وتووێژی ئاسۆی ڕۆژهەڵات لەگەڵ هاوڕێی ساڵح شەریفی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە دەربارەی ھەڵبژاردن

دەربارەی ھەڵبژاردن/وتووێژی ئاسۆی ڕۆژ لەگەڵ ساڵح شەریفی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە

 

ڕای گشتی ئێوە سەبارەت بە ھەڵبژردن و پڕۆسەی ھەڵبژاردن چیە؟

وڵام: بە پیویستی دەزانم لەم مەجالەدا بە کورتی ئاماژەیەک بە مێژووی ھەڵبژاردن بکەم بە گشتی و دواتر جوابی پرسیارەکە بدەمەوە. مروڤ لە دوای تێپەرکردنی ژیانی سەردەمی "شکارچیەتی و میوە چنینەوە" نە تەنھا باری ئابوری و گوزەرانی رۆژانەی، بەڵکوو لە ئیدارە و سیستەمی خۆ بە رێوەبردنیشدا قۆناخێکی تازەی دەست پێکرد کە تا ئیستاش دەیان شکل و شێوازی جۆرواجۆر و تایبەتی سیاسی و کۆمەلایەتی بە خۆیەوە دیووە کە یەلیک لەوانە کە رەوتێکی بەردەوام بی وەستانەوە بووە ، چۆنییەتی دەزگاو میکانیزمی خۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگای بووە تا بتوانێت بە دروستبوونی شارەکان و زیادبوونی حەشیمت و بەرزبوونەوەی داواکاریەکانی سەردەمی جەماوەر ھەم وڵامدەروە پێداویستیە مادی و ئابورییەکانی بێت و ھەم ھەمان جەماوەر رێبەری و کونترول بکات .

بوێە ھەمیشە ھەوڵ ئەوەبووە ئەو کەسانە کە دەبنە ساحێبی ھێز و دەسەڵات، بە متمانە و ھەروەھا لە ژێر چاودێری جەماوەردا بێت. سەرتای ئەم ڕەوتە مێژووییە دەگەریتەوە بۆ ٥٠٠ ساڵ پیش لە زایینی مەسیح ولە دەولەت شارەکانی یونانەوە و دەورانی جمھوری رۆمی باستان ،بەڵام بەداخەوە ئەم دەستکەوتە مێژوویە زیاتر لە لایەن فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتە سیاسیەوکانەوە بۆ دوور ڕاگرتنی خەڵک لە ئێدارە و دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگای خۆیان، ھێشتا رێگەی سەخت و پڕگرفتی لە پێشدایە و لە وڵاتانی شەرقیدا لە سەرەتایترین ھەنگاوەکانی خۆێدایە. دوای شۆرشی مەشروتە و دەورەی قاجارەکان لە ئیران، بە رەوالەتیش ھەڵبژاردن کرا بەشێوەیەک بۆ بەشداری جەماوەر لە دیاریکردنی یاسا و قانوون بۆ ئیدارەی کۆمەڵگای ئیران. بەلام ھەمووان دەزانین کارکردو کاردانەوەی پارلمان لە پرۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و ئالۆگۆڕە مێژوویەکان چی بووە و چەندە دەور و رەوڵی پوزەتیڤی گیراوە! بۆیە ھەڵسەنگاندنی زیاتری ئەم بابەتە مەجاڵی زیاتری پێویستە.

لە جوابی پرسیارەکەتاندا بەرەئی من، لە سیستەمە سیاسیە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراندا ھەلبژاردن و ھەڵبژێراوان نەبوو دەخالەت و بەشداری خەڵک لە دیاریکردنی یاسا و دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری دڵخۆازی خۆیان، بەڵکوو بۆ وەرگرتنی مەشروعییەت و پاسایکردنی مڵھور و ئیستبدادی پاشایەتی و ئایینی دەسەلاتدارەکان بووە کە بە ناوی ھەڵبژاردنەوە شانۆی ھەلبژاردنی لە نێۆ خەڵکدا بۆ رێدەخرێت و ماوەی زیاتر لە سەد ساڵە لە ئێران ئامادەیە.

