رێکخراوەکان، حیزب و ئەرکەکانیان بەشی ٥ بەڕێوەبەری (مودیرییەت)

رێکخراوەکان، حیزب و ئەرکەکانیان

 

بەشی ٥ بەڕێوەبەری (مودیرییەت)

 

کاکۆئەلیار

لەم ژمارەیەدا لە وتارەکانی پەیوەست بە ئۆرگانیزاسیۆن و رێکخراوەدا، تیشک دەخەمە سەر بواری بەرێوەبەری (مەنێجمێنت)، ئەم تەوەرەیە بە گشتی لە هەموو خوێندنەوەکانی بواری ئۆرگانیزاسیۆن زۆر سەرەنج راکێشە، رەنگە بۆ ئێمەی رۆژهەلاتی سەرەنج راکێشتریش بێت و بە پێی باروودۆخی کلتووری، ئابووری و سیاسی ناوچەکەمان گرینگایەتیەکی زیاتریشی هەبێت. هەر بۆیە رەنگە ئەم چەمکە لە یەک ژومارەدا جێی نەبێتەوە و پێویستی بەوە بێت کە زیاتر ورد بمەوە لەسەری...

بە وتەی زۆرێک لە کارناسان، چەمکی بەرێوەبەری لەم سەردەمەدا بە بۆنەی ئەم هەموو گۆڕانکاریەی کە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هاتۆتە ئاراوە ڕەنگبێ لەهەموو کاتێک گرینتربێ. هەموو ئەو گۆرانکاری و گەشانەی کە لە بوارەکانی ئینفۆرماسیۆن، پەیوەندی ، گلۆبالیزاسیۆنی ئابووری، بە جیهانی بوونی کێبەرکێ و هتد.. وادەکەن کە ژینگەی هەر رێکخراوەیەک زۆر زیاتر لە پێشوو حاڵەتی دینامیکی و هێترۆژێن بەخۆی بگرێ، واتە ژینگەیەک کە لە گۆڕانی هەمیشەیی دایە و زۆر کەمتر دەناسرێتەوە. کۆمەڵگای ئەمڕۆ گەشەی زۆری بووە لەبواری زانستەوە و ئۆرگانیزاسیۆنی سەرکەوتوو بەوە دەلێن کە بتوانێت کەڵک لە پسپۆڕان و کەسانی زانا لە بوارە جیاکانی کاری خۆی وەربگرێت.

گۆڕانکارییەکان لەوپەڕی خۆیاندان، گەورەترین چالشی هەر رێبەرێک لەم سەردەمەدا سازدانی قەوارە و شێوەیەک لە دیزاینی رێکخراوەییە کە بتوانێ ئامادەی نوێ کاری و گۆڕان بێت، رێبەر دەبێ بتوانێ بیرکردنەوەی ستراتێژێک بکاتە بیرۆکەیەکی هەمیشەیی کە بەردەوام لە کاری رۆژانەی رێکخراوەکەدا لەبەرچاو دەگیرێ. بۆ ئەم مەبەستە دیاریکردنی ئۆرگانی بڕیاردەر لە رێگای هەڵبژاردنەوە و دەست ئاوەڵەیی بۆ ئەنجامی ئەرکەکان لە هەموو بوارەکاندا پێویستە، لەلایەکی ترەوە رێبەرەکان دەبێ بەشێوەیەک پێناسەی رۆل و ستایلێ رێبەری بکەن کە بتوانێ دەربەست بوون، ورە و پشتیوانی یەکتر کردن لە نێوان ئەنداماندا ساز بکات بۆ بەدەست هێنانی ئامانجە سەرەکیەکان.

لەبەشەکانی پێشوتردا باسی ئەوەم کردبو کە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییشدا هۆگرییەک لە ئارادایە کە وردە وردە خەریکە لە مۆدێلی هەیرارکی (هێرەمی)، قەوارەی (ستراوکتور) رێکخراوەیی خۆ دوور ئەخاتەوە، بەرێوەبەری لەسەر بنەمای کۆنترۆل و بڕیاردان لەسەرەوە باوی کەمتر بوە، قەوارەی هێرەمی جێی خۆی دەدا بە ئۆرگانیزاسیۆنی بەرفراوان ، سازکردنی توڕی پەیوەندی لە رێکخراوەدا و سەربەخۆ کارکردن وادەکات کە رێکخراوەکان ببنە کۆمەلێک یەکەی بچوک و هەڵگری گۆڕان و خۆ هاو ئاهەنگ کردن لەگەڵ گۆڕانکاریەکان.

ئەم گۆرانکاریە نوێیانە وادەکەن کە رێبەرەکان بەرانبەر کۆمەڵێک چالشی جیدی ببنەوە، تەنانەت تا 10 سال لەوەپێشیش رێکخراوەکان ژینگەیەکی زۆر یەکدەست تریان هەبوو کە ئەرکەکان تێیدا لەسەر ئەساسی سیستەمی بۆرۆکراسی پێناسە کرابوون، بەو حاڵەش بۆ تێگەییشتنی باشتر لە چەمکی رێبەری کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت هەر لەسەر ئەساسی پەیوەندی بەرێوەبەر و ژێر دەستەکانیەتی دەبێ بگەرێینەوە بو دەیەی 1960 زایینی و لێکدانەوەکەمان لەو کاتەوە تا ئێستا بێت.

