ئەمڕۆ ڕۆژێكی تازەیە، ڕۆژێكی تازە لە ژیانی گەلی كورد و ڕۆژێكی تازە لە ژیانی كرێكاران و زەحمەتكێشان. ڕۆژێكی تازەیە كە ڕووداوی تازەی تێدا دەبینین. دەبینین كە دەستەیەك لە ژنانی كوردەواری بە پێی بەرنامەیەكی شۆڕشگێڕانە چەكی شۆڕشیان كردە شان و ئەمە بە مانای ئەوەیە كە نیوەی كۆمەڵ، نیوەی كرێكاران و زەحمەتكێشان شان بە شانی پیاوان هەستاون بێنە ڕیزی خەباتەوە. ئەگەر تا ئێستا هەزاران كۆت و بەندی دواكەوتوویی و كولتووری و كۆمەڵایەتی نەیهێشتوە ئەم هێزە گەورەیە واتە هێزی ژنان بۆ ڕزگاری خۆیان و كرێكاران و زەحمەتكێشانی گەلەكەیان بكەوێتە كار. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژە تازەیە كە بەرنامەی شۆڕشگێڕانەی كۆمەڵە كە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ تەواوی ئەو سەختە ڕێگەیانەی بڕیوە و ڕێگایی خۆش كردووە بۆ بەشداریی ژنانی تێكۆشەر لە هەموو مەیدانێكی خەباتدا؛ چەكی شۆرش دەكەنە شان تا بەردی بناغەی بەشداریی ژنان لە هەموو مەیدانێكی خەباتدا دامەزرێنن. (بەشێك لە وتەكانی هاوڕێ ناهید بەهمەنی، لە ڕۆژی چەكدار بوونی یەكەم دەستەی ژنانی كۆمەڵە).
لە ڕاستیدا گرینگیی چەكدار بوونی ژنان لەو سەردەمەدا نە تەنیا هاتنی ژنان بوو بۆ ناو پانتای بەربەرەكانێی هێز لەگەڵ دوژمن بە لەبەرچاو گرتنی فەزای كۆمەڵگا و بیری تەسكی پیاوسالاری و كۆنەپەرەستی و دواكەوتوویی بەڵكوو سەرەتایەك بوو بۆ ڕێكخستنی ژنان و كردنەوەی دەروازەیەك بوو بۆ بەشداریی ژن لە هەموو مەیدانەكانی دیكەی خەباتدا. ئەم دەسپێكە هەڵوێستێكی پێشكەوتنخوازانە و خاڵێكی وەرچەرخان بوو لە پتەو كردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.
ئەگەرچی لەو وڵاتانەی خاوەن پێشینەی مێژوویی وڵاتانی ڕۆژئاواییان نین لە ڕووی گۆڕانكارییەوە، لەگەڵ هێرش و هەجمەی دواكەوتوویی كولتووری، ئایینی و خورافاتی پاتریاركی و حوكمڕانیی پیاوسالارانە، خەباتی ژنان تەكانی گەورەی لە هەیمەنەی زاڵی كۆمەڵگا و ژیانی ژنان دا، بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتانی پێشكەوتوو ئیمتیازی ژنان بەرتەسكتر مایەوە. لەو وڵاتانە هەوڵ و موبارزە بۆ وەدیهاتنی ئازادی و دێمۆكراسی بە شێوەی خۆڕسك لە دەستووری كار دایە و چالاكی و هەوڵی ژنان و چالاكیی فێمێنیستیی ژنان دەتوانێت ڕۆڵی كاریگەر و بەرچاو ببینێت. لە كوردستانی ڕۆژهەڵات چ ئێستا و چ ئەو كات بە لەبەر چاوگرتنی جۆری ڕوانین، داخراویی سیاسیی زاڵ و حاكم، زۆربەی ژنان گوشاری كۆمەڵگا و ئایینیان لە ناو خۆیاندا نەهادینە كردووە و ئەو ڕوانینانەیان بە هەڵسوكەوتی نۆرماڵ قبووڵ كردووە. بەڵام لە كوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی و ئێران بە گشتی خەباتی ژن دژی داخراویی پیاوسالارانەی بنەماڵە و كۆمەڵگایە و دەرخەری بەربەرەكانێ دژی كولتوور، داب و نەریتی كۆنی سەرچاوە گرتوو لە ئایین، لە مەیدانی جۆراوجۆری سیاسی، كولتووری و مافخوازی بووە و هەیە. جا ئەو جۆرە لە خەبات تەقەلایەكی بێ كاریگەری و كاردانەوە نییە و لە ڕاستیدا بۆ پەرەپێدانی توانا و زەرفیەتە دێمۆكراتیك و بۆ سەربەخۆ بوونی خەباتەكەیانە. هەوڵ بۆ گەیشتن بە پێگەیەكی هاوسەنگ لەگەڵ پیاو نیشاندەری خواست بۆ بەرگری لە شەرافەتی ئینسانیی ژنە و نیشاندەری خواستێكە بۆ كۆتایی هێنان بە بێ ڕیزی و چكۆلەكردنەوەی ئینسانیەت و پەرەدان بە جیاوازیی ڕەگەزی.
