پێشمەرگەی کۆمەڵە، ڕەمزی خۆڕاگری خەڵکی کوردستانە



پێشمەرگەی کۆمەڵە، ڕەمزی خۆڕاگری خەڵکی کوردستانە

 


"بە بۆنەی ٣١ی جۆزەردان، ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە"






هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی هەمەلایەنەی مێژووی قۆناغی نوێی بزووتنەوەی کوردستان و قسە کردن لەسەر ئەزموون و دەسکەوتەکانی، کە خۆی بەرهەمی چەند دەیە خەبات و بەرەنگاری قارەمانانەی خەڵکی کورد و حیزبە سیاسییەکانیەتی، بە بێ باس کردن لە دەور و ڕۆڵی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ناتەواوە؛

مێژووی ٤٣ ساڵەی خەبات و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان، گرێدراوی خەبات و تێکۆشانی هێزێکی چالاک و پێشکەوتنخوازی بزووتنەوەی کوردە؛ هێزێک کە جێ پەنجەی بەسەرجەم ڕووداوە مێژووییەکانی چەند دەیەی ڕابردووی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە دیارە و داهێنەری دەیان سونەتی پێشکەوتنخوازانە بووە لە کوردستان، و ئەویش هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە.


لە دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕژیمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، کوردستان بە بۆنەی ئەو کەشە ئازاد و دێمۆکراتیکەی لە ماوەیەکی کەمدا درووستی کردبوو، سەرنجی هەموولایەکی بۆلای خۆی ڕاکێشا و بووە چەقی ڕووداوەکانی ناوچەکە؛ کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ڕۆژی هاتنەسەرکارییەوە دەستی کرد بە سەرکوتی بێ بەزەییانەی ئازادیخوازانی ئێران و کەشێکی سیاسی ناتەندروستی بۆ هەموو ئەو تاک و لایەنانەی وەک خۆی بیریان نەدەکردەوە دروست کرد و بەرهەمەکەی ئیعدامی بەکۆمەڵی خەڵکی بێ تاوان و بەشێکی زۆر لە چالاکانی چەپ و ئازادیخوازی ئێران بوو، بە گشتیی هەموو ناوچەکەی بۆ خەڵک و لایەنە سیاسی و ئازادیخوازەکان ئاڵۆز و نائارام کرد؛ هەر لەو کاتانەدا بوو سەرجەمی ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی کە تا دوێنێ لەترسی زەبری کوشندەی ساواک بەشێوەی نهێنی یا نیوە ئاشکرا چالاکیان دەکرد و بەشداری لە شۆڕشی ٥٧یان وەک دەرگایەک بۆ هاتنەمەیدانی ئاشکرای خۆیان دەبینی، کەوتنە ژێر هەڕەشەی سەختی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی و بۆ مانەوەی خۆیان پەنایان بۆ کوردستان هێنا کە ئەو کات کوردستان نازناوی " سەنگەری ئازادی" پێ بەخشرا.


یەکێک لە کاریگەرترینی ئەو هێزانەی لە ناخی ڕووداوەکانی شۆڕشی 1357دا ئاشکرا و ڕێبەرایەتییەکەی خاوەنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز و جێ متمانەی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بوون، کۆمەڵە بوو، کە لە یەکەم ڕۆژی ئاشکرابوونی، لەڕوانگەی ئەوەی کۆماری ئیسلامی مافی نەتەوەی کورد پێشێل دەکا و ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان ناگرێ، خەبات دژی ئەو ڕژیمەی کردە ئەولەوییەتی چالاکییەکانی خۆی و سەرەتا لەژێر ناوی جەمعیەتەکان و یەکێتی جووتیاران و دواتر بە درووست کردنی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، دەوری کاریگەری لە بەرەنگاری خەباتکارانەی خەڵکی کورد لە بەرانبەر هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامیدا گێڕا و لاپەڕەیەکی پڕشنگداری لەمێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا تۆمار کرد.


