جیهان پێویستی بە هێمنییە، "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە هەمووان زیاتر

ئەردەڵان فەرەجی


 


جیهان پێویستی بە هێمنییە، "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە هەمووان زیاتر

خوێندنەوەیەک بۆ لێکەوتەکانی پاش شەڕی داعش




چرکەساتەی ئازادکردنی موسڵ لە دەستی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لەپاش تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر رێکەوتننامەی سایکس پیکۆ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەبەردەم ساتەوەختێکی هەستیار، ئاڵۆز و مێژوویی پڕ لە چاوەڕوانی و ئیبهامدا دەوەستێنێ.

ئەگەر بزووتنەوەی کوردی لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە باشوور (بەناوی هەموو کوردستانەوە) گەیشتە قۆناغێک کە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگاتە کۆنگرە (کۆنگرەی پاریس) و کۆنفرانسە گرنگەکانی جیهان و بەتایبەتی وڵاتە کۆلۆنیالیستییەکانی ئەو سەردەمە و براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم (بریتانیا و فەڕانسە)، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە دۆخێکی جیاوازدا پرسی چارەسەرنەکراوی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخرێتە بەردەم کۆنگرە و ناوەندەکانی بڕیاردانی جیهانی.

تورکە گەنجەکانی پاش هەڵوەشانەوەی ئیپراتۆرییەتی عوسمانی توانییان لە ناکۆکییەکانی نێوان براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و لەوانە فەڕانسە و بریتانیا کەڵک وەربگرن و لەلایەکەوە براوەکانیش بەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران ترسی لە دەستدانی ئێرانیان لە بازنەی ناوچە ژێرنفووزەکانی خۆیان و لەلایەکی دیکەوە ماندوو لە شەڕێکی قورس جیهانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی دێمۆگرافیای ناوچەکە و دانیشتوانەکەی وەک پەنیری بەیانیان بەچەقۆ بەشیان کرد و لەو نێوانەدا ئەوە مافی کورد و هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی کیانێکی سەربەخۆی کوردی بوو کە لەلای ئەوانەوە دیزە بە دەرخۆنەکرا، ئەوا ئەمڕۆ ڕاستی حاشاهەڵنەگری کورد کە بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان لەسەر ئەرزی واقیع شەڕی بەڕبەڕییەت و مەدەنییەت دەکات، موسڵ و لێکەوتەکانی دوای ئازادبوونی موسڵ هیوای کوردی بۆ بنیادنانی کیانێکی سیاسی سەربەخۆ یان هیچ نەبێ کاڵکردنەوەی سنوورە نادادپەروەرانەکانی ئەوسای بووژاندۆتەوە.

لە سەردەمی دوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمیشدا بلۆکی ڕۆژهەڵات، واتە یەکێتی سۆڤییەت و بلۆکی ڕۆژئاوا، واتە ئەمریکا جیهانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردبوو، تا ڕادەیەکیش ئەرکی پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکانی ژێژ هێژمۆنی و کۆنترۆڵی خۆیانیان لە ئەستۆ بوو، بەڵام دوای تێکشانی ئەم سیستمە پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی جیهان تووشی لێکترازان بوو.


لە قۆناغی دەستپێکی دوای سیستمی نوێی جیهانی و بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە بەرەی ڕۆژئاوا یەکەم لێکترازانەکانی هەڵوەشانەوەی سیستمی دوو جەمسەری سۆڤییەت و ئەمریکا دەرکەوت. یەکەم دەرکەوتەکان لە ئۆرووپا و لە باڵکان و یۆگوسلاڤیا ڕوویدا. یۆگۆسلاڤیا هەڵوەشاوە و کۆمەڵێک شەڕی ماڵوێرانکەر و ریزبەندی خوێناوی لە قەوقاز پێکهاتن. لە سیستمی نوێی جیهانیدا لە ڕاستیدا جیهان کەوتە بەردەستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەر لە باکوور و ڕۆژئاوای ئۆرووپاوە بگرە تا تورکیا، زۆربەی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ژاپۆن و کورەی باشوورەوە بگرە تا دەگاتە فیلیپین و ئەندۆنیزیا و بەشێک لە ئاسیای ڕۆژئاوا و پانتایی هەموو ئەمریکای لاتین سنووری ئەو دەستڕۆیشتووی و کۆنتڕۆڵ و سیستمە نوێە بوون ئەوەی پێی دەوترێت پاکس ئەمەریکان (Pax Americana). ڕووخانی شۆڕەوی لە ساڵی ١٩٩١ کۆمەڵێک وڵاتی سەربەخۆ لەو وڵاتەی لێکەوتەوە کە دەکرێت بە بەردەوامی دەرکەوتنی سنووری نوێ پاش لێکەوتەکانی کۆتایی جەنگی جیهانی (پێک هاتنی عێراق و سوریا) یەکەم ناوزەد بکرێن.

