سۆران سەلیمی
رێک سه‌ده‌یک له‌مه‌و پێش له‌سەرەتای جەنگی جیهانی یه‌که‌م و له کاتێکدا که ئێمپراتۆریای عوسمانی پارچه‌پارچه ببوو، بریتانیا و فه‌رانسه وه‌کوو دوو زلهێزی ئه‌و کاتی جیهان ده‌ستیان به‌سه‌ر میراتی تورکه‌کاندا گرت و بڕیاریاندا که ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێمپراتۆریای رووخا‌و له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش بکه‌ن. ئه‌و دوو وڵاته گه‌یشتنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته که ده‌بێت له‌و هه‌رێمه‌دا چه‌ند وڵاتی بچووک پێک بێنن که کۆنتڕۆڵ کردنیشیان زۆر دژوار نه‌بێت. ئه‌وه‌یکه پێوه‌ر و پێوانه‌ی ئه‌و دوو زلهێزه له چۆنیه‌تی دیاریکردنی سنوور و حدوودی وڵاتانی تازه له‌دایک بوو له روانگه‌یکی لۆژیکی و به له‌به‌رچاوگرتنی راستیه‌کانی هه‌رێمه‌که چه‌نده درووست و دوور له هه‌ڵە بووه جێگای ئه‌م باسه نیه، به‌ڵام ئه‌و دابه‌شکردنه له ڕاستیدا زیاتر پێوه‌ندی به چاره‌نووسی نهتهوهیهکەوە هه‌بوو که ئێستاش پاش سه‌د ساڵ هه‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه نه‌ته‌وایه‌تیه زه‌وتکراوه‌کانی قوربانی ئه‌دات، به‌ڵی: کورد
.
له دابه‌شکردنه‌ی ئه‌و کاتدا، یه‌که‌م جار بریتانیا پێشنیازی ئه‌وه‌ی هه‌بوو که ویلایه‌تی “مووسڵ” ببێت به ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ کورده‌کان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و کات “مووسڵ” ته‌نیا پارێزگای ئه‌مرۆی نه‌ینه‌وا نه‌بوو به‌ڵکوو هه‌موو خاکی کوردستانی باشووری له‌خۆوه ده‌گرت به پارێزگای نه‌ینه‌واشه‌وه. سه‌رژمێریه‌کانی ئه‌و کاتی بریتانیاییه‌کان ئه‌و ده‌سه‌لمێنێ دانیشتوانی ئه‌و هه‌رێمه زۆرینه‌ی کوردن: واته نێزیک به ٩٠ له سه‌دی حه‌شیمه‌ت له نه‌ته‌وه‌ی کوردن و ئه‌وانی دیکه تورکمان و گه‌لانی ترن و به ده‌گمه‌ن عه‌ره‌بن. ئه‌و پێشنیازه‌ی بریتانیا له‌گه‌ڵ دژایه‌تیه‌کی توندی تورکه‌کان و هه‌روها به‌رپرسانی ئیداره‌ی عێراقی نوێ به‌ره‌وڕوو بوو، تا ئه‌و جێگایه که مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ مه‌رجی ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌ی وڵاتی عێراق بگرێته ده‌ست ئه‌وەیە که ده‌بێت ویلایه‌تی مووسڵ ببێته به‌شێک له ده‌وڵه‌تی تازه پێکهاتووی عێراق. به‌م شێوه، یه‌که‌مین ده‌رفه‌تی زێڕینی کورد بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر خاکی خۆی به فیڕۆ چوو، هه‌رچه‌ند دوواتر به‌رپرسێکی باڵای بریتانی راشکاوانه ده‌ڵێت: ئه‌وه په‌رته‌وازه‌یی کورد هۆکاری سه‌ره‌کی لکاندنی کوردستان به عێراقه‌وه بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که خێڵ و هۆزه‌کانی کورد نه‌ک یه‌ک ده‌نگ نین به‌ڵکوو به توندی دژی یه‌کن، یه‌ک ئیدانه ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت له پرسی سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌که‌شیان دژی یه‌ک ده‌وه‌ستنه‌وه، جگه له‌وه‌ش ئه‌و گه‌له هێزێکی هاوبه‌ش و یه‌کگرتووی سه‌ربازی نیه. ئه‌وه چیرۆکی تاڵی به‌شێکی کوردستانی گه‌وره‌یه که به‌داخه‌وه ته‌نیا له‌به‌ر نه‌بوونی یه‌کیه‌تی و سهرکردایەتیهکی نیشتمانپه‌روه‌ر و به‌هۆی په‌رته‌وازه‌یی گه‌له‌که‌مان له ده‌ست چوو
.
