سیاسەتی ڕزگاریبەخش، کەبوودوەند و هاواری فەلاقەکراوەکان

سیاسەتی ڕزگاریبەخش، کەبوودوەند و هاواری فەلاقەکراوەکان

دەربارەی دەوڵەتی بەنەوش و کلیلی مەجیک

هاوڕێ یوسفی



بەهەر ڕادەیەک گۆمەڵگا پشت بە پارە دەبەستێت، لەقازانجی ئێمە کەم دەبێتەوە.

مانیفێستی مانگرتنی پاریس، دێسەمبری 1955

ناتوانیت دڵۆپە خوێنی ئامریکایەک بڕێژی مەگەر ئەوەی خوێنی هەموو دنیات ڕژاندبێت... خوێنی ئێمە وەک ڕووباری ئامازۆن وایە کە لەهەزاران خوڕەی پاک پێکهاتووە و هەموویان دەچنە یەک ڕووبارەوە. ئێمە نەتەوەیەک نین بەقەد پانتایی جیهان؛ مەگەر ئەوەی کە وەک مێلکیزید(پاوشای شار) لامان وابێت دنیا هی پاشاکەمانە. ئێمە بێ دایک و بابین. ڕەچەڵەکمان لەناو چووە... ئێمە میراتگری هەموو زەمەنەکانین، و میراتەکەمان لەگەڵ هەموو نەتەوەکاندا بەشدەکەین.

هێرمان مێلویل


ئێرانی پۆست بەرجام یان باشتر وایە بڵێین ئابووریی سیاسی ئێران پاش بەرجام، بەپێچەوانەی لێشاوەی ڕای ئەقڵە لەرزۆک و ئەو خەڵکە ڕووکەشی و ڕەشۆکیەی کە پێیان وابوو کرانەوەیەکی گەورەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری لەدوای سازانی ئەتۆمیەوە دێتە ئاراوە و کۆی ئەو بەربەست و لەمپەرانەی دوو دەوڵەتە جادوویی و لاهووتیەکەی ئەحمەدی نژاد درووستی کردبوو تێکی شکاندووە نەک دەلاقەیەک بەڵکوو جیهانێکی تازەی بەڕووی ئێرانێکی تازەدا کردۆتەوە و نەک هەموو بەڵکوو زۆربەی پڕۆژە پەککەوتووەکان دەبووژێنەوە و بای بەهارە خووڕەمێکی بەپێت لەناو کارگە و کارخانەکان، جادە و پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکان، ئابووری کشت و کاڵ، بازاڕ، دەرمان، مڵک و ماڵ و خزمەتگوزاریە گشتیەکاندا هەڵدەکات. کەم نین ئەوانەی پێیان وایە ئەم جیهانە نوێیە دەسکەوتێکی گەورەی سیاسەتی دەرەکیی دەوڵەتی بەنەوشە و کلیلی چارەسەریی جیهانێکی ناسووتیشی بەدەستە.


یەکێک لە عادەتە هەرە بەردەوام و هەمیشەیەکانی کۆماری ئیسلامی لەدرێژەی نزیک چوار دەیە تەمەنیدا ئەوەیە کە هەر کات و بەهەر ڕادەیەک کێشە دەرکیەکانی کەم ببێتە بەهەمان ڕادەش گوشارەکان لەناوخۆی ئێراندا تووندتر دەبنەوە و کەشەکە لەوەی کە هەیە سامناکتر و ترسناکتر دەکرێتەوە. پێویست بەوە ناکات بەڵگە بۆ ئەم حوکمە بهێنینەوە، هەر ئەوەندە بەسە لاپەڕەی گووگڵ بکەینەوە و ڕستەیەکی وەک دۆخی ئابووریی ئێران، ئاماری ئێعدام، دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی، بێسەروشوێنیی چالاکانی پانتای سیاسەتی ڕەسمی و ناڕەسمی، کوژرانی کۆڵبەران، سەرکوتی چالاکانی ژینگەپارێز و لەکۆتاییدا چەپاندنی خواستی بەرحەقی چالاکانی مانگرتووی مافی مرۆڤ و فەلاقە کردنی کرێکارانی پێبدەین بۆ سێرچ و چاو لەو لاپەڕە زۆر و زەبەندانە بکەین کە بۆمان دەهێنێت و بەبێ ترس و شەرم بۆمانی ڕیز دەکات.

