عەبدوڵڵا موهتەدی: سەردەمە گەورەکان کەسایەتی گەورە دەخولقێنن

سەردەمە گەورەکان کەسایەتی گەورە دەخولقێنن
عەبدوڵڵا موهتەدی




بە بۆنەی ساڵیادی گیانبەختکردنی هاوڕێی رابەر کاک فۆئاد مستەفاسوڵتانی


کەسایەتییە گەورەکانی نێو بزووتنەوەی کوردستان لە هەر حیزبێک و لە هەر ڕەوتێکی سیاسی و بە هەر بیر و باوڕێکەوە بن هەموومان لە دەوری یەک کۆدەکەنەوە دوای مەرگیشیان، بۆ رێز گرتنیان بۆ یاد کردنیان و ئەگەر بتوانین بۆ دەرس لێوەرگرتنیان لە خەباتەکانی داهاتووماندا، هەر لێرەشەوە سڵاوێکی گەرم و گوڕ و ڕێزی خۆم پێشکەش دەکەم بە بنەماڵەی کاک فۆئادی مستەفا سوڵتانی بە خوشک و براکانی بە هەموو کەسوو کارەکانی.

ئەمڕۆ یادێک دەکەین لە کاک فۆئادی مستەفا سوڵتانی و ساڵیادی گیانبەختکردنیدا ڕێزێک بگرین لەو کەسایەتییە کە هەتا زەمان تێپەڕ دەبێ و ساڵ دێ و ساڵ دەچێ، یادی ئەو لە دڵماندا سەوز تر و گەنج تر دەمێنێتەوە، ئێمە مانان ئەوانەیکە کاتی خۆی دۆستایەتی و ڕەفیقایەتی ئەومان کردوە و شانازی ئەوەمان بووە کە هاوسەنگەری بین، لە ڕاستیدا وردە وردە، بەفری تەمەن سەر و ڕوومانی سپی کردووە ئەوەی کە بە سەوزی و تەڕ و تازەیی ماوەتەوە کاک فۆئاد و یادەکەیەتی، بە تایبەت ئەم یادکردنەوانە پێویستن لە ڕوویەکی تریشەوە ئەویش تێگەیاندی نەسلی نوێی خەباتکارە کە لە زۆرێک لە پارچەکانی کوردستان و لە زۆرێک لەم وڵاتانەی کە ئێمە مانانی تێدا دەژین هێشتا دەستی زۆرداری و دیکتاتۆری بەسەریاندا زاڵە، هێشتا خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگاری کێشەی سەرەرکی ئەم وڵاتانەیە و ڕووی قسەکانی من بەتایبەتی لە ئەوانە.
لە باس کردنی کەسایەتییەکاندا، هەرچەندیش ئەو کەسایەتییانە، کەسایەتی گەورە و مێژووییش بن هەرچەندە بلیمەتیش بووبن؛ بەڵام ناتوانین خۆمان لەو ڕاستییە ببوێرین کە ئەوانەش بەرهەمی بارودۆخ و سەردەم و مێژووی تایبەتی خۆیانن، نە کاک فۆئاد و نە کۆمەڵە، کە کاک فۆئاد یەکیک لە دامەزرێنەرانی بووە لەم قاعیدەیە و لەم قانوونە بەدەر نین، بۆیەش جێی خۆیەتی بە کوورتی باسی ئەو باروودۆخە باسی ئەو سەردەمە و باسی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیرییە بکەین کە ئەوی تێدا خەمڵی و ئەوی تێدا هەڵقوڵی، ئەگەر بێتو ئەوانە لە بەرچاو نەگرین ئەوەی بۆمان دەمێنێتەوە تەنیا یادکردنی نۆستالیژیایەکی ڕابوردوو بیرەوەری تاڵ و شیرینی ئەو سەردەمانەیە، ئەوەی بۆمان دەمێنێتەوە تەنیا ستایشێکی دەروێشانەی بێ ناوەرۆکە، سێ ڕەوتی گەورەی جیهانی و ئێرانی و کوردستانی لە سەردەمێکی دیاریکراودا دەستیان دا دەس یەک، و هەرکامەیان لە جێی خۆی و بە ڕادەی خۆی کاریگەریان دانا لەسەر ئەو ڕەوتە فیکریە کە دواتر بە ناوی کۆمەڵە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا سەری هەڵدا، یەکێکیان ئەو گوڕانکاریە گەورانە بوو کە لە دوای جەنگی دووهەمی جیهانی بەڵام بە تایبەتی لە دەیەی ٦٠ی زایینی سەدەی ٢٠دا لە ئاستی جیهانی ڕوویدا، بیخەینەوە بیر خۆمان کە ئەو سەردەمە سەردەمی ڕووخان و هەڵوەشانەوەی نیزامی ئیستیعماری و کولونیالی لە ئاستی جیهانیدا بوو،  سەردەمی سەرهەڵدانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکان