گەڕانەوەی سەروەری بۆ ئەمریکا؟


گەڕانەوەی سەروەری بۆ ئەمریکا؟
 ئێمە لەوێ لەگەڵ براوەین!


ئەردەڵان فەرەجی

بەدەر لەو جنوون و خولیای تەحلیل و لێکدانەوەیەی بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری ترامپ لە ئەمریکا کە وەک پەتایەک هەموو جیهانی گرتۆتەوە و لە سۆنگە و ڕوانگەی بەرژەوەندی نەتەوەیی بەرامبەر بە ڕووداوێکی ئەوها گرنگ و مێژووی لە وڵاتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە هەموو گۆی زەوی بە ژینگە و ژینگەی چالاکی و سیاسەتی خۆی دەزانێت خوێندنەوەیەک بە بێ سوود نابینم.
دۆناڵد ترامپ وەک چل و پێنجەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو هەڵبژێردرا. لە شەش مانگ بەر هەڵبژاردنەکانەوە بە دوای هاتنەگۆڕێی ناوی ترامپ کە بە کەسێک لە دەرەوەی سیستمی سیاسی ئەمریکا لە هەر دوو حیزبی کۆماری و دێمۆکراتەکان دەناسرا کە دوو پرسی هێنابووە گۆڕێ کە بریتی بوون لە: "زاڵبوون و سەیتەرەی گرووپە خاوەن بەرژەوەندییەکان بە سەر سیستمی سیاسی ئەمریکا و هەڵکشانی نابەرابەری بەرامبەر بە چینی کرێکاری کۆنی هەژار" بۆ هەندێک لە چاودێرانی سیاسی چاوەڕوان دەکرا سەرکەوتن تۆمار بکات.

بەڵام لە بەرامبەریشدا دەزگایەکی گەورەی میدیایی بینراو و گەلێک کارناس و پسپۆڕی جیهانی شانسێکی زۆر کەمتریان دەدا بە ترامپ بۆ سەرکەوتن. بەڵام ترامپ چۆن بوو بە سەرۆک کۆمار؟  ئامارەکان دەری دەخەن کە پیاوانی سپی پێستی خاوەن داهاتی سەروو ٥٠ هەزار دۆلار لە شارە بچووک و دێهاتەکان کە لە داهاتووی دۆخی ئابووری خۆیان دڵنیا نین دەنگیان داوە بە ترامپ. ئەوە لە بەرامبەر ئەو هەموو پڕوپاگەندەیەدا بوو کە دێمۆکراتەکان ( بە ئۆباماشەوە کە بە خاو و خێزانەوە لە کەمپینەکەی هیلاری کلینتۆن بەشدار بوو) دژی ترامپ دەیانکرد. دەربارەی پڕووپاگانداش ئاماژە بەوەی کە ترامپ لە بەرامبەر کلینتۆن کە کەڵکی لە تی ڤی و ڕۆژنامەکان وەر دەگرت بۆ بانگەشە و کەمپین، زۆرتر گرینگیدا بە سۆسیال میدیا و جێی سەرنجە کە سەرەنجامیش تێیدا سەرکەوت.

