هەڵبژاردنەکانی ئێران و چەند سەرەنجێک


بەختیار عەلیار




هەڵبژاردن وەک چەمکێک و یەکێک لە بنەماکانی دێمۆکراسی دەکرێت وەک سەرەکیترین مافی هەر هاووڵاتییەک دەستنیشان بکرێت بۆ گۆڕانکاری لە ژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی خۆی و کۆمەڵگاکەیدا و لەم رێگایەوە دەتوانێ لێپرسینەوە لە چاک و خراپی بەرپرسە ورد و درشتەکان بکات کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هەیە.

لە ئێران و لە سەردەمی شۆرشی گەلانی ئێراندا کۆمەڵگای مەدەنی زۆر دەوری کاریگەری گێڕا و هەر بەو پێیەش بۆ دەورەیەک بووە خاوەن پێگەیەکی بەهێز و خواستەکانی خەڵکیش هەر لەو سەردەمەدا بەگشتی زۆر چووەسەرەوە و تازە بەدەسەڵات گەیشتووانی ئەو سەردەمی ئێرانی مەجبوور بە ملکەچبوون بە هەڵبژاردن و گۆنجاندنی ئەم سیستەمە لە یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدا کرد. هەر ئەو سەردەمیش و لەوکاتەوە تائێستا هیچکات سیستەمی گۆنجاو و دڵخواز بۆ کاربەدەستانی سەرەکیی ئەم نیزامە، هەڵبژاردن و هەڵبژێردران نەبووە، بەڵام بەو پێیەی کە هەڵبژاردن بەهەموو کەم و کۆرییەکانیەوە لە ئێران بۆتە بەشێک لە کولتووری خەڵکی ئێران، ناکرێ و بۆیان نەکراوە ئەم سیستەمە بەگشتی لە بازنەی دەسەڵاتی ئێران دەرباوێژن.

هەڵبژاردنەکان لە ئێران بەدرێژایی ئەم چەندساڵە هەردەم بۆتە مەیدانی ململانێی نێوان دەسەڵاتی حاکم و هاووڵاتیان. ئەوەی حاکمیەت ویستوویە هەڵبژێردراوی خەڵک نەبووە و ئەوەی خەڵک داوایان کردووە حاکمیەت لێی ترساوە و دوای بەینێک کەوتۆتەبەر غەزەبی خۆیان و هەر بەوپێیەش دەکرێ بوترێت کە سەرەرای نادێمۆکراتیکبوونی هەڵبژاردنەکان لە ئێران کە هۆکارەکانی دواتر باس دەکەین، هەمیشە ساختەکاری و تەقەلوب و تەزویر بەشێک لە میکانیزمی دڵخوازی هەڵبژاردن بووە لە کۆماری ئیسلامیدا.

کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بە گونجاندنی کۆمەڵێک یاسا و رێسای نادێمۆکراتیکی ئایینی، نەتەوەیی، ئایدیۆلۆژیک لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا بۆ هەڵبژاردن لە ئاستە جۆراوجۆرەکان، کۆمەڵێکی زۆری خەڵک لە هەڵبژاردن و هەڵبژێردران سڕیوەتەوە و رێگای بەشداری لێگرتوون.

لە رۆژانی داهاتوودا دوازدەهەمین دەوری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و شۆرای شار و گوندەکانی ئێران بەرێوەدەچێت، کە لەم دەورەشدا وەک چەند دەوری رابردوو زۆر جێگەی سەرنج و لێکدانەوەیە بۆ هەموو لایەک. دیارە ئەم دوو هەڵبژاردنە جیاوازیی زۆریان لە رواڵەتی خۆیدا هەیە و دوو ئامانجی جیاوازیان هەیە و دەرئەنجام و هۆکاری بەشداریی خەڵکیش تێیاندا بەتەواوەتی جیاوازە.

مەبەستی ئێمە لە نووسی ئەم بابەتە لێکدانەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییە. لەلایەک، بارودۆخی ئابووریی ئێران و لەلایەکیتر، چارەنووسی سازانی ئێران لەگەڵ زڵهێزانی جیهانی لەسەر بەرنامەی ناوەکی، زیاتر جێگەی سەرەنجی چاودێران و جەماوری خەڵکی ئێرانی بەرەو خۆی راکێشاوە. وەک نەریتی چەند ساڵی رابردوو ئەم جارەش سەرێکی هەڵبژاردنەکان بە رێفۆرمخوازانەوە بەستراوەتەوە و سەرێکیتری بە بناژۆخوازانەوە و هەتادێت لەم دەورەشدا جیاوازیی روانینیان بەنیسبەت تەوەرە چارەنووسسازەکانی گۆڕەپانی سیاسەت لە ئێران روونتر دەبێتەوە و بەرچاوتردەکەوێت. دیارە بۆ لێکدانەوەی چەند رەهەندی جیاواز لەم هەڵبژاردنە پێویستە سەرەتا لێکدانەوەیەکمان لەسەر کاندیدا سەرەکییەکانی ئەم دەورەی هەڵبژارنی سەرۆک کۆماری هەبێت.


