ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش "داعش" (٢-٢)

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش "داعش"

پێناسە، بوارەکانی سەرهەڵدان و گەشە کردنی، ڕێگەکانی بەرەوڕوو بوونەوە (٢-٢)



ئەردەڵان فەرەجی

بەشی دووی ئەم زنجیرە وتارە لە کاتێکدا دەنووسرێت کە شاهیدی پێشڕەوییەکانی هێزی هاوپەیمانانی دژی داعش و ئەرتەشی عێراق و کەوتنی داعشین لە موسڵ. خاڵێک کە لە ژمارەی پێشوودا ئاماژەی پێکرا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی داعش باس لە سەرکوت و بۆمباران کردنی داعش بە فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکان و سڕینەوەیان لەسەر زەوی لە ئەنجامی عەمەلیاتی سەربازی و ئەمنییەتی پێویست و وشککردنی سەرچاوە ئابووری و داراییەکانی ئەو گرووپە کرا کە لەم ڕۆژانەدا بەدیدەکرێت. بەڵام لەو گرنگتر بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ فکری داعش و داعشیزمە. وشک کردنە سەرچاوە فکرییەکانی ئیسلامی سیاسی توندڕەوی جیهادی تەکفیری و لەناوبردنی جەزابییەت و سەرنج راکێشی ئەم گرووپە بۆ گەنجانی موسوڵمان لە سەرتاسەری جیهانە.


لە توێی ئەم وتارەدا تیشک دەخەمە سەر گرنگیی سۆفتورانەی فکری داعش و داعشیزم و سڕینەوە زەمینە و بستێنە سیاسی و ئابووری و فیکرییەکانی سەرهەڵدانەوە و گەشەی دووبارەی ئایدیای داعشیزم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

داعش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بردە قۆناغێکی نوێ لە پێکدادان و لەلایەکی ترەوە دان و ستانی توندئاژۆ و پەلەپڕووزە و قەیرانی کردە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری ئەم ناوچەیە لە گۆی زەوی. جیاوازی و فرەیی شوناسی نەتەوەیی، ئایینی و ئایینزایی، دەوڵەتە لاواز و هەڵشکیاوەکان و ئامادەیی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانی لە ماوەی سەدەی ڕابردوو و ئەم دوواییانە و سنووری نادادپەروەرانەی سایکس پیکو وایکرد کە بەپێچەوانەی باقی ناوچەکانی دیکەی جیهان کە بەرەو ڕەوت و پرۆسەی هاوکاری و یەکێتییە ناوچەییەکان هەنگاویان نا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروا لە بازنەی دووپاتەوەبووی ڕێکخستن و هەڵوەشانەوە و بنیاتنان و وێرانکردن بخولێتەوە.


ئەم دۆخەی ئێستا و خولانەوە لەو بازنەیەدا وا دەکات_ تا ئەوکاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم بارستاییە لە دۆخی قەیران و بەردەوام بوونیش لە قەیران_ بستێن بۆ سەرهەڵدان و چالاکی و بەردەوامی ئەندێشەی توندڕەو و سەرهەڵدانی ڕەوتگەلێک کە ئاڵاهەڵگری ئەندێشەی ئیسلامی ڕادیکاڵ و یان بەواتایەکی تر فێندێمنتاڵیزمی ئیسلامین، بوونی بێت. نابێت ئەم ڕاستییەشمان بیر بچێتەوە کاتێک کە سەرمەستی مەرگی داعشین پێمان وابێ ئەمە مەرگی ئەندێشەی داعشیشە.


