هەنبانەی پڕی چڵ ساڵەی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە بۆ بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات


ئەردەڵان فەرەجی

٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٤٨ ی هەتاوی کۆمەڵێک لە لاوانی خوێندکاری، ڕۆشنبیری بە هەڵوێستی ئەو سەردەم بە ئیلهام وەرگرتن لە کۆمەڵەی ژێکاف و بزووتنەوەی ٤٦، ٤٧ بە خوێندنەوەی دۆخی جیهانی و ئێران و کوردستانی لە سەر پێویستی حیزب و ڕێکخراوێکی پێشەنگ و ڕابەر کە بۆشای ئەو کاتی شانۆی سیاسی کوردستانی ئێران پڕ بکاتەوە بناغەی حیزبی کۆمەڵەیان دامەزراند، چالاکییەکانیان دەست پێکرد. ڕەنگە هیوایەکی ئەوتۆ بە ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لەو ساڵانەدا نەبوو، بەڵام پاشی هەر تەنگانەیەک فەرعانەیەک دێت. گرتن و ئەشکەنجەی ڕێبەران، کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لە لایەن ساواکەوە نەیتوانی نهێنی ئەو ڕێکخراوە ژێرزەمینییە ئاشکرا بکات، بەڵام سەرەنجام ئاراستەی ڕووداوەکان وای کرد کە خەڵکی ئێران دژی ڕژیمی پاشایەتی خرۆشان و ئەو ڕژیمە ڕووخا.

لە جەرگەی خۆپیشاندانەکان لە ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان ڕیبەران و کادرەکانی کۆمەڵە لە ڕێکخەران و لە پێشەوەی ئەو خۆپیشاندانانە بوون. ناوەندەکانی سەرکوت و داپڵۆسینی ڕژیمی ڕووخاو دانە دانە دەکەوتنە دەست خەڵکی، ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ لە شاری سەقزی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەندازیار حەمە حسێنی کەریمی لە پێشەوەی هێرش بۆ سەر شارەبانی ئەو شارەوە بوو. بەداخەوە کەوتە بەر دەستڕێژی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی پێشوو و بە توندی بریندار بوو. پاش سێ ڕۆژ بەربەرەکانێی سەخت لەگەڵ مەرگ، سەرەنجام ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان گیانی ئازیزی بەخت کرد. 

کاک حەمە حسێن کەریمی ناسراو بە وەستا "ساڵە” لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە و یەکێک لە ڕێبەرانی ئەو حیزبە بوو کە نزیک بە ١٠ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هاوڕێیانی دایانمەزراندبوو.

سەرکردایەتی ئەوکاتی کۆمەڵە بە دوای گیانبەختکردنی کاک حەمە حسێن، لەوەی کە ئایا ڕژیمی پاشایەتی ڕووخاوە و هیچ مەجالێکی گەڕانەوەی نابێت بۆ ئاشکرا کردنی چالاکییەکانیان، بە گومان بوون. بەڵام دواجار بڕیاریان دا شەهید بوونی یەکێک لە دامەزرێنەر و ڕێبەرانی کۆمەڵە وەک ڕۆژی ئاشکرابوونی چالاکییەکانیان دەست نیشان بکەن.

بە دەرکەوتنی کۆمەڵە لە سەر شانۆی سیاسی کوردستان، گۆڕانێکی گەورەی لە ناوەرۆک و جەوهەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد هاتە ئاراوە. کادر و  ڕێبەرانی خاراوی کورەی شۆڕشی عداڵەتخوازی و سەرخستنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بە باشی بناوانی ئەو حیزبەکەیان شێلابوو. خوێندوار، تێکۆشەر، ڕۆشنبیر و بوێر، ڕاستگۆ، خۆشناو و جەماوەری، دڵسۆز و بیرتیژ بەرجەستەترین تایبەتمەندییەکانی ڕێبەرانی کۆمەڵە بوون و هەر ئەوەش وای کرد بە کورت ماوە بە هەزاران کەس لە تێکۆشەران و خەڵکی کوردستان بە ڕیزی کۆمەڵە پەیوەست بن.

