خه‌سره‌و ئه‌ڵماسی
رۆژهه‌ڵات ته‌وه‌ری، راسان و خه‌باتی مه‌ده‌نی
هه‌وڵێك بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هیوا بۆ كوردستانی رۆژهه‌ڵات
له دوای راپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی ١٩٩١ و دروستكردنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له كوردستانی باشوور، هێدی هێدی گووشارێك له سه‌ر هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، كۆمه‌ڵه و دێمۆكرات، دروست بوو بۆ راگرتنی چالاكییه چه‌كدارییه‌كانیان له رۆژهه‌ڵات و راگواستنی باره‌گاكانیان له ناوچه سنووریه‌كانه‌وه بۆ قووڵایی ناو خاكی باشوور. ٩٠هكان، بۆ چالاكوانانی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی نیشته‌جێ له باشووروه بیرهێنه‌ره‌وه‌ی تۆقاندن و كوشتن و تیرۆری ده‌یان و بگره سه‌دان كادر و پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و پارتانه‌یه. دواتریش به‌پێی رێككه‌وتنه دووقۆڵییه‌كان له‌نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌كه‌وه و حكومه‌تی هه‌رێم و پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌لایه‌كی تره‌وه، بڕیاردرا پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات، خه‌باتی چه‌كداری له‌ناوخۆی رۆژهه‌ڵات رابگرن و له به‌رامبه‌ردا كۆماری ئیسلامیش، ده‌ست له ده‌ستوه‌شاندن له كادر و ئه‌ندامانی پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات له باشوور هه‌ڵبگرێت. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێگه‌ی به پارته‌كان ده‌دا به‌رده‌وام بن له كار و چالاكی سیاسی و هه‌روه‌ها به‌ڵێنی دابینكردنی ئاسایشی به هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات دابوو. بۆ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌م رێككه‌وتنه دوو ده‌سكه‌وتی هه‌بوو: یه‌كه‌م ئه‌وه‌یكه ده‌توانن به‌بێ نیگه‌رانی له تێرۆر و كوشتن، درێژه به چالاكییه سیاسییه‌كانیان بده‌ن و دووه‌م ئه‌وه‌یكه ده‌توانن رۆڵێكی گرنگ له پاراستنی ده‌سكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له باشوور بگێڕن. له‌ناو ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنانه بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌كی باشی سیاسی و ئابووری له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران له‌لایه‌كه‌وه و پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم و له ناویشیدا هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات به‌رجه‌سته ببوون. به له‌به‌رچاوگرتنی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر عێراق و گه‌مارۆكانی عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و نه‌بوونی هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی دابینكردنی پێویستییه‌كانی رۆژانه، ئه‌م ده‌سكه‌وته بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ستبوونی مان و نه‌مانی له‌گه‌ڵ ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیانی باشوور هه‌بوو. بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی هه‌بوو: یه‌كه‌م، پێده‌چوو له كێشه‌ی كوردی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی كاتیش بێت، رزگاری بووبێت و دووه‌م ده‌یتوانی له‌ڕووی ئابوورییه‌وه، پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بباته پێش و به گرتنه ده‌ستی كارتی گووشاری ئابووری، هه‌ژموونی خۆی تا راده‌یه‌ك له ناوچه‌كه بپارێزێت و له نیزیكه‌وه ئاگای له سیاسه‌ته‌كان و جمۆجۆڵهكانی هێزه سیاسییه‌كانی باشوور بێت و پێش به له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی له ناوچه‌كه بگرێت. له سه‌ره‌تاكانی رێكه‌وتنه‌كاندا، پێده‌چوو هه‌ر سێ لایه‌نی رێككه‌وتن تا راده‌یه‌ك، به براوه‌یی هاتبێتنه ده‌ره‌وه.