لە سیکلێکی ١٠٠ ساڵەدا موسڵ و پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ لە دەستی داعش و لێکەوتەکانی ئەم ڕووداوە، جارێکیتر دەمانخاتەوە بیر ڕێکەوتنە ژێبەژێر نادادپەروەرانەکانی ئەوسا.

ئۆپراسیۆنی سەربازی ئازادکردنی موسڵ لەکاتێکدا ئەنجام دەگرێت کە ناکرێ تەنیا بە کردەیەکی سەربازی سەیر بکرێت و لەهەمان کاتیشدا ناکرێ گەشبین بین بەوەی کە شکستی سەربازی و ئازادکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش بەواتای کۆتایی هاتنی داعشە. بێگومان شکستی سەربازی پێویستە بۆ لەناوچوونی داعش بەڵام هەموو شتێک نییە و پێویستی وشکاندنی سەرهەڵدانی بیری داعش و داعشیزم ئەو پێویستییە تەواوکەرە سەربازییەیە بۆ بنبڕکردنی داعش.


خاڵی جێی نیگەرانی و وردبوونەوە نەبوونی پلان و رێکەوتننامەیەکی سیاسی تۆکمەیە لە نێوان زلهێزەکانی جیهاندا بۆ دۆخی پاش داعش. ئەم ڕووداوانە تەنیا پەیوەست نییە بە موسڵ و گوندەکانی دەورووبەری، بەڵکوو گرێدراوەتەوە بە لانیکەم ٦ وڵاتی ناوچەکە و ڕووسیا و ئەمریکا و یەکێتی ئۆرووپا کە هەرکام لەم لایەنانە ئەجێندا و بەرنامە و پلانی خۆیان هەیە کە هەندێک جار چاوەڕوانی بەریەک کەوتنی توندوتیژئامێزیشی لێدەکرێت.

بەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئەو ڕاپەڕینانەی کە بە بەهاری عەرەبی ناوی دەکرد، سوریا بووبە خاڵی جەمسەرگیری نوێ کە بەچەشنێک زیندووکراوەی سەردەمی دوو جەمسەرگیری کۆنی ٧٠ ساڵی ڕابردوو بوو. ڕووسیا کە بەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت چووبووە کاڵانی خۆیەوە لە ئەنجامی دەستەوەستانی و بێبەرنامەی بەرەی ڕۆژئاوا و لە سەرو هەموویانەوە یەکێتی ئۆرووپا و ئەمریکا و لەهەمان کاتدا بە هاوکاری و گێرەشێوێنی ئێران لە دۆخ و هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی سوریادا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا جارێکی دیکە خۆی وەک لا یان جەمسەرێکی بڕیاڕدەری خاوەن بەرژەوەندی بناسێنێتەوە.


ئێران، سەری مارەکە

ئەگەرچی جێی خۆیەتی لە کات و شوێنی پێویستدا تیشک بخرێتە سەر پلان و بەرنامە و ڕۆڵ و ئەجێندای هەر کام لە یاریزانانی ئەم گەمە خوێناوییەی سوریا، بەڵام لێرەدا و مەبەستی ئەم نووسینە وردبوونەوەیە لە ڕۆڵی ئێران لەم دۆخەدا.

بەچاوپۆشی لە بستێنی ناڕەزایەتییەکان و ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتییانەی کە لە ناوچەی ژێر تەوژمی بەهاری عەڕەبی ڕوویاندا، ڕۆڵی لایەنی دەرەکی حاشاهەڵنەگرە و لە هەر کام لەو گۆڕانکارییانەدا ناکرێ لەبەرچاوی نەگرین.