بۆ چالاكانی ژن لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی پرسی هاتنە ناو پانتای چالاكیی چەكدارانە لە ساڵی 1361 لە كاتێكدا كە كۆمەڵگا بە نیسبەت پرسی ژنەوە لەو پەڕی دواكەوتوویی خۆیدایە و ماهیەت و چیەتیی ژن تەنیا بە بەرخۆر و مەسرەفگەرایەكی ڕووت دادەنرێت، پێویستە و هەروەها كاریگەرییەكانی وەك خاڵێكی وەرچەرخان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژناندا مەسەلەیەكی گرینگ و جێگەی تێڕامانە. بوونی زەرفیەتێكی وەها لە چوارچێوەی حیزبێكی سیاسیی پێشەنگ و پێشكەوتنخوازی وەك كۆمەڵەدا، ئەو مەیدانەی بۆ چالاكانی ژن خۆش كرد كە لە ئاستی كۆمەڵگادا عەرزی ئەندام بكەن و گیانێكی تازە بكەنەوە بە بەر بزووتنەوەكە و خەباتی خەڵكی كوردستان و هاوكات تەبلیغ و تەرویجەكانی كۆمەڵە و هاندانی ژنان و پیاوان بۆ ئەوەی كەڵك وەرگرن لە هێزێكی بنچینەیی و پەراوێزخراوی كۆمەڵگا كە ژنە و نیشاندانی ئیعتمادی و باوەڕی كۆمەڵە بە تواناییەكانی ژن سەرەتایەك بوو بۆ سڕینەوەی ئاپارتایدی جنسی و شكاندنی ئەو تابۆیە لە ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستاندا بۆ ئەوەی چیدیكە ژنان بە ڕشتنی فرمێسك و دوعا و نزا بۆ برا و باوك و كورە شەهیدەكانیان قەناعەتیان نەدەكرد و هەر زوو خۆیان لەم ڕیكخستنە نوێیەی كۆمەڵادا دیتەوە و نەك هەر بینەری ڕووداوەكان نەبوون بەڵكوو خۆیان بوون بە كاراكتەری سەركی و سیمای بەرجەستەی ناو ئەم گۆڕەپانە نوێیە.
كەم نین ئەو بیرەوەریانەی لە سینگی دایكان و باوكانی ئێمەدا و لە ناو دێهات و شارەكاندا سینگ بە سینگ هاتوون و دەیان و سەدان حەماسە و قارەمانێتی ئەفسانە ئاسا لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كۆمەڵە و بە تایبەت لە ژنانی سەركردە و پێشمەرگەی ژنی كۆمەڵەیان لە هەگبەی بیرەوەریەكانیان خستووە و بە گوێی نەوەیی نوێیاندا چرپاندووە و فرمێسكیان بۆ ڕشتوون و ئافەرینیان ناردووە بۆ ئەو مەكتەبەی تێیدا پەروەردە بوون و هاوكاتیش هانیان داون بۆ لەگەڵ كەوتن و بەهێز كردنی ئەم ڕەوتە زیندووە.
