نەورۆزی ئەم ساڵ " سەمای ئازادی"ی گەلی كوردە لە ڕۆژهەڵات

ڕەفێق حسێن پەناهی
 
گەشە و بەربڵاو بوونەوە و پەنگخواردوویی ناڕەزایەتیی خەڵك لە ڕۆژهەڵات تا هاتووە پەرەی سەندووە، كۆمەڵانی خەڵك ئێستاكە شەقامەكانیان كردووەتە گۆڕەپانی دەربڕینی ناڕەزایەتی و هەر جارە و لە قوژبنێكی نیشتمانە داگیر كراوەكەماندا وەكوو ژیلەمۆی بن خۆڵەمێش دەبوژێتەوە و دەگەشێتەوە و خۆی نیشان دەدا، ئەم خرۆشان و هەستانەی مانگەكانی ڕابردوو لە ئێران و ڕۆژهەڵاتدا بەرهەمی پێگەیشتوویی هزر و بیری ئازادیخوازانە و نەتەوەیی و هەست بە بەرپرسایەتیی مێژوویی نەوەی نوێی خەباكارانی كوردستانە؛ نەوەیەك كە حەماسەت و هەستی شۆڕشگێڕانە لە چوار چێوەیەكی دیكەدا و بە بیانووگەلێكی جۆراو جۆر لە شەقامەكانی كوردستاندا دەربڕیوە، كۆمەڵگای مەدەنی كوردستانی رۆژهەڵات لە ئێستادا لە هەموو بوارەكاندا لە پەرەسەندن و گەشە و بەرەوەپێشچووندایە. ئەم جووڵانەوە بە لەبەرچاو گرتن و ناسینی ماهییەتی كۆماری ئیسلامی و هەڵسوكەوتی لە كوردستاندا دیارە بە ئاسانی نەگەیشتووە بەم ئاستە، ئەمەش دەرەنجامی خشت لە سەر خشت دانان و هەوڵ و ماندوو بوونی ئەو ئاكتڤیستە سیاسی و مەدەنییانەیە كە ساڵانێكە لە چوار چێوەی ئین جی ئۆەكان، ئەنجوومەن ئەدەبییەكان، ژینگە پارێزەكان، خەباتی بزووتنەوەی ژنان و كرێكاران و هەموو چین و توێژەكانی نێو كۆمەڵگایە.
مێژووی پڕ لە كارەسات و چەوسانەوە و بێ ماف كردنی خەڵكی كوردستان، زاڵ بوونی هێزێكی داگیركەر و داپڵۆسێنەر، كوشتن و بڕین، ئیعدام و زیندان و دوورخستنەوەی ڕۆڵەكانی كورد و بە تاڵان بردنی سامانی خاكی كوردستان، هیچكات كۆمەڵانی خەڵكی تێكۆشەری كوردستانی بۆ چركە ساتێك لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانی خۆیان نەوەستاندووە، هەزاران كچ و كوڕی كوردستان بەشدارییان لە شۆڕشدا كرد و بەشێكی زۆریان گیانی ئازیزی خۆیان لە ڕێگای خەبات و تێكۆشان لە دژی ڕژیمی داگیركەری كۆماری ئیسلامیدا بەخت كرد، ئەم جووڵانەوە مەدەنییانە و ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانەی مانگەكانی ڕابردوو لە كوردستان درێژەی هەمان ڕێباز و هەمان شۆڕشە و بە هەمان ئاراستە بۆ هەمان مەبەست لە شار خەبات دەكات بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی نیهایی كە ڕزگاری و ئازادییە. ئەو جووڵانەوە بەرینە لە كوردستان هەر لە هاتنە سەر شەقامی خەڵك بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر كوشتنی كۆڵبەران، هاتنە سەر شەقامەكان و گرتنی ئەو كەرنەڤاڵە گەورە و مێژووییە بۆ پشتیوانی لە مافی دیاری كردنی چارەنووسی كوردی باشوور، ئەو هەڵمەتە گەورە و بێ وێنەیە بۆ بە هاناوە چوونی خەڵكی خەساردیتوی زەوین لەرزە لێدراوانی پارێزگای كرماشان، ئەو پشتیوانیە گەورەیە بۆ "نا" وتن بە لە سێدارەدانی لاوانی كورد  و دەیان جۆری شانۆی جوانی دیكە، نیشانەی