گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆ بۆ كوردستانی رۆژهه‌ڵات و خه‌باتی شاخ و شار
ڕامانێک دەربارەی ده‌رفه‌ت و مه‌ترسییه‌كان
له چه‌ند ساڵی رابردوودا، پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وێڕای پشتیوانیی سیاسی و نیزامی له كوردستانی باشوور له شه‌ڕی دژی تیرۆر، به ره‌چاوكردنی ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانكاری له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چاوخشاندنه‌وه به هه‌ڵه‌كانی رابڕدوو و خۆئاماده‌كردن بۆ رووداو و پێشهاته چاوه‌ڕوانكراو و نه‌كراوه‌كان و هه‌روه‌ها هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی رێبهریكردنی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد له كوردستانی رۆژهه‌ڵات و گرێدانه‌وه‌ی خه‌باتی شاخ و شار پێكه‌وه، هه‌نگاوی باشیان بۆ ده‌رچوون له قۆناغی ته‌ریككه‌وتنه‌وه و پشتگوێخران و هێنانه گۆڕێی پرسی كورد له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان بڕیوه. به‌دڵنیاییه‌وه، هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی ئه‌وتۆ له كاتێكدا هه‌ڵده‌گیرێت كه گۆڕانكارییه‌كان له ئاستی جیهانی و ناوچه‌یی موژده‌ی هێنانه ئارای ده‌رفه‌تی گونجاویان بۆ كوردستانی رۆژهه‌ڵات پێیه و له‌هه‌مان كاتدا پێویسته ئه‌و پارتانه خوێندنه‌وه‌ی ته‌واویشیان بۆ مه‌ترسییه گه‌وره‌كانی قۆناغی گواستنه‌وه‌یی بووژاندنه‌وه و راسانه‌وه و قۆناغه‌كانی دواتریش هه‌بێت.
پارته‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی دژی تیرۆر و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام، ناسراو به داعش، پشتگیریی خۆیان بۆ كوردستانی باشوور به ناردنی هێزی نیزامی بۆ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ ده‌رخست. ئه‌و پشتیوانییه تا ئێستاش به‌رده‌وامه و هێزی پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵات له شه‌ڕی دژی تیرۆردا به‌شداره و قوربانی زۆریشی بۆداوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، پارته سه‌ره‌كییه‌كانی رۆژهه‌ڵات به دروشمی جۆراوجۆر هه‌وڵیانداوه ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانیان بۆ ته‌وه‌ری رۆژهه‌ڵات بگۆڕن و چیتر به پاساو و بیانووی جیاواز درێژه به گۆشه‌گری و لاوازكردنی خه‌باتی رۆژهه‌ڵات نه‌ده‌ن و به‌پێچه‌وانه‌وه كار بۆ هه‌ستانه‌وه و كه‌وتنه‌وه سه‌رپێی بزووتنه‌وه‌كه له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه بكه‌ن. كۆمه‌ڵه به هێنانه گۆڕێی چه‌مكی رۆژهه‌ڵات ته‌وه‌ری و دیمۆكڕات به چه‌مكی راسان له راستیدا گه‌ره‌كیانه له رووی سیاسی و نیزامییه‌وه شانبه‌شانی یه‌كتر خه‌بات ببووژێننه‌وه. جێگیركردنی هێزی پێشمه‌رگه له چیا و شاخه‌كانی سه‌ر سنووره‌كانی باشوور و رۆژهه‌ڵات و ئاماده‌بوونی فیزیكی پێشمه‌رگه له ناو شار و گونده‌كانی رۆژهه‌ڵات له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا بۆ پێوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوخۆ و گه‌یاندنی هه‌واڵی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌بات كاری جدییان بۆ كراوه.
