کۆمەڵە و گرینگی دان بە زمانی دایکی






موختار ئەحمەدی

زمان وەک کۆڵەکەی شوناسی هەرنەتەوەیەک لەدێر زەمانەوە گرینگی و بایەخی خۆی هەبووەو تا هاتووە ئەم بایەخە زیاتر دەبێ.

چوون نەتەوەی بێ زمان ناتوانێ بەرهەمی نووسراوی تایبەت بە خۆی هەبێ و کلتووری خۆی دەوڵەمەند بکات.

بەقەولی گاندی"کەسێ کە زمان و ئەدەبی خۆی نەوێندبێ، مێژووی خۆی نازانێ، کەسێ مێژووی خۆی نەزانێ داهاتوویەک لێڵ و ناڕوونی دەبێت"

زۆر بوونی زمانە جۆراوجۆرەکان لە ژیانی مرۆڤایەتی بووەتە راستیەک و ناسین و ئاڵووێری کلتووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە رێگای زمان و لێک تێگەیشتن لە یەکتر بەڕێوە دەجێت.

زمان وەک یەکەمین کەرەستەی پێوەندی مرۆڤ هەر لە منداڵیەوە لەدایکەوە بۆ منداڵ و لە قوتابخانەوە بۆ قۆناغی دواتر لە راستیدا شووناسێک دەبەخشێت بە مرۆڤ کە،لەگەڵیدا پێ دەگرێ و گەورەدەبێ و دەبێتە بەشێک لە کلتووری کە تا کۆتایی ژیان لەگەڵیا دەژی..

خوێندن بە زمانی دایکی یەک لەو خاڵە گرینگانەیە کە دەبێتە پردی پێوەندی مرۆڤ و زانست. بە پێی لێکۆڵینە زانستییەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم راستیە خۆی نواندووە کە خوێندن بە زمانی دایکی بۆ منداڵ دەبێتە هۆکاری ئەوەیکە زووتر و هاسانترفێری زانست ببن و لەگەڵ چەمک و دەستەواژە زانستیەکان ئاشنا بن و زۆرتریش لە بیر و زێهنی مرۆڤدا دەمێننەوە.

کورد بەدرێژایی دەسەڵاتە ناوەندگەراکان هەمیشە بێبەشکراوە لە خوێندن بە زمانی دایکی و لە یاسای بنەڕەتی رژیمیشدا ئەسڵی پازدە دیاری کراوە بەڵام تابە ئەمڕۆ ڕێگری کراوە لە جێبەجێکردنی و پێشی پێگیراوە.

لەسەروبەندی جیهانی گلۆبال و ئینفۆرمەیشێنێ سەردەم کە هەمو زمانەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هەوڵدان بۆ پاراستنی زمانی چەند هێندەی پێشووتر زیاد کردووە.

لەپاڵ ئەم هەلومەرجە جیهانیەی کە هاتووەتە پێش و بە پێی ئامارەکانی یۆنێسکۆ تا ئێستا زیاتر لە شەش هەزار زمان، زاراوە و بن زاراوە بەرەو فەوتان رۆشتوون.

ئێمەی کورد لەهەلومەرجێکی هەستیار و تایبەتیتردا قەرارمان گرتووە.

دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بەهەمو شێوازێکی کلتووری هەوڵی ئاسیمیلەی زمان، کلتوور، داب و نەریتە ڕەسەنەکانی ئێمەی کوردن و لەم بوارەدا زۆرترین هاودەنگیان هەبووە بۆ لەناوبردنی زمانمان.

لەتاران و باقی شارەکانی دیکە ئەو تابلۆو شەقامانەی وا بەناوی کوردیەوە ناو نرابوون قەدەغە کران.

کتێبە دەرسیەکان لەسەرەتاییەوە تا دواتر بەزمانی باڵادەست و جۆرێک شۆڤێنیزمی تێدا ڕەچاو کراوەو فەرهەنگستانی زمانی فارسی کە حەداد عادڵ بەڕێوەی دەبات بەشێکی زۆری ئەو سیاسەتە ئاسیمیلەیە لەئەستۆیەو ساڵانە سەدان میلیارد تمەن پارەی بۆ تەرخان دەکرێ و ناوەندگەڵی وەک وەزارەتی فێرکروون و بارهێنان و سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی و ناوەندی دەنگ و ڕەنگی رژیم و لە سەردەمی سۆشیال میدیایش سەدان پەیج و لاپەڕەی جوۆراوجۆریان بۆ پێک هێناوە.