ئاشکرا و ڕوونە کە ئابووریی سیاسی دەوڵەتی یازدەهەم و جووڵە و هەڵسووکەوتەکانیشی لەلایەکەوە درێژکراوەی دەوڵەتی سازەندەگی و بەڕێوەبردن و بەرقەرارکردنی هەرچی زیاتری بەرنامە و گەڵاڵەی تەعدیلی ساختاریە و کەڵکوەرگرتن لە ڕاوێژکاران و بەرپرسان و کارگێڕانی خول و بڕگەی سازەندەگیی و موقەدەسکردن و بەرهەمهێنانی بیرمەندان و پێغەمبەرانی تەعدیلی ساختاری و بازاڕی ئازاد و نیۆلیبراڵیزمی ئابووری و هاوکاریکردنی پێشڕەوانە و قووڵی سندووقی نێودەوڵەتی دراو، سەلمێنەری ئەم ڕاستیەیە و لەلایەکی تریشەوە گەڵاڵەکردنی سیاسەتە گشتیەکانی بەرنامەی شەشەمی تەوسەعە، لەهەناوی دەوڵەتی یازدەهەم و جەخدکردنەوە و بەدواداچوونی پەیگیرانەی خوسووسی/پووڵیکردنەوەی بەرپرسیارێتی و کارگێڕیە کۆمەڵایەتیەکانی دەوڵەت و کاڵاییکردنەوەی بەشی هەرەزۆری پانتاگەلێکی کۆمەڵایەتی وەک پەروەردە، بێهداشت، خزمەتگوزاریە گشتیەکان و هەگبەی خانەنشینکراوەکان و هەروەها پێداگرتنی ئۆرتۆدۆکسی لەسەر ڕکابەریکردنەوە و ململانێی نرخەکان، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم گۆڕانکاریانەن.


لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا حوکمی دانی جەزای نەقدی و فەلاقەکردنی 17 کرێکاری وەرزی کانگای ئاڵتوونی ئاق دەرەی تێکاب، سەربە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کە لەڕێگەی شوعبەی110ی دادگای تاوانی تێکاب و شوعبەی پێداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاواوە دەرکرا، بەهەڵپە و پەلە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو کرێکارانەی کە ڕێژەیان 350 کەس بوو لەمانگی بەفرانباری ساڵی 1393 لەڕێگەی کۆمپانی پوویا(پەیمانکاری سەرەکی کانگاکە) زەڕکانەوە هەرکە گرێبەستەکەیان کۆتایی دێت دەردەکرێن. ڕۆژی شەشی بەفرانبار بەرامبەر کۆمپانیاکە گرد دەبنەوە و ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە دەرکردنیان لەسەر کارەکانیان دەردەبڕن و هاوکات پاسەوانەکانی کۆمپانیاکە پەلاماریان دەدەن و هێرش دەکەنە سەریان. لەسەر و بەندی ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیەدا لەنزیک کاتژمێر8دا یەکێک لە کرێکارەکان کە بەهۆی ڕەفتاری دەمارگرژانە و تووندی پاسەوانانی کۆمپانیاکە و ئەو گوشارە ڕۆحی و دەروونیەی کە، لەعەزرەت بێکاربوون و بێهیوایی لەوەی کە ناتوانێت بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی دابینبکات، تووشی دەبێت هەوڵدەدات خۆی بکوژێت و گیانی لەم میحنەت و ئازارانەی کە پێوەی زنجیرکراوە بپسێنێت و کۆتایی پێبهێنێ. سیستمی دادوەریش وەک هەمیشە و بەپێی عادەتی لەمێژینەی خۆی، دەقاودەق حوکمی لەپێناو تاوانباربوونی ئەم17کەسە، کە پێشتر خاون کارەکەیان و پاسەوانی کۆمپانیاکەوە سکاڵایان لەهەمبەر کرێکاران تۆمار کردبوو، دەرکرد. هەریەکە لەم کرێکارانە لەسەرەتای دادگایاندا بە 75 زەربە شەلاق و 5ساڵ زیندان مەحکووم کران و لەدادگای پێداچوونەوەدا حوکمەکانیان دابەزی بۆ 50 زەربە شەلاق و 37 مانگ حوکمی تەعزیری کە لەداواجاردا خاوەن کارەکەیان لەبەشێکی حوکمی کرێکارەکانی خۆش بوو و لەڕێگەی دەرفەتی لێبوردنی گشتیەوە، سزای زیندانکرانی کۆی کرێکارەکان سڕایەوە و تاوانی دانی بڕی پارەی 500 هەزار تمەن و شەلاقەکە پەسەندکرا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەحید یاری پارێزەری دۆسیەی ئەم کرێکارانە، ڕایگەیاند لەدادگای پێداچوونەوەدا تاوانبارابی ڕەدیفی یەکەم تا پێنجەمی ئەم دۆسیەیە 100 زەربە شەلاق و 37 مانگ حەبسی تەعزیری و تاوانبارانی ڕەدیفی شەشەم تا هەشتەم 50 زەربە شەلاق و 37 مانگ حەبسی تەعزیریان بۆ بڕاوەتەوە. ئەو خاڵانەی کە ببوونە جیگای سکاڵای خاوەن کارەکە بەگشتی بریتیبوون لەم خاڵانەی خوارەوە: بەرگیریکردن و پەژیوانکردنەوەی خەڵکەکە بۆئەوەی نەچنە سەر کارەکانیان لەڕێگەی ئاژاوەنانەوە و سازکردنی بشێوی، ئەتککردنی پاسەوانی کۆمپانیاکە، دڕاندنی جلوبەرگی کار و وەستاندنی نایاسایی پاسەوانی کۆمپانیا، شکاندنی ئەنقەستی تابلۆی کۆمپانیا. هەرچەندە بەپێی بەڵگەنامەکانی(ILO) ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کار، کە کۆماری ئیسلامی بۆخۆی دانی پێداناوە، دەربڕینی ناڕەزایەتی وڕێپێوانی کرێکاران مافی بیئەملاوئەولای خۆیانە و کەس بۆی نیە ئەم مافەیان لێ زەوت و پێشێلی بکات، بەڵام سەرباری ئاگاداری سیستم لەم بابەتە وەک هەموان لێی بەئاگان سەرکووتی بزووتنەوەی کرێکاری گەیشتۆتە لووتکە و مونتەهای توودڕەوانە و ئێفراتی خۆی.