کەسایەتی و مێتۆدی بانگەشەی ترامپ
ترامپ لە دەروە و بە بێ خواستی حیزبەکەی خۆی بوو بە بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆک کۆماری (واتە پێشینەی ئامادەیی لە سیستمی سیاسی ئێستایدا نەبوو)، دژی جان مەکین ژنێڕاڵێکی ناودار وەستاوە، لەگەڵ میدیاکاران و یەک لەوان پێشکەشکاری خۆشەویستی فاکس نیوز مەگین کێلی بوو بە دەمەقاڵەی، دەربارەی ژنان بەخراپە زۆری لەسەر وترا و تەنانەت بە "دژە ژن" دەناسێندرا، نەخوێندەواری سیاسی، پۆپۆلیست و زۆر شتیتر وەک خاڵی لاوازی ترامپ ئەژمار دەکران و پێشبینییەکان هەموو کات وای دەردەخست کە هیلاری لە پێشەوەی ڕاپرسییەکانە، بەڵام کەسایەتی بەهێزی ترامپ بۆ ئەمریکاییەکان زۆر لەوە بەهێزتر بوو بەو پلارانە بشكێ. جیالەوانەش شێواز و مێتۆدی کەمپینەکەی سەرسامهێنەر بوو، بەو واتایەی بەپێچەوانەی بۆچوونی هەموو کارناسان و شارەزایانی ئەم بوارە بوو. ترامپ بەپێی ئامارەکان ٣٠ تا ١٠٠ میلیۆن دۆلاری بۆ کەمپینەکەی خەرج کرد لە بەرامبەر ٢٥٠ میلیۆن دۆلاری هیلاری کلینتۆن. ترامپ زۆر بوێرانە سەردانی ئەو ئیالەتانەی کرد بەڕای کارناسە شارەزاکان بەپانەوە دێمۆکرات بوون و سەرەنجامیش دەنگی وانی وەدەستهێنا. ترامپ نەهات هەوادار و لایەنگرەکانی بنێرێتە بەردەرکەی ماڵان و سواڵی دەنگی بۆ بکەن میتینگ و کۆبوونەوەی بەرفراوانی ڕێک دەخست. ڕێک بەپێچەوانەی رکابەرەکەی. هیلاری چوونکە لە ئیالەتەکانی وەک میشیگان و ڤیسکانسین دڵنیا بوو کە دەنگ دەدەن بەو تەنانەت سەردانێکی نەکرد بەڵام دواجار ئەوە سپاسی ترامپ بوو بۆ ئەو دوو ئیالەتە کە تا ڕادەیەک هەڵبژاردنەکەیان یەکلایی کردەوە.

کەمپینی دێمۆکراتەکان
هۆکارێکیتری سەرکەوتنی ترامپ بەرامبەرەکەی بوو. بەبڕوای من هەر کەسێکی دیکە جگە لە کلینتۆن ڕکابەری ترامپ ببووایە شانسی زۆرتری بوو بۆ سەرکەوتن. خاڵە لاوازەکانی کلینتۆن زۆرتر بوون خاڵە بەهێزەکانی ترامپ. کلینتۆن بۆ ماوەی ٣٠ ساڵە _بەتایبەتی ئەم ٨ ساڵەی دوایی_ لەبەرچاوی خەڵکی ئەمریکا بوو. سوا بوو یان بە واتایەکی تر لەوس بوو. گەلێک هەوراز و نشێوی لە ژیانی سیاسی خۆیدا بە بەرچاوی هەمووانەوە تێپەڕ کردبوو. ڕۆژێک وەک ژنێکی کلاسیکی لە خیانەتی هاوسەرەکەی خۆش دەبێت و ڕۆژێک وەک ژنێکی ڕچەشکێن دێتە پێشەوە. بەشداری ئۆباما لە کەمپینەکەی کلینتۆنیش کارەکەی ئەوندەی تر قورس کرد. ئۆباما _ڕوو لە لایەنگرانی خۆی_ وتی: "ئەگەر هیلاریتان ناوێ لەبەر من دەنگی پێبدەن" واتاکەی بۆ خەڵکی ئەمریکا ئەوە بوو کە ئۆباما بۆ ماوەی چوار ساڵیتر لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە و ئەمەش دڵخوازی خەڵکێکی زۆری ئەمریکا نەبوو. دووفاقەبوونی هەڵوێستی کلینتۆنەکانیش بەوە زیاد بکەین، ئەوکاتەی کە بیل کلینتۆن ڕەخنەی لە ئۆباماكێر(پرۆژەی خزمەتگوزای بیمەی ئۆباما) گرت (هەڵبەت بۆ ڕازیکردنی ئەو بەشە لە لایەنگرانی ناڕازییان). سەرباری هەموو ئەمانەش دەرکەوتنی سڕڕی سڕینەوەی ٣٣هەزار ئیمەیل لە ئیمەیلەکەی کلینتۆن و ئەو زەبرە جەرگبڕەی جیمز کۆمی سەرۆکی ئێف بی ئای بە نووسینی ئەو نامە بەناوبانگەی بۆ نوێنەرانی کۆنگرە، پشتی هیلاری لە عەرزدا.

