نەورۆز هێمای نەتەوەیی گەلی کورد


ئەردەڵان فەرەجی

دەگێڕنەوە کە گۆیا چوار هەزار ساڵ بەر لە لەدایک بوونی مەسیح «کی مورس» ناوێک فرمان دەدا بە سپاکەی پاش سەرکەوتنی بە سەر «ئەهریمەن» ناوێکدا کە بە نیشانەی سەرکەوتن لە سەر شاخ و بەرزاییەکان ئاگر هەڵکەن -کە هەم ڕەمزی سەرکەوتن و هەمیش ئاماژە بوو بۆ ڕاگواستنی سپا و سەربازەکان- ڕێکەوتەی ئەو چیرۆکەش ٩ ڕۆژ بەر لە نەورۆز و گۆڕانکاری وەرزەی بەهار بوو، بەڵام «کی مورس» فرمانی دا ئەو ١٠ ڕۆژەش هەر بکەن بە شادی و خۆشی و ئاگرکردنەوە. ئەم دابە بەرە بەرە هاتە ناو کولتوری خەڵکەوە و خەڵکی کورد هەموو نەورۆزان بە ئاگرکردنەوە لە سەر بەرزاییەکان و شایی و هەڵپەڕکێ یادی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەیان جەژن دەگرت.

ئەمڕۆکە پاش هەزاران ساڵ لەو ڕووداوە لە کوردستان بە هەموو بەشەکانییەوە «نەورۆز» جەژنی گەورەی نەتەوەی کورد و بەجۆرێک لەجۆرەکان بۆتە شوناس و هووییەتی گەلی کورد.

لە سەرەتادا شاعیرانی کورد هەر «مەلای جزیریی»ەوە بگرە تا «ئەحمەدی خانی» شێعریان لە وەسفی بەهار و نەورۆز دا وتووە و لە سەدەی بیستەمیشدا «پیرەمێرد»ی شاعیر جگە لە شیعر و هەڵبەست هۆنینەوە بۆ نەورۆز هەوڵی زیندوو کردنەوەی ڕێ و ڕەسمە نەورۆزییەکانی لای گەلی کورد دا.

لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش نەرۆز بەڕز ڕاگیراوە و بە دڵنیاییەوە گشتگیرترین و سەرەکی ترین جەژنی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات «نەورۆز» بووە.

لە ئێرانی ژێر چەپۆکەی کۆماری ئیسلامی بە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، ڕێ و ڕەسمە نەورۆزییەکان لای هەندێک لە مەلاکان فەتوای لە سەر درا، هەندێک پێیان وابوو «حەرامـ»ە و بەڕێوەبردن و بە جەژن کردنی گوناحە و «مەجووسیگەری»، ئاگرپەرەستی و دواکەوتووییە و بە شەریک دانان بۆ خودا لێک دەدراوە، هەندێکی دیکە پێیان وابوو «مەکرووهـ»ە واتە نەکردنی لە کردنی چاکتر و هەندێکی دیکە بڕێک پاشەکشەیان دەکرد و دەیان وت کە «مەباحـ»ە واتە؛ کردن و نەکردنی وەک یەک وایە. سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمە و پێشگیرییەکان بۆ بەڕێوەنەبردنی نەورۆز لە سەرتاسەری ئێران، لە کوردستان توندتر و قورستر لە باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران ڕێ بە بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆزی دەگیرا، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستەکانی حکومەتی ئیسلامی، نەورۆز بەرز ڕاگیراوە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بە تایبەتی پێنج شەش ساڵی ڕابردوو خەڵکی کوردستان لە ئاپۆڕەی جەماوەری ئاهەنگی نەورۆزیان لە گوند و شارەکان بەڕێوە بردووە، لە بەرزاییەکان ئاگریان کردۆتەوە و منداڵان چوون بۆ نەورۆزانە وەرگرتن و شەوانیش گەنج و لاوەکان چوون بۆ هەلاوەمەلاوە.

بیرمەندێکی فەڕەنسەویی مارکسیست بە ناوی «هێنری لۆبۆفۆخ» دەربارەی ڕێ و ڕەسم و دروشم و هێماکان لە ئایینەکاندا دەڵێت: «چی لە دین دەمێنێتەوە ئەگەر لە سەر «شوێن» و لە «ناوەکان» خۆی نەنوێنێتەوە؟!» بەو واتایە کە ڕەمزی زیندوو مانەوەی هەر ئایینو ئایینزایەک لە دەرکەوتنی لە شوێن و بۆنە و ناوەکاندایە!. باشترین نموونە بۆ پارێزگاری کردن لە هوویەتی دینی، گەلی «یەهوود»ی و ئیسرائیلە. ئایینێک کە لانی کەم ٣٠٠٠ ساڵ پێشینەی هەیە و جگە لە ٢٠٠ ساڵی نەبێت کە موبەلیغانی لە یەک شوێن و وڵاتێکدا پێکەوە بوون، بە درێژای ئەم مێژووە هەموو کات پەرەوازە و پەراکەندە و دوور لە یەک بوون. سڕی مانەوەی گەلی ئیسرائیل لەو ڕێ و ڕەسمانەدایە کە لەم مێژووە دوور و درێژەدا لە بەڕێوەبردنی بەردەوام و بە کۆمەڵی ئەو ڕێ و ڕەسمانەیان نەوەستاون. ئەوان (هەموو بنەماڵەیەکی جوو) لە ئێوارێی ڕۆژی هەینی تا ئێوارێی ڕۆژی شەممەی هەموو هەفتەیەک، بەشێك لە کتێبە پیرۆزەکەی خۆیان بە کۆمەڵ دەخوێندوە و دەخوێننەوە. ئەم کردارە بەکۆمەڵە بەردەوامە، ئەو تۆڕە لەپچڕان نەهاتووە بووە لە نێوانیاندا جا چ ئێران بووبێتن یان لە تووران.