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاکانی هاتنە سەرکارییەوە لە ئێران و بەتایبەتی لە دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق، سوریای وەک دۆست و وڵاتی دەستەخوشک و هاوپەیمانی خۆی دۆزییەوە و هەموو کاتیش بە هەموو شێوەیەک پشت و یارمەتیدەری ئەو وڵاتە بوو. بەدوای دەستپێکردنی کەوتنی دۆمینۆی دیکتاتۆرەکانی ناوچە لە تونس و لیبی و میسر، چاوەڕوان دەکرا دوای دەسەڵاتی ئەسەد لە سوریا نۆبەی ئێران و خامنەیی بێت. ئەمە جیا لەو بەرژەوەندییە زەبەلاحە ئابوورییە و هێزە سیاسییەی کە ئەنجامی ناردنی گازی سرووشتی بۆ ئۆرووپا لەڕێگەی بەندەرەکانی سوریا لە دەریای مەدیتەرانە نەسیبی ئێران دەبوو. دەمێک ساڵە ئۆرووپا هەنبانەکەی لەژێر دەستی ڕووسیادایە بۆ دابینکردنی وزە و بەتایبەتی گازی سرووشتی. ساڵی ٢٠٠٠ لە ڕێگەی قەتەرەوە بۆ دەربازبوون لەو وابەستەییە پێشنیار درا بە بەشار ئەسەد کە ئیزنی ئەوە بدات بە قەتەر، کە بۆرییە گازییەکانی خۆی لە ڕێگەی سوریاوە بگەیەنێتە ئۆرووپا، بەڵام بەشار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانی دێرینی خۆی، واتە ڕووسیە، کە گرنگترین دابینکاری گازی ئۆرووپایە، پێشنیارەکەی ڕەت کردەوە. بەلەبەرچاوگرتنی گرنگی وزە بۆ هەمووان خۆم لە شیکردنەوەی ئەو هێزە بەرینەی کە ڕووسیا لە ساتەوەختی بزووتنی سەرما لە ئۆرووپا و هەڕەشە و مەترسی بڕینی گاز بۆ ئۆرووپا لەلایەن ڕووسیاوە و ناچارکردنی ئۆرووپاییەکان بە خواست و داواکارییەکانی، دەسەڵاتی خوائاسا دەبەخشێتە ڕووسیا، دەبوێرم.


بەشار ئەسەد پێشنیاری هێڵی لوولەی گازی قەتەری ڕەتکردەوە، بەڵام نەیتوانی چاوپۆشی لەو دەرفەت و هەلە بکات کە هاتۆتە سەرڕێی بۆیە وتووێژەکانی لەگەڵ ئێران بۆ ڕاکێشانی بۆری گاز لە سووریاوە بۆ ئۆرووپا دەست پێکرد. (ئێرانی هاوپەیمان گەورەترین ژێرخانی گازی سرووشتی _پارسی جنوبی_ هەموو جیهانی هەیە.) ئەمە جیا لە گازی سرووشتی عێراقە کە پانتاییەکی بەرچاوی گازی هەموو جیهانی هەیە. گازی ئێران و عێراق کە لەڕێگەی سوریاوە دەگەیشتە ئۆرووپا. ئێران بە پڕحەشیمەتترین وڵاتی شیعە دادەنرێت و عێراقی پاش سەدام حوسێنیش کە کەوتبووە دەست شێعەکان و بەشار ئەسەدی عەلەوی نیمچە شیعە سێ وڵاتی شیعەبوون کە دەبوون بە لوولەوانی وزە و گاز بۆ ئۆرووپا و بەم شێوەیە تۆڕی شیعە بۆ گواستنەوەی وزە پێک دەهات کە دەسەڵات و دەستڕۆیشتووی و هێزی بێوێنەی دەبەخشییە ئێران.