لە هەموو جیهاندا بوو، سەردەمێک بوو کە ڤیەتنام و خەباتی کە خەڵکی ڤیەتنام بۆ ئازادی خۆیان دەیانکرد نموونە و ئولگوو شۆڕشگێڕانی هەموو دونیا بوو سەردەمێک بوو کە تێیدا بینای سەخت و مەحکەم  و بە ڕواڵەت لە شکاندن نەهاتووی نیزامی ستانیلیستی لە یەکیەتی سۆڤیەت، قەڵەشتی تێکەوت و جۆرێک چەپی نوێ چەپی سەربەخۆ لە دونیادا سەری هەڵدا، چەپێک کە بە شوێن ناوەرۆکی ئینسانی سۆسیالیزمەوە بوو، چەپێک کە تێیدا دیمۆکراسی جێگەی دەبووەوە و جێگەیەکی سەرەکی بوو و چەپێک کە تێیدا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوە بندەستەکان وردە وردە پەرەی دەستاند، چەپێک کە لە جیاتی قبووڵ کردنی جەنگی سارد ئاشتی و دژایەتی لەگەڵ بۆمبی ئەتۆمی کردبوو بە شێعری خۆی، ئەو سەردەمەی دەیەی ٦٠لەبیرمان نەچێ سەردەمی سەرهەڵدانی فێمێنیزمە لە دونیادا، پەرە سەندنی فێمێنیزمە، سەردەمی هاتنە ئارای مافی لاوان و گەنجانە لە سەرتاسەری جیهاندا، سەردەمێکە کە هەموو ڕۆشنبیری دنیای ڕۆژئاوا، گۆڕانی گەورەی بەخۆیەوە بینی، سەردەمێکە کە تەنانەت مووزیک و ڕومان و ڕاگەیاندن گۆڕانی گەورەیان بە خۆیانەوە بینی، لەم باروودۆخە جیهانییەدا بوو و کاریگەری ئەم باروودۆخە جیهانییە بەسەر هەموو وڵاتاندا بوو کە پریشکیشی گەیشتە ئێرانیش  و گەیشتە کوردستانیش، بەڵام کۆمەڵیک ڕەوتی تریش لە ئاستی ئێرانی لە ئارادا بوو ئەویش ئەوەیە هەر لەم دەیەی ٦٠تەدا، گۆڕانێکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگای ئێراندا لە پێشدا لە بواری ئابووری و دواتر کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسی هاتە ئاراوە، دەیەی شەست بوو کە تێیدا دوای سەدان ساڵ، نیزامی دەرەبەگایەتی فێئۆدالی نەک لە ڕێگەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و لە بنەوە و لە خوارەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی کۆمەڵێک ڕێفۆرم و بە پێشنیاری دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتە گەورە جیهانییەکانی ئەو سەردەمە لە ئێران هاتە ئاراوە و ئەو نیزامە هەڵوەشاوە، لەو سەردەمەدا بوو کە کۆمەڵگای داخراوی خۆبژێوی لادێیانەی ئێران گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات، شارەکان بووژانەوە شار گەورە بوونەوە تێیدا چینێکی نوێی کرێکاران هاتنە ئاراوە، و کوردستان لێی بێ بەش نەبوو، لێشاوی گەورە دەیان وسەدان هەزار کەس لە خەڵکی کوردستان وەک بەشێک لەم چینە کرێکارە تازانە، پەڕیوەی هەندەرانی دەرەوەی سنوورەکانی کوردستانی ئیران بوون و شار و شارۆچکە سەنعەتییەکانی هەموو ئێرانیان داگیر کرد بۆخۆیان، لەو سەردەمەدابوو کە نەخوێندەواری جێی خۆی دا بە خوێندەواری، لەو سەردەمەدا بوو کە دیاردەی خوێندکار کە تا ئەوکات مووڵکی ژمارەیەک بنەماڵەی ئەریستۆکراتی دەوڵەمەندی کۆنی گەورەی ئێرانی بوو، دەرگا و دەروازەی زانستگاکان کرانەوە بە ڕووی خەڵکانێکی دیکەدا لە شار و لادێکانی هەموو ئێران و توێژێکی نوێی کۆمەڵایەتی بە ناوی خوێندکار لە سەرتاسەری ئێران سەری هەڵدا و کوردستانیش لێی بێ بەش نەبوو و لێرەدا بوو کە ئەمانە لەگەڵ خۆیان فەرهەنگێکی سیاسی نوێیان هێنا.
