ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش "داعش"

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش "داعش"
پێناسە، بوارەکانی سەرهەڵدان و گەشەکردنی، ڕێگەکانی بەرەوڕووبوونەوە (٢-١)



ئەردەڵان فەرەجی

1
بە دوای ئەو ئۆپێراسیۆنە سەربازییەی بەرەی هاوپەیمانی دژی داعش بۆ ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی دەستی داعش هەمووان باس لە کۆتایی هاتنی داعش و پرۆسەی پۆست داعش دەکەن لە ناوچەکە و لەهەموو جیهان. بەڵام ئایا گرووپێک کە لە مێژوودا کەمتر گرووپ و ڕەوتێک بووە کە ئەم ئاستە لە هاوپەیمانییەتی جۆراوجۆر بە ئەجێندای جیاواز و دژ بەیەک لە ئاستی جیهانی بۆ دژایەتیکردن و شەڕکردن لەگەڵی کۆبکاتەوە کۆتایی پێدێت. ئێستا کە ڕۆژانە ناوچەداگیرکراوەکان لە دەستی داعش ئازاد دەکرێت و کۆڕ و کۆڕبەند بۆ ڕامان لە جیهانی دوای داعش بەڕێوەیە و گەلێک پرسیار دێنەگۆڕێ؛ باشترین شێوە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ داعش چییە؟ چ شێواز و مێتۆدێک دەبێ بگیرێتەبەر بۆ پێشگیری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرووپگەلی هاوشێوەی داعش؟ ڕێگاکانی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بیری جیهادی و تەکفیری چین؟ ئەو جۆرەی کە "بەختیار عەلی" پێی دەڵێت؛ ماشێنی فاشیزم. ئایا مەبەست و ئامانج لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ داعش لەناوبردنیەتی یاخود کونترۆڵکردن و سەرەنجام مودارا و هەڵکردن و قبووڵکردنیەتی لە ئاستی نێونەتەوەیی؟ وڵامدانەوە بەو پرسیارانە و چەندها پرسیار لەوبارەیەوە ڕەنگە بمانگەیەنێتە سەرەتایەکی سەرکەوتووانە بەرامبەر بەم دیاردە تۆقێنەرە.
لەدوای ئەوەی کە لە جولای 2014 ئیدعای خەلافەتی جهانی دا بە گوێی هەموو جیهاندا سێ ساڵ و نیو تێدەپەڕێ. لەم ماوەیەدا زۆر شتی لەسەر وتراوە و زۆر شتی لەسەر نووسراوە. ناوەندی ئێشپیگلی ئاڵمان دوو ساڵ لەمەوبەر ڕایگەیاند کە کتێبناسیی بەرهەمەکانی پەیوەست بە داعش زیاتر لە 28 لاپەڕەیە و بێگومان لەماوەی ئەم دوو ساڵەشدا گەلێکی دیکە لە کتێب و پەرتووک و نامیلکە و وتار دەربارەی داعش نووسراون.

2
ڕەنگە کرچ و کاڵترین تێگەیشتن لە "داعش" ئەوە بێت کە زۆرێک لە میدیا و میدیاکاران و سیاسییەکان باسی دەکەن بێت کە "داعش" بە ئەهریمەنێکی بلفترە کە ناکرێ بە پشتبەستن بە ئامرازەکانی زانستی کۆمەڵناسی و سیاسەت لێی تیبگەیی و ڕێک لەو ساتەوە بەرەوڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەی پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەردەهاوێ و وەک پۆتۆلۆژی (شریتی موبیس و بتڵی کلاین_ ئاستی موبیس لە کاتێکدا لە ناوەوەیە، لە دەرەوەشە/نموونە سیمبولی شێرپەنجە) سەیری دەکات کە تەنیا شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی بریتییە لە شێوەی سەربازی و ئەمنییەتی.
نووسەر لە توێی وتارێکدا لەژێر ناوی "داعش بۆ هات؟" لە ڕێکەوتی 13/07/2014  باسم لە بستێن و زەمینەکانی سەردەمییەکانی هاتنی داعش لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراق و سوریە کردووە. بێگومان بەبێ ناسینی بەستێنە مێژووییەکان و بوارە هەنووکەییەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری تێگەیشتن لە داعش ئەستەم و ڕەنگە بە لاڕێشماندا بەرێ و سەرەنجام لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دیاردەی داعش تووشی هەڵەمان بکات. لێرەدا تیشکێکی خێرا دەخەمەسەر بەستێنە مێژووییەکانی سەرهەڵدانی ئەم ڕەوت یان دیاردەیە لە دوو وڵاتی سوریا و عێراق.

