ئێمەی كوردی ڕۆژهەڵات هەرچی لە دەستمان هات بۆ كوردی باشوور و پرۆژەی گشپرسییەكەیان كردمان: بەحەق پشتگیریی سیاسیمان لە داخوازیی ئەوان بۆ دەربڕینی مافی دیاریكردنی چارەنووس بەشێوەی ڕێفراندۆم كرد، ڕاگەیاندمان لە سەر ئەو ویستە ڕەوایەی ئەوان دا، لە شارەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە سەختترین بارودۆخدا كارناڤاڵی شادیمان بۆ ڕێك خستن (كە بۆخۆشمان زۆر درووست و به قازانج بوو)، بەعزێكمان و لەوانە بەتایبەتی كۆمەڵە بە هێزی پێشمەرگەش لە شەڕەكانیشیان بەدژی داعش بەشداریمان كرد و بۆ بەرگری لە كەركووكیش هەر ئامادە بووین، لە كاتی گیرانەوەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەش بە دڵ و بە هەست لەگەڵیان بووین و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانمان لەو هەست و هەڵوێستەی خۆمان پڕ كرد. هەموو ئەوانەش هەستی ڕاستەقیەی كوردپەروەرانە و حەقخوازانە بوون و جێی ڕێز و پێزانینن.
بەڵام نابێ لەبیرمان بچێتەوە باشوور و هەرێم پارچە كوردستانی ئەوانە، ئەوانن كە بڕیاری لەسەر دەدەن و ئەوانیش لێی بەرپرسن. خۆ تێوەردانی ئێمەمانان سنوورێكی هەیە، خۆ لێ بەخاوەن كردنیان ئەندازەیەكی هەیە. بەعزێك لە دۆستان و دڵسۆزان لە فەیسبوك و لە دنیای مەجازی تەنانەت خۆیان لێ كردبوون بە فەرماندە و سەركردە و لە هەزاران كیلۆمێتر دوورترەوە بڕیاریان بۆ دەدان: لە ڕاپەڕینەكەی خانەقین وا بكەن و وا مەكەن (كە هەر ڕاپەڕینی تێدا نەكرابوو)، لە فڵان شوێن و فیسار شوێنیش ڕاپەڕین بكەن، لە جەبهەی پردێ مەكشێنەوە، فڵانە كەسە لە فڵانە حیزبەی خۆتان دەركەن و هتاد. من لە ڕۆژانی ڕابوردوودا لە زۆر كەسم ڕاسپارد كە ئەندازە ڕاگرن، خۆتان مەكەن بە بەرپرسی ئەوان چونكوو نە واقیعیە و نە جێگە دەگرێ و نە بۆخۆشیان لێمان قبووڵ دەكەن، مەچنە ناو وردەكاریی كێشەی ناوخۆی حیزبەكان یان نێوان حیزبەكانی ئەوان چونكوو لە كوتاییدا هەر ئێمەی تێدا پیاوخراپ دەبین. بەڵكوو بەگشتی لە یەكڕیزی پشتیوانی بكەن كە بەڕاستیش هەر ئەوە لە بەرژەوندی گەلی كورد دایە.
بێگومان ڕووداوەكانی هەفتەكانی ڕابوردوو لە هەرێمی كوردستان لە زۆر ڕووەوە تەجرەبەی زۆر گەورەیان تێدابوو كە حەقە ئێمەی كوردی ڕۆژهەڵات بەوردی تاوتوێی بكەین و دەرسی لێ وەرگرین و بۆ داهاتووی خۆمان بەكاری بهێنین. وەكوو هەمیشە پشتیوانیی لە پارچەكانی دیكەش بكەین، بەڵام هەر وەك نابێ ببین بە پاشكۆی هیچ پارچەیەكی دیكە، ناشبێ ببین بە كوێخایان. بەكورتی، هەموو ئەزموونەكان ڕاست و ڕەوا بوونی ڕۆژهەڵات تەوەریمان بۆ دەردەخەن و دەیسەلمێنن.