راپۆرتی ژووری ئابووری ئاسۆی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە گەڵاڵەی نوێی دەوڵەت بۆ لانیكەمی حەقدەستی كرێكاران
ئاسۆی ڕۆژهەڵات:
لانیكەمی حەقدەستی هەرمانگی كرێكاران لە ساڵی 1395 هەتاویدا لە “712 هەزار تمەن بۆ 811 هەزار تمەن” دیاری و بەرزكراوەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگای ئێران هەر لە كرێكاران، خوێندكاران، چالاكانی مەدەنی، ڕۆشنبیران، ئەدیبان و نووسەران، سیاسەتوانان، ژینگە پارێزان و سەرجەم خەڵكی ئاسایی و كۆی كۆمەڵگا هەریەكە و بەپێی توانا و دەسەڵاتی پانتا پیشەییەكەیان پێویستە و ئەركە لەسەریان ئەم گەڵاڵەیە بە جدی وەربگرن و بەرامبەری بێدەنگ نەبن و كاریگەری كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ئەم گەڵاڵە لەسەر پیشەكانیان ڕەچاو بكەن. لایەنە پەیوەندیدارە فەرمیەكان و كرێكارانیش وەك چینێكی گەورە و كاریگەری كۆمەڵگای ئێران كە دەستیان هەیە لە جووڵاندن و بزواندنی باری پێكهاتەی ئابووری دەوڵەت و پێكهاتە و كوالێتی خوانی هەموو بنەماڵەكانی كۆمەڵگای ئێراندا لە قەدەر خۆیان لە ئاستی ئەم بڕیارەدا بەرنگاربوونەوەیەكیان دەربڕیوە. جێگای ئاماژەیە بەرپرسی ئەنجومەنی كرێكاران دەڵێت هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵەیەكی كرێكاری 4 كەسی لە ئێران 2″ میلیۆن و 700 هەزار تمەنە” ئەمەش ناكۆییەكی بەرچاو دەخاتە نێوان خەرجی بژێوی ژیانی ئەم بنەماڵانە و دیاریكردنی ئەم بڕە لە حەقدەستەكان.
ئەندامانی شورای باڵای كار كە لە نوێنەرەكانی حكوومەت، كارفەرماكان و ژمارەیەك لە رێكخراوە پیشەییەكانی كرێكاران پێكهاتووە، لە ڕۆژی چوارشەممە، 19 ڕەشەمەی ڕابردوودا بەدوای زیاتر لە 8 كاتژمێر كۆبوونەوە لەسەر دیاریكردنی بڕی بەرزبوونەوەی حەقدەست و مافی كرێكاران، لەسەر بڕی “14 لەسەد”ی بەرزبوونەوەی حەقدەستەكان ڕێكەوتن و هەروەها مافی پێدانی (بۆن)ی دابینكردنی كۆمەڵەیەتیان بۆ ساڵی 95 هەتاویی وەرگرتەوە.
لەدرێژەی تراژێدی دووبارەی پێشێلكردنی مافی كرێكاران و زەحمەتكێشان، ئەم جارەیش جیاوازیەكی وەهای لەگەڵ ڕابردوو نەبووە، چالاكانی كرێكاری بێدەنگ نەبوون و باسیان لەوە كردوە كە؛ بەرزبوونەوەی “14 لەسەد”ی لانیكەمی حەقدەستەكان لەگەڵ داهات و بژێویی ژیانیان بەرابەر نیە و ئەم بڕیاریە وەكوو چەپاندن و ستەمێكی ئابووری لەسەر كۆمەڵگای كەم داهات وەسف كرد، لە لایەكی دیكەشەوە عەلی ڕەبێعی، وەزیری كار ڕایگەیاندوە: بنەڕەتی پەسەندكردن و بەڕێوەبردنی ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی سێ كۆچكەی كرێكار، كارفەرما و حكوومەت دایە.