بەهێز بوون و پێگەیشتوویی و ئامادە بوونی خەڵكی كوردستانە بۆ ئاڵوگۆڕی جددی لە كۆمەڵگادا. ئێستاكە كە كۆمەڵانی وەزاڵە هاتووی شارەكانی دیكەی ئێران هاتوونەتە سەر شەقامەكان و ئەو داخوازیانەی كە 39 ساڵە گەلی كورد خەباتی بۆ دەكات داوا دەكەن ئەوەش نیشانەی حەقانییەتی خەبات و تێكۆشانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە لە مێژوودا، هەر چەند لە ڕۆانگەی ئێمەی كوردەوە ماهیەتی كۆماری ئیسلامی بۆ گەلانی دیكەی ئێران دێر ناسرا و ئێمەی گەلی كوردیش باجی زۆری ئەو تێكۆشانە بۆ ئازادی گەلانی ئێران كەوتە سەرشانمان بەڵام بە هەموو ئەوانەوە ئەو ئاخێز و خرۆشانە جێی خوشحاڵی و شایانی پشتیوانییە. كۆمەڵانی خەڵكی ڕۆژهەڵات كە لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەموو دەرفەتەكان كەڵكیان وەرگرتووە بۆ بەیان كردنی داخوازییەكانی گەلی كورد، بارودۆخی ئێستای ئێران و ئەو هەستان و خرۆشانەی خەڵكی ئێران خۆی لەخۆیدا جارێكیتر وەكوو دەرفەتێكی باش دەبێ كەڵكی باشی لێ وەر بگرین هاوشان لەگەڵ ئازادی خوازانی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەوا و بەر حەقەكانمان. بەڵام بۆ گەلی كورد لە دهاتوودا گەلێك رۆژ و بۆنە و درفەت هەیە  بە تایبەتی دەرفەتێك كە بتوانێ هەموو چین و توێژەكانی نێو كۆمەڵگا بە هەموو ڕەنگە جیاوازەكانەوە، بە هەموو بیرە جیاوازەكانەوە، بە هەموو تاك و گرۆپ و ڕێكخراو و حیزبە سیاسی و مەدەنییەكانەوە، لە دەوری كۆ ببێتەوە. بێ گۆمان ڕۆژ ژمێری مێژووی كورد بە گشتی و كوردی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی پڕە لە ڕۆژانێك كە شیاوی ئەو جێگا و پێگەیە كە كورد بە تێكڕا وەكوو ڕۆژێكی نەتەوەیی بۆ هەموو گەلی كورد پێناسە بكرێت. بو نموونە، 28ی گەلاوێژ كە لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا حەقە وەكوو ڕۆژی خۆڕاگریی نەتەوەیی پێناسە بكرێ و ئەو ڕۆژە بەرز ڕابگیرێت، بەڵام لە ئێستادا تاكە ڕۆژێك كە هەم دەرفەت بێت و هەمیش ڕۆژێك كە هێندە گەوەر و گرینگ بێت بۆ گەلی كورد، نەورۆزە. ئەو ڕۆژە چ لە ڕۆی مێژووییەوە بۆ گەلی كورد پڕ بایەخ و گرینگە ، چ هێمای نوێ بوونەوە و بوژانەوەی سرووشت و توانەوەی سەهۆڵەكان  و نەمانی سەرما و هاتنی وەرزی بەهاری سەوز و گەشە. لێرەدایە، بە لە بەر چاو گرتنی ئەوەی باسی كرا پێویستە بوترێ یەك لەو مژارانەی كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و لە نێو كورددا بە گشتی لە هەر چوار پارچەكە توانراوە بە شێوەیەكی بەرین كۆمەڵانی خەڵك بە هەموو چین و توێژەكانی نێو كۆمەڵگا لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە نەورۆز بووە. لە ساڵانی ڕابردوودا نەورۆز لە گرتنی جێژنێكی دیرۆكی و لۆكاڵیەوە، لە یاد كردنەوەیەكی مێژوویەوە، لە گرتنی ڕێوڕەسمی چكۆلە و شادی و خۆشی كردنەوە گۆڕاوە بۆ  بەڕێوەبردن و ڕێكخستنی كەرنەڤاڵێكی