رژیم لە زمان و کلتوور و ئایین و مەزهەبە جیاوازاکان وەک ئامرازێک بۆ سەرکووتی نەتەوەکان و لەهەمان کاتدا نانەوەی بشێوی و ناکۆکی و وەک سیاسەتی کۆنی بریتانیای کەبیر (تفرقە بینداز و حکومت کن) کەڵکی وەرگرتووە و تا ئەمڕۆ وەک سیاسەتێکی نەگۆڕ پێڕەوی کردووەو ناوەندە میدیاییەکانی رژیمیش، سێلبریتیە حکومیەکانیش هاودەنگ و جێبەجێکاری ئەو پڕۆژانە بوون.

سووکایەتی بە زمان و کلتووری کورد، ئازەری، عەرەب و بەلووچەکان مانگانە لە لایەن رژیم و میدیاکانیەوە دێتە ئاراوەو ئەو جۆر و شێوازە لەڕوانین بەرانبەر بەنەتەوە نافارسەکان بە شێوەی سیستماتیک دێنە بەرهەم.

کۆمەڵە لە ساڵی 62ی هەتاوی لەسەروبەندێکدا زۆربەی شارو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی لە لایەن رژیمەوە داگیر کرابوون غافڵ نەبوو لە پاراستنی زمان و کلتووری خەڵکی کوردستان و بە درووشمی" بەزانین دەتوانین بگۆڕین جیهان" و پێک هێنانی ناوەندی ئاموزش و فێرکاری هەوڵەکانی خۆی لەپاڵ خەبات و بەرگری سەپێنراوی چەکداری بەسەریدا توانی کتێبی ئەلف و بێی کوردی چاپ و بڵاو بکاتەوە.

مامۆستایانی پێشمەرگەی خۆبەخشی شۆڕشگێڕی ئەو سەردەمە دەست بە وانە وتنەوەی زمانی کوردی بدەن.

کۆمەڵە بەپێی ئەوەی لە داوێنی توێژێکی خوێندەوار و کلتووری هاتبووە گۆڕەپانی سیاسی بەدەرک کردن بەو راستیە کە کورد بە زانست و خوێندنەوە دەتوانێ رزگاری ببێت و تەنیا چیاکان دۆستی نین هەوڵی بەکلتوورکردنی خوێندن و خوێندنەوەی دەداو لەناو هەر کۆڵەپشتیەکی پێشمەرگەدا لەپاڵ پێداویستیەکانی دیکەدا کتێبک دەبینرا.

بە لەبەرچاوکرتنی ئەم دۆخە هەستیارە کە ئێمەی کورد تێیدا بەسەر دەبەین دەبێ بە باشترین شێوە لە پاڵ مەترسیەکان کەڵک وەربگرین لە میدیا و ئەو کەرەستانەی کە لەبەردەستە لە پێناو پاراستنی زمان و شووناسی نەتەوەییمان.

نابێ تەنیا بە شێوەیەکی بەرگریکارانە مامەڵە بکەین و ئاجێندای خۆمان دەبێ بگۆڕین بەرەو هێرشێک کەنەتەوەی باڵادەست نەتوانن هەوڵی ئاسیمیلەی خۆان لە سەرمان چڕتر بکات. ئەرکی دایکان و باوکان، مامۆستایان و شارەزایانی زمانی کوردی و بەڕێوەبەرای تۆڕە کۆمەڵایەتییان ئەوەیە کە هەوڵەکانیان لە پێناو فێرکردنی منداڵانیان بە زمانی کوردی و هاوکاتیش بەرپەرچی هەرچەشنە هەوڵێکی دوژمنکارانەی رژیم بدەن و پاراستنی زمان و کلتووری خۆمان وەک ئەرکێکی سیاسی و نەتەوەیی وەک ئەسڵێکی نەگۆڕ لەژیاندا پێڕەو بکرێت.



ئه‌م بابه‌ته 744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:43:28/02/2022


زۆرترین خوێندراو