سەرەتای ساڵی 1395 و بەدیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لەم ساڵەدا، دەنگ و هەرایەکی زۆر سەبارەت بە ناهاوتەریبی و هاوسەنگنەبوونی بڕی دیاریکراوی لانیکەمی حەقدەست لەگەڵ هێڵی هەژاری و بژێوی ژیانی کرێکاراندا هاتەئاراوە و وەک هەمیشە تێلێسمی سێکۆچکە و موسەلەسی فۆرماڵی نوێنەری دەوڵەت و کارفەرماکان و کرێکاران لەڕێگەی پاڵپشتیی قورس و قایمی سەرکوتی سیستماتیک و سیستمیکەوە توانی بەربە تەقینەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکاریەکان بگرێت و نەهێڵێن نوێنەرانی ڕاستەقینەی کریکاران بێنە مەیدانەوە و سنوورە قایمەکان و تێلێسمی ئەم سێ کۆچکە شوومە بشکێنن. ئاسانە لەوە تێبگەین کە سەرکووتی وتەزای لانیکەمی حەقدەست بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتە و پایە ئایدیۆلۆژیکەکانی دەوڵەت و شێوازی ڕوانینی بۆ دونیا، بەشەکەی تری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دابەزین و دێپرێسیۆنەی کە بەشێوەیەکی جەوهەری کە وەک خوێن بە شادەمارەکانی ئابووری ئێراندا دەگەڕێت و دەوڵەت و سیستم دەیەوێت لەڕێگەی سەرکوت و فەلاقەکردنی خەڵکەوە کپی بکات. فەرامەرز تۆفیقی لەلێدوانێکی لەم پەیوەندەدا لەڕێگەی ئاماژەدان بەئاماری وەزارەتی بێهداشت سەبارەت بە مەترسیی گەورەی سترێس و کێشە ڕۆحی و دەروونیەکانی ئەوانەی حەقدەست وەردەگرن دەڵێت: هەنووکە 95 لەسەدی ئەوانەی حەقدەست وەردەگرن لەبەردەم کەڵکەڵە و هەڕەشەی دابینکردنی بژێوی ژیانیاندان. هەوڵی خۆکوژی سێ کەس لە ناڕازیانی کۆمپانیای کانگای ئاڵتوونی ئاقدەرەی تێکاب، کە بەرپرسانی پەیوەندیدار نەچوونە ژێر زەختی پرسێکی واوە و ڕەتیان کردەوە، سەلمێنەر و دەرخەری ئەم واقیعە ترسناکەن؛ واقعێک کە بەدواهاتی ڕاستەوخۆی سیاسەتی نیۆلیبراڵین لەپانتای ئابووریی سیاسی دەوڵەتی بەنەوش و تەعدیلی ساختاری و دەمارگرژانەی هێزی کاری کۆمپانیای کانگای ئاڵتوونی ئاق دەرەی تێکاب و لەکۆتایشدا فەلاقەکردنیان.


ئێستە بابزانین دەوڵاتی بەنەوش و کلیلە مەجیکەکەی لەپانتای سیاسیدا چی پێیە پێشکەشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردستانی بکات. زیاتر لە 9 ساڵ زیندان و زیاتر لە 23 ڕۆژە محەممەد سدیق کەبوودوەند(1)، چالاکی مافی مرۆڤ و سەرۆکی ڕێکخراوی ماڤی مرۆڤی کوردستان، مانی لەخواردن گرتووە و ژیانی تا دوا ڕادە لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیەکی گەورەدایە و کەس نیە گوێ لەهاوار و خواستەکانی بگرێت و وڵامیان پێبداتەوە. جێگەی ئاماژەیە لەسەرەتادا ئەو خاڵە ڕوونبکەمەوە کە لەدیدی نووسەری ئەم دێڕانەوە کەبوودوەند_لەسەردەمێکدا کە چالاکانی ماڤی مرۆڤ، فەست تینکەر و بیرمەندانی فەوریی و فەوزەوی فەزای مەجازی و داڵە گەردشگەرە ئێلێکترۆنیکیەکان و بەرخۆرانی ئانلاینی کارەسات و لەسەرووی هەموویانەوە باڵای کورتی دیدبانانی حقووقی بەشەر، پێگەی نزم و بێڕێزکراوی مرۆڤ لەو جیهانەدا نابینن کە ڕۆژانە و تا دوا ڕادە مرۆڤ و جیهانەکەی لە مونتەهای کاولکردنی خۆیان و یەکتردان و فۆرماڵیزمی مافی مرۆڤ، وەک بەتاڵترین و پووچترین چەمک لەپانتای سیاسەتی هاوچەرخ و باڵادەستی جیهانی، لەگەرووی مانگرتوو وشکەڵاتووی کەبوودوەندا غەرغەرە نەکەن و بەرگی ئەم مافە نیمچە بوورژواییە نەکەن بەبەری ئەم هەیکەلە تێکشکاوەی بەشەردا_ لەمێژە لانیکەم لەڕووی ناوەرۆکی مێژوویەوە، تا ئەو شوێنەی بۆ ئەو دەگەڕێتەوە، چیتر لەپۆلێنبەندی و چوارچێوەی بەرتەسک و ژێلاتینیەی مافی مرۆڤدا جێگەی نابێتەوە و بەرگی ئەم دەستەواژەیە لەبەریدا شیتاڵ شیتاڵ بۆتەوە و سنوورەکانی ئەم دەستە واژەیەی ترازاندووە.