 

ئاسۆی ڕۆژ: دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەسەر کاغەز کردەیەکی ئەقڵانی و دێمۆکراتیکە، بەڕای ئێوە پیادەکردن و مسۆگەرکردنی ئەم کردەیە پیویستیەکانی چین؟

وڵام : ھیچ ماف و ئازادیک بە شیعار و نووسینیان لەسەر کاغەز مسۆگەرنابێت ، تەنھا ئێعتراف بە رەوایی و بوونی مافەکانیش ناتوانن ئازادیەکان دابین بکات، بەڵکوو پێویستی بە دامەزراندیی سیستەمی ئیجرایی بەھێزە کە ھەم پارێزەری ماف وئازادیەکان بێت وھەم رێگا خۆشکات بۆ چارەسەرکردن و نەھێشتنی پرسە سیاسی ،ئابووری ونەتەوەیەکان. لە دەسەلاتێکدا کە خەڵک مافی دەربردنی بیر و ڕایان نەبێت و نەتوانن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان کۆر و کۆمەڵی جەماوەری سازبدەن، مافی درکردنی رۆژنامە و میدیای ئازادیان نەبێت، چۆن دەکرێت تەنھا بە بەڵێن و نووسین و یا دەستاو دەستکردنی دەسەڵات قسە لە بوونی ئازادی و دێموکراسی بکرێت ؟ کۆمەڵگای ئازاد و دێموکرات بە ھەبوونی میدیا و رۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆ ،بەرەسمیەت ناسین و پاراستنی مافی شارومەندان و سەربەخۆیی دادگا و سیستەمی قەزایی و دادپەروەری و ھەروەھا دابینکردنی بێمە کۆمەڵەیەتیەکان و .... پێناسە دەکرێت؛ بۆیە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران ناچێتە ئەم پولێن بەندیەوەیەوە .

 

ئاسۆی ڕۆژ: وەک بۆخۆتان ئاگادارن، وردەوردە خەریکە لە خولی دەیەمی ھەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، ڕای ئێوە لەو بارەوە چیە؟

وڵام: ھەموومان دەزانین ھەڵبژاردن لە ئێران ھەر چوار ساڵ جارێک بەرێووە دەچێت و دووای ئەم چوار ساڵە ھەمان نمایش و مانوڤری پێشوو دووپات دەبێتەوە. ئەگەر چاو لە کارنامەی نۆ دەورەی ڕابردووی نوینەران و مەجلیسی ئیران بەگشتی بکەین، بەروونی بۆمان دەردەکەوێت کە مەجلیس و نوێنەرانی ساحێبی ھیچ ئیرادەیەکی سیاسی نەبوون و ناتوانن بێئیزن و ئیجازەی وەلایەتی فەقێە و ڕەھبەری کۆمارێ ئیسلامی ھیچ یاساێک بەقازانجی خەڵک پەسەندبکەن و دیفاعی لێبکەن ، نۆیەرانێک پێش ئەوە لە لایەن خەڵکەوە دەستنیشان بکرێن پیویستە لە فیلترینگی دەزگا ئەمنییەتی و سیاسییەکان و بەربەستی شورای نگابان و نزارەتی ئێستێسوابیەوە گێڵ و بێژنگ دەکرێن و تەنھا ئەوەکاتە کەکارنامەی خۆشخزمەتیان بە دەسەڵات نە سەلامابێت و بێکەڵک بوونیان بۆ خەڵک و جەماوەر روون نەبێت، تەئیدو پشتگری ناکرێن؛ دوای برێنی ئەم پروسەیە لە ڕاستیدا ئەوە ھەلبژێردراوانی کۆمارێ ئیسلامین کە بە ھەزار فێڵ و تەڵکە کاندید دەکرێن و ناوی نۆینەری خەڵکیان لێدەنرێت. بەبڕوای من، ئەوانەی کە بەناوی نوێنەری خەڵکەوە بەو پرۆسیەدا تێدەپەرن نۆێنەری راستەقینەی خەڵک نین و بۆ دیفاع لە مافی خەڵک نەچوونەتە مەجلیس، زیاتر نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات و حاکمییەتی کۆماری ئیسلامین کە بەپروژەی موھندسیکراوی دەزگا ئەمنییەتیەکان دەکرێنە قەییم و دەمڕاسی خەڵک؛ بوێە وەھا نۆینەرانێک ناتوانن وڵامدەروەی خۆاست و ویستی جەماوەر بن و پاێزەری جەماوەر و کۆمەڵگای خەڵکی ئێران بن. بەمپێیە دەبێت چاوەروانیمان لە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئەوە بێت کە بە خەباتی ڕەوای خۆیان ماف و ئازادییەکانیان دەستبەر کەن و لەوە زیاتر گومان و خۆش باوەرییان بەم جورە نۆینەرانە نەبێت و متمانەی جەماوەرییان پێنەبەخشن .

