خامنه‌یی و سه‌ر ئێشه‌یک به‌ ناوی "ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد"



سۆران سەلیمی


عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ وتارێکی خۆی له‌ رۆژی ٥ی ره‌زبه‌ر راشکاوانه‌ رایگه‌یاند که‌ دژی به‌شداری کردنی مه‌حموودی ئه‌حمه‌دی نژاده‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری داهاتووی کۆماری ئیسلامی که‌ ساڵی ١٣٩٦ به‌رێوه‌ ده‌چێت. رۆژی دوواتریش گوایه‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ رێگای  نوسراوه‌یه‌کەوە رایگه‌یاندوه‌ که‌ ملکه‌چی فه‌رمانی خامنه‌یی ده‌بێت و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌شداری ناکات. ئه‌گه‌رچی له‌ ماوه‌ی ١٥ ساڵی رابردوودا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد یه‌که‌م که‌س نیه‌ که‌ خامنه‌یی دژی کاندیداتۆریه‌که‌ی بووه ‌و نه‌یهێشتووه‌ به‌شداری دووباره‌ بکات، به‌ڵام چه‌ند جیاوازیه‌ک ئه‌مجاره‌ و له‌م قۆناغه‌دا هه‌یه‌ که‌ جێگای باسه‌.

١-دژکرده‌وه‌ی راسته‌وخۆ و توندی خامنه‌یی
هه‌روه‌ک ئاماژه‌م پێکرد پێشتریش "محه‌ممه‌دی خاته‌می" و "هاشمی ره‌فسه‌نجانی" وه‌کوو دوو سه‌رۆک کۆماری پێشووی ئیسلامی ئێران بۆ به‌شداری دووباره‌یان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان و کاندیداتۆریان بۆ ئه‌و پله‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ربه‌ست به‌ره‌ورو بوونه‌وه‌ به‌ڵام هه‌رگیز خامنه‌یی بۆ خۆی و راسته‌وخۆ نه‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌که‌ی ئاشکرا کرد، نه‌ هه‌رگیزیش حازر ببوو که‌ له‌ مه‌جلیسێک باسی بکات، ته‌نانه‌ت هه‌وڵیدا به‌ بێده‌نگیه‌کی هه‌میشه‌یی له‌و بابه‌تانه‌دا خۆی دوور بگرێت له‌ باسه‌که ‌و راسته‌وخۆ به‌رپرسایه‌تی نه‌گرێته‌ ئه‌ستۆ. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان زۆر راشکاوانه‌ و راسته‌وخۆ، ئه‌ویش به‌ زمانێکی زۆر توند و ئامیرانه‌ رایده‌گه‌ینێت که‌ دژی به‌شداری ئه‌حمه‌دی نه‌ژاده‌ و ئه‌وه‌شی به‌ ناوبراو راگه‌یاندووه‌. بێگومان ئه‌وه‌ش تێچوویه‌ک له‌سه‌ر ده‌ستی خامنه‌یی داده‌نێت، راسته‌ که‌ کۆماری ئیسلامی پڕه‌ له‌ پارادۆکس و ره‌وتی نادرووست، به‌ڵام لانیکه‌م خامنه‌یی هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ به‌ که‌مترین تێچوو بۆخۆی پلانه‌کانی جێبه‌جێ بکات، دیاره‌ ئه‌مجاره‌یان چاره‌ی نه‌بووه‌ و له‌ ئاکامدا رۆڵی سه‌ره‌کی خۆی له‌ ره‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری ئاشکرا کردوو به‌ قه‌ولی رۆژنامه‌وانێک رایگه‌یاند که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی وته‌کانی پێشووتری ده‌نگی خامنه‌یی هه‌ر یه‌ک ده‌نگ نیه‌ و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ترین ده‌نگه‌ له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێراندا؛ واته‌ ده‌نگی خامنه‌یی ته‌نانه‌ت به‌هێزتره‌ له‌ ده‌نگی ٨٠ ملیۆن که‌س. ئه‌وه‌ش زۆر ساده‌ مه‌شرووعیه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌ویش له‌ زاری گه‌وره‌ترین به‌رپرسی کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ پرسیار به‌ره‌وڕوو کردووته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی لەبنەڕەتدا هه‌ڵبژاردن له‌و حکوومه‌ته‌ شانۆگه‌ریه‌ تا رێز لێنان له‌ ئیراده‌ی ئازادی تاک به‌ تاکی کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌کانی خامنه‌یی بۆ ئه‌وه‌یکه‌ بیسه‌لمێنێت بۆ خۆی له‌و کارووباره‌ ده‌ستێوه‌ردانی نیه‌ به‌و کاره‌ پووچه‌ل کرایه‌وه‌.