حەسەن رۆحانی

سەرۆک کۆماری ئێستای ئێرانە کە لە ژیانی سیاسی خۆی لە ٤٠ ساڵی رابردوودا هەمیشە لە سەرەوەی بازنەی دەسەڵات بووە و لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێران و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە هەره کەسە توندوتیژەکان بووە لە بەرانبەر دژبەرانی ئەم نیزامەدا. تا هاتووە پێگەی سیاسی لە ئێراندا بە هێزتربووە و بەدرێژایی ژیانی سیاسیی خۆی بە یەکێک لە نزیکترین کەسانی هاشمیی رەفسەنجانی هاتۆتە ئەژمار و لەکۆتایشدا پشتیوانی (هاشمیی رەفسەنجانی) و رێفۆرمخوازانی حکوومەتی بووە هۆکاری هەڵبژێردرانی وەک حەوتەمین سەرۆک کۆماری ئێران.

رۆحانی خۆی و کابینەکەی بە رزگاریدەری ئێران لە دەست گەمارۆ ئابووری وسیاسیەکانی وڵاتانی ٥ زێدە ١ بە دژی ئێران دەزانێت و زمانی دیالۆگ و دیپلۆماسی و نەرم و نیانی بەرانبەر بە رۆژئاوا، سازان لەگەڵیان بەردی بناغەی سیاسەتی دەرەکیی رۆحانی و تیمەکەی پێکدەنێت و هەتا ئێستاش کەم و کوڕیەکانی سیاسەتی ئابووری و ناوخۆیی بەوە پاساوکردووە.

ئیبراهیم رەیسی

لەساڵی ٥٧ی هەتاوی و دوابەدوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئیبراهیم رەیسی، بەردەوام لە دەزگای دادوەریی ئێراندا بووە و تا هاتووە دەسەڵات و پلە و پایەی لەم ماوەدا روو لە هەڵکشان بووە. یەکێک لە گرفتە گەورەکانی بۆ ئەم دەورەی سەرۆک کۆماری ئەوەیە کە کارناسان پێیانوایە بەهۆی کارەکەی لەم ساڵانەدا هیچکات بەرپرسایەتی دەوڵەتی و کاری ئیجرایی و دەوڵەتداریی بەدەستەوە نەبووە و بە کاراکتێرێکی بێئەزموون لەم بوارەدا ناوزەد دەکرێت. دیارە رەیسی لەساڵی رابردوودا وەک بەرپرسی کاروباری " ئاستانی قودسی رەزەوی" کە شوێنێکی ئایینیی گرنگە بۆ شیعەکان لەلایەن رێبەری ئێرانەوە هەڵبژێردرا و ئەمە لەلایەن لێکۆلەرانی سیاسیەوە بەوە لێکدرایەوە کە وردە وردە خامنەیی خەریکی ئامادە‌کارییە بۆ جێنشینکردنی رەیسی لەجێگەی خۆی و ئەم کاندیدبوونەشی هەر لەو پێناوەدا لێکدەدرێتەوە. جێگەی ئاماژەیە بەو هۆکارانەی کە باسکرا پێدەچێ دواجار ئیبراهیم رەیسی ببێتە بەربژێری کۆتایی بناژۆخوازان و هەموویان لەسەری رێکبکەون.


محەمەد باقر قالیباف

لەسەرەتای شەڕی ئێران و عێراق لەساڵی ٥٧دا چۆتە بەرەکانی شەڕ و بۆتە ئەندامی سوپای پاسداران و لە ماوەیەکی کەمدا بەرپرساێتیی گەورەی پێگەیشتووە و تا ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی کە دەبێتە شارەداری تاران، ئەمە درێژەی کێشاوە. سێهەمین جارە کە قالیباف خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران کاندید کردووە و دووجاری رابردووی سەرنەکەوتووە و ئەم جارەش پێناچێت بتوانێت کۆدەنگێک لەناو بناژۆخوازان بۆخۆی سازبکات. قالیباف کاراکتێرێکی نیزامییە و لەمەودای بەرپرساێتی لە پۆلیسی ئێران بەوە ناسراوە کە سەرکوتی بێبەزەیانەی ناڕازایەتیەکانی ساڵی ٧٨ی خوێندکارانی تارانی کردووە و ئەمە لەهەموو دەورێکدا وەک خاڵێکی رەش بەچاویدا دەدرێتەوە.

