هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە باڵی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان

موختار ئەحمەدی

کورد بە درێژایی مێژوو بەرهەڵستکاری ستەم و هەڵاواردنە جیاوازەکان بووە کە لە لایەنی دەسەڵاتی باڵادەستەوە لەحەقی ڕەوا دراوە. شان بەشانی گەشەو پێشکەوتنی کۆمەڵگا لە باری سیاسی، ئابووری و بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیری خواست و هیواکانی بەدوارۆژێکی رووناک بەرەو پێش هەنگاوی ناوە.

هاوکاتیش لایەنی بەرانبەر بە تایبەت پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی 1357ی هەتاوی(1979)ی زایینی بە درێژەدان بە ڕەوتی جینایەت، توندوتیژی، پەرەدان بە تیرۆریزم و ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو کەرەستە و ئیمکاناتێک لەباری ئابووری، سەربازی، سیاسی و هێزی مرۆیی درێژەی بە سەرکوتکارییەکانی خۆی داوە.

کۆمەڵگا بەرەو چەقبەستوویی و داخراوی سیاسی و یەکڕەنگ و یەکدەست کردنی موزایکی سیاسی ئێران تووی دیکتاتۆرییەت و زاڵکردنی فاشیزمێکی کوێرانە سەرتاپای ئێرانی گرتەوە. هەبوونی لەمپەرە کلتووری، یاسایی، مەزهەبی و چەق بەستوویی خودی کۆمەڵگای ئەو سەردەمی کوردستان، هەوڵدان و رێگاکانی هاتنە مەیدانی هێزێکی شۆڕشگێڕ و رچەشکێن کە مۆرکە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگای نیشانە گرتبێت کارێکی ئەستەم بوو.

تەنیا بە هێمەت و ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی ژیرانە و بوێرانە نەبوایەت وەها هێزێکی گۆڕانخوازی وەک هێزی «پێشمەرگەی کۆمەڵە» نەدەهاتە دیی. هێزێک کە لە پاڵ داواکاری بۆ دیمۆکراسی و جیهانێکی ئازاد، هەڵگری درووشمی بەرابەری، لابردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئیتنیکی و بەکردەوە هەنگاوی بۆی لەناو کۆمەڵگاو ناوچەکەیش ههڵهێنا و خۆشەویستەکی بەرچاوی بۆخۆی دەستەبەر کردو تا هاتووە بەرەو لووتکە هەنگاوی ناوە.

پێویستی هاتنە ئارای وەها هێزێک بە پێناسەو مۆرکی نوێخوازی و هەوڵ بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی ئازاد و بەرابەر پێویستییەکی سەردەمی ئەوکاتی کۆمەڵگای کوردستان بوو کە بە هەبوونی چەندین فاکتەری حاشا هەڵنەگر و وەک راستی و پێویستییەک هاتە مەیدان.

کۆمەڵگای ئەوکات بە حوکمی هەبوونی چەقبەستوویی و هەبوونی لەمپەرە جیاوازەکان لە باری کلتووری و مەزهەبی و سووننەتی بوونی کۆمەڵگا بە هەموو رەهەندەکانییەوە کە پاش ماوەی سیستەمی فیئۆدالی هێشتا حوکمی دەکرد و دەست بردن بۆ یاساو رێسا بە کلتوور کراوەکانی بڤە بوون و دەست خستنە سەر ئەو نا ئەرزشانەی کە بە پێی تێپەڕ بوونی کات بە ئەرزش کرابوون کارێکی ئەستەم و دژوار بوو.

ژنان ، کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران کە هاوکات دەسەڵاتی شاهی لە تاران هەوڵی ئاسیمیلەی دابوون هەم لەباری یاسایی و هەم لە باری ئەمنییەتی تانو پۆی تەنیبوو و هاوکاتیش وەک کۆمەڵگایەکی سووننەتی کە پێش مەرجەکانی ئەو جۆرە لە ڕوانینی زاڵ کردبوو هاتنە ئارای بیری نوێ و قامک خستنە سەر ئەو شێوازە ڕوانینە لەوەها دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو چەشنە هاسان نەبوو کە پاشتر و ئێستای لەگەڵ بێت بتوانین چاوی لێبکەین.

ژنانی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەوەرزێکی سەهۆڵستانی سیاسی هاتە ناو بازنەی شۆڕش و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان.

ئەگەرخوێندنەوەیەکی خێرامان هەبێت لەسەر مێژووی ئێران بە تایبەت لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە روونی بۆمان دەردەکەوێت کە پرسی ژنان و ئازدیەکان یەکێک لە سەرەکیترین تەوەرەکانی بەرەی رۆحانییەت و ئیسلامییەکان بووە لە دژی نوێگەرایی و هەنگاو نان بەرەو مۆدێڕنیتە و جیهانێکی نوێ.