(٦)

ناکارامەیی ئیسلامی سیاسی

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەکۆی ئیسلام لەم ساڵانەی دوواییدا ئیسلامییە میانەڕەوکان لە وڵاتانی ناوچەکە لەچارەسەری کێشەکان ناسەرکەوتوو بوون و هەندێکیشیان وەک ئیخوانولموسلمینی میسر بە هۆی هەوڵ بۆ قۆرغ کردنی دەسەڵات بوون بە بەشێک لە کێشەکان و لە ئەنجامدا بازنەی ‌هیز و دەسەڵات پەراوێز خران. ئەوەش دەریدەخات کە ئۆپۆزیسیۆنی شەرمن و نەجیبی پشوو، لە ئەگەری دەست پێڕاگەیشتنی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی هەموو کات ناتوانێ سیاسەتوانێکی باشیش بێت و لەئەنجامدا جۆرێک دڵساردبوونەوە لە کارامەیی و لێهاتوویی ڕەوتی ئیسلامییە میانەڕەوەکانی لێکەوتەوە. هاوکات بەشێک لەم ڕەوتە ناکارامەیی خۆی دەخستە ئەستۆی دژایەتی گرووپ و ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕکابەر یان سەرکوتی ئەمنییەتی و سەربازی و بەگشتی لە یاریی دیمۆکراسی دڵسارد بوونەوە و سەرەنجامەکەی ئەوەیە کە زۆرێک لە چالاکان و لایەنگرانی ئیسلامییە توندڕەوەکانی ناوچەکە ڕێک ئەو کەسانەن کە تاچەند ساڵ لەمەوبەر سەربە ئیسلامییە میانەڕەوەکان بوون. ئەگەرچی بزووتنەوەی "ئەلنەهزە" توانی بە خوێندنەوە و لێکدانەوەیەکی درووستی دۆخی توونس و هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموونی میسر، مەسڵەحەت ئەندیشی بکات و بە هاوکاری لەگەڵ هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە لە دابینکردنی سەقامگیریی سیاسی ڕۆڵی مێژوویی و گرینگ بنوێنێت. بەڵام بەوەشەوە ئەزموونی بەشێکی تری جهیانی ئیسلامی و بەتایبەتی میسر دەریخست کە ئیسلامییە میانەڕەوەکان ئەزموونێکی سەرکەوتوو و کاریگەریان نەبووە و بەگشتی ڕەوتی ڕووداوەکان زۆرتر لە بەرژەوەندی ئیسلامییە تووندڕەوەکاندا بووە. بۆ وێنە داعش لە لایەکەوە خۆی بە ئاڵاهەڵگری ئیسلامی ڕاستەقینە ناوزەد دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە خۆی بە دەنگی جەماوەری پەراوێزخراو دەناسێنێت.


کێشەی هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی بە پەلکێش کردنی ئایینی ئیسلام بۆ بازنەی دەسەڵات ئەوەیە کە ناتوانن سەرنج راکێشبوونی دروشمە ئیسلامییەکان لە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی، دەوڵەتی ئیسلامی، ئابووری ئیسلامی، سیاسەتی ئیسلامی و کولتوری ئیسلامی بهێننەدی و هەر لە ئاستی دروشمدا دەمێنێتەوە و بەپێی پێکهێنانی دیوانسارییەکی بچووک بەڵام کارامە بەمانای مودێڕنی وشەیە و هەر چەشنە هەوڵێک بۆ مسۆگەرکردنی ئەو ئیدیۆمانە دەبێتە مایەی خولقانی گەلێک جینایەت و کارەسات و نموونەش لە سەرزەمینەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تاڵیبانی ئەفغانستان و داعش و بوکووحەرام و گرووپە هاوشێوەکانیان دەبینرێت.


ئەمە جیا لەوەی کە ناکارامەیی ئیدئۆلۆژی ئیسلامی سیاسی لە چەمکە ئەمڕۆییەکانی سیاسەت و حوکمڕانی دەردەخات ئەو هێزە سیاسییانەی کە ئەندێشە و بیرۆکەی ئیسلامیش پەیڕەودەکەن تەنانەت ئەوکاتانەی ئۆپۆزیسیۆنێکی شەرمنی نەجیبن، لە کردار و لە ڕۆژی بە دەسەڵات گەیشتندا ناکارامەن و بۆ سەرپۆش دانان لەسەر ناکارەمەیی خۆیان سەرکوت و داپڵۆسین و کوشت و بڕ دەکەنە پیشەی ڕۆژانەیان.