ئێستا به‌جۆرێک مێژوو خه‌ریکه دووپات ده‌بێته‌وه، کورد ئه‌مجاره هێزێکی کاریگه‌ره و تا راده‌یه‌ک خاوه‌ن مافه‌کانی خۆی. ئه‌گه‌رچی مووسڵ ئێستا ته‌نیا پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌خۆده‌گرێته‌وه که ئه‌وه‌ش به‌هۆی پرۆژه‌ی ته‌عریب زۆربه‌ی دانیشتوانی بوونه‌ته عه‌ره‌ب، به‌ڵام هه‌مان گرنگی سه‌د ساڵ پێشی هه‌یه، بگره زیاتر، هه‌م بۆ عێراق، بۆ ئێران، تورکیه و هه‌ڵبه‌ت زیاتر له هه‌موویان ره‌نگه بۆ کورد. به‌هه‌مان شێوه که سه‌ده‌یه‌ک پێش ئێستا مه‌رجی مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ بۆ پاشایه‌تی لکاندنی خاکی مووسڵ بوو به خاکی عێراقه‌وه، ئێستاش به‌غدا ده‌زانێت ئه‌گه‌ر نه‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و پارێزگایەدا بچه‌سپێنێت ئه‌وا عێراقی یه‌کگرتوو ده‌بێته خه‌ونێکی بابردووی مێژوو، بۆیه هێزی ناوه‌ندی سه‌ر به شێعه هه‌موو هه‌وڵێکی خۆی خستووته گه‌ر که به یارمه‌تی دراوسێی خۆی، واته ئێران کۆنتڕۆڵێ سه‌ربازی و سیاسی خۆی دوای پرۆژه‌ی ئازادکردنی ئه‌و شاره، له‌وێ مسۆگه‌ر بکات و نه‌هێڵێت هیچ لایه‌نێک باڵاده‌ست بێت. به‌ڵام مووسڵ چ تایبه‌تمه‌ندیه‌کی هه‌یه؟
تایبه‌تمه‌ندیه گشتیه‌کانی مووسڵ
پارێزگای مووسڵ ده‌که‌وێته باکووری رۆژئاوای عێراق و له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و سووریه هاوسنووره، سێهه‌مین پارێزگای گه‌وره‌ی عێراقه له رووی رووبه‌ره‌وه، دووهه‌مین گه‌وره شاری عێراقه له رووێ ژماره‌ی دانیشتوانی، تا ئه‌و جێگایه که پێش هاتنی داعش و لاوازبوونی ئابووری عێراق به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت، ساڵانه له سه‌دا ١٠ی بووجه‌ی ناوه‌ند، که بڕی ١٠ ملیارد دۆلاره، بۆ ئه‌و پارێزگایه ته‌رخان کرابوو. نه‌ینه‌وا خاوه‌ن ٢٠ کێلگه‌ی نه‌وت و گازه که ٧ کێڵگه‌ی چالاکن و چه‌ند کێڵگهیکیش به‌ده‌ستی داعشه‌وه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و پارێزگایه گه‌وره‌ترین کانگای “گووگرد”-یان کبریت به عه‌ره‌بی-ی هه‌یه، جگه له‌مانه‌ش مووسڵ به به‌رهه‌مهێنه‌ری نانی عێراق نازناوی ده‌رکردووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له‌سه‌دا چلی گه‌نمی ته‌واوی عێراق له‌و پارێزگایه به‌رهه‌م دێت یان باشتره بڵێین ده‌هات، بۆیه له روانگه‌ی زنجیره‌ی خۆراکی خه‌ڵکی عێراقیش، خاوه‌ن پێگه‌یکی گرنگه. ئه‌گه‌ر پرسی “ته‌عریب” ره‌چاو نه‌که‌ین و گوێ نه‌ده‌ینه رێژه‌کان ده‌بێت بڵێین له‌و