هاتنه سه‌ركاری دۆناڵد تڕا‌مپ له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به هه‌ڕه‌شه و درووشمه ئاگرینه‌كانی دژی كۆماری ئیسلامی ئێران، ده‌رفه‌تێكی باشی له‌به‌رده‌م هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات كردۆته‌وه. ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا له ماوه‌ی كورتی هاتنه سه‌ركاری ئه‌و درووشمانه‌ی وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه سه‌ر كاری كرده‌یی: زنجیره‌یه‌ك گه‌مارۆی نوێی به‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا سه‌پاندووه و گه‌ڵاڵه‌ی گه‌مارۆی زیاتریش له‌به‌رده‌ست ئه‌ندامانی كۆنگره‌دایه. مانگی هه‌نگوینی نێوان كۆماری ئیسلامی و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان كۆتایی پێهاتووه و هه‌نووكه سه‌رۆكێكی نوێی دژه ئێران به تیمێكی دژه ئێرانه‌وه جڵه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له كۆشكی سپی گرتۆته ده‌ست. ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا هۆشداری داوه‌ته ئێران و رایانگه‌یاندووه چیتر چاوپۆشی له پێشێلكاری و سه‌ره‌ڕۆییه‌كانی ئه‌و وڵاته له ناوچه‌كه و له ناوخۆیدا ناكرێت. سه‌ره‌ڕای ره‌خنه‌ی زۆری ئیداره‌ی نوێ له مامه‌ڵه ناوكییه‌كه، هه‌روه‌ها كێشه‌ی دیكه‌ی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ده‌ستوه‌ردانی كۆماری ئیسلامی ئێران له كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه هه‌یه و پرۆگرامه مووشهكییهكهشی به مه‌ترسیدار ده‌زانن. دۆسیه‌ی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، یه‌كێكی دیكه له دۆسیه كراوه‌كانه. له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی كۆشكی سپی، هه‌موو بژاره‌كان به‌رامبه‌ر ئێران، به هێرشی نیزامیشه‌وه، له‌به‌رده‌سته و چاوپێخشاندنهوهیان بۆ ده‌كرێت.
له دۆخێكی ئه‌وتۆدا، هێزه‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات ده‌توانن، به كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌ته‌ی هاتۆته ئاراوه، پرسی كورد له رۆژهه‌ڵات زیاتر بهێننه گۆڕێ و پێشی بخه‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته چه‌ند هه‌نگاوێكی گرنگ له‌به‌رچاو بگرن؛ سه‌ره‌تا پێویسته هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، به گه‌وره و بچووكه‌وه، یه‌كگرتوو بن و له‌سه‌ر فۆڕمێكی كاری هاوبه‌ش، له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موویان و رۆژهه‌ڵات، رێكبكه‌ون. بژاره‌كانی به‌رده‌میان بۆ چۆنیه‌تیی یه‌كڕیزی و یه‌كخستنی خه‌باتی سیاسی و نیزامی‌یان له‌م قۆناغه‌دا، وێڕای پاراستنی جیاوازییه‌كان، زۆره و هیچ پاساوێكیان بۆ جێبه‌جێكردنی لێ قبووڵ ناكرێت. دووباره بۆ ئه‌م قۆناغه له رووی سیاسییه‌وه پێویسته ئه‌و هێزه یه‌كگرتوو و یهكگوتارهی كورد له‌گه‌ڵ هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێرانیش بكه‌وێته دانوستان و ئه‌وانیش په‌لكێشی پلاتفۆرمێك یاخود به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش و یه‌كگرتوو له دژی كۆماری ئیسلامی ئێران، به ئامانجی هێنانه گۆڕێی ئێرانێكی دێموكڕاتیكی فێدراڵ، بكات. له پاش مسۆگه‌ركردنی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی و ئینجا ئێرانی به پرۆگڕامێكی روون و ئاشكراوه، ده‌سته‌به‌ركردنی پشتیوانی ناوچه‌یی و جیهانی له به‌ره‌یه‌كی ئه‌وتۆ كارێكی دژوار و قورس نابێت. هاوپه‌یمانێتییه نوێكانی ناوچه‌كه كه خۆیان بۆ دژایه‌تی هه‌ژموونی كۆماری ئیسلامی ئێران له ناوچه‌كه خه‌ریكن درووست ده‌بن، پشتگیریی ته‌واوی ئۆپۆزیسیۆنێكی ره‌وای فره-نه‌ته‌وه‌یی ئێرانی ده‌كه‌ن. یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له دۆخێكی ئه‌وتۆدا، بێكاریگه‌ر و بێمانابوونی مۆركی جیاییخوازی كورد ده‌بێت. وڵاتانی رۆژئاواییش و له‌سه‌رووشیانه‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، پشتگیری له به‌ره‌یه‌كی فره-ره‌نگ و فره-ده‌نگی له‌و بابه‌ته ده‌كه‌ن. شایانی بیرهێنانه‌وه‌یه كه ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هه‌وڵه‌كان بۆ پێوه‌ندیگرتن و پشتیوانیكردن له خه‌باتی هێزه جۆراوجۆره‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه ده‌ستیپێكردبوو.
هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی سه‌ره‌وه، دروستكردنی متمانه و پێكه‌وه گرێدانی خه‌باتی شاخ و شار هه‌نگاو و ئه‌ركێكی گرنگه. گۆڕانكاری و پێشكه‌وتنه‌كانی دۆزی كورد له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و وشیاربوونه‌وه‌ی زیاتری گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵات به‌رامبه‌ر مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی و ئاماده‌یی فیزیكی هێزی پێشمه‌رگه له ناوه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات، ئاستی بڕوابه‌خۆبوون و متمانه‌ی به هێزه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ناو گه‌لدا بهرزتركردۆتهوه و هیوای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی بۆ بووژانه‌وه‌ی خه‌بات و هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانیان بردۆته سه‌رێ. پێشوازیكردن له جێژنه‌كانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ به شێوازێكی نوێ و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی داواكاری پارته سیاسییه‌كان بۆ هه‌ڵكردن و هه‌ڵگرتنی هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، خاڵی كۆتایی سه‌ركه‌وتووانه لێكگرێدانی خه‌باتی شار و شاخ بوو. كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به چین و توێژه جیاجیاكانه‌وه، به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵا و هه‌ڵكردنی ئاگری نه‌ورۆز و له‌به‌ركردنی جلی ره‌نگاوره‌نگی كوردی و له مل ئاڵاندنی جامانه‌كان و ده‌ربڕینی شایی و خۆشی، په‌یامی ئاماده‌یی و باوهشكراوهیی خۆیان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆرش گه‌یانده پارته سیاسییه‌كان و ئهركداریان كردن.
بێهیوابوونی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران له گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تیی سیاسی له چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران و له‌قاودان و ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵی به‌ربڵاو له‌ناو كاربه‌ده‌سته هه‌ره باڵاكانی حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌تی كۆماری ئیسلامی و هه‌روه‌ها بێكاریگهربوونی ده‌ستكه‌وته سیاسی و ئابوورییه‌كانی دوای مامه‌ڵه ناوكییه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی، نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێرانیشی گه‌یاندۆته ئاستی ناڕه‌زایی گشتی و تا راده‌یه‌كی باش ئاماده‌ی گۆرانكارییانی كردووه. دروستكردنی پرد و كاناڵی پێوه‌ندی بۆ چه‌سپاندن و په‌ره‌پێدانی چه‌مكی مافی نه‌ته‌وه‌یی له سیستهمێی دیمۆكڕاتیكدا و كاری به‌كۆمه‌ڵ له‌چوارچێوه‌ی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆنی یه‌كگرتوودا و هه‌روه‌ها پاڵپشتیكردنی حیزبه سیاسییه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وانه و هێنانی حیزبه‌كانیان بۆ ناو به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی زانیاری و متمانه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه له ئه‌رك و كاری نه‌ته‌وه‌یی و حیزبی به‌رزده‌كاته‌وه و ناسین و دانپێدانانی ره‌وایه‌تیی پرسی كوردیش له‌ناویاندا په‌ره‌پێده‌دات. به‌رده‌ستبوونی میدیای گشتی و به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆژیای پێشكه‌وتوو له‌ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران چۆنیه‌تی پێوه‌ندیگرتن و راگه‌یاندنی ئامانج و سیاسته‌كانی ئه‌و به‌ره‌یه ئاسان ده‌كاته‌وه.