پەرەسەندنی فیکری و مەیدانیی ئیسلامی ڕادیکاڵ ڕەگی لە بستێنە ناوخۆییەکانی ناوچەکەدایە و یاریزانە جیهانییەکان لەم هەل کەڵکوەردەگرن بۆئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیاندا ئەو هەلە بقۆزنەوە.


(٧)

ئەزموونی ١٠٠ ساڵەی سایکس پیکۆ دەریدەخات ئەگەر هێزە جیهانییەکان لە سۆنگەی بەرژەوەندیی ئابوورییەکانی خۆیانەوە، لە لێواری چاڵە نەوتەکانەوە بێت، ئەگەر بە سازان لەنێوان خۆیان و دەوڵەتە ناوچەییەکانی بێت بەبێ ڕەچاوکردنی چۆنییەتی چارەسەری کێشە بنچینەییەکانی (کێشە نەتەوەکان، ئازادی، دێمۆکراسی، مافی ژنان، دادپەروەری کۆمەڵایەتی) بێت، لەلایەکەوە دەبێتە مایە سوودی هێزە کۆنەپەرستەکان و هێزە تیرۆریستییەکان و لەلایەکی دیکەشەوە گەلانی ناوچەکە لە ناخەوە بریندار دەکرێن و بێگومان پاش شەڕی داعش و لەناوبردنی فیزیکیی داعش، فکر و بیرۆکەی داعش لە شکڵ و فۆڕمێکی دیکە و لە سەردەم و لە شوێنێکی دیکەی ناوچەکە سەرهەڵدەداتەوە.


(٨)

سکولاریزە و دیمۆکراتیزەکردنی ناوچەکە

مێژووی هاوچەرخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆمەڵێک فاکت و هۆکاری ناوچەیی و دەستێوەردانی زل هێزەکانی جیهان مێژوویەکی پڕ لە خوێن و ناتەبایی و دڕدۆنگی و دوژمنایەتی و ناسەقامگیری بووە. هۆکارێک کە بەپێچەوانەی باقی ناوچەکانی جیهان کە تێکۆشاون خۆیان لە یەکێتییە ناوچەییەکان و هاوکاری و هاوپشتی ببینەوە بەردەوام لە شەڕ و ناکۆکی و ئاژاوەدا بوون.

گەشەی دێمۆکراسی زامنی ئەو پرسە دەبێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ئاگری قین و تۆڵە و رکابەرایەتی دوژمنکارانەدا دەسووتێت بەرەو کەناری هێمنی و ئارامی لەنگەر بگرێت. بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی و پشتبەستن بە کتێبە پیرۆزەکانی هەر ئایین و ئایینزایەک و ناوزەدکردنی ئەوانیتر بە کافر و فەتوای جیهاد دژیان، هۆکاری سەرەکی ئەم ئاژاوەگێڕی و قەیرانە بەردەوامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. شەڕی ئیسلام و یەهوود، شەڕی مەسیح و ئیسلام و لەهەموویان گرنگتر شەڕی موسڵمان لەگەڵ موسڵمان و دوو ئایینزای شیعە و سونە ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.


رژیمی ئیسلامی شیعەی ئەسناعەشەری (١٢ ئیمامەی ویلایەتی فەقیهـ) لە ئێران بۆ بەرفراونکردنی سنووری دەسەڵاتی زێدەخوازی خۆی و لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی خومەینی بۆ هەناردەکردنی ئینقلابی ئیسلامی بۆ ناوچەکە و دواجار بۆ هەموو جیهان، ڕەنگە ئەگەر نەڵێن سەرەتا بەڵام خاڵێکی گرنگ لە دەستپێکی ئەم قەیران و ئاژاوەی ناوچەکەیە.