پارێزگایه عه‌ره‌ب، کورد بۆ نموونه کوردانی شه‌به‌ک، تورکمانی سوننه و شیعه، کلدان و ئاسووری نێشته‌جێن و پارێزگایه‌کی فره‌نه‌ته‌وه و فره‌کولتووره و له‌و روانگه‌وه له عێراق نموونه‌یکی جیاوازه. هه‌ر وه‌ک له ده‌ستپێکیشدا وتمان پێش درووستبوونی وڵاتی عێراق، ویلایه‌تی مووسڵ هه‌موو ناوچه کوردیه‌کانی باشووری کوردستانی له خۆوه ده‌گرته‌وه و له سه‌دا ٩٠ی دانیشتوانی کورد بوون، به‌ڵام دوواتر که عێراق له رووی ئیداریه‌وه به چه‌ندین ویلایه‌ت دابه‌شکرا زۆرینه‌ی ناوچه کوردیه‌کان له‌و ویلایه‌ته دابڕان و ئه‌وه‌ی که مایه‌وه پارێزگای نه‌ینه‌وا بوو، که هه‌ڵبه‌ت دوای پرۆژه‌ی ته‌عریب به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می سه‌ددامدا، زۆرینه‌ی دانیشتوانی بوون به عه‌ره‌ب و ته‌نانه‌ت هه‌وڵدرا به‌شی خۆرهه‌ڵاتی پارێزگاکه، که زۆرینه‌یان کوردن، قه‌ڵاچۆ بکرێن که هه‌ڵبه‌ت به‌ته‌واوه‌تی سه‌ری نه‌گرت و ئێستاش کورد رێژه‌یەکی به‌رچاوی ئه‌و پارێزگا و ته‌نانه‌ت خودی شاری مووسڵ له‌خۆوه ده‌گرێت
.
مووسڵ لەڕووی سیاسی و “ژیۆستراتێژیک”ه‌وه
مووسڵ وه‌کوو سێ رێانێکه، له‌نێوان عێراق، سووریه و تورکیا- ئه‌گه‌رچی سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ تورکیه نیه به‌ڵام زۆر نێزیکه له سنووری ئه‌و وڵاته- کاتێک که ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی پێک‌بێت ده‌بێته دراوسێی کوردستانیش. له رێگەی زاڵبوون به‌سه‌ر مووسڵ، به‌تایبه‌تی و پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌گشتی، ده‌کرێت سنووره‌کانی باکوور و باکووری رۆژئاوای عێراق کۆنتڕۆڵ بکرێت. لەڕاستیدا، مووسڵ ده‌روازه‌ی ده‌ربازبوونه بۆناو سووریه و هه‌رێمی کوردستان. هه‌ر له کۆنه‌وه ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق له سنووری مووسڵه‌وه هێرشی کردووته سه‌ر باشوور. له‌وێوه به ئاسانی ده‌کرێت پارێزگاکانی دهۆک له سنووری باکووری کوردستان و پارێزگای هه‌ره گرنگی هه‌ولێر-ئه‌ربیل- کۆنتڕۆڵ و داگیر بکرێت، داعێش ته‌نیا کاتێک توانی ببێت به مه‌ترسیه‌کی رووخێنه‌ر بۆسه‌ر هه‌رێمی کوردستان که مووسڵێ داگیرکرد. ئێستاش هه‌موو کارناسان و کاربه‌ده‌ستان له‌و باوه‌ڕه‌دان ئازادکردنی مووسڵ به‌مانای ته‌واو بوونی داعشه له عێراق، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له زۆر ناوچه‌ی دیکه‌ی عێراق بوونیان هه‌بێت، هه‌ر له‌م روانگه‌وه پێگه‌ی گرنگی ژیۆستراتێژیکی مووسڵ ده‌رده‌که‌وێت
.