یەکێک لە سەیروسەمەرەکانی ئەم دەورەی هەڵبژاردنەکان، خۆکاندیدکردنی مەحموود ئەحمەدی‌نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران بوو کە کاتی خۆی بە یەکێک لە نزیکترین کەسانی رێبەری کۆماری ئیسلامی دەناسرا و دژبەران و مۆخالیفانی بە "بێ بەسیرەت" ناویان لێدەبرد. ئەحمەدی نەژاد، سەرەرای ئەوەی لەلایەن خامنەیەوە داوای لێکرابوو کە ئەم دەورە بۆ بەرگریکردن لە دوو دەستەیی خۆی کاندید نەکات، لەناو ئاپۆرەی لایەنگرانیدا خۆی کاندیدکرد و ئەمە لەلایەن زۆر کەسەوە بە سەرەڕۆیی بەرانبەر خامنەیی لێکدراویەوە، بەڵام لەلایەن "شۆرای نیگەهبان رەدی سەلاحیەت و لە بەشداریکردن بێبەشکرا. دیارە ئەوە دەکرێ بەو مانایەش بێت کە لایەنگرانی ئەوکاتی ئەحمەدی نەژاد خۆیان بێ بەسیرەتبوون و چەند ساڵ دوای هەموو کەسیتر ئەم راستیەیان بۆدەرکەوت.


لەساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی و دوابەدوای هەڵبژێردرانی محەمەد خاتەمی و هاتنەسەرکاری رێفۆرمخوازانی دەوڵەتی لە ئێران هەموو کات ململانێ و کێشەی دوو رەوتی ناوخۆیی حاکمیەت خۆی دەرخەری زۆر راستی بووە لە راستیەکانی ناوەوەوی ئێران. لە دەورانێکدا هێرش دەکرایەسەر"ئەشرافیگەری و ئاغازادە"بوون و ئەم سەردەمەش هەڵدەکوترێتەسەر"دزی و گەندەڵی". لە دەورانێکدا لەژێرناوی "سستبوون" لە بەرانبەر بێگانەدا هێرش دەکرایەسەر هەندێک کەس و ئەم دەورەش بە "جاسووس و خەیانەتکار" ناو لە هەندێک کەسیتر نراوە. بەبۆنەی ململانێی ئینتیخاباتیەوە باس لە گەندەلییە میلیاردیەکان دەکرێت کە لە ئاستی جۆراوجۆر لە ئێراندا لە گۆرێیە و وردەوردە ناوی هیچ کەس و ئۆرگانێک نەماوە لەم بوارەدا نەزڕابێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە رەقابەت و ململانێ تەنیا بۆ گەرمکردنی بازاڕی ئەم هەڵبژاردنانەیە. مەسڵەحەت و چاک و خەراپ لە جێی دیکە دەبڕدرێتەوە و دیاریدەکرێت. ئەو هەڵبژاردنەش وەک ئەوانیتر پەیوەندیی راستەوخۆی بە بارودۆخی ناوخۆی و دەرەکیی ئێرانەوە هەیە. بۆنموونە دەوری پێشووی سەرۆک کۆماری ئێران پێویستی بە نەرم و نیانی و سازانێک لەگەڵ دنیای دەرەوەی خۆی بوو، هەر بۆیە‌ش مەیدان بەتەواوی بۆ کەسێک کراوە کە ئەم ئەرکە بتوانێت بەبێ خەوشدارکردنی رواڵەتی "ئینقلابی"ی رێبەری ئێران بەرێوەببات.

ئەم دەورەش بە دڵنیاییەوە لەم ئاراستەیەدا دەچێتە پێش و ٢ فاکتۆری سەرەکی بۆ هەڵبژاردن دەوری سەرەکی دەگێرن.

