گرینگیی پێكهاتنی به‌ره‌ی كوردستانی

گرینگیی پێكهاتنی به‌ره‌ی كوردستانی



جەلیل ئازادیخواز



گرنگیی بەرەی کوردستانی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، لەڕاستیدا هێندە بەرجەستە و دیدەییە دەتوانین بڵێن بەڵگە نەویستە. یەکخستنی هێزەکانی رۆژهەڵات، هەڵدانی چەترێکی هاوکاریی هاوبەش بۆ کۆی ئەم‌ هیزانە دەتوانێت گۆڕانی چلۆنایەتیی لە خەبات و بەرئەنجامی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدیبێنێت. لێرەدا بابەت تەنیا یەکخستنی هیزەکان بۆ کۆبەندکردنی چەندایەتی هێزە جیا لەیەکەکان نییە. بەرە سەرەڕای ئەم دەسکەوت و دەرئەنجامانە دەتوانێت لە یەکخستنی گوتاری سیاسی ئەم قۆناغەی رۆژهەڵات و پێکهێنانی ناوەندێکی هاوبەشی بەرپرساریەتی و نوێنەرایەتی یەک دەنگ بۆ رۆژهەڵات رۆڵی مەزن و هەرە سەرەکی ببینێت و ڕەوایی و پەسەندی زۆرتریش بەم خەباتە ببەخشێت؛ لە پەرتەوازەیی و بێمێنبەری یا فرەمنبەری و نافەرمیبوون دەربێنێت. بەم مانایەش کە لە دنیای بڕیار وسیاسەتدا سەرچاوەیەکی فەرمی و جێگای باوەڕ و پەسەندی زۆرینەی کوردیی رۆژهەڵاتە و زۆرینەی جەماوەریی ئەم بەشەی لەگەڵە بۆ بەردەنگبوون و مامەڵە و دانوستانکردن. بەرە دەتوانی ڕووبە دەرەوە و ناوەوە نوێنەرایەتی کۆی بزاوتی رزگاریخوازیی دیمۆکراتیکی ڕۆژهەڵات بکات. مەودا نەدات هیج لایەن و دەسەلات و ناوەندێک، خۆیان وەک نوێنەری ڕۆژهەڵات وانوێنەوە بکەن. هەروەها دەتوانێت هێز و توانایەکی فراوان لە دەوروبەری خەباتی ناوخۆ و دەرەوەدا بداتە ئەم بزاوتە؛ بزوتنەوە سیاسی و کۆمەلایەتی و بەخواستەکانی ناوخۆش، بەیەک ئاراستەدا بەرێت و هێز و وزەیەکی هەرە فراوانتریان پێببخەشێت.


کۆبەندی بەرنامەیەکی سیاسی هەموولایەنەی پەسەندی هەموو هیز و کەسایەتیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە دەتوانێت مانیفێستی خەباتی هەنووکەی بزاوتی کوردستان بێت، یەکێکی دیکە لە و دەسکەوتە مەزن و ستراتێژیکانەیە کە لە پیکهێنانی بەرەدا دەتوانێت بەدەست بێت و ببێتە بەڵگەیەکی مێژوویی و بەرنامەیەکی گرنگی خەباتی هاوبەشی هەنووکەمان. کۆنگرەی رۆژهەڵات و کردنەوی نوێنەرایەتیی فەرمیی کوردی ڕۆژهەڵات لە وڵاتان و بەتایبەت وڵاتە گرینگەکانی جیهان و ناوەند گرینگەکانی ناوچەکە، دیسان دەتوانێت لە دەسکەوتەکانی بەرەی کوردستانی بێت. لەڕاستیدا لەم دۆخەدا بەرە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات بوونێکی فرەگرنگ و ستراتێژیکە کە دەبێت بێ هەدادان هەوڵی درووستکردنی بدرێت.

بزوتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەڕاستیدا جیاوازیی مەزن و بنەڕەتیی لەگەڵ کۆی بزوتنەوەی کورد لە نیشتمانی کورددا هەیە؛ ئەم بڕگەیە دەربڕینێکی دەرهەستی نیە، باوەڕێکی عەقڵانیە کە بەرەنجامی میژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی بوونی دەسەڵاتی ناوەندیە لە ئێران و بزاوتی کوردیی ڕۆژهەڵات خۆی.