لە ڕۆژان و مانگەکانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە سایەی ڕێبەری ژیری و بیرتیژی خۆی توانی لەو کەند و کۆسپانەی کە بۆ دەهاتنە پێشێ یەک لە دوای یەک سەرکەوتووانە لە کاڵان بێتە دەر و لە بەرەنگاری و مقاومەتی شەڕی داسەپاوی ٢٤ ڕۆژەی سنە بە ڕێکخستنی جەماوەر شکست بە ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە تاران بێنێت. هەر ئەوەی کە دواجار وای کرد خومەینی ناچار بوو بۆ وت و وێژ لەگەڵ بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان هەیئەتێک ڕەوانەی کوردستان بکات. بەشداری ڕێبەرانی کۆمەڵە لە هەیئەتی نوێنەرانی کورد بۆ دان و ستان لەگەڵ ڕژیمی تاران، قۆناغێکی دیکە بوو بۆ ئەزموون و تاقی کردنەوەی ڕێبەرانی گەنجی ئەو سەردەمی کۆمەڵە. ڕێبەرانی ئەو کاتی کۆمەڵە قبووڵی مەسەلەی وت و وێژ لەلایەن ڕژیمی تارانەوەیان بە باشی لێکدایەوە کە ئەمە بۆ هێز کۆکردنەوەی ڕژیمی تازە بە دەسەلاتگەیشتووی تارانە بۆ کوردستان و خەڵکی کوردستان دەبێ ئامادەی هێرشی دووبارە بن بۆ کوردستان و هەر واش بوو. ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی بە بیانووی پووچ و بێ بنەما جارێکی دیکە ڕژیمی تاران بە فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان، هێرش کرایە سەر کوردستان. سروشتییە دەسەڵاتی سەربازی وڵاتێکی وەک ئێران کە میراتی چەک و تفاقی ڕژیمی پاشایەتی گەیشتبووە دەست مەلاکان لە تاران، لە بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی نوێ و کەم ئەزموون و کەم پۆشتەی ئەو سەردەمی کوردستان و بە تایبەتی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، سەر دەکەوێت و بزووتنەوەی مافخوازی کوردستان لە بواری پێشمەرگانە و شەڕ پاشەکشەی پێ کرا. بەڵام بۆ مێژوو کە هیچ بستە خاکێکی کوردستان بە بێ قوربانی و شەهید نەکەوتەوە دەست دوژمنی داگیرکە. 

