پشتی پەردەی هێرشەکانی ئیسرائیل


جەلیل ئازادیخواز



لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریاوە تا ئێستا ئیسرایل ناوەناوە و هەردەرفەتێک بۆی گونجابێت زەبری خۆی لە سووریاداوە. پەلاماردانی بنکە و بارەگا سەربازیەکانی سووریا لەلایەن ئیسرایلەوە کۆپرسێکی ‌هێناوەتە پێشەوە. هەموو چاودێرانی ڕۆژهەڵاتی ناوێن و جیهانی عەرەب دەزانن کە لە دواشەڕی عەرەب ئیسرایلەوە لەساڵی ١٩٧٦ تائیستا هیج جۆرە کێشە و شەڕێکی شیاوی ئاماژە لەنێوان سووریا و ئیسرایلدا نەهاتوەتەئاراوە. تەنانەت لە شەڕی ٢٠٠٦ی نێوان حیزبوڵڵا- ئیسرایلدا سووریا تەنیا پردی گەیاندنی یارمەتیەکانی ئیران و رێگای لۆجستیکی ئەم شەڕەبوو و نە دەیویست و نە دەشیتوانی راستەخۆ بچێتە شەڕەکەوە و نە دەشچووە. لەڕاستیدا سووریا بۆ ئیسرایل هاوسایەکی بێ ئازار و بێ مەترسی بوو بەجۆرێ کە هەتا کێشەی بەرزایەکانی گوڵانی ناوەتە پەراوێز. گرفتە ناوخۆیەکان و باری ئابووریی ناهەموواری سووریا هەتا پیش شەڕیش وایکردبوو کە سووریا تا دەکرێت خۆی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرایل دوورخاتەوە. بەکردەش سووریا ئیتر نەمەیلی لەسەر شەڕبوو لەگەڵ ئیسرایل نە بۆشی دەکرا. لەڕوانگەی سەربازیشەوە سووریا یەکێک لە وڵاتە هەرە لاوازەکانی دنیای عەرەب بووە. پرسیار ئەوەیە ئیسرایل لە ئیستەدا و لەم چرکە ساتەدا کە سووریا بووەتە وەڵاتێکی تاڕادەیەک لێک هەڵوەساوە بۆ زەبری تووند و کاریگەر لە بنکە گرنگ و ستراتیژیکە سەربازیەکانی دەدات؟.

لە ئیستادا سووریا بەجۆرێک لە جۆرەکان لەلایەن رووسەکان و ئێرانیەکانەوە سەرپەرستی دەکرێت و لەڕاستیدا ئەم وڵاتە لەلایەن ئەم دوو هیزەوە بەڕێوەدەچیت و زۆرتر رووسەکان بەڕێوەی دەبەن. چۆنە رووسەکان لە ئاست هێرشەکانی ئیسرایلدا بێدەنگن و هیج جۆرە کاردانەوەیەکیان نییە، بەتایبەتی کە ئەم هێرشانە لە دانە و ڕێکەوت و پێشهات چوونەتەدەرەوە و بە بەرنامە و پلانی ورد و داڕێژراو ئەنجام دەدرێن؟.

وادیارە کۆهۆکارێکی گرنگ لە پشتەوەی ئەم هێرشانەن کە دەکڕێت ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت.

*بوون و ئامادەیی ئێران و سپای پاسدارانی ئێران لە سووریا سەرەکیترین هۆکاری ئەم هێرشانەن و لەڕاستیدا ئیسرائێل بنکە و بارەگاکانی ئیران دەکوتێت لە سووریادا.

*بوونی ئێران لە سووریادا دنەدەرێکی بەهێزی هەڵگیرسانی شەڕە لەنێوان سوریا و ئیسرایلدا

*وادیارە رووسەکان باش ئەمە دەزان و ئامادە نین بۆ بەرژەوەندیە سەربازیەکانی ئێران توانا و دەسەلاتی خۆیان خەرجکەن بەجۆرێک دەیانەوێت بە ئەسەدیش بڵێن لە بوونی ئێران لەم وڵاتەدا زۆر رازینین.

*پەیوەندی درێژخایەنی ڕووسیا و ئیسرایل و بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیەکانی ئەم پەیوەندیە گرنگتر و فراونترە لە پەیوەندی رووسیا و ئێران و ئەسەد.

*لەئەمڕۆدا دنیای عەرەب بەگشتی و هەندێک وڵاتی عەرەبی بەتایبەتیتر، مەیلیان لەسەر ناساندنی و هاوکاریی ئیسرایل زۆرە، لەبەرامبەر مەترسیەکانی ئێران و بەریانی شیعەی سیاسیدا ئیسرایل بە دۆست دەزانن و زۆرتر جیگای متمانە و فاکتەری جێگیربوونی ئاشتیە لە ناوچەکەدا .

لێدانی زەبری گاریگەر لە سووریا لە ڕووبەرێکی دیکەدا لێدانی ڕیگای لۆجستیکی حیزبوڵڵا و لاوازکردنی ئەم ڕێکخراوە و بەهێزکردنی دەوڵەتی یاسایی و مەدەنیی لووبنانە کە ئەمە بۆخۆی هەم خواستی دنیای دەرەوە و هەم خواستی جیهانی عەرەبیشە.





ئه‌م بابه‌ته 2844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:11:07/05/2017


زۆرترین خوێندراو