ئاسۆی ڕۆژ: وەک پێشتر باسکرا، ئەگەری ئەوە ھەیە پڕۆسەی دەنگدان، بەپێچەوانەی خولە پێشوەکان، بەسڵامەت و خاوێنی بگاتە ئەنجام؟

وڵام : ئەگەر مەبەستت لە خاوێنی، نەبوونی تەزویر و تەقەلب لە دەنگدان و ژمارەکردنی دەنگەکان بێت لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، پێموانییە ھیچ ھەڵبژاردنێک بە خاوێنی دەستی پێکردبێت و کۆتایی پێھاتیبێت. جیا لەھەموو ئەو بەربەستانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، کە بە شێوەی سیستماتێک داسەپاوە، لەھەموو شکل و شێوازە نادیارەکانیشدا دەستیان بۆ ساختەکاری ئاوەڵەیە. بێگومان لە پروسەی بەڕێوەچوون و ھەروەھا ئاکامی کۆتاییدا، بڕیاری کۆتایی دەزگا ئەمنییەتیەکان و مەراجعی دینیە کە بە سەر جەماوەردا فەرزدەکرێت.

 

ئاسۆی ڕۆژ: جیاوازی نێوان پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پڕۆسەی ھەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلس لەچیدایە؟

وڵام : ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی نۆینەرانی مەجلیس لە چەند ڕووەوە جیاوازە و دوو پۆست و موقعییەتی جیاوازن لە دەسەلات و مەسئولیەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا. ھەلبژاردنی سەرۆک کۆمار سیاسیتر و ملمڵانێی نێوان ڕکابەرەکان توندتر و بەرچاوترە، لە ھەردوویاندا ھەڵبژاردن بەشێوەی سیستماتیک موھەندیسی کراو بەرێووە دەچێت بەڵام لە ھەڵبژاردنی مەجلیسدا بەھۆێ ڕێژەی بەشداری زیاتری کاندیدەکان و ھەورەھا ئاستی نزمی بەشداری دەنگدەران و لوکاڵیبوونی ھەڵبژاردنەکە، نیاز بە چەواشە و دەستکاری دەنگەکان کەمتر پێویستە و ئەو ڕادەیە کە ساختەچیەتی و تەقەلوب لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا دەتوانێت دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی ڕیسک و ئاکامی نەخۆازراو بکاتەوە ئەوەندە ھەڵبژاردنی مەجلیس ناتوانێت بیکات.

ھەڵبژاردنی مەجلیس بۆخۆی لۆکاڵە و بۆ گەرم وگوڕکردنی شانووی ھەڵبژاردن لەدوواکەوتووترین ھەست و دیاردە ناوچەیەکانی وەک دێن و مەزھەب، تایفەگەری، فارس و تورک، شاری و دێھاتی و زۆر شتی لەو چەشنە کەڵک وەردەگرن بەلام بۆ ھەڵبژاردنی سەروک کۆمار ناتوانن بەو شێوەیە ناوچەیی عەمەل کەن. ھەروەھا کاردانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ھەردوو ھەڵبژاردن، چ لەناوخۆ و چ لە دەرەوری ئێرانیش جیاوازە، تەزویر و تەقەلبی گەورەش بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئاسان نییە و ڕووبەڕووی مەترسی و ڕیسکی گەورە دەکاتەوە .