لە جەرگەی ئەو ساڵانەی کە بەرەنگاری پێشمەرگانە لە ناوخۆی وڵات بەردەوام بوو و کوردستان تاقە سەنگەری وەستانەوە بوو دژی ڕژیمی ئیسلامی، خەباتکاران و سیاسییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی یان تەسلیم دەبوون و لەبەیکیان دەدا بە خومەینی یان دەکوژران. کۆمەڵێک حیزب و گرووپی ئێرانیش، کوردستانیان وەک مەئمەن و کانگای شۆڕش بینی و پەنایان بۆ هێنا. بە خوێندنەوەی ئەو سەردەمی ڕێبەرانی کۆمەڵە بڕیاردا لەگەڵ ئەو میوانە ڕەزاناسووکە فرەوێژانە بکەونە ئیتلاف و لەوەش گرنگتر پێکەوە حیزبێکی هاوبەش دابمەزرێنن، هەڵبەت بە مافی تایبەتی بۆ کۆمەڵە لەو حیزبە تازەیەدا. بەڵام دواجار کۆمەڵە چووە ژێر چەتری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دەبوو بە لقی کوردستانی ئەو حیزبە سەرتاسەرییە. مەخابن ئەوان کە سەرەتا هاتن و بە سەر کۆمەڵەیان هەڵدەدا و دەیان کرد بە سەرمەشق بۆ خەڵکی و بۆ خۆشیان، دواجار لێی هەڵگەڕانەوە و کەوتنە تەحقیر و سووک کردنی کۆمەڵە و کورد. کورد بوون و شۆڕش بۆ گەلی چەوساوەی کورد بوو بە عەیب، جل و بەرگ و کولتور و زمانی ئەو گەلە کەوتە بەر هێرشی قین لە دڵانەی ئەوان بەرامبەر بە کورد و کۆمەڵە. ئەمە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە هەرگیز جگە لە شاخە کوردستانییەکەی کە لە ڕاستیدا هەموو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو هیچ بەش و لقی دیکەی ئەو حیزبە سەرتاسەرییە پێک نەهات. ئەگەرچی درەنگ بەڵام دواجار لە بەر ڕۆشنایی بیر و ڕێبەری هاوڕێ عەبدوڵلا موهتەدی پرۆژەی ساغکردنەوەی کۆمەڵە هاتەگۆڕێ کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ڕەزامەندی هەر دوو لا کۆمەڵە چۆتە ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە، بە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنێکی ڕاستگۆیانەی ئەموونی ١٥، ٢٠ ساڵەی خەباتی کۆمەڵە لە ژێر چەتری حیزبی کۆمۆنیست، -کە سەرەڕای فیداکاری و گیانبازی و قوربانی زۆری کۆمەڵە بۆ ئەو حیزبە ناسەرکەوتوو بوو- لەو حیزبە بێینە دەرێ. کۆمەڵێکی بەرچاو لە کادر و ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵە لەگەڵ پرۆژەی ساغکردنەوەی کۆمەڵە کەوتن و کۆمەڵەیان گەڕاندەوە سەر هێڵە ڕاست و دروستەکەی خۆی. بەڵام کۆمەڵێکی دیکە لە کادر و ئەندامانی شاخەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە توانای درک بە دۆخی ئێستای ئێران و کوردستانیان نەبوو، جۆرێک مەسخی تیئۆرییەکانی مەنسووری حیکمەت و تاقمەکەی بوون کە -کە یەکێک لە خاڵەکانی فورمولە کراوی کۆمەڵە لە ڕەخنەگرتن لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو و ئەویش بریتی بوو لە نەبوونی سنوورێکی ڕۆشن لە نێوان حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمۆنیزمی کرێکاری- یارای هەڵگرتنی ئەو شانازییە نەبوون کە ڕەوتی ساغکردنەوەی کۆمەڵە بکەون و نەک هەر نەکەوتن کەوتنە دژایەتی و تۆمەت بەخشینەوە و جنێوفرۆشی بەرامبەر بە کۆمەڵە و ڕێبەرانی.


هاتنە دەرەوەی کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیسیتی ئێران (٢٠٠٠) بوومەلەرزەیەکی بەهێزی خستە کەشی سیاسی کوردستانەوە. شەپۆلی ڕوو تێکردنەکان لە ڕیزەکانی کۆمەڵە و هەستانەوەی کۆمەڵە لە شانۆی سیاسی لە ماوەی ١٧ ساڵ چالاکی لە چوارچێوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تووشی نوشستی کردبوو، پەیامێک بوو لە سەر ڕەوایی ئەو پرۆسەیەوە و کۆمەڵە بە بیری نوێ، بە لێکدانەوەی واقعبینانە و ریالیستی لە سەر شانۆی سیاسی کوردستان و ئێران دەرکەوتەوە. کۆمەڵە لەو ساڵانەدا (٢٠٠٢ کۆنفرانسی ٨ی کۆمەڵە) ٣ بواری کاری خۆی وەک ئەجێندای سەرەکی دیاریکرد: ١. پێک هێنانێ بەرەیەکی کوردستانی و یەکخستنی ماڵی کوردی ڕۆژهەڵات. ٢. پێک هێنانی بەرەیەکی نەتەوە بن دەستەکانی ئێران و ٣، پێک هێنانی بەرەیەکی دێمۆکراسی خوازی لە نێو ئۆپۆزیسیۆن و حیزبە ئێرانییەکان.