3
بەدوای دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرنی عێراق کە لە ئەنجام پچڕپچڕکردنی وڵاتانی ناوچەکە و بە پشتیوانی بریتانیا ناکۆکییە مەزهەبییەکانی نێوان عەرەبە سونی و شێعەکان قووڵتربوویەوە ئەویش لە ئەنجامی سیاسەتی "حوکمڕانی ناڕاستەوخۆ"ی بریتانیا. لەو سەردەمەدا ستراتێژی بریتانیا بۆ بەڕێوەبردنی موستەعمەرەکانی پشتبەستن بوو بە حوکمڕانی لەڕێگەی هێزە وەفادارە خۆجێیەکان. لەم مێتۆدە لە دەسەڵاتداری هەموو کات پۆستە سیادی و هەستیارەکانی دەوڵەت، ئەرتەش و هێزە ئەمنییەتییەکان دەدرانە کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان. بەمجۆرە دەوڵەتە تازە دامەزراوەکان بە پشتیوانی بریتانیا ئەوندە بەهێزدەبوون کە سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆیی لەپێناو ئامانج و بەرژەوەندییە ستراتێژیک و ژئۆپۆلۆتیکییەکان بریتانیا بپارێزن و لەهەمان کاتیشدا بەپێی پێویست لاوازبوون کە نەتوانن ببنە مەترسی جیددی بۆ سەروەریی سیاسی بریتانیا و دەبینین کە کاربەدەستانی دەوڵەتی مۆدێڕنی عێراق لە کەمینەی عەرەبی سونین و بەو پێیەش دەبن بە چینی باڵادەستی کۆمەڵگای عێراقی. هێژێمۆنی سیاسی کەمایەتی کەمینەی عەرەبی سونی لە عێراق بەسەر دام و دەزگا دەوڵەتییەکان و بەتایبەتی ئەرتەشی ئەو وڵاتە تا کاتی ڕووخانی رژیمەکەی سەدام حوسێن بەردەوام بوو کە ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی ئیمپراتۆری بریتانیا لە پاش جەنگی جیهانی دووەم و ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو. هەڵبەت پلانی ئەمجۆرە لە حوکمڕانییە لە عێراق کاتێک دارێژرا کە عێراق پاش پێوە لکاندنی ویلایەتی موصل و بەسرەی دەوڵەتی عوسمانی ئەو کاتەی کە عێراق موستەعمەرەی بریتانیا بوو کە ئەو کات پێی دەوترا "لەژێر چاودێری" بریتانیا.
هەر هەمان شێوە و دۆخیش لە سوریای لە ژێر چاودێری فەڕانسەدا لە ئارادا بوو کە کەمینەی عەلەوی بە سەر دام و دەزگای سیاسی- ئەمنییەتی- سەربازی دەوڵەتی و ئابووری سوریەیان قۆر‌غ کرد.
ئەم شێوە لە حوکمڕانی کەمینە بەسەر زۆرینەدا و لە هەر دوو وڵاتی عێراق و سوریە بوونە هەوێنی شەڕی فریقەیی و توی دووبەرەکایەتی دەچاند و پاش سەربەخۆیی و چوونە دەرەوەی بریتانیا و فەرانسە بەردەوامیی ئەو شێوە لە حوکمڕانی تەنیا لەڕێگەی سەرکوت و داپلۆسینی سیستماتیکەوە مسۆگەردەبوو. ڕێک ئەو شێوە لە حوکمڕانی دەوڵەتانی بەعس لە هەر دوو وڵاتی سوریا و عێراق. هەڵبەت لەم نێوانەشدا ئابووری ڕانتی "نەوت"ی لە عێراق و ڕانتی "ژئۆپۆلیتیک"ی لە سوریە پێوەندییەکی لەنێوان دانیشتوانی ئەو دوو وڵاتە و دەسەڵات بۆ دەسەڵات لەڕێگەی بەخشێنی "نان" بە دانیشتوان و لە بەرامبەردا "پشتیوانی" دانیشتوان لە دەسەڵاتی خولقاند کە پێشینەی کۆنی لە مێژووی دەسەڵاتداری مرۆڤدا هەیە.
ئابووریی ڕانتی لەو دوو وڵاتە جۆرێکیشی لە "دەوڵەتی خۆشگوزەرانی" پێکهێنا کە لە ئاوێتەیی سکۆلاریزم و ئیدئۆلۆژی پان عەرەبیزمی حیزبی بەعس لە سوریە و عێراق بواری بۆ پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرین و بەدەر لە بازنەی ئایین و مەزهەب خولقاند. بەڵام دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیادا و لەدەستدانی پێگەی ستراتێژی و ژئۆپۆلیتیکی سوریا بۆ یەکێتی سۆڤییەت و دەستپێکی چاکسازی ئابووری نیۆلیبێڕاڵی لەو وڵاتە و لەلایەکی دیکەشەوە شەڕی کوەیت و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر عێراق لە ساڵی 1991وە و سەرەنجام هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق لە بەهاری 2003 کۆتایی بەم گەمەی "نان" لە بەرامبەر "پشتیوانی" دا هێنا. بەدوای کۆتایی هاتنی ئەو دۆخە ناکۆکییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکان جێی خۆیان دایە ململانێی سیاسی و شەڕی فیرقەیی. ئەم بابەتە لە عێراق پاش هەڵوەشاندنەوەی ئەرتەش و حیزبی بەعس و تاکەکەسی کردنەوەی ئابووری لەلایەن دەوڵەتی کاتیی ڕاسپێردراو لەلایەن ئەمریکاوە و سەرەنجام باڵادەستی هێزە شیعەکان بەسەر دەوڵەتی نوێوە گەیشتە لوتکە.
سرنج دان بەو بستێنە مێژووییە تێگەیشتن لە دۆخی عێراقی پێش هاتنی داعش ئاسانتر دەکاتەوە.