هۆکاره‌کانی ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ ئاشکرایه‌ی خامنه‌یی
یه‌که‌م، به‌ بڕوای هێندێک کارناسی کارووباری ناوخۆیی ئێران، به‌شێک له‌ هۆکاره‌که‌ هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ که‌سایه‌تی خودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد. ناوبراو له‌ ماوه‌ی ٨ ساڵ سه‌رۆک کۆماری خۆیدا، به‌ تایبه‌ت خولی دووهه‌می، زۆر جار دژی بڕیاره‌ حکوومه‌تیه‌کانی خامنه‌یی راوه‌ستا، سه‌یر له‌وه‌دا بوو باش ده‌یزانی که‌ سه‌رۆک کۆماریه‌که‌ی ده‌ره‌نجامی پاڵپشتی راسته‌وخۆی خامنه‌یی و کووده‌تایه‌ک بوو که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا کرا. به‌وه‌شه‌وه‌ چه‌ند جارێک به‌ شێوه‌یه‌کی زه‌ق و ئاشکرا فه‌رمانه‌کانی خامنه‌یی پێشل کرد، یه‌ک له‌وانه‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی "ره‌حیم مه‌شایی" وه‌ک جێگری یه‌که‌می خۆی بوو که‌ له‌ ئاکامدا خامنه‌یی ناچار کرا نووسراوه‌یک له‌ خۆی بڵاو بکاته‌وه‌ که‌ تێدا دژایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی سه‌رۆک کۆمار راگه‌یاندبوو، جاری دووهه‌میش له‌ سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنی وه‌زیری ئیتلاعات بوو که‌ ئه‌حمه‌دی نژاد ئاماده‌ نه‌بوو "مۆسلحی" وه‌کوو به‌ربژێری خامنه‌یی بۆ ئه‌و پۆسته‌ قبووڵ بکات و کێشه‌که‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ قووڵ کرایه‌وه‌ که‌ سه‌رۆک کۆمار بۆ ماوه‌ی ١١ رۆژ وازی له‌ پۆسته‌که‌ی هێنا. ئه‌گه‌رچی له‌ هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌دا و له‌ کۆتایی ئه‌وەدا‌ فه‌رمانی خامنه‌یی بوو که‌ چووه‌ سه‌ر و چه‌سپا، به‌ڵام ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد تێچوویه‌کی قورسی له‌سه‌ر ده‌ستی خامنه‌یی دانا. راستی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌لماندی که‌ جێگای متمانه‌ نیه‌ بۆ دۆستانی، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ ئاماده‌ بوون بۆ سه‌رکه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا کووده‌تا له‌و جۆره‌ی به‌هاری ١٣٨٨ وه‌رێ بخه‌ن. بۆیه‌ ره‌نگه‌ خامنه‌یی نایه‌وێت جارێکی دیکه‌ کێشه‌ و سه‌رێشه‌یکی له‌و جۆره‌ی بۆ درووست ببێت.