به تێپه‌ڕبوونی نیزیكه‌ی بیست ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رێككهوتنانهدا و به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له ده‌سكه‌وته‌كان، ده‌رده‌كه‌وێت دوو لایه‌نی كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، قازانجی زۆریان له رێككه‌وتنه‌كان كردبێت؛ كۆماری ئیسلامی ئێران، به دوورڕاگرتنی پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان و دوور له سنووره‌كان، توانی بیست ساڵی ئارام به به‌راورد به پێشووتر به‌ڕێ بكات و مه‌ودایه‌كی گه‌وره و دابڕانێكی به‌رین له‌نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ پارته سیاسییه‌كانی درووست بكات. ئه‌و دابڕانه درێژخایه‌نه، وای له كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كرد كه به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر پارته‌كانی خۆیان له‌بیربكه‌ن و له ده‌ربڕینی بیر و ڕای سیاسیان و ته‌نانه‌ت چالاكی پراكتیكیان، رووله پارته‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بكه‌ن. چالاكی لێره‌وله‌وێ و تاكوتهریكی چالاكوانان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات به‌وپه‌ڕی توندوتیژی وه‌ڵام ده‌درانه‌وه و له سێداره‌دان و زیندانی هه‌تاهه‌تایی و درێژخایه‌ن ده‌ره‌نجامی پێشبینیكراو بوون، به‌ڵام هه‌مان چالاكی بۆ پارته‌كانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، زۆربه‌ی جار به ئاسایی وه‌رده‌گیرا و ئاكامی تووندوتیژی لێ نه‌ده‌كه‌وته‌وه.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌م ماوه‌یه‌دا، توانی پێوه‌ندییه‌كی تۆكمه و باشی سیاسی و ئابووری له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دروست بكات و رۆڵی ئێران له داننان به هه‌رێمی كوردستانی عێراق وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی یاسایی و سیاسی و هه‌روه‌ها لەڕووی ئابووری و كڕینی نه‌وتی كوردستان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، رۆڵێكی كاریگه‌ر و ئه‌رێنی بووه. پیاسه‌یه‌ك به‌ناو بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌یسه‌لمێنێت كه شتومه‌ك و كه‌لوپه‌لی دروستكراوی ئێرانی به به‌رفراوانی له بازاڕه‌كاندا بوونیان هه‌یه و ده‌یان كۆمپانیان ئێرانی له پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان، ده‌ور ده‌بینن.
به‌ڵام بۆ پارته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ده‌سكه‌وته‌كان نیزیكه‌ی هه‌موویان نه‌رێنین و ئه‌و دۆخی براوه‌بوونه چیدی له گۆڕێ نه‌ماوه؛ له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه، پارته سیاسیه‌كانی رۆژهه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رۆژهه‌ڵات زۆر لێك دابڕاون و ئه‌و دابڕان و دووركه‌وتنه‌وه‌یه، بێهیوایی و سه‌رلێشێواوی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رۆژهه‌ڵات به گشتی لێكه‌وتۆته‌وه. بێهیوابوون و نه‌بوونی پێوه‌ندی له‌نێوان شار و شاخ و به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارته سیاسییه‌كان به رێژه‌ی پێویست وای له زۆرینه‌ی كوردی رۆژهه‌ڵات كردووه پارته‌كانی خۆیان به نه‌بوو و ناچالاك ئه‌ژمار بكه‌ن و هیواكانیان له پارته‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا بدۆزنه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌ره‌نجامه له‌ناو زۆرێك له چالاكوانانی سیاسیش‌دا ده‌بینرێت. لێكه‌وته‌ی دیكه‌ی ئه‌و دابڕانه و نه‌بوونی چالاكی فیزیكی له كوردستانی رۆژهه‌ڵات، لێكترازان و دابه‌شبوونه له‌ناو پارته سیاسییه‌كان تا ئاستێك له ئێستادا دوو پارت به ناوی دێمۆكڕات و سێ پارت به ناوی كۆمه‌ڵه‌وه بوونیان هه‌یه. له هه‌مان كاتیش‌دا، دروستبوونی پارتی دیكه له لایه‌ن هێزه سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه پرسی كوردی رۆژهه‌ڵاتی به‌لاڕێدا بردووه. بۆیه، پێده‌چێت له سێگۆشه‌ی ئه‌و رێككهوتنانهدا، دوو لایه‌نی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران براوه بن و پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات دۆڕاوه ده‌ر بكه‌ون و بۆ پاساوی دۆخه‌كه‌ش، هه‌موو كات پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی باشووریان وه‌ك هۆكار ده‌ستنیشان كردووه.