بۆ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ی مووسڵ دووایین هه‌وڵه بۆ پاراستنی یه‌کێتی خاکی ئه‌و وڵاته، به‌تایبه‌ت ئه‌وه لای ده‌وڵه‌تی شیعه‌ی سه‌ربه ئێران زۆر گرنگه، ئه‌گه‌ر مووسڵ له کۆنتڕۆڵی ناوه‌نددا نه‌بێت زۆر زه‌حمه‌ته که عێراق به یه‌کپارچه‌یی بمێنێته‌وه، به‌تایبه‌ت که پارێزگایه‌کی مه‌زن و ده‌وڵه‌مه‌ندیشه و بۆ سوونه‌ش هه‌مان پێگه‌ی ستراتێژیکی هه‌یه که بۆ لایه‌نه‌کانی دیکه. که‌وابوو، ناوه‌ند ده‌یه‌وێ به‌هه‌ر نرخێک که ده‌بێ، ته‌نانه‌ت به دانی ئیمتیاز له داهاتوودا کۆنترۆڵی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا به‌رده‌وام بکات و نه‌هێڵت مووسڵ له‌ده‌س بچێت. له هه‌مان کاتدا، عه‌ره‌بی سوننه‌ی عێراق باش ده‌زانێت ئه‌گه‌ر به سه‌ر ئه‌و شاره‌دا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت لانیکه‌م ده‌کرێ خوازیاری ئیمتیازی زۆرتر له ناوه‌ند بێت، وه‌کوو پێشتر که له سه‌دا ١٠ی بوودجه‌ی ناوه‌ند بۆ ئه‌و پارێزگایه بوو، به‌ڵام حکوومه‌تی مالکی هه‌وڵیدا ده‌سه‌ڵات له ته‌واو عێراق به قازانجی شیعه‌کان پاوان بکات و هاوکێشه‌کانی گۆڕی، له‌و روانگه‌یه‌وه ده‌توانین له هۆکاری هاوکاری و پاڵپشتی زۆرێک له هۆز و عه‌شیره سووننه‌کانی نه‌ینه‌وا له داعش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ تێبگه‌ین. بێگومان مووسڵ بۆ ئێرانیش گرنگیه‌کی تایبه‌تی هه‌یه، ئه‌گه‌ر تاران بتوانێت له رێگەی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه نفووزی هه‌بێت له ناو مووسڵ و به‌جۆرێک سنووره‌کانی ئه‌و شاره و ئه‌و پارێزگایه کۆنتڕۆڵ بکات، ئه‌وا پرۆژه‌ی “هیلالی شیعه” ده‌گاته هه‌نگاوی دوایی خۆی و له‌وێوه ئێرانیه‌کان ده‌توانن زۆرینه‌ی ناوچه شیعه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کۆنترۆڵ بکه‌ن، به‌ڵام به بێ مووسڵ بۆشاییه‌ک درووس ده‌بێت و هه‌رده‌م مه‌ترسیه‌ک بۆ سه‌ر ناوچه شیعه نشینه‌کان له ئارادایه. بۆیه، به فشاری ئێران و هێندێک لایه‌نی سه‌ر به‌و وڵاته هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری شه‌ڕی ئازادی مووسڵ ده‌که‌ن، به‌ڵام لایه‌نه‌کانی دیکه، له‌وانه کورده‌کان، بە ئاگاداربوون له ده‌ره‌نجامه‌کانی ئامادەیی و حزووری حه‌شدی شه‌عبی له مووسڵ به توندی دژی ئه‌وه‌ن که ئه‌و هێزه دزه بکاته ناو شاره‌که و ده‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌که بمێنێتەوە، به‌ڵام ئایا پاش رزگاری مووسڵ له ده‌ستی داعش ئه‌و به‌ڵێنه به‌جێ دێنن یاخود پلانێکیی مه‌ترسیداری دیکه‌یان هه‌یه؟
کورد و مووسڵ
له‌م ناوەدا مووسڵ بۆ کورد گرنگیه‌کی زۆرتر و ته‌نانه‌ت مێژوویی هه‌یه. مووسڵ خاڵی ده‌ستپێکی پارچه پارچه‌بوونی کوردستانه و لەڕێگەی لکاندنی ئه‌و ویلایهتەوە به عێراق، که گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌ت بوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ده‌ست چوو، ده‌رفه‌تێک که ره‌نگه ئێستا دیسان دووپات بووبێته‌وه. جگه له‌وه‌ی که به‌شێکی به‌رچاوی دانیشتوانی مووسڵ و پارێزگای نه‌ینه‌وا کوردن و به‌شێوه‌یەکی سرووشتی پێوه‌ندیان هه‌یه به هه‌رێمی کوردستانه‌وه و دڵیان لای هه‌رێمه و هێندێک ناوچه‌ی سنووریشی جێگای ناکۆکین، مووسڵ و پارێزگای نه‌ینه‌وا به چه‌ندین هۆکار گرنگه بۆ کورد. یه‌ک، ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی مووسڵ نه‌کشێنه‌وه ئه‌وا قووڵایی