کەبوودوەند پتر هێمای ڕەزمەندەیەکی پێشڕەوە کە پەیگیرانە لەبەر ژیان شان لەشانی مەرگ ئەسوێ، خەباتکارێکە جەستەی هاوتەک و جووتە لەگەڵ ناوەرۆکی مێژوویی خەباتێکی مێژوویدا، مێژوویەکە هاوتەک و جووتە لەگەڵ چەکەکانیدا، چەکێکە هاوتەک و جووتە لەگەڵ خەباتەکانیدا و لەکۆتاییدا دەنگی پەیگیر و بەبڕستی فەلاقەکراوەکانی تێکاب و هاوبەندی و هاوشانە بێسەر و شوێن و دەنگە کپکراوەکانیەتی. لام وایە لەمێژە میدیا و تێلێڤیزیۆن و ڕاگەیاندنە مۆنۆپۆلی و پاوانخوازە زەبەلاحە چەپ و ڕاستە باڵادەستەکانی مەرکەز و سەربە مەرکەز_بیبیسی و ڤیۆئەی و سایت و ماڵپەڕە جۆراوجۆرەکان_ بەم خاڵە جەوهەریەیان زانیوە و بەردەاوم ئەم چەشنە هەواڵانە سەرکوت دەکەن و نایانەوێت بەرجەستە و زەقی بکەنەوە.

ئەگەر بمانەوێت دۆخی کرێکارانی ئاق دەرە و کەبوودوەند لەچەمکێکدا کۆوەکەین ئەو چەمکە هیچ نیە جگە وەلانان یان سەرپێچی(refusal). هێرمان مێلویل، چیرۆک نووسی ئامریکایی، چیرۆکێکی هەیە لەژێرناوی (پێم باشە نەیکەم)دا. ئەم چیرۆکە گەلەک بەناوبانگە و زۆربەی بیرمەندان و فەیلەسووفان لەسەری دواون و بۆتە جێگەی سەرنجیان و لەسەری نووسیویانە. ڕۆژێک خاوەن کارەکەی داوای لێدەکات بەڵگەنامە یان سەنەدێکی بۆ بەراوەرد بکات و ئەویش زۆر لەسەرەخۆ لەوڵامیدا دەڵێت: پێم باشە نەیکەم... ڕازی چیرۆکی کلاسیکی هێرمان مێلویل لە ڕەهابوونی سەرپێچی (refusal) دایە، کاتێک کە بەرپرسی بارتێلی داوای لێدەکات کە کارەکانی بەڕێوە ببات، ئەو بەئارامی، پەیتا پەیتا دووپاتی دەکاتەوە:( پێم باشە نەیکەم) کەسایەتیی ئەم چیرۆکەی مێلویل، پەڕاوپڕ لەگەڵ نەریتی دوور و درێژی سەرپێچیکردن لەکاردا دێتەوە و تەبایە. هەڵبەت هەموو کرێکارێک خوازیاری وەلانان و سەرپێچیکردنە لە باڵادەستی و زاڵییەتی بەرپرسەکەی، بەڵام بارتێلبی ئەم خواستەی بەشێوەیەکی ئێفراتی و تووندڕەوانە دێنێتە ئاراوە. ئەو ناچێتە ژێرباری ئەم یان ئەو بەرپرسیارێتیەوە، و هیچ هۆکار و بەڵگەیەکیشی نییە بۆ ئەم وەلانان و سەرپێچیە، ئەو تەنیا لەڕووی بەگرینگ نەزانین و هەروەها بەشێوەیەکی تۆکمە بەرپرسیارێتی وەلادەنێت و سەرپێچی لێدەکات. لەڕاستیدا ڕەفتاری بارتێلبی ئاشتی خوازانەیە، تا ئاستێک لەبەر ئەم هۆکارە کە گەلەک لەسەرەخۆ و بێدەنگە؛ بەڵام زێدەباری ئەمە لەبەر ئەوەی وەلانان و سەرپێچیەکەی ئەوەندە بێپەڕ و ناکۆتایە کە دەبێتە وەلانان و سەرپێچیەکی موتڵەق و ڕەها و بەتەواوەتی (نەکردن)بەباشتر دەزانێت.