ئەنجامی ئەم پرۆژەیە بریتی بووە لە پێک هێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران (٢٠١٢)، پێک هێنانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران (٢٠١٧) لە بواری ڕێکخستنی ماڵی کورد کە ئامانج لەو هاوپەیمانییەش دواجار پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی ڕۆژهەڵاتە. پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ لە کە نوێنەری نەتەوەکانی کورد و تورک و بەلووچ و عەرەب لەخۆ دەگرێت(٢٠٠٥)، پێکهێنانی شواری دێمۆکراسیخوازان لە ئاستی حیزب و ڕەوتە سیاسییە سەرتاسەرییەکانی ئێران (٢٠١٧). ئەمان دەری دەخەن کۆمەڵە دەستەبەر کردنی ئەو ئامانجانەی خۆی کە ئەگەرچی هێشتا بە ئاستی دڵخوازیش نین، بەڵام سەرکەوتوو بووە.

کۆمەڵە لە دوای جیابوونەوەی خۆی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە میراتی پێشکەوتنخوازی خۆی بەردەوام لە بەرزکردنەوەی ئاستی چۆنایەتی بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشەنگ بووە.

 

پێشنیار و داواکاری سیستمی ئیداری فێدڕاڵی بۆ ئێران بۆ تێکشکاندنی سیستمی فەوقی موتەمەرکیزی دەسەڵات و دابەشکاری دەسەڵات و سامانی گشتی وڵات، بیرۆکە و بەرنامەیەک بوو کە کۆمەڵە پێشکەش بە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانی ئێرانی کرد و خۆشبەختانە حیزبە سیاسییە جیددییەکانی کوردستانیش ئەو بیرۆکەیان لە بەرنامەی سیاسی حیزبەکانی خۆیاندا گونجاندووە و تا دێت کۆدەنگییەکی زۆرتر بۆ ئەو بابەت دێتە ئاراوە و لە ئاستی ئێران و نەتەوەکانی ئێرانیش دا دەچەسپێت، نەک هەر کەمایەتییە نەتەوەییەکان بەڵکوو خەڵکانی ئازادیخواز و دێمۆکراتیش لە نەتەوەی بان دەست لە ئێران وەک سیستمێکی گونجا بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئێرانی داهاتوو پشتیوانی لێوە دەکەن. دیارە خەونی هەر خەباتکارێکی کورد سەربەخۆیی کوردستان وەک کیانێکی سیاسی سەربەخۆ کە ئەمە لە ئێستا دۆخی بزووتنەوەی کورد و باقی فاکتەرە کاریگەرەکان لە سەر ئەو پرسە زۆر ئەستەمە، بەڵام بیرمان نەچێت کە پێشنیار و داواکاری سیستمی فێدڕالی لە بەرامبە خودموختاری دێت کە زۆر لاواز و بەرتەسکترە لە فێدڕاڵی. هەندێکیش هەر خۆ لەو کێشەیە نادەن و حەواڵەی دەکەن بۆ مافی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و مافی شارۆمەندی. ئەمە وای کرد کە کۆمەڵە بە دوو باڵ بە ئاسمانی سیاسەتی بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە بفڕێ و ئەویش باڵی لایەنگری و ئاڵاهەڵگری بۆ پرسی نەتەوەیی و ڕزگاری نەتەوەیی و باڵی داکۆکی کاری دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا.


بەشداری پێدانی ژنان لە پرۆسەی سیاسی لە ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد تایبەتمەندییەکی تر بوو کە کۆمەڵە پێشکەش بە بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کرد. ئەو کاتەی کە کۆمەڵگای کوردستان نوقمی کولتوری پیاوسالاری بوو و تەنانەت چالاکی سیاسی و پێشمەرگایەتی بە کارێکی پیاوانە دەزانرا، بەڵام کۆمەڵە بە باوەڕمەندی بە هێزی بەرفراوان و کاریگەری ژنان، لە ناو ڕیزەکانی خۆییدا ڕێکیخستن. ئەم هەنگاوەی کۆمەڵە دۆخی بزووتنەوەی ژنانی لە کوردستانی ئێرانی چەند هەنگاو لەچاو باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران و ناوچەکە بردە پێشەوە بە شێوەیەک کە چل ساڵ لەمەوبەر ژنی کورد لە هەیبەتی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا بە سەری پەتی لە مزگەوت وتاری بۆ پیرەپیاوانی کۆمەڵگای کوردی دەدا و پێشوازیشی لێدەکرا. ئەمڕۆکە ئەگەر لە ڕیزی باقی حیزبەکانی دیکەدا ژن بوونی هەیە، ڕێچکەیەکە کە کۆمەڵە سەرەڕای بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ گەلێک ناو و ناتۆرە شکاندی. ئەمڕۆ پرسی هێنانی ژنان و بەشداری پێدانی ژنان لە پرۆسەی سیاسی کوردستاندا، میدالیایەکی زێڕینە لە سەر سنگی کۆمەڵە کە بۆ هەتا هەتایە دەدرەوشێتەوە.