دەسەڵات لە ئێراندا تەنیا لە رووبەری رامیاری و مافدا دژایەتیی کورد و بزاوتەکەی نەکردووە. دەسەڵاتی ئێران مەزنە هێزی سڕینەوەی کوردە بەهەموو بوون و ناسنامەی خۆیەوە. کورد نەک لە ئێراندا بەڵکوو لەکۆی بوونی خۆی و لەهەموو نیشتمانی کوردستاندا، دەسەڵاتی ئێران لەڕێگای داگیرکردنی زەینی و وشیاریی تاکی کوردەوە، لە سەڕینەوەی کورد و ناسنامەی نەتەوەیی کورددایە لەکۆی جیهان و کوردستاندا، باڵادەستترین دوژمنە. بە تەشەنەی ئەم باوەڕە و ئامادەبوونی ئێران لەهەناوی بزاوتی کوردیدا، بەرگر و بەربەست لەڕێگای یەکێتی و خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەربەستێکی مەزنە.


[ئامادەبوون و بەخۆزانینی ئێرانیش] لەهەناوی ئەم بزاوتەدا لە نیشتمانی کورددا هەیە و پێویست بە ئاماژە ناکات و هەرە دیار و بەرجەستەیە. سەرەڕای ئەمەش لێکترازانە یەک لەدوای یەکەکانی هێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات، نوچدانی چەکدارانەی ئەم هیزانە و ئەم فۆرمە لە خۆپاراستن و خەبات لەو گرفتانەن کە شیاوی چارە و ئاماژەن. گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەکە هەراون و تائێستا هیچیان لە بەرژەوەندیی کوردی رۆژهەڵات نەبوون. ملە بەملەی حیزبەکان، خۆبە بەرتربینین و هەستنەکردنی تەواو بە بەرپرسیاریتی نەتەوەیی و نیشتمانیی و خۆبەپیوەرزانین، پاشەکشەی کۆی بزوتنەوەکە و بەهێزبوونی ئێران لە ناوچەکە و لەهەناوی بزووتنەوەی کورددا یەکێکیتر لر گرفتە گەورەکانی ئەم خەباتەیە. لە میژوودا هیچ کات ئێران تا ئەم ئاستە و بەم رادە لە دەست ڕۆیشتوویی لە بزوتنەوەی کورددا ئامادەیی نەبووە. دۆخی باشووری کوردستان و ڕۆڵی هێزەکانی بێنیازی هێزەکانی کوردستان بەیەک، چالاکنەبوونی گوتاری ڕووناکبیریی رۆژهەڵات نەبوونە ئامرازی گوشار بۆسەر حیزبەکان، خەمساردیی کۆمەڵگای سڤیل و پێدانەگریانە لەسەر ئەم بابەتە، هەموو لەو هۆکارانەنن کە دەتوانن بەربەست و خەساری سەررێگای سازنەبوونی بەرەیەکی کوردستانی بن. سەرەڕای ئەمانەش لە رۆژهەڵات هێشتا شەڕی ئایدیۆلۆژی و زۆرانبازی پووچی بیرە زەبەلاحەکان لە ئارادایە. لەهەمووی گرنگتر گەرمنەبوونی کورەی خەباتی رۆژهەڵاتە کە مەشخەڵی هەڵگرسانی بەرەیە و بەرەش تەنووری گەرمکردنی ئەم خەباتەیە. دەتوانین بڵێن هێزەکانی کوردستان هێشتا لەم ڕاستیە نەگەشتوون کە:


بەرە کورەی داگیرسانی خەباتی گەرمی رۆژهەڵاتە و ئەم خەباتش مەشخەڵی هەڵگیرسانی بەرە.

رەوشی سازدانی بەرە و هۆکارەکانی بەئەنجامگەشتنی ئەم ڕووداوە گرنگە دەبێ لە ڕێگای: دروستکردنی پردێکی پەیوەندی تۆکمەوە.

باوەڕبەیەککردنی هیزەکانی رۆژهەڵات، گۆڕینی سیاسەت لە ئایدیۆلۆژیەوە بۆ بەرنامە، باوەڕکردن بەم ڕاستیە کە حیزب ئامرازی خەبات و راپەراندنی کاروباری خەبات و سیاسەتە نەک مەبەست.