بە واتایەکی تر ئەم ڕێوڕەسمانە بۆ پتەوکردنی هوویەت و شوناسی نەتەوەییان و بۆ هاوپشتی و هاوخەباتی نێوان تاکەکانی ئەو گەلە بوون. جێی ئاژاەیە هەموو کات ئەم میکانیزمە لای کەمینەکان بەهێز تر و ڕەمزی مانەوەیان بووە.

ئەگەرچی کورد قۆناغی فەوتان و تێاچوونی تێپەڕ کردووە –هەروا کە لە سروودی ئەی ڕەقیب دا دەڵێت؛ «هەرماوە قەومی کورد زبان» کە تایبەتە بە قۆناغێک لەخەباتی گەلی کورد بۆ ڕووەڕوو بوونەوە لە فەوتان و لەناوچوون- و ئێستا کورد لە قۆناغێکی دیکەی خەبات دایە بۆ دەستەبەر کردنی ماف و داواکارییە ڕەوا و بەرحەقەکانی خۆی، بەڵام تێگەیشتنی گشتی و وشیاری نەتەوەیی خەڵكی کوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستە کە ئەوانیش «نەورۆز» وەک هێمای شوناسی نەتەوەیی خۆیان بەرز ڕاگرن و بیکەن بە جێژن.

دوو ڕەهەندی ڕێ و ڕەسمەکان لە دین و لای کەمایەتییە نەتەوەییەکان بەردەوامی و تکرار و لەو گرنگتر بە کۆمەڵ بەڕێوە بردنیەتی بۆ کردنی بە ئامرازێک بۆ پارێزگاری و پتەو کردنی شوناسی خۆیان و دروست کردنی ڕایەڵەیکی بەهێزی هاوپشتی و هاوخەباتیانە.

ئەمڕۆ گەلی کورد لە کوردستان ئێران بە وشیارییەوە ڕێ و ڕەسمی نەورۆزی هەم بە بەردەوامی و هەمیش بە کۆمەڵ بەڕێوە دەچن کە هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، نیشانەیە لە تێگەیشتووی و پێگەیشتووی بیری نەتەوەیی لای ئەم گەلە.

ئەمساڵ ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە توێی ڕاگەیاندنێکی هاوبەش پشتیوانی خۆیان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان و بەڕێوە بردنی ئەو ڕێوڕەسمان بە هێما و دروشمی ناوی خۆیەوە بە خەڵكی کوردستان، پێشکەش کرد.

بەختەوەرانە ئەم بانگەوازەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە بازنەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ئێران، بە پێشوازییەکی کەم وێنەی خەڵکی کوردستانەوە بەرەوڕوو بوویەوە. شوێن نەبوو لە کوردستان کە نەورۆزی «سەمای ئازادی» بە «گووڵی سوور» و «جامانە»ـوە بەڕێوە نەچێت. چاومان پڕە لەو دیمەنانەی کە خەڵکی کوردستان بە کوڕ و کچی گەنج و لاوەوە، بە پیر و منداڵەوە بە ژن پیاوەوە «جامانە»ی خەباتکارانە وەک هێمای پێشمەرگایەتی و خەبات و کۆڵنەدان و «گوڵی سوور» وەک سیمبوولی ڕێزلێنان لە گیابەختکردووان و شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان لە سەر سنگ و بە دەستانەوە نەشەکێتەوە.

نەورۆزی ئەمساڵ و بەڕێوەبردنی ڕێ و ڕەسمە نەورۆزییەکان لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بەو هێما و دورشم و ناوەی کە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستان پێشنیار کرابوو و ئەو پێشوازییە جەماوەرییە کەم وێنەیە، جارێکی دیکە سەلماندی کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بۆ دەستەبەر کردنی ماف و داواکارییەکانی لە قووڵای دڵی جەماوەرەوە پشتیوانی لێ دەکرێت و حێزبەکانی خاوەن مێژوو و قوربانی پێشەنگی ئەو بزووتنەوەیەن.

بە بەرەوپیریی هاتنی بانگەوازەکەی ٩ی خەرمانانی ناوەندی هاوکاری لە لایەن خەڵکەوە و خولقاندنی حەماسەی ٢١ی خەرمانان و ئەم مانگرتنە جەماوەرییە سەرتاسەرییەی خەڵکی کوردستان و ئەم پێشوازییە جەماوەرییە کەم وێنەیە، دوو پەیامی ڕۆشن و ڕاشکاوانەن بۆ دۆست و دوژمنانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

با دوژمنان بزانن کە پێگەی سەرەکی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەناو و قووڵای کۆمەڵگای کوردستان دایە سەرەڕای هەموو پیلانگێڕییەکان بۆ دیوار کێشان لە نێوانیان و ناتوانێ ئەم دووانە لێک جوێ بکاتەوە. با دۆستانیشمان بەو دیمەن هەستبزوێنە شانازیبەخشانە نەورۆزی ئەمساڵ دڵگەش و دڵخۆش بن کە گەلی کورد یەکگرتووە و هیچ بەربەست، لەمپەر و کۆست و تەگەرەیەک ڕێ لە ڕەوتی مێژوو بۆ شادبوونەوەی گەلی کورد بە مافەکانی ناگرێت.



ئه‌م بابه‌ته 1833 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:45:03/04/2019


زۆرترین خوێندراو