دووهه‌م، کارنامه‌ی ٨ ساڵه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد پڕه‌ له‌ خاڵی نیگه‌تیڤ و کاره‌ساتبار، ملیاردها دۆلار پاره‌ که‌ دزرا، ئابووری وڵات به‌ یه‌کجاره‌یی وێران کرا، سندۆقی پاشکه‌وتی دراو به‌ شێوه‌یکی گوماناوی هیچی تێدا نه‌ما-ئه‌ویش له‌ کاتێکدا که‌ له‌ ماوه‌ی سه‌رۆک کۆماری ناوبراودا ئێران زۆرتر له‌ کۆی ته‌واوی سه‌د ساڵی رابردوو نه‌وتی فرۆشتبوو که‌ به‌راوه‌ردی ٧٠٠ ملیارد دۆلار ده‌کرێت، جگه‌ له‌وه‌ش قه‌یرانی ده‌ره‌کیش ئێرانی تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی برده‌ پێش، که‌ هه‌ڵبه‌ت خامنه‌یی له‌ ئاکامدا ناچار کرا که‌ بکه‌وێته‌ وتووێژ له‌ گه‌ڵ رۆژائاوا. پرسه‌که‌ لێره‌دا جێگای سه‌رنجه‌ که‌، یه‌که‌م ناوبراو کاندیدای خۆشه‌ویستی خامنه‌یی بوو و رێبه‌ری حکوومه‌ت به‌ ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ پلان و پرۆگرامی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاددا کۆک بوو، ئه‌وی وه‌کوو ئینسانێکی شۆڕشگێر پێناسه‌ دکرد و شانازی ئه‌وه‌ی هه‌بوو که‌ سه‌رۆک کۆماره‌که‌ی له‌ به‌رامبه‌ر دوژمنی رۆژئاواییدا چۆک دانادات! به‌ڵام روونه‌ که‌ ئابلۆقه‌ و گه‌مارۆکانی رۆژئاوا لانیکه‌م یه‌ک شتی بۆ خامنه‌یی رون کردووته‌وه‌: ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نیه‌ بتوانێت له‌ به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی جیهانی موقاومه‌ت بکات و داڕمانی حکوومه‌ته‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ش دژوار نیه‌. ئێستا پارادۆکسه‌که‌ لێره‌دایه‌، له‌ لایه‌ک خامنه‌یی له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی رابردوو ده‌یان جار دژی ئامریکا و به‌ قه‌ولی خۆیان دوژمن قسه‌ی کردووه ‌و هه‌وڵی داوه‌ رێککه‌وتنه‌کان بباته‌ ژێر پرسیار و ته‌نانه‌ت زۆر جار دژی وته‌ و هه‌ڵویسته‌کانی رۆحانی له‌ مه‌ڕ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌ لێدوانی داوه‌، به‌لام له‌م لاشه‌وه‌ دیاره‌ دڵی خۆشی له‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد نیه‌و روونه‌ به‌ هێچ شێوه‌یک نایه‌وێت ئه‌زموونی سیاسه‌تی ده‌ره‌کی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و له‌م قۆناغه‌دا دووپات ببێته‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی سستی و لاوازی خامنه‌یی و سیستمه‌که‌یه‌ که‌ ناتوانێت له‌ نێوان خواستی راسته‌قینه‌ی خۆیان و راستیه‌کانی جیهانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ جۆرێک هاوسه‌نگی و ته‌عادول پێک بێنێت و ته‌نیا هه‌وڵ ئه‌دات به‌ ره‌خنه‌ گرتن له‌ ده‌وڵه‌تی رۆحانی و جارووبار دژایه‌تی کردنی وتووێژی زیاتر له‌گه‌ڵ ئامریکا، لایه‌نگرانی خۆی رازی بکات و هه‌روه‌هاش حکوومه‌ته‌که‌ی نه‌خاته‌وه‌ قۆناغی مه‌ترسیداری سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاده‌وه‌.