هەوڵ بۆ دروستکردنی گوتارێکی گشتگیر و هاوبەش کە هەم ناسنامە و هەم داخوازی و داواکاریەکانی زۆرینەی هەرەزۆری جەماوەری کوردستان لەخۆبگرێت.

دورکەوتنەوە لە سەپاندنی هێژێمۆنی حیزبی و خۆبە نیشتمان زانین، دانوستان و بە رەسمێت ناسینی بزاوتی بێپرۆژەیی رووناکبیریمان، کە دەتوانێت لە پیکهاتە و بێچمدان بە بەرەدا رۆڵی کارا و بەرچاوی هەبێت.

رێگەدان بەهەموو کەس و لایەن و ئاراستەیەک بەمەرجی خەباتکاری و ملدان بە مانیفێستی بەرە، ئەم مانیفێستەش دەبێت هەرسێ ئاراستەی پێکهێنەری بەرە خۆیان ئامادەیکەن کە بریتیە لە حیزبەکان، ڕوناکبیران، کەسایەتی و جەماوەری کوردستان.

لەڕاستیدا هەستکردن و فامی ئەم واقیعە کە بەرە پیویستیەکی هەرە گرنگی هەنووکەییە، خۆی دەتوانێت زۆر لە بابەتەکە چارەسەربکات و هیوای دروستبوونی بەرە بەرێتەپیشەوە. بەرە دەبێت پێکهاتەیەکی بەرفراونی دیمۆکراتیکی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت، خەتی سووری بۆ هیچ خەباتکارێک نەبێت. روونە ڕۆڵی رامیاری و کۆمەڵایەتی و ئاستی چالاکی نرخ و بەهای هەر یەکە و پێکهاتەیەک دیاریدەکات، وەک دەلێن: نەرخ و بەها بەرئەنجامی کارایی و چالاکیە.


چۆن دەتوانین بە خێرایی هەوڵەکانمان بۆ بەرە بخینە کار؟

ئەگەر ئەم ڕاستیە هەستبکرێت کە بەرە پێویستیەکی گرنگ و ستراتێژیکە و هەروەها بەرجەستەبوونەوەی ئەم ڕاستیە کە کوورەی خەباتی رۆژهەڵات بەرە دەتوانێت زامنی گەرمبوونی بێت، رێگایەکی زۆر بۆ دروستبوونی بەرە دەبڕێت. گەشەی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان و هەڵکشانی گوتاری دیمۆکراسی و وشیاریی نەتەوەیی، بەرزبوونەوەی ئاستی داواکاری و چاوەڕاونیەکانی جەماوەری رۆژهەڵات، بارودۆخی ئێستای کۆی ناوچەکە، قەتیسبوونی خەباتی رۆژهەڵات، هەوڵ بۆ قوزتنەوەی ئەم بەشە و وەک دەڵێن [موسادەرە بەمەتڵووبکردنی]کۆی میژووی خەباتی ئەم بەشەی کوردستان، دەتوانن لەو هۆکار و میکانیزم و پیشنیارانە بن کە هەرچی زووتر دەخوازرێت بەرەی کوردستانی پێکبێت. قەیران و پاشەکشەی خەباتی رۆژهەڵات و چونە پەراوێزی ڕۆژهەڵات لە کۆی کوردستاندا هەموو ئەم هۆکارانە پێمان دەڵێن: هەنووکە و هەنووکە بەرەی کوردستانیی یەکگرتوو زەرورەتێکی سیاسی و خەباتکاری و شۆڕشگێڕانەی حاشالێنەکراوە. نابێت چیتر دواکەوێت، با هێزەکانمان باوەڕ بەیەک بکەن و دەست لە سەپاندنی هێژێمۆنی زوویان هەڵگرن. ئاوڕێک لە بزاوتی سڤیل و دیمۆکراتیک و بەناسنامە و وشیاریی رۆژهەڵات بدەنەوە. با بزاوتی رووناکبیریمان دەست لە پاشکۆبوونی سیاسەتی حیزبەکان و حیزبەکان هەڵگرێت و وەک بزاوتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی لە بێپرۆژەیی و قەیرانی ناسنامە وەدەربینێت، جا دەتوانین بلێین بەرەی کوردستانی بەڕێوەیە. ئەمانەن ئەو پیشنیارانەی کە دەڵێن کات کاتی دروستبوونی بەرەیە.


ئه‌م بابه‌ته 1380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:38:02/04/2017


زۆرترین خوێندراو