بەرینی داخوازیكارانە و جێژنێكی گەورەی نەتەوەیی، توانراوە بە شێوەیەكی مەدەنی و سەردەمیانە كاری گونجاوی تێدا بكرێ. كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە نەورۆز وێڕای خۆڕازانەوە و خۆ ئامادە كردن بۆ وەرزێكی سەوزی ژیان و نوێبوونەوە و ئاشت بوونەوە لەگەڵ سرووشت و لەهەمان كاتیشدا لەگەڵ یەك، لەم ساڵانەی دوایدا هەتا هاتووە ئەم ڕۆژە وەك ڕۆژی كۆبوونەوە و گرتنی ڕێوڕەسمی جوان و ڕازاوە بە درووشمی نەتەوەیی و بەرز كردنەوە و یادكردنەوە لە مێژووی خەباتی گەلەكەمان و ڕێز گرتن لە هێما نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەكانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەكەمان، بە وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە و بە لە بەر كردنی جلی فۆرمی پێشمەرگە و لە مل كردنی جامانە و گۆڵی سوور لە بەرۆك دانی دایكی شەهیدان، بایەخ دان و پەرەدان بە زمانی كوردی و داوای ئازاد كردنی ڕۆڵە بەندكراوە سیاسیەكان، كردنەوەی ئاگری نەورۆز لەلایەن كەسایەتیە سیاسی و مەدەنییەكان، زیندانیانی سیاسیی پێشوو، بنەماڵە و كەس و كاری گیانبەخت كردووان، نووسینەوەی لافیتەی جوان و بە درووشمی نەتەوەیی، ئەو ڕاستیە دەخاتە بەر چاومان كە نەورۆز بووە بە ڕۆژی یەك گرتوویی و یەك ڕێزیی نێو ماڵی كورد و هەموو هێزە سیاسییەكان و سەرجەم چین و توێژەكانی نێۆ كۆمەڵگا.
ئەو ساڵ لە كاتێكدا بەرەو پیریی نەورۆز و ساڵی نوێ و بەهاری كوردەواری دەچین، كۆماری ئیسلامی تووشی قەیرانێكی كەم وێنەی مێژووی دەسەڵاتی خۆی بووە، لە لایەك خەڵكی وەزاڵە هاتوو، برسی و بێ دەرەتان شەقامەكانی زۆربەی هەرە زۆری شارەكانی ئێرانیان كردووەتە مەیدانی ململانێ و دەربڕینی ڕەق و قینێك كە ساڵانێكە لە دەروونی خەڵكی ئێراندا پەنگی خواردووەتەوە، لە لایەكیتر هیچ كاتێك كۆماری ئیسلامی بە قەدەر ئێستا لە ناوچەكە تووشی كێشە و گرفت نەبووەتەوە. بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهان  و ئەم ناوچەیە  بە جۆرێك لە دژی وەستاونەتەوە، كێشەی نێو باڵەكانی دەسەڵاتدارانی ئێران و دەیان گرفتی دیكە بەرۆكی بەم ڕژیمە گرتووە، دێر یان زوو گەلانی ئێران ڕادەپەڕن و كۆتای بەم دەسەڵاتە نگریس و دیكتاتۆرە دێنن، لە كوردستانیش خەڵك جگە لە ماڵ وێرانی و بێ كاری و كوشتن و گرتن و ئیعدام و سەددان بەڵای كۆمەڵایەتی، دواكەوتوو هێشتنەوەی كوردستان لە ڕووی ئابووریەوە، داسەپاندنی هێزێكی سوپای پاسداران بۆ سەركوتی خەڵك لە كوردستان، بە چاوی ئەمنییەتی سەیر كردنی كوردستان و دانیشتووانی، كوشتنی كۆڵبەران و ماڵوێرانیی ئەم ساڵی خەڵكی سەرپێڵی زەها و پارێزگای كرماشان و بڕینەوەی حوكمی لە سێدارەدان بۆ لاوانی كورد، بەرهەمی 39 ساڵ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامین و پشكی شێری نەهامەتی و ماڵوێرانیی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەر كوردستان كەوتووە. لەم بارودۆخەدا كوردستانی هەمیشە لە مەیدان و خەباتكار، كوردستانێك كە پێشەنگی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران بووە، كوردستانێك كە بیری نەتەوەیی و هەستی ئینسانی و ووشیاری و تێگەیشتوویی تێیدا بە ڕادەیەكی بەرچاو گەشەی كردووە، دەتوانێ لە نەورۆز باشترین كەڵك وەربگرێت بۆ بەیان كردنی داخوازیەكانی و بە گژداچوونەوەی داگیركەردا. لێرەوە، پێویستە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێت نەورۆز، ئەو ڕۆژە مێژووییە وەكوو دەرفەتێك چاو لێ بكەن. لەم ڕۆژانەدا و لەم ماوەیەدا ئەركی چالاكی مەدەنی و سیاسی و ڕێكخەران و ئامادە كارانی نەورۆز لە كوردستان ئەركێكی قورس و گرانە، لەگەڵ ئەوەی كە ڕژیمە داگیركەرەكان هەمیشە لەجووڵەی خەڵك ترساون و هەمووو هەوڵی خویان دەخەنە گەڕ بۆ پێش گرتن بە بەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزیەكان، بەڵام كۆمەڵانی بەرینی كوردستانی ڕۆژهەڵات و چالاكانی مەدەنی و ڕێكخەرانی كەرنەڤاڵە نەورۆزیەكان لە ژێر چەتری "سەمای ئازادی" كە هێمای یەك گرتوویی و هەستانەوەی كوردستانی ڕۆژهەڵاتە هەوڵ بدەن ئەمساڵ بە جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو و بە شێوازێكی هێمنانە باشترین و گەورەترین كەرنەڤاڵ لە مێژوودا بەرێوە بەرن. هەڕەشە و گوڕەشەی هێزە ئەمنییەتیەكان هەر وەكوو چلۆن لە ڕابردوودا پێشی بە ئیرادەی گەلی كورد نەگرتووە نابێ ئەوساڵیش پێش بە بەرێوە چوونی نەورۆزی "سەمای ئازادی" بگرێت. نەورۆزی ئەمساڵ هەموو ڕەنگە جیاوازەكان یەك گرتووانە بۆ گرتنی گەورەترین ڕێورەسمەكان لە شار و ناوچە جیا جیاكانی كوردستان بە پیریەوە بچین، نەورۆزی ئەمساڵ داخوازی كارانەیە و وتەبێژان و شاعیران و هۆنەرمەندان و هەموو ئەو كەسانەی كە بەشدار دەبن، هاوڕا لەگەڵ گەلی كورد هاواری نەتەوەیی و یەكگرتوویی، بانگەوازی حەقخوازانەی مێژوویمان بەرز بكەینەوە، ڕێز لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بگرین و گۆڵی سوور وەك هێما لە نەورۆزەكاندا پێشكەش بە بنەماڵە سەربەرزەكانیان بكەین، داوای ئازاد كردنی ڕۆڵە بەند كراوەكانمان بكەین، تەنافی سێدارەكان ئاگر بدەین، ئاڵای كوردستان بشەكێنینەوە و هێمای خەبات و تێكۆشانی بزووتنەوەكەمان بەرز بكەینەوە، كچانی تێگەیشتووی كورد لەچكی زۆرەملی لابەرن و پێشەنگایەتی و پێگەیشتوویی مێژوویی ژنانی كورد بانگەواز بكەن. لاوانی خوێن گەرمی كوردستان، ئێوە خەباتكارانی نەوەی نوێ جل و هێمای هاورێیانتان لە شاخ لە بەر بكەن و یادی هەزاران كچ و كوڕی ئازای كوردستان بەرز بنرخێنن. نەورۆزی ئەمساڵ "سەمای ئازادی " هێمای یەكگرتوویی و هەستانەوەی گەلی كورد دەبێت. پیرۆزە وەرزی هەستانەوە.


ئه‌م بابه‌ته 1287 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:10:11/03/2018


زۆرترین خوێندراو