیاسی و ڕادیكاڵ كردنەوەی درووشمەكانی نیشانیدا كە كۆمەڵگەی كوردستان جیاوازیی بنەڕەتی لەگەڵ هەموو كۆمەڵگای ئێران هەیە و پێویستییەكی مێژووییە كە كورد پێشڕەوی ئەم بزووتنەوەیە بێت و حیزبەكانیشی دەوری كاریگەر و مێژوویی خۆیان لەسەر ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا بگێڕن. ئەم جارەیان ئەو هەلە بە فیڕۆ نەدەین و لە بیرمان نەچێت كە كوردستان تەنیا لە ئەگەری نەمان و لاوازیی كۆماری ئیسلامی دایە كە دەتوانێ خواستە ڕەواكانی خۆی دەستەبەر بكات.
یەكدەنگی و یەكڕیزیی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لەمەڕ ڕووداوەكانی ئێستا و داهاتووی ئێران، دەوری كورد لە داهاتووی ئێرانی بەرەوڕوومان دیاری و ئەو پێگەیەی ئێستا هەرچی زیاتر بەهێز دەكا. دیارە دووربینی و وردبینی پێشمەرجی بنەڕەتیی هەر جوولەیەكی سیاسیی هێزەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتە. ئەوی لەو ناوەدا و لەم دەورەدا هەموو هێزی خۆی بۆ دووبەرەكی سازكردن لە ناو ماڵی كورددا بە كار دێنێ كۆماری ئیسلامییە. ئەوان ئەمە باش دەزانن كە لێك گرێدانی خەبات و داوا ڕەواكانی كورد و خەڵكی تری ئێرانە كە مەترسیی جیددییە لەسەر مانەوەی كۆی كۆماری ئیسلامی.