هاتنه ئارای گۆڕانكاری گه‌وره له پرسی كورد له سێ پارچه‌ی كوردستان به‌تایبه‌تی و هه‌روه‌ها له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و چاوه‌ڕێكردنی ئه‌گه‌ری پێشهاتی گه‌وره‌ی دیكه له داهاتوودا، له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابڕدوودا وای له پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات كردووه چاوێك به ئاكامه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌دا بخشێننه‌وه و پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بۆ لێكهوتهكان بكه‌ن. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌نجامه نه‌رێنییه‌كان له‌سه‌ر خه‌باتی سیاسیی رۆژهه‌ڵات و درووستبوونی پێوه‌ندی دیكه‌ی سیاسی و سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی دابینكردنی پێویستییه ئابوورییه‌كان بۆ باشوور، پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات پێده‌چێت به هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی خۆبهخاوهنكردنهوهی خه‌باتی سیاسی رۆژهه‌ڵات و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هیوا بۆ گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵات، چیدیكه ئه‌و رێككه‌وتنه ره‌چاو نه‌كه‌ن و به‌هێنانه گۆڕێی كۆمه‌ڵێك چه‌مك و پرۆژه‌ی نوێ بۆ رۆژهه‌ڵات لەڕاستیدا كۆتاییان به رێككه‌وتنه‌كه هێنابێت.
هاتنه ئارای چه‌مكگه‌لێكی وه‌كوو رۆژهه‌ڵات ته‌وه‌ری و راسان و خه‌باتی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن پارته سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵه و حدكا و حدكهوه، لەڕاستیدا، ههوڵگهلێكه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هیوا بۆ گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵات و خۆده‌ربازكردن له دۆخی چه‌قبه‌ستوویی ئه‌و پارتانه له خه‌باتی سیاسیاندا و گرێدانه‌وه‌ی خه‌باتی شار و شاخ به‌یه‌كه‌وه. له رواڵه‌تدا، له‌وانه‌یه ئه‌و چه‌مكانه لێك جیاواز بێنه به‌رچاو، به‌ڵام به قووڵبوونه‌وه و پێداچوونه‌وه به ئامانجه‌كانیان، ده‌كرێت له ناوه‌رۆكدا ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بن. ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئه‌و باسانه‌یان هێناوه‌ته گۆڕێ، خوێندنه‌وه‌یه‌كی ته‌واویان بۆ دۆخی ناوچه‌كه كردووه و باش ده‌زانن كاتی ئه‌وه هاتۆته‌وه چالاكییه سیاسیه‌كانیان له‌ناوخۆی وڵات-چه‌مكی رۆژهه‌ڵات ته‌وه‌ری – چڕتر بكه‌نه‌وه و به ئاماده‌بوونی مه‌یدانی و جێگیڕكردنی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر سنوور- چه‌مكی راسان – هیوا بۆ گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵات بگه‌ڕێننه‌وه وخه‌بات بۆ وشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رۆژهه‌ڵات به‌گشتی و چالاكوانانی سیاسی و كولتوری به‌تایبه‌تی و هه‌وڵدان بۆ رێكخستنی چالاكییه‌كان- چه‌مكی خه‌باتی مه‌ده‌نی- ببوژێننه‌وه. راسان و هه‌ستانه‌وه دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له دابڕان، پێناچێت كارێكی ئاسان بێت و بینیمان تێچووی گه‌وره‌ی بۆ پارته‌كان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و تێچووانه له‌وه ناچێت رێبه‌رانی ئه‌و پارتانه له‌و سیاسه‌تانه‌ی گرتوویانه‌ته‌به‌ر، پاشگه‌ز بكاته‌وه و ئه‌و جووڵه‌یه‌ی ده‌ستیپێكردووه به ئه‌گه‌ری زۆر به‌رده‌وامی ده‌بێت. پێده‌چێت بۆ قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كان و هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو، ئه‌و هێزانه ناچاربن به هاوئاهه‌نگی زیاتره‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتر كاربكه‌ن و به به‌رده‌وامبوونیان له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكانه و فراوانتركردن و فۆرمولهكردنیان له چوارچێوه‌یه‌كی رێكخراوتر و یه‌كگرتووتر، پشتیوانی خه‌ڵكی ناوخۆ و ره‌وه‌ندی كوردی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ره‌وه و هه‌روه‌ها پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی بۆخۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن.