 ژنان بۆ یەکەمجار بەو فەراوانییە هاتنە نێو مەیدانی هەم چالاکی ئابووری و هەم بە شوێنیشی دا چالاکی کۆمەڵایەتی و دواتر سیاسیش، لەگەل ئەم ئاڵووگۆڕە کۆمەڵایەتی و ئابووریە گەورەیە کە شەپۆلێکی گەورەی شار نشینی لە ئێران هێنا ئاراوە و ئەگەر چی بە شێوەیەکی نیوەچڵ و ناقیس، سەر و گوێکراو جۆرێک لە مۆدێرنیتەی یا سەرەتای جۆرێک لە مۆدێرنیتەی دەروازەی ئەم مۆدیرنیتەی بەڕووی ئێران کردەوە بەڵام لە هەمانحاڵدا ساختاری سیاسی ئیرانی زۆرتر و زۆرتر لە پێداویستیەکانی ئەم سەردەمە دوور کەوتەوە و نیزامێکی دیکتاتۆری ڕەش ڕۆژبەرۆژ بە شێوەی پاشایەتی لە ئێران زاڵتر بوو، لە حاڵێکدا کۆمەڵگای ئێران لە ناخی خۆیدا دەکوڵی و لە ناخی خۆیدا چین و توێژی گەورەی ڕزگار کردبوو و وەکوو جنەکە لە بوتڵ هێنابوویە دەرێ؛ بە کرێکارانەوە بە خوێندکارانەوە بە گەنجانەوە بە ژنانەوە، بەڵام سیاسەت و دەوڵەت و دەسەڵات پێشی بەو گوڕانکارییە دادەگرت لە بواری سیاسەتدا ئەمە وایکرد ئەم هێزە تازانەی کۆمەڵگای ئێران بێنە مەیدانی خەباتێکی سیاسی بەرینەوە و چۆنیش بێن، ئەم نەسلە تازە ئەم نەوە نوێیەی کە لە دەهەی ٦٠ی زایینی سەدەی پێشومان هاتنە ئاراوە و خەباتکارانی کۆمەڵەش بەشێک لەوە بوون ئەم نەسلە نوێیە کە هاتە خەباتەوە لەگەڵ زۆرێک لە ڕەوتە سوونەتی و تەقلیدییەکان سنووربەندی خۆی کرد، لە زۆرێک لەوان جیا بووەوە، شێوازی تازەی خەبات لە ئێران هاتە ئاراوە، بیر کردنەوەی سیاسی نوێ لە ئێران هاتە ئاراوە ڕەنگبێ بە تێگەیشتنی ئێستامان و بە عەقڵی ئێستامان ئەگەر لێکی بدەینەوە زۆرێک لەوانە کەم و کۆڕیان تێدا ببینین و بە چاوی ڕەخنە گەرانەوە سەیری بکەین، حەقی خۆیەتی ئێستا وابکەین بەڵام بۆ ئەو سەردەم ئەوانە گۆڕانکاری زۆر گەورە بوون کە لە ئاستی ئێرانیدا هاتنە ئاراوە، بەڵام سەرچاوەی تریش و سەرچاوەی سێهەمیش کە بوو بە یەکێک لەو سێ چووکڵەی کە ژینگەی سیاسی کۆمەڵەیان پێکهێنا بریتی بوون لە ڕەوتە کوردستانییەکان، هەموومان باش دەزانین کە خەباتی هەرکام لە پارچەکانی کوردستان چ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بیر و سیاسەت و خەباتی پارچەکانی تر هەیە، هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە ئەم کاریگەرییە دەستیپێکردبوو و دواتر سەرجەمی خەباتی کوردایەتی و سەرجەمی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و ئەو فیکرە کە لەگەڵ خۆی بوو و ئەو گەشەیە کە وردە وردە لە نێو ڕووناکبیرانی کوردستانی ئێران دەیکرد بە تایبەتی ڕووداوی خەباتی چەکدارانەی ساڵی ١٩٦٨ کاک سمائیلی شەریف زادە و مەلا ئاوارە و یارانی ئەم ئەزموونە کە لە بەشێکی گەورەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وەخت دەنگدانەوەیەکی زۆری بوو ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی بوو و دەرس و ئەزموونی زۆری لێوەرگیرا و ئەو بزووتنەوەیە بوو بە