لە دوای نەورۆزی خوێناوی شاری سنە کە لە یەکەمین ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی 1357بوو لە کوردستان و ڕۆڵی ڕێبەر و کادرەکانی کۆمەڵە کە سیمای ناسراو و خۆشەویستی جەماوەر بوون، بەئاشکرا دەبیندرێ، لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨، کە ڕۆژی فەرمانی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامییە بۆ سەر کوردستان و بە ڕۆژی بەرەنگاریی مێژوویی خەڵکی کوردستان ناسراوە، کۆمەڵە یەکەم حیزبی کوردستان بوو لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا بڕیاری بەرەنگاری بە دژی ئەو هێرشە دەرکرد و چالاکان و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە کە کادری چالاکی بزووتنەوە جەماوەرییەکان بوون و ڕۆڵی سەرەکییان لە سازماندانی ئەو خۆڕاگرییەدا بوو، لە ڕێزی پێشەوەی خەباتەکە دا بوون؛ لە دەوری دووهەمی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستانیش هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە پانتایی خاکی کوردستان، حەماسەیەکی کەم وێنەی تۆمار کرد.


جێگیربوونی حیزبە سیاسییەکان لە سنوورەکان و دواتر باشووری کوردستان، کە پاش دەورانی تەسبیتی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی و دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی هێرشەکان بۆسەر کوردستان بوو، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی لە جەماوەرەکەی دوورنەخستەوە و دەست پێکردنەوەی چالاکی پێشمەرگانە و حزووری ڕاستەوخۆ و بەردەوامی هێزی پێشمەرگە لە سنوور و شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵات و ڕاگرتنی پەیوەندی قوڵی خەڵک و پێشمەرگە لە لایەک و دەستپێکردنی دەورێکی دیکە لە خەباتی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە وەک هێزی پشتیوان و هاندەریان، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە فەلسەفەی بوونی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە ئەوەیە کە وەک باڵی چەکداری بزووتنەوەی کوردستان، پشتیوان و یارمەتیدەری خەبات و چالاکی بزووتنەوە جەماوەرییەکان بێ؛ ڕۆژێک چەک بە دەست لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان وەک حەماسەی ٢٤ڕۆژەی شاری سنە، ڕۆژێک بە وەڕێخستنی جووڵانەوەی هێمنانە، وەک کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان و ... .

کەوابوو، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، بە تەنیا پارێزەر و ئەکتەری چالاکی مەیدانێکی خەبات نییە؛ بەڵکوو شۆڕشگێڕێکی چەک بە دەستە، لە هەموو مەیدانەکانی خەبات بە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستەبەر کردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کورد کەڵک وەردەگرێ و ئامادەیە، جێی بڕوا و متمانەی خەڵکە و، پێشەنگ و پێشڕەوی هەموو قۆناغەکانی خەباتە.

لەکۆتاییدا دەبێ بڵێین: بە شایەدی مێژوو، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، داکۆکیکاری ڕاستەقینەی بەرژوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بووە و ئەگەر مێژووی بەشداری لە بزووتنەوەی کوردستان، پشتیوانی لە کرێکاران و زەحمەتکێشان وەک توێژی خوارەوەی کۆمەڵگەی کوردستان، نوێنەرایەتی کردنی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە ڕێگای دامەزراندنی بنکەی گەڕەک، جەمعیەت، ڕێکخراو و یەکیەتییەکان، کەڵک وەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەبات و کاریگەری لە ڕووداوەکانی چەند دەیەی ڕابردووی خەباتی خەڵکی کورد بکەینە پێوەر، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، هەموو تایبەتمەندییەکی بۆ درووست کردنی بناغەی هێزێکی نیشتمانی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەیە و ئەو کاتەیە "هێزی پێشمەرگەی کوردستان" دادەمەزرێ.


ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە، کە هاوکاتە لەگەڵ گیانبەختکردنی کاک سەعید موعینی ناسراو بە کاک خانە و یەکەم گیانبەختکردووی کۆمەڵەیە لە مەیدانی خەباتی پێشمەرگانە، وێڕای ڕێزگرتن لە یادی ئازیزیی کاک خانە و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان، کەم ئەندامانی سەنگەری پێشمەرگایەتی، زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی و سەرجەم پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە هەموو قۆناغەکانی خەبات‌دا دەکەم.







ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:52:13/06/2021


زۆرترین خوێندراو