كۆماری ئیسلامی ئێران، وه‌ك لایه‌نێكی براوه‌ی كاتی كه پێیوابوو بۆ هه‌تاهه‌تایه پرسی كوردی له رۆژهه‌ڵات چاره‌سه‌ركردووه و به هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌لاڕێدابردنی خه‌باتی سیاسی له‌و پارچه‌یه، ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی مسۆگه‌ركردووه، به‌وپه‌ڕی تووندوتیژی وه‌ڵامی ئه‌و جموجۆڵانه‌ی چ له‌ڕووی سیاسی و چ له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه داوه‌ته‌وه. به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازی كۆماری ئیسلامی، هه‌ڕه‌شه‌ی تووندیان كرده‌سه‌ر پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات و ته‌نانه‌ت كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش و به ناوزه‌دكردن و گرێدانی ئه‌و چه‌مكانه به پیلانگێڕی وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌وه، رایانگه‌یاندووه كه هیچ هێڵێكی سووریا‌ن بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و جموجۆڵانه نابێت و له‌هه‌ر كوێیه‌ك بۆیان بكرێت ده‌ست له باره‌گاكانی ئه‌و هێزانه ده‌وه‌شێنن. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه له ئێستادا خاوه‌نی تۆڕێكی به‌رینی پێوه‌ندی دیپڵۆماسی له‌گه‌ڵ وڵاتانی زلهێز و ناوچه‌كه هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی لۆژیكی و به‌دوور له زمانی تووندوتیژی وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌كانی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان داوه‌ته‌وه، و به هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر خه‌باتی سیاسی له رۆژهه‌ڵات، هه‌وڵێكی دیپڵۆماسی باشیان بۆ نێوه‌ندگیری له‌نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات ده‌ستپێكردووه. له هاتووچۆ و سه‌ردانی كاربه‌ده‌ستانی پله‌به‌رزی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئێران و دیدار و چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سیاسی و ئاسایشی و سه‌ربازی كۆماری ئیسلامی ئێران، جیاواز له پێشوو و به هێنانه‌گۆڕێی پرسی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هه‌وڵه سه‌ره‌تاییه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵات له‌ڕێگه‌ی دیالۆگ و دانوستان ده‌ستیپێكردووه و ئه‌وه‌ش ده‌بێت وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی نوێ له پێوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران له‌لایه‌كه‌وه و له پێوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌ژمار بكرێت.
پێویسته هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات و كۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ك دوو لایه‌نی سه‌ره‌كیی پێوه‌ندیدار به پرسی كورد له رۆژهه‌ڵات، به له‌به‌رچاوگرتنی راستییه‌كان و پێداچوونه‌وه به سیاسه‌ته‌كانی رابڕدوویان، به ئه‌جێندای نوێوه و به روونی و ئاشكرایی په‌یامه‌كانیان له‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه وه‌ك لایه‌نی نێوه‌ندگیر ئاڵۆگۆڕ بكه‌ن. له‌سه‌ر هێزه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات پێویسته به یه‌كگرتوویی و یه‌كگوتاری، وێڕای داواكردنی مافه سیاسی و ئابووری و كولتوورییه‌كان به زمانی دیپڵۆماسی و لۆژیكی، ئه‌و په‌یامه به كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌روه‌ها نوخبه‌ی رووناكبیری ئێران و هێزه سیاسییه ناكوردییه‌كان بگه‌یه‌نن كه كوردستانی رۆژهه‌ڵات سه‌ره‌ڕای خواستی بۆ قه‌واره‌یه‌كی كوردی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر، ویستی پێكه‌وه‌ژیانێكی ئاشتیانه و ئارامی له چوارچێوه‌ی وڵاتی ئێران‌دا هه‌یه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه به‌هیچ لایه‌نێك نه‌ده‌ن تۆمه‌تی جیاییخوازی و به‌ستراوه‌یی به وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه بده‌نه پاڵ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته هه‌ڵمه‌تێكی دیپڵۆماسی و تۆڕێكی پێوه‌ندی به‌رفراوان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان وه‌گه‌ڕبخرێت و له‌ڕێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه، جه‌ختی ته‌واو بكرێته‌سه‌ر روونكردنه‌وه‌ی به‌رنامه و پێڕه‌وه‌ی پارته‌كان و به‌ئاشكرایی ئامانجه سیاسیه‌كانی پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات بۆ پارته سیاسییه‌كانی ئێران و نوخبه و رای گشتی ئێران، شیبكرێنه‌وه و جێگه‌ی هیچ دڕدۆنگی و دوودڵییه‌ك نه‌هێڵدرێته‌وه.