بەپێی ڕەچاوکردنی ئارەزوو و ئاراستەی تووندی مێلویل بۆ مێتافیزیک، جێی سەرسووڕمان نییە کە بارتێلبی هەڵگری کۆمەڵێک ڕاڤەی ئۆنتۆلۆژیکالیشە. وەلانانەکەی بارتێلبی ئەوەندە ڕەهایە کە بارتێلی بەتەواوەتی خاڵی و بەتاڵ دەردەکەوێت و دیارە، مرۆڤێکی بێکەڵک و کەڵکبڕاو، یان بەو جۆرەی کە فەیلەسووفانی ڕێنێسانس پێیدەڵێن مرۆڤی ڕووت (homo tantum). بارتێلبی لە پەسیڤیزم و کەمچووستی ڕووتی خۆیدا و لەوەلانانی کۆی پاژەکاندا لەگەڵ هەیکەلی بوونێکی جۆرەکیدا ڕووبەڕوومان دەکاتەوە، واتە بوون لەمانا وردەکەیدا نەک شتێکی فرە و زیاتر. (بارتێلبی) لە ڕەوتی چیرۆکەکە ئەوەندە لەخۆیدا خاڵی و بەتاڵ دەبیتەوە- گەلەک نزیکتر و نزیکتر لەمرۆڤی ڕووت، (neked humanity) ژیانی ڕووت و بوونی ڕووت – کە وردە وردە وشک و سیس دەبێت و لە قووڵایی و بنەبانی ڕیسواکەری مەنهەتێن و تۆمبزدا لەناودەچێت.

بۆ ئەوەی ڕەهەندێکی مانایی دیکە لە چەمکی سەرپێچی و وەلانان لەپەیوەندیدا بەدۆخی بابەتی، مانایی/مێژوویی کەبوودوەند بخەینەڕوو، کەڵک لە ڕۆمانێک وەردەگرین کە لەڕووی ستراتێژیکەوە هاریکارێکی گەلێک بەهێزە بۆدەربڕینی ڕوو و سیمایەکی دیکە لە سەرپێچی و خەیاڵدانی کەبوودوەند، بارتێلبی و ڕەچەڵەکی تووڕەیی فەلاقەکراوەکان و جەستەی ئەنجن ئەنجن کراویان.

ج.م.کۆێتزی، ڕۆمانێکی سەرەنج ڕاکێشی هەیە لەژێرناوی، ژیان و ڕۆژگاری مایکێل کافدا. مایکێل کاف بەکورتی هەیکەلی وەلانان و سەرپێچیەکی موتڵەق و ڕەهایە. لەحاڵێکدا کە بارتێلبی بەبێ جووڵە و تا ڕادایەک لەدۆخی پەسیف و کەمچووستی خۆیدا ون و سەرلێشێواوە، کاف بەردەوام ئامادە و بزۆزە. مایکێل کاف باخەوانە، مرۆڤێکی سادە و ساکارە کە پێدەچێ سەر بەم جیهانەش نەبێت. ئەو لە وڵاتێکی گریمانکراودا، کە لەبەر جەنگە ناوخۆییەکان دابەش و پارچەپارچەیە، لەنێوان قەفەسەکان و پەرژینەکاندا ڕاگیراوە و بەرپرسەکان سەیتەرە و وێسگەی پشکنینیان بۆ داناوە. مایکێل کاف تەنیا بۆ گەیشتن بە بزووتنێکی ئەبەدی ئەم لەمپەرانە وەلانانێت. پەرژینەکان بەباشی ناتوانن بەربە بزووتنی بگرن؛ وا دەردەکەوێت ئەم پەرژینانە ژیان دەوەستێنن و لێرەوە ئەویش بەتەواوەتی هەموویان وەلادەنێت و سەرپێچیان لێدەکات تاکوو ژیان بجووڵێنێت، ئەوەی کاف لەڕاستیدا عەوداڵیەتی، ئەمەیە کە کوولەکەکانی گەورە بکات و بێستانە چۆڵەکان بژینێتەوە. وەلانانی باڵادەستیەکان لەلایەن کافەوە بەهەمان ڕادەی وەلانانی ئەو (شت)انەیە کە لەلایەن بارتێلبیەوە ڕەها و موتڵەقە، و ئەم مووتڵەقی و ڕەهاێتیە گەشەکەر و ساکارە نزیکی دەخاتەوە لە پاکایەتیەکی ئۆنتۆلۆژیکاڵەوە. هەروەها نزیک دەبێتەوە لە؛ (ڕۆحێکی مرۆیی، لەسەر و لەژێری هەموو پلە بەندییەکانەوە) کە لێرەوە و بەم پێیە دەبێتە homo tantum ێکی تەواو.