یەکەم؛ ئێران لە ماوەی لەسەرکاربوونی باراک ئۆباما بە نەزانکاری و بێمەنتیقی هەلێکی مێژوویی لە کیس خۆیدا. پلانی ئۆباما ئەوەبوو کە ستراکتوور و چوارچێوەی ناوچەکە بە قازانجی ئێران لەدرێژەی سیاسەتی هاوسەنگیی هێزەکان بگۆڕێت و مەیدانێکی بەرفراوانی بۆ ئێران کردەوە کە بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگای جیهانی؛ سازانی ئەتۆمی لەگەڵکرد و ئیمکانی ئابووریی زۆری بۆ خۆڵقاند و تەزمینی بە شریکە ئابووریەکانی ئامریکا دا کە ئێران شوێنێکی ئەمنە بۆ سەرمایەگۆزاری. بەخاوترکردنەوەی سیاسەتی ئامریکا بەرانبەر ئەو رووداوانەی لە ناوچەکە روویاندەدا ئەو هەلەی بۆ ئێران رەخساند دەورێکی کاریگەرتر بگێڕێت و لەهەمان کاتدا رێگربوو لە بەرانبەر وڵاتانیتری جیرانیدا.


بەڵام بەهاتنە سەرکاری دوور لە چاوەڕوانی دۆناڵد ترامپ پێدەچێت ئەم مەیدانە تا دێ بەرتەسکتر بکرێتەوە و تا ئێستاش فشارەکان لەسەر ئێران روولە زیادبوونە. پێدەچێت دەستی لە وڵاتان کورتبکەنەوە و بە گۆشاری زیاتر ئەم هەلانەی بۆی خۆڵقابوو لێی بەسەندرێتەوە. ئەگەر وابێت و رێبەری کۆماری ئیسلامی و دەست و پەیوەندەکانی لەسەر ئەوە ساغ بن، ئایا هەوڵنادرێت کەسێکی لەسەر خەتتر و توندوتیژتر بێتە سەرکار و ناوخۆی ئێرانی پێکۆنترۆڵ بکرێت؟ ئایا ئەگەر لەسەر ئەوە ساغ بوونەوە کە ئامریکا و تیمی ترامپ و بەگشتی رۆژئاوا لەسەر گۆشار بۆ ئێران سووردەبن، بۆ دەبێت دەسەڵاتی ئێران بدرێتە دەست کەسێک کە خۆیان بە سازشکار و بێ هەڵوێستی دەبینن لە بەرانبەر رۆژئاوادا؟ بۆ پەنا نابەنە بەر کەسێک کە پێشینەی دادوەریی هەیە و لە سەرکوتدا دەستیبووە و ئێستاش بە یەکێک لە نزیکان و شاگردانی رێبەری کۆماری ئیسلامی دادەنرێ؟ ئیبراهیم رەیسی یەکێک لەو کەسانەیە کە لە ئەگەری وەها ساغبوونەوەیەکدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە باشترین بژاردە دەبێت. دیارە ئەمە حاڵەتی بەرانبەرەکەشی هەیە، کە ئەگەر ئێران هێشتا ئۆمێدی بە سازان و ئیمتیازوەرگرتن لە رۆژئاوا مابێت هەر رێگا بەو کەسە دەدات کە تەجرووبەی ئەو مەیدانەی هەیە و لەناو خەڵکی ئێرانیش زیاتر وەردەگیرێت.


دووهەم؛ دەنگۆی نەخۆشی و ناساغیی رێبەری ئێران ساڵانێکە هەر لەسەر زارانە و هەم لەلایەن وڵاتانی دەرەکی و هەم لەلایەن سیاسەتوانانی ئێرانیەوە باسی لێدەکرێت و لەبەرچاودەگیرێت. رەیسی و زەق کردنەوەی لە ١ ساڵی رابردوودا ئەو ئەگەری بەهێزکردووە کە کەسی دیاریکراوی دوای رێبەری ئێران ئەو دەبێت و ئەم کارانەی کە ئێستا دەکرێت بەمەبەستی وەرگرتنی مەشرووعیەتی زیاتر لەناو کاربەدەستان و خەڵکی ئێرانەوە بێت. بە دڵنیایەوە نەمانی رەفسەنجانی ئەرخەیانییەکی زۆری بە خامنەیی و سپای پاسدارن داوە کە تازە کاریگەریی رێفۆرمخوازان لە هەڵبژاردنی رێبەری داهاتووی ئێراندا زۆر کز و کەمبۆتەوە. بەڵام ئایا بوونەوە بە سەرۆک کۆماری ئەم دەورەی رۆحانی ئەم ئەگەرە بەهێز ناکاتەوە کە دەستی رێفۆرمخوازان لە هەڵبژاردنی رێبەری داهاتوودا کراوەتر بێت؟


ئه‌م بابه‌ته 1976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:14:07/05/2017


زۆرترین خوێندراو