كۆماری ئیسلامی ئێرانیش ده‌بێت تا ئێستا له‌وه تێگه‌یشتبێت كه چاره‌سه‌ری پرسی كورد له‌ناوخۆی وڵات‌دا له‌ڕێگه‌ی نیزامی و سه‌ربازییه‌وه ناكرێت و به چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ك به مێژووی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی و پێش كۆماری ئیسلامیش، ده‌شێت بگه‌نه ئه‌و ده‌ره‌نجامه كه سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو كوشتن و بڕین و له‌ناوبردنه، هێشتا پرسه‌كه به چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه و هیچ چاره‌سه‌رێكی باشتر له گرتنه به‌ری ڕێگه‌ی دیالۆگ و دانوستان له‌گه‌ڵ هیزه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی رێككه‌وتنێكی براوه- براوه، بوونی نییه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت رۆڵێكی زۆر گه‌وره و ئه‌رێنی له‌و رووه‌وه بگێڕێت و له هێنانه‌ئارای ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ و ده‌ستبه‌رداربوونی كۆماری ئیسلامی ئێران له سیاسه‌تی پێڕهوكراو له ساڵانی رابڕدوو و بهرۆژكردنهوهی سیاسه‌ته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر پرسی كورد له رۆژهه‌ڵات، كاریگه‌ری باشی هه‌بێت. پێویسته كۆماری ئیسلامی ئێران له‌وه تێبگات كه ده‌كرێت جیاوازی ئایینی و كولتووری و سیاسی و ئه‌تنیكی له كوردستانی رۆژهه‌ڵات، وه‌ك ئیمیتیازێك و سه‌رمایه‌یه‌ك ئه‌ژمار بكرێت و جیاوازییه‌كان بكرێنه به‌ردی بناخه‌ی دروستكردنی ماڵێكی پڕ له ئاشتی و ئارامی.
به‌كورتی، هێزه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات دوای دابڕانێكی درێژخایه‌ن كه خه‌سارێكی زۆری به خه‌باتی سیاسی له كوردستانی رۆژهه‌ڵات گه‌یاندووه و بێهیوایی گشتی و بێخاوه‌نی كوردی رۆژهه‌ڵاتی لێ به‌رهه‌م هاتووه، له ئێستادا هه‌وڵی هه‌ستانه‌وه و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه و به هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی و ره‌چاوكردنی ئاڵوگۆڕه‌كان، ده‌یانه‌وێت به‌هێز و ئومێده‌وه كێش و قورسایی بۆ خه‌باته‌كه‌یان و گه‌له‌كه‌یان بگه‌ڕێننه‌وه. هێنانه گۆڕێی چه‌مكه‌كانی رۆژهه‌ڵات ته‌وه‌ری و راسان و خه‌باتی مه‌ده‌نی، كه له قووڵاییدا ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، ده‌چنه خانه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌وه و ده‌كرێت ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌یان به‌رزكردۆته‌وه، به یه‌كگرتوویی و یه‌كگوتاری له‌ژێر چه‌تری كۆبهندییهك، كۆنگره‌یه‌ك یان هاوپه‌یمانییه‌ك هه‌وڵه‌كانیان یه‌ك بخه‌ن و له‌گه‌ڵ به‌رفراوانكردنی گه‌شتی دیپڵۆماسی و تۆڕی پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی، داوا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن رۆڵی نێوه‌ندگیری بۆ ده‌ستپێكردنی قۆناخێكی نوێ له دیالۆگ و دانوستان له‌نێوان ئه‌و هێزانه و كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا په‌ره پێبدات و هه‌ر دوولا به هێنانه خوارێی ئاستی داخوازییه‌كانیان، رێگه‌یه‌كی سێهه‌م بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد له كوردستانی رۆژهه‌ڵات بدۆزنه‌وه كه تیایدا هه‌ر دوولا به هه‌ستكردن به براوه‌یی بێنه ده‌ره‌وه و له دۆخێكی ئه‌وتۆشدا، به دڵنیاییه‌وه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك لایه‌نی سێهه‌می نێوه‌ندگیر به براوه‌یی دێته ده‌ره‌وه و چاره‌سه‌ری پرسی كورد له رۆژهه‌ڵات ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌تری سیاسی و ئابووری و كولتوری بۆ باشوور لێ ده‌كه‌وێته‌وه.