کۆمەڵە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی ئاخێزی جەماوەری وەزاڵەهاتوو

کۆمەڵە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی ئاخێزی جەماوەری وەزاڵەهاتوو


کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان

رۆژانی ڕابردوو و دوابەدوای شەهید کردنی ژینای جوانەمەرگ، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەری زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێرانی گرتەوە، خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە دیتنی دیمەنەکانی  ناخهەژێنی ژینا لەسەر تەختی بیمارستان و دواتر بە بیستنی هەواڵی گیان لەدەست دانی، لەپێشدا لە شاری سەقز و لەکاتی ناشتنی تەرمی ژینادا، توورەیی و بێزاری خۆیان لەو کردەوە نامرۆڤانەیەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نیشان دا، دواتر شارەکانی دیکەی کوردستان پشتیوانیان لە سەقز کرد و سەرئەنجام زۆربەی شارەکانی ئێرانیش بەو خرۆشانە جەماوەریە پەیوەست بوون.

کوردستان ئەمجارەش نیشانیدا یەک دەنگ و پشت ئەستوور بە ئیرادەی لاوانی تێکۆشەری، پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژینای نیشتمان دەکات، بەهاکانی بزووتنەوەی کوردستان کە ساڵهایە لەپێناویاندا قوربانی دەدرێت، ئەمجارە هەموو ئێرانی گرتوەتەوە و درووشمی ژن، ژیان، ئازادی وێردی سەر زمانی هەموو نەتەوەکانی ئێرانە.

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە، سەری رێز دادەنەوێنێ لە بەرانبەر بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووانی ئاخێزی ئەمجارە، رێز دەگرین لە خەبات و قوربانی دانی لاوانی تێکۆشەرمان کە هەموو دنیایان سەرسامی خۆیان کردووە، سەربەرزین بە ژنانی کوردستان کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتدا شان بە شانی پیاوان هاتوون و ئەمجارە تەنانەت کەوتوونەتە پێش پیاوان و رەهبەری مەیدانی خۆپشاندانەکان دەکەن.
دڵنیاتان دەکەینەوە، کۆمەڵە بە هەموو هێز و توانیەوە پشتیوانی و بەرگریتان دەکات، هیچ تەنگەژەیەک کۆڵمان پێ نادات و سڵ ناکەین لە هەرشێوە پشتیوانیەک لە خەڵکی خۆمان.

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

یەکی رەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی
٢٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زاینیی







ئه‌م بابه‌ته 1872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:27:23/09/2022





زۆرترین خوێنراو