پەسەندكردنی گەڵاڵەی بەرزبوونەوەی “14 لەسەدی” لانیكەمی حەقدەستی كرێكاران لە ساڵی 95 هەتاوی و هەروەها وتەكانی بەرپرسانی حكوومەت لە بەرژەوەندی ئەم گەڵاڵەیەدا ناڕەزایەتی توندی كرێكاران و چالاكانی كرێكاری لێكەوتەوە، هادی ئەبەوی، سەرۆكی ناوەندی باڵای ئەنجومەنە سنفیە كرێكارییەكان، لە لێكدوانێكدا لەپەیوەند لەگەڵ ئەم یاسا پەسەندكراوە جەختی لەسەر ئەوە كردبووەوە كە: بە پەسەندكردن و بەڕێوەچوونی ئەم گەڵاڵە تەنیا دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی ئەنجومەنە سنفیە كرێكارییەكان لە بەرانبەر دەیان مێلیۆن كرێكار شەرمەزار بوو! ئەم چالاكە كرێكاریە بە ڕەسمی ڕایگەیاند: كۆمەڵگای كرێكاری بەم كردەوە ناڕازین و بە ڕوونی باسی لە كەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕژیم و هەروەها ناوەندە پەیوەندیدارەكان لەم پەیوەندەدا كرد.
غوڵام ڕەزا عەباسی، دەبیری ناوەندی باڵای ئەنجومەنە پیشەییەكان لە لێكدوانێدا ئاماژەی بەوە كردوە كە لانیكەمی ئەم حەقدەستە تەنانەت خەرجی 10 ڕۆژی ژیانی كرێكاران دابین دەكات و بەم پێیە ژمارێك لە بەرنامە ڕێژییەكانی بنەماڵە كرێكارییەكان وەكوو گەشت و گەڕان، سەیران و توانای كڕین و… لە ژیانیاندا بە بێ خواست و ویستی خۆیان حەزف دەبێت و بەشێوەیەكی بەربڵاو دەستیان لەم بەرنامە ڕێژێیە كورت كردووەتەوە، جگە لەم بەرنامە سەرەكیانە لەوانەیە لە گوشە و قەراخی شارەكان و هەروەها گوندەكاندا ئاستی خوێندن، ئاستی خواردەمەنیە جۆراو جۆرەكان لەو كێشە و گرفتانەن كە دەستەویەخەی ئەم بنەماڵانەن.
بەرزبوونەوەی بڕی 14 لەسەدی حەقدەستی كرێكاران، یان بەواتایەكی دیكە لە حەقدەستی “مانگی 711 بۆ 812 هەزار تمەن” لە كاتێكدایە كە ناوەندی لێكۆڵینەوەكانی مەجلس، هێڵی هەژاری لە ئێراندا بۆ “2 میلیۆن و 300” هەزار تمەن ڕاگەیاندوە و هەروەها ناوەندی ئاماری كۆماری ئیسلامیش بە فەرمی ئاشكرای كردووە: لە ساڵی 92 هەتاویدا هێڵی هەژاری 3 میلیۆن و 24هەزار و 100 تمەن بووە.
لە درێژەی لێكۆڵینەوەكان لە ناوەندە ڕاگەیاندنەكانی كۆماری ئیسلامیدا، ڕۆژنامەی “ئێعتماد” نووسراوەیەكی بڵاوكردووەتەوە كە ئاماژەی بەوە داوە “لانیكەمی بژیوی ژیانی كرێكاران لە ئاستی مامناوەندی نرخەكاندا دەبێتە: ڕۆژانە 71 هەزار و 491 تمەن و ئەمەش بە مانای ئەوەیە كە لە مانگێكدا “2 میلیۆن و 115 هەزار تمەن” خەرجی هەر بنەماڵەیەكی كرێكاریە، بەڵام پیشاندانی ئەم ڕێژەیە وەكوو خەرج بۆ بژیوی ژیان و لە بەرانبەردا بەرزبوونەوەی 14 لەسەدی حەقدەستی كرێكاران نیشان دەدەری ئەوەیەكە داهاتی مانگانەی كرێكاران لە باشترین باروودۆخدا دەتوانێت تەتانەت نیوەی بژیوی ژیانیان دابین بكات” جێگای باسە كە ئەم دابینكردنی نیوەی خەرجی ژیانی كرێكاران لە كاتێكدایە كە مووچە و حقوقی مانگانەی كرێكاران لەسەر وەخت و كاتی خۆیدا بدرێت بە ڕۆژ و مانگ دوا نەكەوێت.