بە خۆشحاڵییەوە درووست بوونی كۆمەڵە و سەرهەڵدانی، هەموو ژنانی شۆڕشگێر و قارەمان و خۆ نەویستی ناو زیندانەكان، قوتابخانە و زانكۆ و كۆڵانەكانی لە دەوری یەك كۆ كردەوە و بوو بە هەوێنی دەیان ئاڵوگۆڕی جێی سەرنج لە كولتوور و داب و نەریتی كۆن و نەشیاوی سەردەم. ئەم تێكەڵاوییەی ژنانی ئازا و كەم وێنەی كۆمەڵگای كوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ حیزبێكی ئایدیالی نوێخواز، تازە پرسی ژنی وەها لەم قەتیسماوییەی ئەو كاتی كۆمەڵگا دوور خستەوە كە چیتر هیچ زەبر و زەنگێك و هێچ كۆنەپەرەستییەك ناتوانێ بیگەڕێنێتەوە. گرینگیی ئەو ڕچە شكێنییەی كۆمەڵە نە هەر لە ئاستی سەردەم، جوگرافی و پێ نەگرتوویی بزوتنەوەكەدا خۆی دەبینێتەوە، بەڵكوو توانی هەموو لەمپەرەكانی سەڕرێی خۆی ببنێت و تێكیان بشكێنێت و ئەمڕۆكە وەك بەشێكی گرینگی نەپچڕاوەی بزووتنەوەی گشتیی ڕزگاریخوازانەی گەلی كوردیش شان بە شانی سەردەم و گۆڕانكارییەكانی جیهان لە كۆمەڵەدا پێشكەوێت و ببێتە پێشڕەوی چالاك و داكۆكیكاری بزوتنەوەی ژنان لە كوردستان و پەیگیرانە ئامادە بێت بۆ خەبات و قوربانیدان.
لە ساڵیادی ئەو ڕۆژە مێژووییەدا حەقە یادێك بكەین لە هەموو ژنانی تێكۆشەر و ڕچەشكینی ناو ڕێزەكانی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە كە ئێمەی چالاكانی ژن بە هەر بیرۆكە سیاسییە جیاوازەكانمانەوە قەرزداری ئەوان و ئەو ڕەوتە پێشكەوتنخوازانەیەی ناو كۆمەڵە بووین و هەین. جێی خۆیەتی هەموو نەوەی نوێی ورە بەرزی ئەم كوردستانە لە چوارچێوەی بەها بەرزەكاندا، ناوی ئەو ژنانە بكەنە هێما و نەهێڵن لە لایەكەوە شەپۆلی پڕ تەوژمی ڕووداو و ئاڵوگۆڕەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەرییەكانی لەسەر نەتەوەی كورد و لە لایەكی دیكەوە هەوڵ و تەقەلای كۆماری ئیسلامی بۆ سڕینەوەی مێژووی پڕ لە شانازیی كۆمەڵە پەچەی تاریكی بدەن بە سەر ئەو بەها پرشنگدارانە و لە بیرمانی بەرێتەوە.
نابێ لەبیر پچێتەوە كە یەكەم ژنی ئێعدام كراوی كورد (مەستوورە شەهسەواری) لە لایەن ڕژیمی كۆنەپەرەستی كۆماری ئیسلامییەوە، ڕێبواری ئەو ڕێبازە و نیشاندەری حەقانییەتی كۆمەڵە بووە لە هەڵگرتنی دروشمی بە كردەوە دەرهاتووی خەبات بۆ یەكسانی ژن و پیاو. نابێ لە بیر بچێتەوە كە دەیەی ٦٠ی هەتاوی ئەگەرچی تاڵ و جەرگ سووتێن بوو بەڵام هەزاران لاپەڕەی زێڕینی لە خۆڕاگری ژنانی كۆمەڵە لە ناو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی بە خوێنی گەشی ئەو خەباتكارانە تۆمار كردووە، كە چەندەها ژنی ڕووخۆش و دڵ پڕ لە خۆزگە جوانترین تەمەنی لاوێتیان لە پشت سەنگەرەكانی بەرگری بۆ خەباتی ڕەوای گەلی كورد تێپەڕاند و خوێنیان تێكەڵ بە خاكی نیشتمان بووە و ئاواتە تاكەكەسیەكانیان كردۆتەوە ئاواتی بەهاداری گەیشتن بە ئایندەی دێمۆكراتیك و دادپەروەر كردووە.