ستراتێژیکی هه‌رێمی کوردستان زیادبوونێکی به‌رچاوی ده‌بێت، که بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان، به تایبه‌ت دووای سه‌ربه‌خۆیی گرنگی تایبه‌تی هه‌یه، واته نه‌ک سووننه و نه‌ک ناوه‌ندی شیعه ناتوانن له‌و هه‌رێمه‌وه هێرشێکی مه‌ترسیدار بکه‌نه سه‌ر کوردستان و به‌تایبه‌ت هه‌ولێری پایته‌خت. بۆیه، هه‌رێم ده‌بێت به هه‌موو توانایه‌وه هه‌وڵ بدات له رێکه‌وتنی کۆتاییدا پێشمه‌رگه له‌و هه‌رێمانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی مووسڵ به‌شێوه‌یکی هه‌تاهه‌تایی جێگیر بکات، به‌تایبه‌ت که ئه‌و ده‌ڤه‌ره زۆرینه‌ی دانیشتوانی کوردن و ناوه‌ندیش ناتوانێت له خواستی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه چاوپۆشی بکات، ئه‌وه لەڕێگەی رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئامریکاش ئیمکانی جێبه‌جێکردنی هه‌یه. دووهه‌م، ئه‌گه‌ر دووای رزگاری مووسڵ کورد پێگه‌ی به‌هێزی خۆی بپارێزێت و له‌هه‌موو ئه‌رکانه‌کانی ده‌سه‌ڵات، ئیداری و سه‌ربازی، به‌شی شیاوی خۆی هه‌بێت ئه‌وه به مانای زاڵبوونی هه‌رێمه به‌سه‌ر خۆرئاوای نه‌ینه‌وا، که ده‌که‌وێته ناوچه‌ی شنگاڵ، که ئه‌و هه‌رێمه‌ش گرنگی ئستراتێژیکی بۆ کورد هه‌یه، هه‌م له روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌م لەڕووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا و خاڵێکی به‌هێزی پێوه‌ندی باشوور و رۆژئاوایه و ته‌نانه‌ت ده‌توانێت یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کورد له داهاتوودا گەرانتی بکات. لەڕاستیدا، زاڵبوونی کورد و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتبوونی له نهینهواو، به تایبه‌ت شاری مووسڵ، جگه له‌وه‌ی که ده‌توانێت له داهاتوودا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێم تا راده‌یکی به‌رچاو مسۆگه‌ر بکات، بوونی هێزی پێشمه‌رگه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد له‌و هه‌رێمه‌دا، ده‌توانێت توانای کورد و کارتی گه‌مه‌ی کورد له هاوکێشه سیاسیه‌کانی داهاتووی عێراق و ناوچه‌کەدا به‌شێوەیەکی به‌رچاو زیاد بکات. ئه‌و راستیه‌ش کە کاتێک باسی پرسی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان هاته ئاراوه و که‌وته بواری جێبه‌جێبوون، گرنگی خۆی ده‌نوێنێت، که هه‌ڵبه‌ت دیاره قیاده‌ی کوردی ئه‌مجاره و بهپێچەوانهی سه‌ده‌ی پێشوو له‌و راستیه ئاگادارن
.
له‌کۆتاییدا ده‌بێت بڵێین، مووسڵ و پارێزگای نه‌ینه‌وا ته‌نیا پارێزگایه‌کی ئاسایی سه‌ر به عێراق نیه، ته‌نانه‌ت بۆ تورکیا ئه‌وه‌نده گرنگ هه‌یه که ئانکارا به‌بێ ره‌زایه‌تی به‌غداد خۆی ئاوێته‌ی شه‌ڕه‌که کرد (که له‌م باسه کورتەدا ناکرێت باسی ئه‌و بابه‌ته بکه‌ین)، بۆ ئێرانیش و بۆ شیعه و سوونه‌ش گرنگه، به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا بۆ کورد ره‌نگه مووسڵ و به‌تایبه‌ت کۆنترۆلکردنی خۆرئاوای نه‌ینه‌وا کارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بێت، خه‌ونێک که کورد سه‌د ساڵه له پێناویدا قوربانی ئه‌دات. مێژوو جارێکی دیکه ده‌رفه‌تێکی بۆ کورد ره‌خساندووه، به‌ڵام ئایا سه‌رکردایه‌تی کورد ئاماده‌یه ئه‌مجاره بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی، به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی خۆی وه‌لا بنێت و خه‌ونی له مێژینه‌ی کورد بکات به واقعیه‌تی جیهانی سیاسه‌ت؟