زۆر دەربارەی هیلالی شیعەی ئێران و پلانەکانی لەو بارەیەوە وتراوە. کۆماری ئیسلامی ئێران بە دوای هاتنە سەرکارییەوە بەردەوام هەوڵیداوە گرووپگەلی هاوشێوە و هاوڕەگەزی خۆی لە ناوچەکە پێک بێنێت و توو بخاتەوە و لەم بوارەشدا ناسەرکەوتوو نەبووە. ئەو کاتەی بەرژەوەندی ئابووری و ئیدئۆلۆژی چەقبەستوو یەکدەگرنەوە بەرهەمێکی جگە لە خوێن ڕشتن و وێرانی و شەڕ و ئاوارەیی لێناکەوێتەوە. خەڵکی وەزاڵەهاتووی سوریا کە ترووسکایەکی هیوایان بۆ دەسەڵاتێکی دێمۆکرات شک برد، ورەیان هاتە بەر، خۆیان ڕێک خست و ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام بوونە قوربانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتەکەی خۆیاندا.


خاڵی کۆتایی

لەم سەردەمی جیهانگیری و گلۆبالیزەیشنەدا جیهان بووەتە گوندێکی بچووک کە هەر ڕووداوێک کاریگەری دەبێت لەسەر ناوچەکەی خۆی و تەنانەی هەموو جیهانیش. لەم ساتەوەختی ئازادکردنی موسڵ و شکستی سەربازی داعش، وەک مەعلوولێکی دۆخەکە، ناکرێ تەنیا دڵ بە شکستە سەربازییەکەی خۆش بکرێت. بێگومان لە ئەگەری بێ بەرنامەیی لە بواری فکری و فەلسەفیدا و وشکاندنی سەرچاوەکانی سەرهەڵدانی بیری توندڕەوی سەرهەڵدانەوەی گرووپ و ڕیکخراوێکی دیکەی چەشنی داعش و ئەلقاعیدە و... زۆر بەهێزە. جیالەوەش دەزانین ئەمڕۆکە ئەمنییەت و ئاسایشی پاریس و لەندەن و واشینگتۆن لە گرەوی سەقامگیری و ئەمن و ئاسایشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆ بنبڕکردنی بیر و هزری داعش و داعشیزم و پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و تەنانەت پاراستنی دەستکەوتە مێژووییەکانی هەموو مرۆڤایەتی ناکرێ تەنیا لە سۆنگە و گۆشە نیگای ئابووری و چاڵە نەوتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاواوە سەیری ئەم ناوچەیە بکرێت. کورد و پرس و بزووتنەوەی کورد بەگشتی بۆ هەموو زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان سەلماوە و سەلماندووشیەتی کە شایستە و شایانی دۆستایەتی و هاوکاری و خاوەندارییەتی مافی سەربەخۆیی خۆیەتی.


ئەمەش ئاشکرایە ئەوەی کە بەردەوام لە ناوچەکەدا تەنگەژە سازدەکات و پاڵپشتی تیرۆر و فیکری تیرۆرە دەسەڵاتە ئیدئۆلۆژیکەکانی ناوچەکە و لەسەرو هەموویانەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە پێشێلکاری سەرەکی مافی کوردە. باشترین و دڵخوازترین ڕیگەچارە بۆ ئەو مەبەستە گۆڕینی ڕژیمی تاران و کۆماری ئیسلامییە یان لانیکەم گۆڕانی بنچینەییە لە بۆچوون و نیگای کۆماری ئیسلامییە بەرامبەر بە پرسی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکانی پێکهاتەی وڵاتی ئێران و پرسی کورد بەتایبەتیتر بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت جیهان و زلهێزەکان و ناوەندەکانی بڕیار پاڵپشتی بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بن. ئەمە هیچ ناتەباییەکی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاواشدا نییە، بەڵام لەهەمان کاتدا پێویستی بە یەکگرتوویی و تەبایی زۆرتری لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەر نەبێت لایەنەکانی کۆمەڵە و دیمۆکراتە. وتە و پێشنیارەکانی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی لە دانیشتنی "مێری" (کە زۆر تازەش نین) دەکرێت وەک بنەمایەک بۆ ئەو مەبەستە سوودی لێوەربگیردرێ و ببێت بە نەخشەڕێی کارکردنی هێزەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات.




ئه‌م بابه‌ته 1601 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:39:02/11/2016


زۆرترین خوێندراو