نزیک بە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر بە پاڵپشتی زلهێزێکی جیهانی ئەو سەردەم خومەینی لە ئێران هاتە سەرکار و رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دامەزراند. رژیمێکی شیعەی تاقمسالاری توندڕەوی تۆتالیتێر لە وڵاتێکی فرەئایین و ئایینزا و فرەنەتەوەی ئێراندا. لە سەرەتا پیشەی داپڵۆسین و کوشت و بڕ و کۆت و زنجیر بووە و هەموو هەوڵ و پلان و بەرنامەکانیشی بۆ هەناردەکردنی جۆری ئینقلابەکەی خۆی بووە، دیسانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایین و ئایین زا، دەست پێڕاگەیشتنی ئەم رژیمە تاقمگەرایە بە هێز و دەسەڵات و پارە مەترسی ناکۆکی و ئاژاوەگێڕی چەند ئەوندە کردەوە. ستراتێژی دروستکردنی هیلالی شیعە و لەناوبردنی ئیسرائیل (هێمای یەهوودییەت) و بە دروشمی ڕێی کەربەلا لە قودسەوە (ئورشەلیم) ـەوە تێدەپەڕێ، ڕۆژهەڵاتی کردە بورکانی زیندوو. کۆماری ئیسلامی ئێران بە دوای هاتنە سەرکارییەوە بەردەوام هەوڵیداوە گرووپگەلی هاوشێوە و هاوڕەگەزی خۆی لە ناوچەکە پێکبێنێت و توو بخاتەوە و لەم بوارەشدا کەم ناسەرکەوتوو نەبووە. ئەو کاتەی بەرژەوەندی ئابووری و ئیدئۆلۆژی چەقبەستوو یەکدەگرنەوە بەرهەمێکی جگە لە خوێن ڕشتن و وێرانی و شەڕ و ئاوارەیی لێناکەوێتەوە. خەڵکی وەزاڵەهاتووی سوریا کە ترووسکاییەکی هیوایان بۆ دەسەڵاتێکی دێمۆکرات شک برد، ورەیان هاتەوەبەر، خۆیان ڕێکخست و ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام بوونە قوربانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتەکەی خۆیاندا.


خەڵکی عێراق پاش ئازادی وڵاتەکەیان لە چنگ سەدام حوسێن، چاوەڕوانی کرانەوەیەکی سیاسی و دادپەروەرییەکی کۆمەڵایەتی بوون کە لە بەروبووم و سامانی ئەو وڵاتە بتوانن ژیانێکی شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە دەستەبەربکەن، بەڵام بە دەستتێوەردانی ئێران و هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی شیعەی هاوشێوەی تاران لە بەغدا و پەراوێزکەوتنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی سونەکان زەمینە بۆ بە سەرهەڵدانی بیری تووندڕەویی لای دانیشتوانی سونەی ئەو وڵاتە و سەرەنجام شەڕێکی ماڵوێرانکەر و خوێناوی تر لەو ناوچەیە.


ئەمە پاش ئەو سنووربەندییە نادادپەروەرانەی براوە ماندووەکانی جەنگی یەکەم جیهانی بوو (فەڕانسە و بریتانیا) بۆ دابەشکردنی ناوچەکە و درووستکردنی دوو وڵاتی دەستکردی عێراق و سوریە پاش پارچە پارچەکردنی ئیمپراتۆری عوسمانییەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی دیمۆگرافی و مافی نەتەوە و گەلانی ئەو ناوچانە کە ئەنجامەکە بووە هاتنە سەرکاری دوو رژیمی تۆتالیتێر و سەرکوتگەری بەعس لە هەردووی ئەم وڵاتە کە هیچ باوەڕێکیان بە مافی مرۆڤ و مافی یەکسانی گەلان نەبوو.