بەرێوەبەری چییە؟

بنەمای پێناسەی ئێمە لەسەر ئەوەیە کە بەڕێوەبەریی رەفتارێکی تایبەتە کە مروڤ لەخۆی نیشان دەدات بۆ کاریگەری دانان لەسەر فکر، هەڵسووکەوت و رەفتاری کەسانیتر. کاتێک باس لە حالەتی بەرێوەبەریی لە رێکخراوەدا دەکرێت مەبەست ئەوەیکە کاریگەری لەسەر ئەندامان دابندرێ کە کار بکەن بۆ گەییشتن بە ئامانجی دیاری کراو، ورەیان بدرێتێ و هەڵسووراوتر بن و سەرودڵخۆش بکرێن بە کارەکەیان. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بەڕێوەبەری پرۆسەیەکە لە نێوان مرۆڤەکان کە بەرێوەبەر حەوەل دەدات کارگەری لەسەر ژێردەستەکانی دابنێت.

ئەم پێناسەیەجەخت لەسەر سێ حاڵەت لە بەڕێوەبردن دەکات :

یەکەم: بەرێوەبەری کۆمەڵێک هەڵسووکەوتە کە لە لایەن یەک یا چەند کەسەوە جێبەجێ دەکرێت. لەبەر ئەوەی زۆر زەحمەتە کە هەڵسووکەوت جیا بکرێتەوە لەو کەسەی کە هەڵسووکەوتەکە دەکات، جەخت زۆربەی تیئۆریەکانی بەرێوەبەری لەسەر رێبەرە وەک کەسایەتی.

دووهەم: بەرێوەبەری ئەمانجی لە بنەڕەتەوە ئەوەیە کە کاریگەر بێت لەسەر کەسانیتر بۆ ئەوەی کارێک بکەن. هەر بۆیە بەڕێوەبەری پەیوەند دەدرێ بە تیوۆری مۆتیواسیۆن (پاڵنەری)، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، کاری بە کۆمەڵ و دینامیزمی کاری بە کۆمەڵ. قۆرسایی زۆری تیئۆریەکان هەر بەو پێیە دەچێتە سەر ئەوەی کە تا چەندە رەفتار و ستایلی رێبەر گوونجاوە بۆ دانانی ئەو کاریگەریانە.

سێهەم: بەرێوەبەری دەبێت کار بکات بۆ گەییشتنی رێکخراوەکە بە ئامانجەکانی. ئەمە هەڵگری دابەشکردنی ئەرکەکان و سەرچاوەکانە لە نێوان تاک و گروپی ئەندامان لە رێکخراوەکەدا، هەروەها رێخۆشکردن و هەموار کردنی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەرکەکان. هەر بۆیە تیۆریەکانی بەرێوەبەری گرێ دەدرێن بەوەی رێکخراوەکە دەبێت فۆرم و قەوارەی چۆن بێت.

بەڕێوەبەری لە هەمو ئاستەکاندا گرینگی تایبەتی خۆی هەیە و بۆ هەر ئاستێک لە کاری بەڕێوەبەر ئەرکی جیاواز دیاری کراوە، چاوەڕوانی زۆربەی ئێمەش لە پێناسەی رێبەری زیاتر ئاستە هەرە بەرزەکەیە، بەڵام زۆر گرینگە کە پێناسەی ئاستەکانی خوارتریش لە بەڕێوەبەری رەچاو بکەین بە شێوەیەک راستەوخۆ لەگەڵ ئەندامان پەیوەندیان هەیە.

ئەرکی بەرێوەبەر بەستراوەتەوە بە کار کردن لە چوارچێوە یاساییەکان، قەوارەی رێکخراوەییەکەی، پەیوەندی تاکی و بە کۆمەلی کۆمەلایەتی، کلتووری رێکخراوەیی، باڵانسی دەسەڵات و پەیوەندی لەگەڵ ژینگەی دەرەوەی رێکخراوەکەی. ئەم حالەتانە خەتە گشتیەکان و سنوورەکانی بەڕێوەبەر دیاری دەکەن و هەروەها تا ئەندازەیەکی زۆریش ناوەرۆکی ئەرکەکانی لێ روون دەکەنەوە. بەڵام دەبێ ئەمەش بزانین کە وانیە رێبەر بە تەواوەتی دەست بەستراوی ئەم حالەتانە بێت، رێبەرەکان بە پێی جێگەی تایبەتیان لە رێکخراوەکەدا زۆرترین مەجالیان هەیە بۆ کاریگەری دانان و فۆرم دان بەم حالەتانە، هەر بۆیەش زۆر جار گرنگترین ئەرکی رێبەر هەر ئەو کاریگەری دانان و فۆرم دانانەیە.