هۆکارێکی دیکه‌ی ئه‌و دژکرده‌وه‌ی خامنه‌یی له‌ ناو دڵی وته‌کانی خودی ناوبراودا شاردراوه‌ته‌وه‌، ناوبراو ده‌ڵێ ئێمه‌ به‌ ئه‌و که‌سه‌مان (مه‌به‌ستی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاده‌) وتمان که‌ به‌شداری ئه‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماریدا ده‌بێته‌ هۆی دووجه‌مسه‌ر بوونی زیاتری کۆمه‌ڵگا! ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ بۆ خۆی دان پێنانه‌ به‌سه‌ر ئه‌و راستیه‌ که‌ سیسته‌می ئیسلامی تووشی دوو جه‌مسه‌ریه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گر و قووڵه‌، به‌ڵام روونه‌ رۆحانی تا راده‌یک تووانیه‌ له‌ قه‌یرانی ناو ده‌سه‌ڵات که‌م بکاته‌وه‌. واته‌ زۆرترین به‌شی ناو ده‌سه‌ڵات ته‌نانه‌ت لایه‌نه‌ دژبه‌ره‌کان کۆ بکاته‌وه‌و وزه‌ی ئه‌و هێزانه‌ له‌ یه‌ک هێڵی هاوبه‌ش و بۆ کاری هاوبه‌ش به‌کار بێنێت، که‌ ئه‌وه‌ش خزمه‌تگوزاریه‌کی بێ وێنه‌یه بۆ ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتداره‌تی خامنه‌یی و جۆرێک ئاسووده‌یی ده‌به‌خشێته‌ رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی. هاتنی رۆحانی لانیکه‌م چه‌ند قازانجی بۆ خامنه‌یی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌بوو، له‌گه‌ڵ رۆژئاوا رێک که‌وتن و تێچوه‌که‌ی زۆرتر که‌وته‌ سه‌رشانی سه‌رۆک کۆمار تا خودی رێبه‌ر، دووهه‌م باڵی به‌ ناو ریفۆرمخواز به‌ ته‌واوه‌تی بێده‌نگ کران و ناچار کران پاڵپشتی له‌ رۆحانیه‌ک بکه‌ن که‌ زۆربه‌ی به‌ڵێنه‌کانی سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنی جێبه‌جێ نه‌کرد و چیدیکه‌ رێگا جاره‌یه‌ک بۆ پاشگه‌ز بونه‌وه‌ی ریفۆرمخوازه‌کان له‌ هه‌ڵویستیان به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رۆک کۆمار نه‌هێشته‌وه‌، له‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ردا باڵی توندڕه‌ویش له‌ سه‌ر جێگای خۆی مایه‌وه ‌و بوو به‌ هێزێک که‌ له‌و رێگاوه‌ جاروبار خامنه‌یی فشار بخاته‌ سه‌ر رۆحانی که‌ نه‌کا دژی خواسته‌کانی خامنه‌یی بوه‌ستێته‌وه‌ یان سیاسه‌ته‌کانی خۆی و باڵی ریفۆڕمخواز جێبه‌جێ بکات. واته،‌ که‌مترین تێچوو بۆ زۆرترین ده‌سکه‌وت که‌ ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌ رۆحانی جێبه‌جێ ده‌کرا، بۆیه‌ خامنه‌یی به‌ سه‌رنجدان به‌ که‌سایه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد باش ده‌زانێت هاتنه‌وه‌ی ناوبراو به‌ مانای تێک چوونی ئه‌و دۆخه‌ی ئێستاو قووڵتربوونی ناکۆکیه‌کان و ئاڵۆزتر بوونی بارۆدۆخی ناو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌، له‌ کاتێکدا که‌ رۆحانی هه‌م توانی له‌گه‌ڵ رۆژئاوا رێککه‌وتن بکات، هه‌م لایه‌نه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵای زۆرتر بتوێنێته‌وه‌، سه‌یرتر ئه‌وه‌ی که‌ رۆحانی له‌ پشتی پێکه‌نینه‌ دیپلۆماتیکه‌کانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ ناوخۆ سیاسه‌تی سه‌رکوتی به‌ربڵاوتر کرد و رێژه‌ی ئێعدامه‌کانی ئه‌م سێ ساڵه‌ی رۆحانی زۆر زۆرتره‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد.‌ بۆیه‌ قسه‌ی خامنه‌یی زۆر راسته‌ که‌ هاتنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هیچ به‌ قازانجی ده‌سه‌ڵات نیه‌.