کۆماری ئیسلامی و ترامپ
بەپێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئێران لە خامنەیی و ڕوحانی و زەریفەوە بگرە تا شەمعخانی و موتەهەری و ...  کە تێدەکۆشن وا بنوێنن کە تاران لە بردنەوەی ترامپ نیگەران نییە و پێیان وانییە کە ئێران دەکەوێتە بەر مەترسییەوە، ڕێک ئێران و تاران دەکەونە بەر مەترسییەوە. لەو باوەڕەشدا نیم کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نەبێت(هەندێک دەڵێن لە سیستمی سیاسی ئەمریکا تەنیا ١٠٪ کۆی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی لە دەست دایە). وەک چۆن لانیکەم لە دوو دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆرج بووش و باراک ئۆباما دوو ڕووکاری زۆر جیاوازمان لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئەمریکا ئەزموون کرد.  
کۆماری ئیسلامی کە پشتی لەژێر باری گەمارۆ ئابوورییەکان چەماوە و کەوتە سەر ئەژنۆ و ڕازی بوو بەگەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆکان، بەو بەرجامەی ئۆباما هەستاوە و لانیکەم لەسەر وەرەقە باجی گەورەی لە ئەمریکا ستاند. ترامپ لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانیدا چەندین جار "بەرجام"ی بە یەکێک لە خراپترین ڕێکەوتنەکانی مێژوو وەسفکردووە باسی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەوتننامە ناوکییەکەی لەگەڵ ئێران کردووە. هەڵبەت دەبێ چاوەڕوان بین تا ئەو کاتەی سیاسەتی ترامپ بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامانی کابینەکەی بە ڕەسمی دەستنیشان دەکرێن. ترامپ بیزینسمەن و میلیاردێرێکی بەناوبانگە، دەڵێن سازان لەگەڵ بازرگان و تاجر ئاسانە، بەڵام پێم وایە مانگی هەنگوینی ئێران و ئەمریکا کۆتایی پێدێت.

باڵی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران لەوەی کە ترامپ خاڵی بەهێزی ڕووحانی و تیمەکەی واتە "بەرجام"ی کردۆتە ئامانج خۆشحاڵن، بەو واتایەی کە تەنیا دەسکەوتێک کە ڕووحانی خۆی پێ ئازا دەکاتەوە ڕیسەکەی لێ دەبێتەوە خوری و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێراندا دەتوانن بەدژی بەکاری بێنن. بەڵام ترسی ئەوەشیان لێنیشتووە هەڵوێستی سەرۆکی تازەی ئەمریکا لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە سوریا و لوبنان چیدەبێت و لە کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین لەکوێدا دەوەستێتەوە. ئەوەی لەماوەی هەشت ساڵی ڕابوردوودا بینیمان ئۆبامایەکی نەرمەلیقە بوو بەرامبەر بە ئێرانێکی زێدەخوازی ئاژاوەگێڕ بۆ سووکە مەرحەباییەک و بە وتەی خۆی "ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان پاش سی ساڵ" زۆر بە ئەنقەست و بە مەبەست پشتی لە خۆپیشاندانە میلیۆنییەکانی تاران و بزووتنەوەی ئیعترازی بەرحەقی خەڵکی ئێران کرد. ئێرانێکی دیکتاتۆری تۆتالیتار لەناوخۆ کە هەموو ناوچەکەی تووشی قەیران و کێشمەکێش کردووە و باجی گەورەی لە ئەمریکا ستاندووە لە بەرامبەردا ترامپێک کە سیاسەتە دەرەکییەکانی ئۆباما بە "کارەسات" و ڕێکەوتنە ناوکییەکەی لەگەڵ ئێران بە خراپترین ڕێکەوتن لە مێژوودا وەسف دەکات. ئەمانە هەموو ئاماژەن بۆ پێوەندییەکی نادۆستانە لە داهاتوودا لە نێوان تاران و واشینگتۆن.