هاتنە دەر لە ماڵ، لابردنی حیجابی زۆرەملێ، رۆشتن بەرەو بازاڕەکانی کار، ئازاد بوون لە قەید و بەندی سوونەت و کلتووری زاڵ، بوون بە خاوەن فکر ،زمان و جەستەی خۆ،دیاریکردنی چارەنووسی ژیانی تایبەتی لە لایەن ژنانەوە ئەوکات ببووە خەون و ئاواتێکی لە گۆڕ نراوو لەو لایشەوە بەرەی رۆحانییەت و دەسەڵات شەپۆلی سەرکووتی سیستماتیکی خۆیان وەک ئەسڵ و بنەمایەکی نەگۆڕ بەرەو پێش دەبرد ژنانی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە مینبەری مزگەوتەکان و کۆڕو کۆمەڵە جیاوازەکان بانگەوازی ئازادی و دادپەروەرییان بڵاو دەکردەوە.

ئەوەی بە ناوی فەحشاو دژە ئەزش و هەنجارەکانی کۆمەڵگا لەلایەن بەرانبەرەوە پڕوپاگەندەی بۆ دەکرا شتێک نەبوو جگە لە دەربازبوون لە بەربەست و لەمپەرە ئایینی، مەزهەبی و یاساییەکان و گەیشتن بە ئەو مافانەی کە مرۆڤ لە چوارچێوەی مافی شارۆمەندی داوای دەکرد و لە جیهانی پێشکەوتوو دیمۆکراتدا دانی پێدا نراوە.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ژنانی پێشمەرگە رۆڵێکی گرینگیان هەبوو و ئێستاش لە بەسەرکەوتن گەیاندنی کۆی چالاکییە سیاسی و پێشمەرگانەکانی کۆمەڵە و جۆرێک تابۆ شکێنییان کرد بە کلتوورێکی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان و ئاستی ناوچەکە و کاریگەری دانان لەسەر ژنانی باقی پارچەکانی دیکەی کوردستان، ژنانی کۆمەڵە بوون بە هێماو ئوسووەی شۆڕشگێڕی کە کاریگەری ئەرێنییان بوو لەسەر بڵێسەدارکردنی کۆی بزووتنەوەکە.

داخراوی ئابووری کە داهاتەکان لە دەستی تاقمێکی دیاریکرا بوو ژنانی وەک نیوەی کۆمەڵگا بێ خاسییەت و لە کونجی ماڵاندا قەتیس کردبوو پوتانسیەڵی نیوەی کۆمەڵگای زیندان و هیچ چەشنە چالاکیەکیان لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و کلتووری لە دەرەوەی ماڵان نەبوو.

پاش هاتنە مەیدانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان وەک هێزێکی تۆکمەو بە ئامانج و ستراتێژی دیاریکراوی خۆی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پێی نایە قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە هەم لە باری فیکری و تیئۆری و بەکردەوە دەرهێنانی هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بە شێوازێکی جیاواز لە ئەحزابی کلاسیکی ئەوکات زۆر زوو توانی ببێتە هێزێکی جێگای باوەڕو متمانەی خەڵکی کوردستان و نوێگەری و ئەو فاکتەرە پێشکەوتنخوازانەیەی کە دواتر پێی ناسرایەوە زۆر زوو توانی سنوورەکانی کوردستان تێپەڕێنێت ببێتە هێماو ئوسوەی شۆڕشگێڕی و خۆ نەویستی لە ئاستی ئێران و ناوچەکە.

شۆڕشگێڕی و خۆنەویستی لە پاڵ داواکاری بۆ وەدیهێنانی جیهانێکی بێ چەوسانەوەو دادپەروەر مۆرکی بوون و مانەوەی ئەم هێزە بووە کە تا ئێستا سەرەڕای هەبوونی لەمپەرە جیاوازەکانی سیاسی، ئەمنییەتی و دوور لە کۆمەڵگای خۆی توانیویەتی بە هۆی هەبوونی ئەو سوونەتە باشانەی کە بوونەتە پێناسەی ئەم هێزە لەناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا رۆژلەدوای رۆژ زیاتر پەرە بستێنێت.

نەسڵ لەدوای نەسڵ بەهۆی ڕەوایی و مەشروع بوونی سیاسەت، پڕۆگرام و ئامانجەکانی، سەنگەرەکانی هەمیشە و باشتر لەساڵان ئاوەدانتر و گوفتمانەکەی ببێتە ڕەوتێکی سیاسی ، کۆمەڵایەتی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانداو زۆر حەرەکەت و هەنگاوی پێشکەوتووانە وەک ژینگە پارێزی، پاڵپشتی لە کرێکاران و زەحمەتکێشان، پرسە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و هەوڵدانی بەکردەوە لەو پێناوانەدا وەک رەوتێکی سیاسی کۆمەڵایەتی لە قوڵایی دڵی کوردستاندا جێگەو پێگەیەکی بۆ خۆی کردوەتەوە.

فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە وەک قوتابخانەیەکی پێشکەوتووی سەردەمتەنیا فێرگەیەکی نیزامی نەبوو کە تەنیا ئەرکی پەروەردەی نیزامی لە ئەستۆ بێت بەڵکو لە پاڵ وانە نیزامییەکاندا وانەگەلی سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی تێدا دەوترێتەوە کە هەوڵی بارهێنان و پەروەردەی ئەو نەسڵە لە خەباتکاران دەکات کە هەستیان بە هەبوونی نادادپەروەری و نەبوونی ئازادی کردبێت، لە ناو دڵی خۆیدا پەروەردە کردووە. لەپاڵ چەکی بەرگری لە دەسکەوتەکان بەکار هێنانی چەکی زانست و فێربوون و بەکار هێنانی لە پێناو هەرچی زیاتر گەشەدارکردنی خەباتە هەمە لایەنەکەی کەڵکی وەرگرتووە.

هونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری و شۆڕشگێڕی یەک لەو بوارانە بوو کە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە سەرەڕای ئامادە بوون لە مەیدانی شەڕی سەپێندراو بە سەریدا پەرەی پێداوەو خئێستاشی لەگەڵ بێت بەشێکی زۆر لە بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکانی دەبێت وەک بەرهەمە بەهێزەکانی بواری شۆڕشگێڕی ناوزەت بکرێن چوون ئەو بەرهەمانە سنوورەکانی خۆی تێپەڕ کردوو باقی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش کەڵکیان لێوەردەگرن.

ئەم هێزە بە ناچار و بە بێ دڵخوازی خۆی دەستی بۆ چەک بردووە. بە هێنانە سەر شانۆی سەدان داستانی قارەمانی و لەخۆبردوویی بو بە چیرۆکی خەونەکانی نەسڵ لەدوای نەسڵ و نەوەی نوێی کۆمەڵگای کوردستان.

خۆڕاگری، بوێری، خۆنەویستی، ئازایەتی، عەداڵەتخوازی و سینگ فراوانی و گوێگرتن لە ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک پێناسەی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە کە ئەم تایبەتمەندییانە وایکردووە کە ئەم هێزە جیاواز لە هێزەکانی دیکە لە رووبەرێکی بەرفراوانتردا پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ خۆی دەستەبەر بکات و بە هۆی عادڵ بوونیەوە، کۆمەڵەیی بەشکردن هاتە ناو ئەدەبیاتی زارەکی خەڵک و ئەم هێزە ببوە لانکەی مافخوراوان و بێ بەشانی کوردستان.

بەشداری لە رێکخستنی کۆچی مێژوویی مەریوان، بەشداری لە رێپێوانی خەڵکی شارەکانی سنە، سەقز، بانە بۆ پشتیوانی لە کۆچی مێژوویی، پارێزگاری لەدەسکەوتەکانی وەک تەقسیم ئەرازی،یەکێتی ژنان،یەکێتی جوتیاران، یەکێتی کرێکاران، کانوونی موحەسڵین،شۆرای شارو و دێهاتەکان،بەرگری لە شارو ناوچە ئازادکراوەکان، هێزی سەرەکی لە شەڕی نەورۆزی خوێناوی کە ئێستاشی لەگەڵ بێت خۆڕاگری و ئازایەتی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هێشتا لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری سنەو باقی شارو ناوچەکانی کوردستان لە گوێی مێژوودا دەزرنگێتەوە.

بەهۆی لێزانی و کارئامەیی ئەم هێزە و زەربە لێدانی گورچکبڕ لە دوژمن رۆڵێکی کارای گێڕا لە ناچارکردنی دوژمن بۆ هاتنە سەر مێزی گفتوگۆ کە وەک بەشێک لە نوێنەرایەتی جێگای باوەڕو متمانەی بزووتنەوەکە هاتبووە مەیدان.

دوژمن حەسابێکی تایبەتی بۆ کردوە هەمیشە بەچاوێکی جیاواز سەیری هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی کردووە ئەویش هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەو تایبەتمەندیانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد.

هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، لەناو دڵی جەماوەر هەڵقوڵاوەو هەمیشە بە پشت بەستن بە هاوکاری و هاودڵی کۆمەڵانی خەڵک بەرەو پێش هەنگاوی ناوە .

لەم قۆناغە هەستیارەدا کە ئێران و ناوچەکەی تێکەوتووە و ئێران و کوردستان ئاووسە بە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و فاکتەرو ئەگەرەکان پیشاندەری ئەو راستیەیە کە ئاڵوگۆڕەکان نزیکن، ئەرک و وەزیفەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە کە دەبێت زیاتر لە هەرکات ئامادەگی وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتی زیاتر بێت.

هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە خەون و ئاواتە لەگۆڕنراوەکانی کۆمەڵانی خەڵک کە بە درێژایی ٤٠ساڵی رابردوو پێش بە وەدیهاتنیان گیراوە بخاتە ئەولەویەتی کاری خۆیەوە.

پڕەنسیپە ناسراوەکان و تایبەتمەندییەکانی ئەم هێزە هەم لە باری سیاسی،نیزامی، کۆمەڵایەتی و ئاستی باڵای رۆشنبیری بکەینە مەشغەڵی داهاتوومان بۆ گەیشتن بە جیهانێکی بەدوور لە چەوسانەوە.


ئه‌م بابه‌ته 692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:57:02/06/2019


زۆرترین خوێندراو