لەلەلایەكی دیكەشەوە ژمارەیەك لە هەواڵنێریەكانی كۆماری ئیسلامی ئاشكرایان كردوە: ئەندامانی گرووپی كرێكاری شورای باڵای كار باس لەوە دەكەن كە پێشنیار كرابوو سەبەدی “2 میلیۆن و 200 هەزار تمەنی” وەكوو بژێوی ژیانی كرێكاران ببێت بە بنەمای بەراوردی بڕی حەقدەستی ساڵی 95! بەڵام لە بەڕێوەچوونی وتووێژەكان و كۆبوونەوەكانی گرووپی تایبەت بە دەوڵەت بە ئاماژەدان بەو خاڵەی كە هەڵاوسانی پێشبینیكراو بۆ ساڵی 95 رەقەم و ڕێژەیەكی نزیك بە “10.5” لەسەد دەبێت، واتە ڕێگرە لەبەردەم ئەم داواكاریە و داواكاری زیاتر بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی حەقدەستی كرێكاران.
حكوومەت و كارفەرماكان بەڕێوەچوونی ئەم گەڵاڵەیان بەدڵە و لێڕازین
ڕوونە كە بەرپرسانی حكوومەتی و ساحێب كارەكان لە پەسەند و بەڕێوەچوونی ئەم گەڵاڵە پەسەند كراوە ڕازین. فەتحوڵا بەیات، بەرپرسی یەكێتی كرێكارانی پەیمانی و قەراردادی، ڕایاگەیاندوە: ئێمە (كۆمەڵگای كرێكاری) لە دەوڵەت كە وەكوو كارفەرمای گەورە و سەرەكی دەناسرێت و هەروەها لە نوێنەری كارفەرماكان چاوەڕوانمان دەكرد كە ئەم ئامارانە بۆ پەسەندكردنی بڕیاری خۆیان لە بەرچاوبگرن بەڵام ئاشكرا بوو كە وایان نەكرد و ئێمەش وەكوو یەكێتی كرێكارانی پەیمانی شاهێدحاڵێ ئەوە بووین كە حكوومەت لە پشتی پەردەوە وەستاو كارفەرماكان بە پشتگیریی و دەستێوەردان ڕاستەوخۆی حكوومەتەوە ئەمساڵیش هاودەنگ، هاوبەست و یەكپارچە بوون بۆ ئەم هەڵكشانە نادادپەروەرانە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاستی مافی كرێكاران و لانیكەمی بڕی حەقدەستەكانیان لەم ساڵدا.
بە وتەی فەتوحوڵا بەیات؛ لە كۆبوونەوەكانی دیاریكردنی بەرزبوونەوەی بڕی حەقدەست لە شورای باڵای كاردا، قسە و لێكدوانە نێگەتیڤەكانی دەوڵەت و كارفەرماكان لەسەر دۆخی ئابووری وڵات و باسكردن لەسەر بێ هیوایی بە ئابووری و بوودجە، ئەم هەستەی لا درووسكردین كە ئابووری وڵات ئیفلیج بووە و هیچ رێگایەك بۆ دەرچوون لەم ئێفلیج بوونە، لە ئارادا نیە و ئابووری وڵات لەوەی كە هەیە لاوازتر و نەزۆكترە.