وه‌کوو خاڵی کۆتایی ده‌بێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بکه‌ین که‌ حکوومه‌تی ئیسلامی وه‌کوو ده‌سه‌ڵاتێکی پاوانخواز تا دێت له‌گه‌ڵ پارادۆکسی زۆرتر به‌ره‌وروو ده‌بێته‌وه‌، لایه‌نه‌کانی ناو خۆی حکوومه‌ت، که‌ هه‌ر یه‌که‌یان به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه،‌ هه‌م له‌ روانگه‌ی رێژه ‌و هه‌م له‌ ره‌هه‌ندی شێوه‌ی به‌رێوه‌بردنی وڵات له‌ یه‌کتر دوورتر ده‌بن و زیاتر ده‌که‌ونه‌ دژایه‌تی کردنی یه‌کترەوە، لێره‌ش ئه‌گه‌رچی حکوومه‌ت وه‌کوو خۆی هه‌رجار هه‌وڵ ئه‌دات به‌ گۆڕینی پلانه‌کانی و هێنانی که‌سانێک وه‌ک رۆحانی له‌و دووبه‌ره‌کیه‌ که‌م بکاته‌وه‌ به‌ڵام له‌ درێژه‌ی ره‌وته‌که‌دا دیسان له‌گه‌ڵ هه‌مان قه‌یران به‌ره‌وروو ده‌بێته‌وه‌. بۆ نموونه‌، خامنه‌یی چیدیکه‌ ناتوانێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابووریه‌کانی سپای پاسداران ره‌چاو نه‌کات و ئه‌وه‌ش باش ده‌زانێت ئه‌و لایه‌نه‌ تا ئه‌و کاته‌ پاڵپشتی لێ ده‌که‌ن که‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و هه‌روه‌ها به‌شداری گه‌وره‌ به‌رپرسانی له‌ به‌رێوه‌بردنی کاروباری حکوومه‌ت مسۆگه‌ر بێت، کێشه‌یەک که‌ راسته‌وخۆ هۆکاره‌که‌ی هه‌رخودی رێبه‌ری کۆماری ئیسلامیه،‌ که‌ ٢٧ ساڵ پێش بۆ دڵنیا بوون له‌ سه‌قامگیری ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پاڵی به‌ سپای پاسدارانه‌وه‌ دا. واته‌ خامنه‌یی له‌گه‌ڵ کێشه‌ و قه‌یرانی ئاڵۆز و قووڵ ده‌سته‌ویه‌خه‌یه‌ که‌ ناتوانێت به‌ شێوه‌ی هه‌تاهه‌تایی چاره‌سه‌ریان بکات و ناچاره‌ هه‌ر چه‌ند ماوه‌ تاکتیکی خۆی بۆ شاردنه‌وه‌ی کاتی گرفته‌کان بگۆڕێت، ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ مه‌شرووعه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خۆیشی وه‌کوو کۆڵه‌که‌ی نیزام ته‌نانه‌ت له‌ ناو بازنه‌ی لایه‌نگرانی خۆی به‌ شێووه‌یکی به‌ربڵاو له‌گه‌ڵ پرسیار به‌ره‌وڕوویه‌، پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌ که‌ خامنه‌یی تا که‌ی ده‌توانێت درێژه‌ به‌و ره‌وته‌ بدات؟




ئه‌م بابه‌ته 2808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:18:02/10/2016


زۆرترین خوێندراو