هۆی کۆبەند و بوو بە هۆی لێکدانەوەو تەحلیلی زۆر کە دواتر ئەو دەرسانە هەمووی کەڵکیان لێ وەرگیرا لە درووس کردنی کۆمەڵەدا و لە پێش خستنیدا کە وابێ بەبی ئەوەی بچمە ناو وردە کاری زۆرتری هەرکام لەو سێ ڕەوتەوە دەڵێم گۆڕانکارییە جیهانییەکان گۆڕانکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری کە لە ئاستی جیهانیدا بوو ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ئێران هات و ئەو خەباتە تازەی کە لە ئێران سەری هەڵدەدا و هەروەها کاریگەری هۆکارە کوردستانییەکان چە ئەوانی کۆنتر و لە مێژینەتر چە ئەوانەی لەبەرچاوی خۆمان و لەبەرچاوی ئێمەی گەنجی ئەو سەردەمەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەهاتنە ئاراوە ئەوانە ئەگەر هەمووی لێکبدەیەوە دەبینی ئەو سەردەمە چە سەردەمێکی گەورەی مێژوویی بوو و چە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئارادا بوو.

 سەردەمە گەورەکان کەسایەتی گەورە دەخولقێنن، یا هیچ نەبێ بڵێین لەبارن بۆ خولقاندنی ئەو کەسایەتییە گەورانە و بۆیەشە نەک هەر کاک فۆئاد، زۆر کەسی دیکە لەو سەردەمەدا کەسایەتی گەورە پێک هاتن بەداخەوە سیستەمی دیکتاتۆری ئەو وەختەی ئێران مەجالی گەشە کردنی ئەوانی نەدا و مەجالی ئەوەیکە کۆمەڵگای ئێرانی و کۆمەڵگای کوردی بتوانێ لەو کەسایەتییە گەورانە و لە ئەزموونیان و لە خەباتیان ئەوپەری کەڵک وەرگرێ پێیان نەدرا. لە هەل و مەرجێکی ئاوادا بوو کە لە پاییزی ساڵی ١٩٦٩دا ڕێکخراوی کۆمەڵە وەکوو ڕێکخراوێکی نهێنی خوێندکارانی ئەو وەختەی کوردستانی ئێران پێکهات و سەری هەڵدا لە پێشدا لە دوو سێ شانەی چکۆلەوە دەستیپێکرد و زۆر بە زوویی ئەو شارانەی کە خوێندکاری کوردی تێدا بوو و هەروەها شارە کوردییەکان لە تاران و تەورێز و ئەسفەهان ئەو جێیانەی کە خوێندکار و تێکۆشەری سیاسی گەنجی ئەو سەردەمەی کوردی تێدا بوو و هەرەوەها لە شارە کوردییەکان وەکوو سنە و مەهاباد و بۆکان و شوێنەکانی تر دامەزرا.
کاک فۆئاد یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە و لە ڕاستیدا ئەستێرەیەکی پرشنگداری ئەو خەباتە بوو کە لەو سەردەمەدا کۆمەڵە دەیبردە پێشەوە، ئەگەر بمەوێ بە کوورتی ئاماژەیەک بەوە بکەم کە چۆن ئێمە لە خەباتی کاک فۆئاد و لەو ئەزموونانەی ئەو و لەو ڕێبازەی ئەو گرتیە پێش و لەو ڕێنوێنیانەی ئەو بە ژیان و بە خەباتی خۆی کردی ئەوڕۆ کەلک وەردەگرین من پێش هەموویان دەڵێم؛ یەکیان پشوو درێژی بوو، خۆڕاگری بوو، کاک فۆئاد دەورەی خەباتی ئاشکراکەی ناگاتە ساڵێک کەمتر لە ساڵێک بوو لەو کاتەوە کە لە زیندان هاتە دەر لە ژێر تەئسیری شەپۆلە گەورەکانی خەباتی جەماوەری سەردەمی کۆتاییەکانی پاشایەتی لە ئێران کە وایکرد ساواک و ڕژیمی شا مەجبوور بوون دەروازەی زیندانەکان بکەنەوە و زیندانیانی سیاسی ئازاد کەن کاک فۆئادیش یەکێک لەوانە بوو هاتە دەرەوە و ئازاد کرا.