مورتەزا ڕەجەبی، جێگری سەرۆكی ناوەندی ئەنجومەنە پیشەییەكانی كارفەرمایی ئێران، دەڵێت: شورای باڵای كار بە پێی دەنگی 3 شەریكی كۆمەڵایەتی و پیشە(واتە سێ كۆچكەی دەوڵەت، كارفەرما و كرێكار) بڕیاردەرن و لە زۆربەی بڕیارەكاندا دەوڵەت و كارفەرماكان هاو بیر و ڕان و ئەمەش لەخۆیدا بەو مانایە كە پرۆسەی دەنگدان نایەكسانە و هیچ چەشنە یەكسانیەك بۆ دەنگدان و پەسەند یان پەسەندنەكردنی بڕیارەكان لە لایەن نوێنەرانی كرێكارانەوە بوونی نیە و دەوڵەت و كارفەرماكان وەك هەمیشە و بە شێوەیەكی موتڵەق و چەپێنەر زۆرینەی دەنگن.
دەنگی نوێنەرەی كرێكاران لە شورای باڵای كار هیچ كاریگەرییەكی نیە
بەرپرسانی دەوڵەتی هیچ چەشنە تێبینیەكیان لەسەر ئەم گەڵاڵە نیە و هەست بەوە ناكەن كە ژیانی دەیان میلیۆن بنەماڵە لە ڕێگەی ئەم گەڵاڵە تازەوە دەكەوێتە باروودۆخێكی نالەبار و ناجێگیری توندەوە. عەلی ڕەبیعی، وەزیر كار و بەرپرسی شورای باڵای كار، لە پشتیوانیكردن و پارێزگاری لەم گەڵاڵە تازە پەسەندكراوەی ئەم شورایەدا گوتی: بنەڕەتی ئەم بڕیارە بە قازانجی كرێكار، كارفەرما و دەوڵەتە و لە ڕێگەی ئەم ئاست و بڕە لە بەرزبوونەوەی حەقدەستەوە، كار و بەرهەمهێنان دەكەوێتە دۆخێكی باشترەوە و دەتوانێت پەرەبستێنێت.
ڕەبیعی باسی لەوەش كردوە زۆر كەس بەجۆرێك هەوڵیاندا نیشانی بدەن كە دەوڵەت تەنیا پشتیوانی و لایەنگری لە كارفەرماكان یان كرێكاران دەكات، بەڵام ئەمڕۆ ئاشكرا بوو كە ئێمە(دەوڵەت)، كارفەرماكان و كرێكاران شان بە شانی یەكتر تێدەكۆشن بەرژەوەندیەكانی نیزامی پیرۆزی ئیسلامی بپارێزن و ڕایگرن.
جگە لە وەزیری كار، بەرپرسی ڕێكخراوی تەئمینی ئجتماعی، جێگرانی وەزارەتی پیشەسازی، كانگا و بازرگانی، لە شورای باڵای كار ئەندامن، نوێنەرانی ڕێكخراوە كرێكاریەكانیش وەكوو لایەنی دیكەی شورای باڵای كار خاوەن ئەندامەتین، ئەم بازنە دەبێتە 2 بەرەی لێكجیاواز، بەرەی یەكەم دەوڵەت و كارفەرماكان و بەرەی دووهەم بەرەی كرێكاران. جێگای باسە كە لە زۆربەی پیلانەكان و گەڵاڵەكان بەتایبەت لەم گەڵاڵەیەدا كە باسی لێ دەكرێت دەوڵەت و كارفەرما وەكوو 2 لایەنی هاوتەریب و هاوشان لە پرۆسەی دەنگداندا یەكدەنگبوون و دەنگی كرێكاران هیچ چەشنە كاریگەریەكی لەسەر پەسەندكردن و تەنانەت چۆنیەتی بەڕێوەبردن گەڵاڵەكە نەوبووە.