کوردی ڕۆژهەڵات و ترامپ
لە ئێستادا لەنێو ئەم گرمە و هەرایەی کە لەهەرکام لە پارچەکانی کوردستان لە ئارادایە و هەر پارچە و سەرقاڵە بە پرس و دۆزی تایبەتی خۆیان لە وڵاتانەی پێیانەوە لکێنراون، ئەوە تەنیا کوردی ڕۆژهەڵاتە کە بە ئەنقەست و بەمەبەست پرسەکەی پشت گوێ خراوە، پشتگیری نەکراوە و تەنانەت بەشێکی بەرچاو لە چالاکان و خەڵکی ئەو پارچەیە بوونە سووتەمەنی ململانێی نێوخۆیی و دەرەکی و بە سیاهی لەشکەری هەر کام لە پارچەکانی دیکە. ئەگەرچی تا سەر ئێسقال باوەڕم بە پشتگیری پرسی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هەیە _و ڕۆژهەڵات لەوبارەوە کەمی نەکردووە_ و لە ئێستاشدا هەر پارچەو بەپێی پێویست هێزی بۆ چارەسەری دۆز و دۆخەکەی خۆی هەیە و لە کاتێکدا کە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات خۆی پێویستی بە وزە و هێزی ڕۆڵەکانی خۆیەتی، نەگونجاوە ئەو هێزانە زانراو و نەزانراو سەراولێژی پارچەکانی دیکەی کوردستان ببنەوە. لە کەس شاراوە نییە کە کۆماری ئیسلامی لەمێژساڵە لە هەوڵی کاناڵیزەکردنی هەستی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی کوردەکانی ئێرانە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند ئەوندەی کردۆتەوە. لەژێر زۆرناو و بە زۆر پیلان هەوڵی سڕینەوەی شوناسی ڕۆژهەڵاتیبوونی کوردەکانی ڕۆژهەڵات دراوە بە ئەنقەست و بە مەبەست. بەڵام خاڵی جێی دڵخۆشی کۆکی و تەبایی بەشێکی زۆری هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە لەسەر "ڕۆژهەڵات تەوەری". بە باوەڕمەندی بە ڕۆژهەڵات تەوەری کە هێز و لایەن و کەسایەتی و خەڵکی ڕۆژهەڵات بە ئاگایی و وریاییەوە بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژهەڵات دەکرێت لە دۆخە ناوچەیی و جیهانییەکان کەڵک وەربگیرێت.

بوون بە سەرۆک کۆماری ترامپ لە ئەمریکا یان هەر ڕووداوێکی دیکە لە جیهان و ناوچەکە، پێویستە لە گۆشە نیگای بەرژەوەندی ڕۆژهەڵات تەوەرییەوە سەیر بکرێت. چارڵی چاپلێن وتەیەکی هەیە دەڵێ: "هیچ کەس بە قەت خودی کەسەکە بەرپرس نییە لە سەرنەکەوتنەکانی خۆی" و ئەمەش بۆ کوردی ڕۆژهەڵات ڕاستە. لە تاقەتی ئەم وتارە بەدەرە باسکردن لە دۆخی یەک دەیەی ڕابوردووی جیهان و ناوچەکە و ناوخۆیی خودی ماڵی کوردی ڕۆژهەڵات بۆ ئەم دۆخەی کە ئێستا تێیدایە، بەڵام فاکتەری دەرەکی زۆر بەهێزتر بووە و کاریگەریشی زۆرتر بووە لەسەر دۆخەکە لەچاو ویست و ئیرادە ڕۆژهەڵاتییەکان. لە ئێستادا جێی خۆیەتی کە هێزە و لایەن سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتەبایی و ڕەباییەکی زۆرترەوە بەرامبەر بەدۆزی کورد لە ڕۆژهەڵات و بە هەست بە بەرپرسایەتییەکی مێژووی کە لەسەر شانیانە بتوانن لەو هەلانەی کە بۆی دەرەخسێت کەڵک وەربگرێت. ڕاستە بای گوڕانکارییەکان وای نەکردووە خەبات لە ڕۆژهەڵات بەرچاو بکەوێت و هەموو دنیا پێی بزانێت و پشتیوانی لێبکات، بەڵام هاکا شنەی بووژاندنەوەی ژیلەمۆی شۆڕش هەڵیکرد، ئەی کوردی ڕۆژهەڵات دەبێت ئامادەی ئەو کات و ساتە بێت یان نا؟