هه‌ر له سۆنگه‌ی ئه‌و هه‌نگاو و چالاكییه سه‌ركه‌وتووانه‌ی پارته سیاسییه‌كان له ماوه‌ی رابردوودا بوو كه كۆماری ئیسلامی ئێران به هه‌ستكردن به مه‌ترسی بووژانه‌وه‌ی خه‌بات له كوردستانی رۆژهه‌ڵات، سه‌ره‌تا كه‌وته هه‌ڕه‌شه‌كردن له پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات و، پاش پێداگری ئه‌و پارتانه‌ش له به‌رده‌وامی چالاكییه‌كانیان، ئینجا كه‌وته هه‌ڕه‌شه له به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و تاوانباركردنی وڵاتانی ناوچه‌كه به دنه‌دان و پشتیوانیكردن له پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات. دوای شكستهێنانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه، كاربه‌ده‌ستانی ئێرانی هه‌وڵیانداوه له رێگه‌ی هه‌ندێك پارت و كه‌سایه‌تییه عێراقی و شیعییه هاوهاوپهیمانهكانیان، یاسایه‌ك له په‌رله‌مانی عێراق به مه‌به‌ستی وه‌ده‌رنانی پارته سیاسییه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات له خاكی باشوور په‌سند بكه‌ن. ئه‌گه‌رچی له رووی پراكتیكییه‌وه، هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی له كرداردا كه‌مه و له‌وه ناچێت هێزه‌كانی كوردستانی باشوور پاداشتی له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌زموونی باشوور له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاته‌وه به رازیبوونیان به بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه بده‌نه‌وه و ده‌شێت خوێندنه‌وه‌یان بۆ مه‌ترسییه‌كان و كاریگه‌رییه كورت و درێژخایه‌نه‌كانی كردارێكی له‌و شێوه‌یه له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كردبێت. سه‌ره‌ڕای دڵنیابوونی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له پشتیوانی و پشتگیریی برایانی كوردیان له حكومه‌تی هه‌ڕێمی كوردستان، سه‌ركرده‌كانی زۆربه‌ی ئه‌و هێزانه ماوه‌یه‌كی زۆره بیریان له دووباره گواستنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان بۆسه‌ر شاخه‌كانی نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵات كردوتهوه و لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانیان هه‌ڵسه‌نگاندووه و پلانیان بۆ داڕشتووه. هه‌ندێكیان ته‌نانه‌ت ئه‌م سیاسه‌ته‌یان له ماوه‌كانی رابڕدوودا خستۆته بواری كرده‌ییه‌وه و به‌شێكی به‌رچاویان له هێزه‌كانیان پێشتر له‌سه‌ر سنووره‌كان جێگیڕكردووه و به‌مه‌ش ئێلێمێنتی بنه‌ڕه‌تیی شاخیان بۆ شۆڕش گه‌ڕاندۆته‌وه: ئه‌و توخمه سه‌ره‌كییه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شۆڕشه‌كانی پێشووتر و ئێستای كوردی پێ ده‌ناسرێته‌وه. به‌مه‌ش له‌وه ده‌چێت هێدی هێدی قۆناغه‌كانی بوواژندنهوهی شۆڕش و گواستنه‌وه‌ی خه‌بات بۆ شاخ و گرێدانی چالاكییه‌كانی شاخ و شار پێكه‌وه بچێته ئاستێكی دیكه‌وه.