 

ئاسۆی ڕۆژ: بەڕای ئێوە گاریگەری ھەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلس لەسەر نەتەوەکانی ناو ئێران چۆنە و چەندە دەبێت؟

وڵام : کۆماری ئیسلامی لە دەورانی حاکمییەتی خۆیدا، لە پێشلکردنی مافی مرۆڤەوە بگرە تا سەرکوتی ئازادیخوازان و ژنان و رێکخراوە سیاسیەکان و بێمافکردنی نەتەوەکانی ئیران، ناوبانگ و شۆرەتی جیھانی بووە. ئەم پێشێکاریە بە ھەموو شێوازێک بەردەوامە و نەتەوەکانی ئێران ئێستاکەش کەمترین ماف، کە خوێندن و پەروەردەیە بە زمانی دایکی قەدەغەیە. لەباری ئابووریەوە نەتەوەکانی ئێران لە خراپترین و دوواکەوتووترین دۆخدا ڕاگیراون و بۆ بەشداری و بەدەستھێنانی پۆستی باڵای سیاسی و ئیداری رێگە پێنەدراون، ھەست و کولتوور و پێداویستەکانیان ھیچ بایەخێکی پێنادرێت. سەرەڕای ھەموو ئەم بێمافیە کە سەپێندراوە، بەردەوام و بەبیانووی پڕوپووچەوە بێڕەحمانە سەرکوت دەکرێن، ئەم پێشێکاریانە لەبەر چاوی ھەمان کەسانەوە دەکرێت کە وەک نۆێنەر چوونتە مەجلیس و دەنگیان پێدراوە. کۆماری ئیسلامی، ھەروەک باسم کرد، تا ئەو جێگای لە دەستی ھاتبێت درێغی نەکردوە لە ھروژاندنی ھەستی دوواکەوتووانە و کۆنەپەرەستانەتانەی ئائیینی نەتەواویەتی ،تایفەگەری و ناوچەگەری و وەک چەکێک بۆ گەرم ڕاگرتنی شانۆی ھەڵبژاردن کەڵکی لێوەرگرتووە و ئەگەر ئەو چەکە لەدەست کۆماری ئیسلامیدا نەمێنتەوە، دڵنیام ھەڵبژاردن لە نێو نەتەوەکانی ئێراندا دەرئەنجامی زۆر جیاوازی دەبوو.

 

ئاسۆی ڕۆژ: ئایا نوێنەرانی پێشوو توانیویانە متمانەی خەڵک بەدەس بھێنن بۆ ئەوەی لە داھاتووشدا بەشداری پڕۆسەی دەنگدان بکەن؟

وڵام : دیاریکردنی نوینەران و مودیرانی سیاسی و حکومەتی لە لایەن خەڵک و جەماوەروە، مافێکی بێئەملاولای دانیشتیوان و شارومەندانی ھەر وڵاتێکە و نابێت بەموھێبەت و خێرخۆازی ھیچ دەسەڵات ودەوڵەتێک چاوی لێبکرێت. بۆ بەرێووەچوونی عادڵانە و ڕاستەقینەی ھەر ھەڵبژاردنێک، کۆمەڵێک یاسا و ئستاندارد ھەیە کە ماھییەت و چۆنییەتی ھەڵبژاردنەکانی پێھەڵدەسەنگێندرێن؛ لەئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ھەڵبژاردنەکان دوورە لەیاسا و ڕێسا جیھانییەکان وتەنانەت پێوەرە ناوچەیی و ناسراوەکانی وڵاتانی دەوروبەریشی تێدا نابێندرێت.