ئەم مرۆڤە سادانە و هەروەها وەلانان و سەرپێچیە ڕەها و موتڵەقەکانیان، نەفرەت و ڕەقی ئێمە لە باڵادەستی دنەدەدەن و دەیورووژێنن. وەلانانی کار و باڵادەستی، یان لەڕاستیدا وەلانانی کۆیلەیەیکی هەڵبژێردراو، سەرەتا و دەستپێکی سیاسەتی ڕزگاری بەخشە. ساڵەها پێش ئەوان، ئێتیێن دۆلابۆێتی ڕێک ستایشی سیاسەتی وەلانان و سەرپێچیەکی وەهای کردووە: ( بڕیار بدە چیتر لەمە زیاتر خزمەت نەکەیت، و پاش ئەمە ئازاد دەبیت. نامەوێ تۆ ستەمکاران بتلێنیت و بخەیت، بەڵکوو چیتر پشتیوانیان لێ مەکە.[کاتی خۆی] دەیانبینیت، وەک بۆنەوەرێکی زەبەلاح کە کۆڵەکەکانی [ژێر پێی] لابراوە، پەیکەری سست بۆتەوە و پارچە پارچە دەبێت و لەبەرێک هەڵدەوەشێتەوە. دۆلابۆێتی پەی بە دەسەڵاتی سیاسی سەرپێچی و وەلانان بردبوو، (واتە) دەسەڵاتی ڕزگاری و دەربازبوون لە پەیوەندییەکانی سوڵتە. لەم ڕێگەوە، دەربازبوونی ئێمە، ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی کە ئەرباب و سەروەرمان بوو، تێکدەشکێنێت و وێرانی دەکات. بارتێلبی و مایکێل کاف سیاسەتی سەرپێچی و وەلانانی کۆیلایەتی هەڵبژاردەی دۆلابۆێتیان بەشێوەیەکی ڕەها درێژەدا. ئەم وەلانانە ڕێک سەرەتا و دەستپێکی سیاسەتی ڕزگاریبەخشە، بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتا و دەستپێکە، وەلانان وەک خۆی بەتاڵە، بارتێلبی و مایکێل کاف ڕەنگە ڕۆحی جوان بن، بەڵام بوونیان لە پاکایەتی ڕەها و موتڵەقی خۆیاندا لەلێواری خەرەندێکدایە. هێڵەکانی هەڵفڕین و دەربازیان لە ئیقتدار و باڵادەستی، تەواو دەرهەست و ئەبستراکتە و بەشێوەیەکی بەردەوام هەنگاوێکیان ماوە بۆ خۆکوژی و کوشتنی خۆیان. هەروەها لە مانا سیاسیەکەیدا، وەلانان و سەرپێچی لەخۆیدا (وەلانانی کار، وەلانانی دەسەڵات و وەلانانی کۆیلایەتی هەڵبژێردراو) ئەنجامەکەی تەنیا چەشنێک خۆکوژی کۆمەڵایەتیە، هەر بەوجۆرەی سپینۆزا دەڵێت، گەر ئێمە سەری ستەمکاری جەستەی کۆمەڵگا بپەڕێنین، دەبێتە جەستەیەکی بێشکڵ،[کەواتە] دەبێت جەستەیەکی کۆمەڵایەتی نوێ بسازێنن و بیخولقێنن، ئەمە پرۆژەیەکە کە بەتەواوەتی دەکەوێتە ئەودیوی وەلانانەوە. هێڵەکانی فڕینی ئێمە، دەربازبوونمان، پێویستە بونیاتنەر بێت و بەدیل و ئاڵترناتیڤێکی ڕاستەقینە بەدەستەوە بدات. هەروەها لەودیوی وەلانان و سەرپێچیی کامڵ و تەواوەتیەوە. دەبێت شێوازی نوێی ژیان و لەهەمووی گرینگتر، کۆمەڵگایەکی نوێ دابڕێژین. ئەم پرۆژە نەک دەرەنجامەکەینابێتە ژیان و مرۆڤێکی پەتی و ڕووت(homo tantum) بەڵکوو دەبێتە ژیان و مرۆڤێکی زیادە یان زیادەمرۆڤ(homo homo)، و لێرەوەیە مرۆڤایەتی لەڕێگەی ئەقڵی کۆیی و دەستەجەمعی و ئەشق بە کۆمەڵگاوە بەپیت و زیادە دەبێتە کۆمەڵگای زیادە.