4
دوای ڕووخانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس، عەرەبە سونییەکان بۆ وەدەستهێنانەوەی دۆخی سیاسی پێشووی خۆیان کەوتنە دژایەتی و وەستانەوە بەرامبەر هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و ئەمەش ئەوندەیتر ئەمریکای هاندا بۆ پشتبەستن بە هێزە شیعەکان کە برینی ناکۆکی فیرقەیی مەزهەبی قووڵتر کردەوە. ئامادەیی ئەلقاعیدە پاش دەرپەڕاندنیان لە ئەفغانستان و ڕووتیکردنیان لە عێراق و لاوازیی سیاسی کۆنی ناسیۆنالیزمی عەرەب بواری بۆ ئەندامگیری و زاڵبوونی هێژێمۆنی ئیدئۆلۆژیکی فێندێمنتالیزمی توندڕەوی سونی خۆشکرد کە سەرەنجامەکەی بوو بە پێکهاتنی "دەوڵەتی ئیسلامی عێراق" کە دواتر "شام"یشی پێ زیاد بوو و بوو بە دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام یان "داعش".
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و بەشداریی چالاکانەی سیکۆلار و ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هیوا بە دابەشبوونی یەکسان و ئیستحقاقی دەسەڵاتی سیاسی لە دەوڵەتی بنکە فراوان لێک هەڵپێکان و هاوپەیمانی هێزە توندڕەوە عەڕەبە سونییەکانی وەدردەنگ خست. بەڵام فیرقەگەرایی توندی هێزە شیعەکان و بەتایبەتی دەوڵەتی مالکی و پشتیوانی پشتی پەردەی وڵاتە سونییەکانی ناوچەکە لە گرووپە چەکدارە سونییەکان ئەگەری سازانی ئەو هێزانەی لەگەڵ دەوڵەتی مالکی لە گرێژنە برد. بیرمان نەچێت سەرکوتی خوێناوی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ناوچە سونی نشینەکانی عێراق بە خراپی باری گوزەران و خزمەتگوزارییەکان، دابەشکاری نایەکسانانەی دەسەڵات یان بەواتایەکیتر قۆرغکردنی دەسەڵات لە دەست شیعەکان لەلایەن مالکییەوە دوایین بزماری سەر تابوتی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی عەرەبی شیعە و سونی بوو لە عێراق.
سەرئەنجام داعش کە لە بەرەی شەڕی ناوخۆیی سوریە لە شکستی گەورەی سەربازیدا بوو و لەگەڵ تێکڕای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دەوڵەتی ئەسەد لە شەڕدا بوو، سەرنجی خۆی بۆ زێدی خۆی واتە عێراق گەڕاندەوە. ئەم بادانەوەیە زۆرتر لەسەر لۆژیکێکی سەربازی سوار بوو بۆ دابینکردنی ڕێگای دابینکردن و تەدارۆکاتی لۆجیستیکی پشتی جیبهە کە بوو بە داگیرکردنی شارەکانی ڕومادی و فەلووجە و دواجار گرتنی موسڵ و دەست پێڕاگەیشتنی کە کەل و پەلێکی زۆری سەربازی و پارەی زەبەلاحی بانکەکان و چاڵە نەوتەکانی ئەو ناوچانە.