لە وڵاتێکدا کە نە رۆژنامە و ڕاگەیاندن و میدیای ئازاد ھەبێت و ھەروەھا کار و ھەڵسورانی سیاسی و رێکخراوەیی تاوان و قەدەغەکراوبێت، ھیچ مکانیزمێکی کونتروڵ و چادوێریی جەماوەریی لە پرۆسەی بەرێووەچوون و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان نەبێت چۆن خەڵک بتوانن نۆێنەرانی ڕاستەقینە و دڵخۆازی خۆیان ھەڵببژێرن و دیفاع و پشتیوانی لێبکەن؟بۆیە تا ئەو یاسا و مکانیزمە دیموکراتیکانە نەبنە بنەما و بە کردوە پەیرەو نەکرێن، ھەڵبژاردن تەنھادەتوانێت ژێستێکی ڕایاکارانە بێت بۆ داپۆشانی ئەدگاریی کۆمار ئێسلامی و ھەروەھا چەکێکە بۆ دوور ڕاگرتنی جەماوەر و کۆمەڵگای ئێران لە ھەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەیی خۆیان وەک سەرەتایترین ماف.

 

ئاسۆی ڕۆژ: بەڕای ئێوە نوێنەرانی پشوو چەندە توانیویانە دەستان ببێت لە پەرەسەندن و گەشەسەندنی کوردستاندا؟

وڵام : ھەروەک ئاگادارن، لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئەرک و دەسەلاتی مەجلیس و نوێنەرانی لە دووبەشی سەرەکێدا دیاریکراوە کە بەکورتی بریتین لە: دانانی یاسا و ھەرەھا چاودێری جێبەجێکردنی یاسا پەسەندکراوەکان، بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان و...گەڵالە لە لایەن مەجلیسەوە دەخرێنە بەردەستی دەزگای ئێجرایی و دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەرکی مەجلیسە، پرۆسەی جێبەجێکردنی گەڵالەکان بەگشتی چاودێری بکات. بەڵام کێشەکە لەوێوە دەستپێدەکات کە دەولەت و دەزگای ئیجرایی پابەندی یاساوڕێساکانی خۆیان نین و مجلیسیش توانایی لێپرسینەوەی لە دەزگای ئیجرایی نیە، بۆیە لەم سیاسەتی "بامێک و چەندھەوا "دا لە ئاستی سەراسەری و ناوچەیدا بە زیانی بەرژەوەند گشتیەکانی خەڵکی ئێران دەشکێتەوە و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ئێران، چ لەباری ئابوری و چ لە باری سیاسیەوە، بەرەو ھەڵدێر دەبات.

ئەگەر دێنە سەرباسی کوردستان دەبینین کە سەرەڕای ئەو ھەموو پێشێکاریانە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، وەک سیاسەتێکی سەرتاسەری بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا سەپاوە، حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان سیاسەتێکی جێاوازتر لە سیاسەتە گشتیەکانی پەیرەو دەکات و نابەرابەری و ھەڵاواردنەکان بە چەندین قات زیاترن. لە ڕوانگەی ئەمنیەتی و سیاسیەوە چاو لە کوردستان دەکرێت و ئەم بۆچوونە تایبەتەی دەوڵەتی ناوەند بەرابنەر بەخەڵکی کورد ڕوانینی دەسەلاتێکی فاشیستیە بە وەڵاتێکی داگیرکراو؛ بۆیە ھیچ پڕۆژەیەکی گەورەی ئابووری لە کوردستان بەڕێوە ناچێت و دەوڵەتیش بە ئەرکی خۆی نازانێت لە کوردستان سەرمایەگوزاری بکات و کێشە کەڵەکەبووکان چارەسەربکات. ئەم ڕوانینە یایبەتە دەیان گرفت و موسیبەتی کۆمەلایەتی و ئابووری و ئینسانی بۆ خەڵکی کورد لێکەوتووتەوە کە ھەموومان ڕۆژانە ھەستی پێدەکەین و دەیانبینین. بەباوەڕی من، ئەگەر پێوەری خەڵک و جەماوری کوردستان ئەرک و مەسئولییەتی دەمودەسگا دەوڵەت و نوێنەرانی دەورەکانی پێشوی کورد لە مەجلیس بێت، ھیچ ھۆکارێکیتر بۆ متمانەکردن و بەشداری بەرچاویان لە ھەڵبژاردنی خولی دەیەمی مەجلیسدا نابێنم.



ئه‌م بابه‌ته 2237 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:37:18/04/2016