لە بەشی یەکەمی وتارەکەدا باس لە شێوەی حوکمڕانی ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتێرانە لە عێراق و سوریە کرا کە هەموو کات ئەو وڵاتە دەستکردانە بەبێ ڕەچاوکردنی مافی نەتەوە و گەلانی ناو سنوورەکەیان و پێڕەوانی ئایینە جیاوازەکان چلۆن تووی دووبەرەکایەتی و دوژمنایەتیان لە دڵی واندا چاند.

تێکهەڵکێش بوونی سێ دەسەڵاتی توتالیتێری ئێران و عێراق و سوریا دژی هەموو کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان و باقی زل هێزە ناوچەییەکان ئەم ناوچەیەی هەموو کات وەک بەرمیلە باڕووت لێکردووە کە هەر دەم ئامادەی گڕگرتن و تەقینەوە بێت.

گەشەی دیمۆکراسی و ئازادی و سیکۆلاریزم لە ناوچەکە و دەستبەرداربوون لە سیاسەتی بە زۆر پێکەوەلکاندنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناوچەکە بەو مانایەی هەر کام لەو لایەنانە بە مافی چارەی خۆ نووسینی خۆیان شاد ببنەوە و لە سایەی بیری ژیان دۆستی و پێکەوە ژیانی ئاشتیان لە پاڵ یەکتر دواڕۆژێکی ئەمن و ئاسوودە بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.


لە ئێستای ساتەوەختی لەناوچوونی داعش لەسەر ئەرز تەنیا ڕێگەی کوێرکردنەوەی ڕێگاکانی سەرهەڵدانەوەی ئەم جۆرە ئایدیایانە گەشەی دێمۆکراسی و سیکۆلاریزمە. دابینکردنی مافی گەلان و جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و دەوڵەتە. پێشگرتنە بە سووکایەتی و پەڕاوێزخستنی هەر کۆمەڵەیەک و هەر تاکێکە بە هۆی بیر و ئەندێشە و باوەڕ و نەتەوە و ڕەگەزێکەوەیە. دەستەبەرکردنی ئەو مافە سەرەتاییانەی کە جیهانی پێشکەوتوو دانی پێداناوە و کاری پێدەکات، گەرەنتی ژیانی ئاشتەوایی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بنبڕکردنی هەژاری (وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ هێزە تیرۆریست و تووندڕەوەکان) ئاسۆی هێمنی و ئارامی ناوچەکە گەش دەکات. لە ئەگەری سازانەوەی زلهێزەکان لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لەپێناو ئاسوودەیی وڵاتەکانی خۆیان، خولانەوەی دووبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە بازنەی دووپاتەوەبووی ڕێکخستن و هەڵوەشانەوە و بنیاتنان و وێرانە.


دەکرێت چاوەڕوان بین لە پاش داعش گەلان و کەمایەتییە ئایینییەکانی دوو وڵاتی دەستکردی عێراق و سوریە بە مافە بنچینەییەکانی خۆیان شاد ببنەوە و ئەمەش سەرەتایەکی دڵخۆشکەر دەبێت بۆ ئارامی لە ناوچەکە، بەڵام ئەوە ناکامڵ دەبێت بەبێ بەرگرتن بە رژیمی کۆماری ئیسلامی و ئاژاوەگێڕییەکانی. کۆماری ئیسلامی کە هەموو فەلسەفەی بوونی خۆی لە قەیران و خولقاندنی قەیران لە ناوچەکەدا دەدۆزێتەوە، بە بوونی رژیمی کۆماری ئیسلامی و دەست پێڕاگەیشتنی بە هێز و دەسەڵاتێکی گەورەی ئابووری نەوت و هێزی ئینسانی هەرگیز ناوچەکە ڕووی هێمنی ئارامی و پێکەوە ژیانی ئاشتەواییانەی هەموو دانیشتوانی نابینێت.


ئه‌م بابه‌ته 948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:34:02/04/2017


زۆرترین خوێندراو