لەو سەردەمەوە کە هێشتا چەنگ مانگی ئاخری ڕژیمی پاشایەتی مابوو لە ئێران تا بە شوێنیدا ڕژیمی ئیسلامی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو هاتە سەرکار تا دواتر لە ٢٨ی گەلاوێژی ئەو ساڵە هاوینی دواتری، فەرمانی هێرش بۆ کوردستان درا و تا شەهید بوونی خودی کاک فۆئاد هەمووی لە سالێک کەمتر بوو، بەڵام پێش ئەوە ١٠ساڵ کاک فۆئاد پێشینەی خەبات و چالاکی نهێنی بوو دە ساڵ کاری خورد و ورد و تاقەت پڕووکێنی ڕیکخراوەیی و ڕێکخستن لە پشتی بوو، ١٠ساڵ بەرگە گرتن لە زیندان دە ساڵ چوونە نێو خەڵک و خشت لەسەر خشتی ئاگاهی و ڕوونکردنەوە لە پشتی بوو لە هیچکام لەوانەدا لەو ١٠ساڵەی پێشوو کاک فۆئاد نەیتوانی، سەردەم لەبار نەبوو، نە بۆ ئەو نە بۆ هیچکەسی تر کە ببێتە کەسایەتییەکی جەماوەری، بەڵام بە هەوڵ و هێمەتی کاک فۆئاد و هاوڕێیەکانی لەو ١٠ساڵەدا، شەبەکەیەک لە تێکۆشەرانی سیاسی خاوەن بیر و باوەڕ، پتەو، فیداکار تا ئاخر حەد، ئامادە بۆ هەموو سەختییەک، ئامادە بۆ ئەوە کە بە دەردی کورد ئەڵێ خۆیان بخەنە ئاگری سوورەوە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا بە حەوسەلە و پشوودرێژ، بەجۆرێک کە زۆرێک لە ئێمە هەرگیز پێمان وانەبوو لەتەمەنی خۆماندا و لە ژیانی خۆماندا ڕووی ئازادی دەبینین و ڕووی شۆڕشێک دەبینین و بەختەوەری ئەوەمان دەبێت تێیدا بەشداری بکەین.

 کاک فۆئاد و هاوڕێیانی لەو ١٠ساڵەدا شەبەکەیک لە تێکۆشەرانی ئاوایان بەرهەم هێنا، ئەگەر تۆی لاوی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەگەر تۆی نەسلی نویی خەباتکار کە ئێستا هاتوویە مەیدانەوە دەتەوێ دەرسێک وەرگری، تەنیا بیر مەکەوە لەو ڕۆژانەی کە کاک فۆئاد چۆن بوو بە ئەستێرەی گەشی خەباتی جەماوەری لە کوردستان شار بە شار دەگەڕا و خەڵکی لە دەور کۆ دەبوەوە تا بزانن ڕێنوێنیەکانی چییە، بیر لەو ١٠ساڵەی پێشوو بکەوە کە ئەو زەمینەسازی کرد بۆ ئەو خەباتە جەماوەرییە ئەو تۆڕە گەورەی لە خەڵکی بە بیر و باوڕ و مونسەجم، ڕێککەوتوو، پتەو، ئامادە بۆ فیداکاری لە ئاست یەکتری پێک هێنا، بۆیە ئەهمییەتی سازمان، ئەهمییەتی ڕێکخستن یەکێک لەو شتانەیە کە من دەمەوێ ئاماژەی پێبکەم و لێرەشدا ڕاستە کاک فۆئاد زۆر بە خورد و وردی و بە حەوسەلە خەریکی ئەو کارە بوو شار بە شار و گووند بە گووندی کوردستان دەگەڕا بۆ ئەو کارە، بەڵام لەبیرمان نەچێ خۆی سەردەمەکە سەردەمێک بوو کە مەجال و ئیمکانی ئەوەی ڕەخساندبوو کە ئەو کارە بکرێ، ئەگەر کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی شوانکارەی، دواکەوتووی سەردەمانێکی زوو بوایە شکڵ و شێوازی خەباتیش شکڵ و شێوازیکی تر دەبوو، هەروەکوو دەبینین سەرەتاکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان ئێمە ئاسەوارێک لە ڕیکخستن لە سازمان، لەو چەکە گەورەیەی کە سەردەمی مۆدێرنیتە بە ئینسانی بەخشیوە باسێک