ئەوندەی ڕاوێژکاران و بەربژێرەکانی ترامپ بۆ پێکهێنانی کابینەکەی و بەتایبەتی پۆست و وەزارەتخانە هەستیارەکانی بەرچاو دەکەوێت، هیوایەک بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا نییە. ئاساییبوونەوە مەبەستم دەست لێهەڵگرتنی ڕۆژئاوا لە بەدواداچوون و پشتگیری لە پرسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران. ناڵێم کورد و هەموو کوردی ڕۆژهەڵات هەموو هێلکەکانی بخاتە سەبەتەی ترامپ و توورەکەی بۆ هەڵبدوورێت، بەڵام هەوڵ بدات لەو دەرفەتە کەڵکوەربگرێت بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ پرسە بەرحەق و ڕەواکەی خۆی.
ئەوەی دادی ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەکەی دەدات یەکگرتوویی زۆرتری نێوان حیزب و لایەن سیاسییەکانییەتی. بەپێچەوانەی ئەو ئاستە ڕاگەیەنراوەی کە دەبیسترێ، هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان ئەوندە دوور و دژبە یەکتر نین، بەڵام دۆخ و قۆناغەکە وا دەخوازێ زۆر لەوە زیاتر لەگەڵ یەکتر تەبا و ڕەبا بن. پێکهێنانی بەرە یان پلاتفۆرمی هاوبەشی لانیکەمی، هاوپەیمانی یان هەر شتێکی دیکە کە دەرخەر و نوێنەری ویست و ئیرادەی خەڵکی ڕۆژهەڵات بێ، بە هەر ناو و سەردێڕێک بە دوور لە کای کۆن بەباکردن دوو کاریگەری زۆر گەورەی بەسوودی بۆ بزووتنەوەکەی دەبێت: یەکەم، بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی جەماوەری بەرینی حیزبە سیاسییەکان ورە و ئیلهامبەخش دەبێت، بە سوودە بۆ گۆڕ و تینبەخشین بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە ڕاگەیاندن و هێزی پێشمەرگە و... دووەم بۆ ڕاکێشان و دەستەبەرکردنی پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. ئامادەیی یان پێکهێنانی لێژنە یان هەیئەتێکی هابەشی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات لە دیدار و چاوپێکەوتنە نێونەتەوەییەکان سەنگ و قورسایی کوردی ڕۆژهەڵات لای دۆست و دوژمن چەند ئەوندەی ئێستا دەکات.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەرچییەک ببووایە، ترامپ نا و هیلاری کلینتۆن بیبردبایەتەوە کورد و ئەرکی کورد و بەتایبەتیتر کوردی ڕۆژهەڵات نەدەبوو و ناشبێ دژایەتی ئەم یان ئەو کاندید و حیزبێکی ئەمریکایی بێت. ساڵی ٢٠٠٣ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کورد بە وریاییەوە لە باشوور لەگەڵ لایەنی براوەی شەڕ هاوبەرژەوند بوو، یان باشتر بڵێین بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا و لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا ڕێکخست و دەسکەوتی گەورە و مێژووییشی بۆ خۆی تۆمارکرد.
ئێستاش و لە داهاتووشدا کورد و کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ وریا بێت کە خاوەن بەرژەوەندییەکی تایبەتی خۆیەتی و دەکرێت هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەم وڵات و یان ئەو وڵات. ئاسۆی دەستەبەربوونی پشتگیر و پشتیوان بۆ بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات زۆرترە و پێدەچێت گوێی بیستن بۆ خواست و داواکارییەکانی زۆرتر بێت، حەق وایە چالاکان و سیاسییەکان و لە سەروو هەموویانەوە حیزب و لایەنە سیاسییەکان ئەم دۆخە بخوێننەوە و پلان و بەرنامەی گونجاویان بێت بۆ قۆستنەوەی.




ئه‌م بابه‌ته 1846 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:04:09/12/2016


زۆرترین خوێندراو