5
ئەگەرچی داعش نە بە مێتۆدی کار و نە بە ئایدیا و نەش بە جیهانبینی شتێکی نامۆ نییە بە مێژووی مرۆڤ. ئەم دیاردەیە پێشووتریش هەم بە ڕێژەی توندوتیژی و هەم بە ڕێژەی و بارستایی لە هەندێک لە نموونە مێژووییەکانی ئەم جۆر ئایدیا و جیهان بینییانە زۆرتر نییە. نازیزم لە سەدەی بیستەم و هەر لە ماوەی ئەم 40 ساڵەی ڕابردوو لە ئێران پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بە دەیان بەرابەر لە کوشتاری داعش زیاتر خەڵکیان لە مەیدانەکان بە بەرچاوی خەڵکەوە یان لە سیاچاڵەکان و یان لە ئۆردوگاکانی هۆلۆکاست و ئاشیفتز کوشت. بەو جیاوازییە کە بۆ وێنە کۆماری ئیسلامی قەتڵی عام و ڕەشە کوژییەکانی دەشارێتەوە، بەڵام داعش رێکلامیان پێوەدەکات. بۆیە، بەرەوڕووبوونەوە بەرامبەر بەو دیاردەیە یەکەم دەرهاویشتنی لە بازنەی سرف و تاقانەی بەرخوردی سەربازی و ئەمنییەتی و پەلکیشکردنی ئەم باسە بۆ بازنەی زانستی کۆمەڵناسی و سیاسەت و مێژوو و فکرە.
_سەرکوت و بۆمبارانکردنی داعش بە فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکان و سڕینەوەیان لەسەر زەوی لە ئەنجامی عەمەلیاتی سەربازی و ئەمنییەتی پێویست بەلام کافی و بەپێی پێویست نییە.
_بێگومان وشککردنی سەرچاوە ئابووری و داراییەکانی ئەو گرووپە کە توانای مانەوەی هاردوردەکانیان دابیندەکات هەنگاوێکی بە سوود دەبێت. بەڵام لەوە گرنگتر لە بەرەوڕووبوونەوەی هاردوردانە و عەینی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ فکری داعش و داعشیزمە. وشککردنە سەرچاوە فکرییەکانی ئیسلامی سیاسی توندڕەوی جیهادی تەکفیری و لەناوبردنی جەزابییەت و سەرنجڕاکێشی ئەم گرووپە بۆ گەنجانی موسوڵمان لە سەرتاسەری جیهان لە پێویستییە حاشاهەڵنەگرانەکانی ئەم شەڕە لە بواری سۆفت وردەوەیە.
_ووشیاریبەخشین و جێگیرکردنی فکری تۆلێرانس و قبووڵی بەرامبەر و ڕێزگرتن لە یەکدی و کردنەوەی ناوەندە فکری و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئەو مەبەستە یەکێک لە ڕێگاچارەکانە.
_یارمەتی بە بوژاندنەوەی ژیان بۆ ئەو ناوچانەی کە بلقوە بەستێنی گەشەی ئەو بیرۆکەیان هەیە لەو کردارە گرنگانەیە بۆ بەرەڕووبوونەوەی داعشیزم.
_ڕێشەکێشکردنی ناکۆکییە فیرقەیی و مەزهەبییەکان لە هەر دوو سەری هەر توندڕەوی شیعە و سونە لە ناوچەکە. کۆماری ئیسلامی سەری مارەکەیە لە بەرەی شەڕفرۆشی و ئافراندنی شەڕی مەزهەبی بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی گرووپ و دەسەڵاتی هاوشێوەی خۆی لە ناوچەکە و وڵاتانی دەورووبەر.
_و سەرەنجام گەشەی دیمۆکراسی و ئازادی و سیکۆلاریزم لە ناوچەکە و دەستبەرداربوون لە سیاسەتی بە زۆر پێکەوە لکاندنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناوچەکە بەو مانایەی هەر کام لەو لایەنانە بە مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان شادببنەوە و لە سایەی بیری ژیاندۆستی و پێکەوە ژیانی ئاشتیان لە پاڵ یەکتر دواڕۆژێکی ئەمن و ئاسوودە بۆخۆیان دەستەبەربکەن. لەم پێناوەدا یارمەتیدان بەو لایەنە پێشکەوتنخواز و ئاشتیخوازانە و لە سەروو هەموویانەوە گەلی کورد و بەنموونەکردنی بۆ سەرمەشقی باقی پێکهاتە و کەمایەتییەکانی دیکە دەرمانی دەردی ئەو پەتایە دەبێت.


سەرچاوەکان:
-ناوەندی شپیگل
- داعش و تێڕامانێکی سەرەتایی دەربارەی تەکنیکەکانی تەفسیرکردن و بەرگری/ بەختیار عەلی
- هاوشوناسی داعش و ئیسلامی سیاسی لەگەڵ جەوهەری کاپیتاڵ دا ! /سامان کەریم
- تبار شناسی داعش و آینده عراق/ کامران متین
-کتاب  ‌10 روز در دولت اسلامی/ يورگن تودنهوفر، ترجمە رحمان افشاری




ئه‌م بابه‌ته 1642 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:44:07/03/2017


زۆرترین خوێندراو