پێوەندی تەندوست و بنیاتنەر لە گەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکان کە ئەمە بە تایبەتی بە دوای هاتنە دەرەوەی کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێی دەناسرێتەوە. لە کاتێکدا هەر چەشنە چالاکییەکی مەدەنی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و جەماوەری لە کوردستان بە گومانەوە سەیری دەکرا، کۆمەڵە جۆرە ڕوانینێکی دیکەی خستە ڕوو کە دەتوانرێت ئەو چالاکییانە هاوتەریب و وەک تەواوکەری یەکتر بۆ بەرەوپێش بردنی بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات موتوربە بکرێن. دیارە ئەمە باکگراوندێکی بەهێزی لە بیر و کولتوری کۆمەڵەدا هەیە کە کۆمەڵە لە بنەڕەت دا خۆی بە حیزبی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و حیزبی ئیبتکاراتی جەماوەری دەناسێت. بەڵام بێ گومان ئەوەش پێویستی بە تەعامولێکی هەستیار هەیە کە بەداخەوە هەندێک لایەنی سیاسی لەو بەر و ئەوبەری سەربانەوەکەوە کەوتوونەتە خوارەوە، لە لایەک لایەنێکی ئەوان بە پەسیف و بێ کاریگەر و تەنانەت زڕی بزووتنەوەکە دەزانن، لایەنێکی دیکە تێیاندا دەتوێنەوە و لە بەرامبەریاندا هیچ ڕۆڵێک بۆ خۆیان لە بەرچاو ناگرن، بەڵام ئەوە کۆمەڵەیە کە شارەزایانە ئەم پێوەندییە بەڕێوە دەبات.

ئەگەرچی پرسی ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەرکردنی لە کوردستان کە پێوەندی بە گەلێک فاکتەری ناوخۆی و ناوچەیی و جیهانییەوە هەیە و تا ئێستا دەستەبەر نەبووە، بەڵام ئەوەی وەک شانازییەکی دیکەی ڕۆڵی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی کوردستان دەمێنێتەوە، ئەوەیە کە بە دوای ساغکردنەوەی کۆمەڵە، کوردستانی ڕۆژهەڵات کە وەک کەیکێکی خۆشمەزە و بەتام لە بەردەم ڕەوت و حیزبی دەرەکی دا بوو، هێنایە دەر و سپاردییەوە دەست خاوەنانی سەرەکی ئەو کۆمەڵگایە.

ئەوەش لە سایەی گوتمان و گوتاری ڕۆژهەڵات تەوەرییدا بوو کە کۆمەڵە پێشکەش بە بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کرد. ئەم هەوڵە بە پیلان دوژمنان و نەیارانی بزووتنەوەی سەربەخۆی کوردی ڕۆژهەڵات بوو کە پتانسییەلەکانی ئەو بزووتنەوەی بەلاڕێ دا دەبرد و ئادرەسی هەڵەی بە جەماوەری کوردستان دەدا. 


ئەگەرچی لە توێی سەروتارێک دا ناکرێت هەموو ئەو تایبەتمەندییە بەکەڵک و بەنرخانەی کە کۆمەڵە بە بزووتنەوەی کوردستانی بەخشیوە بخرێتە ڕوو، بەڵام ئەمە مشتێک لە خەروارێکن لە هەنبانەی پڕ و پڕبایەخی کۆمەڵە کە نەبوونی هەر کام تایبەتمەندییانە کاریگەری جەرگبڕی لە بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەدا.



ئه‌م بابه‌ته 1048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:31:06/02/2019


زۆرترین خوێندراو