بەم پێیە چیرۆک و ڕۆژگاری کەبوودوەند و کرێکارانی فەلاقەکراو، بەتووندی و قووڵ پەیوەندیان بە جومگە و جەمسەرە دەرکەوتووەکانی کۆمەڵگای ئایندەوە هەیە و ڕەمز و ئادرەسی ڕۆشتنن بەرەو ئەو جیهانە نوێیە، نەخشەڕێگای سازشناپەزیری ئەو جیهانەن کە داوای دەکەن، خەونی پێوە دەبینن و لەسەری سوورن و پێشڕەوانە بۆی دەجەنگن، مانای جیهانێکن کە تیایدا خەبات مانای ئەو جیهانەیە، زاتی سۆبژێکتیڤی سیاسەتێکن کە جیهانێکی یەکسان بڕبڕەی پشتیەتی و بڕبڕەی پشتی جیهانێکن کە یەکسانیی خەونیەتی و لەکۆتایدا هەناسە و نەفەسی هەڵکشانی جیهانێکن کە پێش مێژووی جیهانێکی مێژووییە.


ژێدەر:

1_ چەند ساڵ لەمەوپێش، نووسەری ئەم دێڕانە وتارێکی بەناوی خوازراوی(خاترە نەوابی) هەر لەم مانگنامەیەدا (ئاسۆی ڕۆژهەڵات) لەژمارەی 83 (11/5/1391) لەژێر ناونیشانی: جەستە، مانیفێستی خەبات و خۆڕاگری(کەبوودوەند و ئەگەرەکانی شۆڕش)، بڵاوکردەوە کە بەپێویستم نەزانی ئەو وتارە دووبارە لەم بڵاڤۆکەدا بڵاوبکەمەوە یان لەفۆرم و جۆرێکی دیکەدا ئایدیاکانی بکەمەوە و پەرەیان پێبدەم بۆ ناو کۆمەڵێک پانتای مەفهوومی دیکە. بەڵام بەپێویستی دەزانم ئەو خاڵە ڕوونبکەمەوە کە ئەم دوو وتارە لەباری ستراتێژیک و تەنانەت سیاقی خوێندنەوە و پێکانی مەبەستدا، هاوشانی یەک نین و بەریەکناکەون و یەکتر نابڕن، بەڵکوو لەدرێژەی یەکتردان و پەیڕەوی لۆژیکێکی یەکەن.


ئه‌م بابه‌ته 4512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:04:07/06/2016


زۆرترین خوێندراو