لەلایەكی دیكەشەوە، فەرامەرز توفیقی، ئەندامی دەستەی باڵای نوێنەرانی كرێكاران ئێران و ئەندامی گرووكاری حەقدەستی ساڵی 95 هەتاوی لە شورای باڵای كار، لەسەر پەسەندكردنی بڕی 14 لەسەدی بەرزبوونەوەی لانیكەمی حەقدەستەكان لە ڕۆژنامەكانی ئێراندا ڕایگەیاندبوو: واژۆی نوێنەركانی كرێكاران هیچ كاریگەریەكی لەسەر پەسەندكردنی ئەم گەڵاڵەیەدا نەبووە و لەدواجاریشدا تەنانەت لە ئەگەری واژۆنەكردنی ئەم گەڵاڵە لە لایەن نوێنەرانی كرێكارانیشەوە هیچ كێشە یان گرفتێك لەهەمبەر پەسەند یان پەسەندنەكردنی ئەم گەڵاڵە نەدەهاتە ئاراوە و كاریگەریشی نەدەبوو.
وەك تۆفێقی دەڵێت: ئەم هەوڵە جارێكی دیكە لە یەكەمین ساڵی بەڕێوەچوونی پیلانی یارانەكان لە خۆلی سەرۆك كۆماری “مەحموود ئەحمەدی نژاد”دا درا و نوێنەری كرێكاران لە واژۆكردنی بڕی بەرزبوونەوەی ئاستی 7 لەسەدی حەقدەست، لە ساڵێكیشدا كە هەڵاوسان پتر لە ساڵانی دیكە بوو، كشانەوە و دەسبەرداری بوون.
جێگای بیرهێنانەوەیە لەو كاتەدا دەوڵەت یاسای بەم ئاراستەیەدا گۆڕی كە بازنەی نوێنەرەكانی دەوڵەت لە 3 كەس بۆ 5 كەس پەرە بستێنێت و لەلایەكی دیكەشەوە یاسایەكی پەسەندكرد كە لە ئەگەری ئەوەی كە سەرجەم نوێنەرەكان ئامادە نەبن بۆ واژۆكردنی گەڵاڵەكە و باقی دەنگەكان ئەرێنی بێت هیچ بەربەستێك بۆ پەسەندكردنی گەڵاڵەكە لە ئارادا نیە.
فەرامەرز تۆفێقی ئەمەشی زیادكرد كە: لە دوایین كۆبوونەوەكاندا، نوێنەرانی دەوڵەت لە ڕێگەی لایەنگریكردن لە نوێنەری كارفەرماكان دەنگیاندا كە لە ئاكامدا 8 كەس، واتە 3 نوێنەری كارفەرماكان و پێنج نوێنەری دەوڵەتی دەنگی ئەرێنیان دا و دوابەدوای ئەوەش بەرپرسانی دەوڵەتی ڕوولە نوێنەری كرێكاران ڕایانگەیاند كە ناڕەزایەتی دەرنەبڕن و گەڵاڵە پەسەندكراوەكە واژۆ بكەن، بەڵام بەپێچەوانە نوێنەرانی كرێكاران نەچوونە ژێرباری ئەم حوكمە چەپێنەرانەوە و دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕین و گەڵاڵە فەرمایشیەكەی دەوڵەت و كارفەرماكانیان پەسەند و واژۆ نەكرد، لە درێژەدا ئەمە خاڵە جێگەی سەرنجە كە لە نێوان نوێنەری كرێكاراندا تەنیا یەك نوێنەریان ملی كەچ كرد و دانی بەم گەڵاڵەیەدا ناو پەسەندیشی كرد كە ئەمە بۆخۆی و سەرجەم چالاكانی كرێكاری و نوێنەری كرێكاران و كۆی كۆمەڵگاو چینە جۆراوجۆرەكانی بووبە مایەی پێكەنین و سەرسووڕمان.