ئەو خالانەی بەڕێوەبەریی لە ئاستە جیاوازەکان دیاری دەکات کامانەن؟

لە هەموو رێکخراوەیەکدا بە هەر رادە و قەبارەیەک کە هەیبێت، لە ئاستەکانیان جیاوازن، زۆرتر بەرێوەبەری لە سێ ئاستدایە:

یەکەم: ئاستی رێکخراوەیی: لێرەدا رێبەرە سەرەکییەکان دەبینین کە ئەرکیان دانان و فۆرمولە کردنی ئامانجە سەرەکیەکان، پلان دانانی درێژ ماوە، بودجەدانان و سازدان و خۆهاوئاهەنگ کردنی ستراتێژیک لەگەڵ ژینگەی دەرەوەی رێکخراوەکەیە کە زۆر گرینگی هەیە بۆ سەرجەم کارەکان. ئەم ئاستە لە بەڕێوەبەری هەڵگری کۆمەڵێک حالەتی سەمبۆلیکیشە بۆ رێکخراوەکە. سەرکردە سەرەکیەکان دەبێ بۆنیادێکی بەهاخوازانە بدەن بە رێکخراوەکەیان کە ئەندامان بتوانن خۆیانی پێ پێناسە بکەن، هەروەها دەبێت سازکەری ئەم نۆرم و بەهایانە بن کە ئاقاری گشتی رێکخراوەکە دیاری دەکات.

سەرکردە سەرەکییەکان زۆر جار خەڵکانێک کە پسپۆریی تایبەتیان هەیە دیاری دەکەن بۆ سازدانی هارمۆنی، پەیوەندی و گشتگیربوون لە ناو هەمو رێکخراوەکەدا.

دووهەم: ئاستی ئیداری، لێرەدا بەڕێوەبەرە مام ناوەندەکان تێیدا رۆڵ دەگێڕن کە ئەرکی بەڕێوەبردنی بەشێکی کەم و دیاریکراویان لە رێکخراوەکەدا هەیە. گرینگترین کاری بەڕێوەبەر لەم ئاستەدا دیاری کردنی ئامانجە بۆ یەکەکەی خۆی، رێکخستن، کاری ئیداری کردن و هەروەها تێکەل کردنی و گرێدانی یەکەکەی خۆی لەگەل یەکەکانی تر. بەڕێوەبەرە مام ناوەندەکان دەبێت پەیوەندی (کۆمۆنیکاسیۆن)ی زۆر چروپڕیشیان لەگەڵ ئاستی خوارەوەی خۆیان هەبێت. ئەگەر توانایی و شارەزایی سەرکردە سەرەکیەکان لە رێکخراوەکەدا زۆر بەرز نەبێت، ئەرکی بەڕێوەبەرە مام ناوەندەکان زۆر زیاتر دەبێت.

سێهەم: ئاستی پراکتیزەکردن: لێرەدا ئەو بەڕێوەبەرانە رۆڵ دەگێڕن کە بەرپرسایەتی چاودێری و بەسەرڕاگەییشتنی ئەرکی رۆژانەی ئەندامانیان هەیە. ئەرکەکانی ئەم ئاستە پەیوەندی بە شوێنی کاری بەڕێوەبەرەکەیەوە هەیە، بۆ نمونە کەسێک لە شارەوانی شارێک کە دەتوانێ بەرپرسێکی ئیداری بێت، لە حیزبێکی سیاسی دەتوانێ بەپرسی ناوچەیەک بێت. بەڕێوەبەر لەم ئاستەدا دەبێت زۆر بە وردی شارەزای ئانجامی ئەرکەکانی بێت ، چون کەسانی نوێ لە هەر رێکخراوەیەکدا یەکەم جار لەبەر دەستی ئەم بەرێوەبەرانەدا فێری کار کردن دەبن. هەروەها سازدانی پەیوەندی گەرم و گوڕ و خەم خۆر بوون بۆ ئەندامانی ژێر دەست دەتوانێ فاکتۆرێکی سەرەکی بێت بۆ باش ئەنجام دانی ئەرکەکان، درووست کردنی ئۆتۆریتە و هەروەها گەشە کردنی زیاتر بۆ کەسی بەڕێوەبەر.

بەڕێوەبەری لە هەمو ئاستەکاندا گرینگی تایبەتی خۆی هەیە و بۆ هەر ئاستێک لە کاری بەڕێوەبەر ئەرکی جیاواز دیاری کراوە، چاوەڕوانی زۆربەی ئێمەش لە پێناسەی رێبەری زیاتر ئاستە هەرە بەرزەکەیە، بەڵام زۆر گرینگە کە پێناسەی ئاستەکانی خوارتریش لە بەڕێوەبەری رەچاو بکەین بە شێوەیەک راستەوخۆ لەگەڵ ئەندامان پەیوەندیان هەیە.


ئه‌م بابه‌ته 1849 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:58:02/08/2020


زۆرترین خوێندراو