نییە، کە وابێ ئەگەر ئەو هەموو ئاڵوگوڕانەی کە باسم کرد لە ئارادا نەبواین و ئەو عەرزەیان خۆش نەکردبا تۆوی ئامانجی کاک فۆئاد تێیدا نەدەهاتە بەر و شین نەدەبوو. ئەگەر ئەو شارنشینیە گەورەیە و ئەو هەمووە خوێندکارەو ئەو هەمووە نەسڵی تازەی کرێکارانی کوردستان و ئەو چاو وگوێ کرانەوەیە و ئەو بڵاو بوونەوەی بیری نوێ و پێشکەوتنخوازە لە ئاستی جیهانی و ئێرانی وکوردستانیش دا نەبوایە، ئایا هەموو هەوڵەکانی کاک فۆئاد و ئەو کۆمەڵەی کە کاک فۆئاد هەم درووستی کرد و هەم تێیدا کاری کرد، دەیتوانی ئەو کاریگەرییەی بێ؟ نەیدەتوانی، کە وابێ کۆمەڵە بە گشتی و کاک فۆئاد وەکوو ئەستێرەیەکی پرشنگداری، خۆیان بریتی بوون لە یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەم سەردەمی گۆڕان و نوێ خوازییە ئەم سەردەمی پێنانە قوناغی مۆدێرنیتەوە، ئەگەر بپرسین کە چی دی دەتوانێ جێی ئاموژگاری بێ ئەوڕۆ بۆ یاد کردنەوە دوای چووار دەیە لە گیانبەختکردنی کاک فۆئاد، من دەڵێم زۆرتر لەوەی کە تێۆرییەکان لێرە گرینگ بن، کە دێن و دەڕۆن و زۆر جارێش هەر دواتر خۆمان هەستمان پێ کرد هەڵەیان تێدایە، ئەو مێتۆدەیە، ئەو شێوازەی هەڵسووکەوت لەگەڵ سیاسەت، لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکانە، ئەمەیە کە ماندگارە و دەمێنێتەوە، هەموو کەس دەزانێ کە ئەوانی ئەو سەردەمە دەزانن کە یەکێک لە پێناسەکانی کۆمەڵە نزیکی کۆمەڵە لەگەڵ جەماوەر و خەباتی جەماوەر و ئەهمییەت دان بە عامیلی خەڵک لە سیاسەتدا بوو، تەنانەت دێتەوە بیرم، کاتی خۆی کە ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی کە دەکاتە ١٩٧٤ هەموومان گیراین و بەشێکی بەرچاو لە تەشکیلاتی کۆمەڵە، ئەو بەشەی کە بەتایبەتی لەتاران بوو گیرا و هەر لێرەدا ئەوەش بڵێم خۆشبەختانە هەرگیز ساواکی شا نەیتوانی کروکی ڕێکخستنی کۆمەڵە کەشف بکا و بەدەنەی ئەسڵی ڕیکخراوەکەی ئێمە بە ساغی مایەوە لە دەرەوە بەڵام بەهەرحاڵ ئەو کاتە کە لە زیندان گیرابووین و وردە وردە پەروەندەکانمان دەرکەوت تا ڕادەیەک ئەو بەشەی کە دەرکەوتبوو لە پەروەندەی زۆرێک لە ئێمەدا چوونی بۆ ناو خەڵک، چوونی بۆ ناو کارگەکان بۆ کارخانەکان، بۆ ناو گووندەکان بۆ ناو خەڵک، کار کردن لەناویان دا تێیدا بوو ئەوە شتێکی تازە بوو بۆ ڕێکخراوە سیاسیە ژێر زەمینییەکانی ئەو سەردەمەی کە زۆرجار درووست دەبوون و کەم دەوامیش بوون زۆربەیان کەم دەوام بوون ناڵێم هەموویان دەگیران و ئاشکرا دەبوون، هەر بۆیەش لە زیندانی ئەو وەختە دەزانن ڕێبازێک هەبوو کە ڕێبازی خەباتی چەکداری بوو، ئەویش هەرخۆی لە ژێر تەئسیری و کاریگەری ڕەوتە جیهانییەکان بە تایبەتی خەباتی ئەمریکای لاتین و چێگوارا و زۆرێک لەو خەباتانە کاریگەری ئەوانە لە ئێرانیش لەئارادا بوو. دەزانین ڕێکخراوێک بە ناوی سازمانی چیریک های فیداییانی خەلقی ئێران پێک هات وردە وردە کە ئەمیش خۆی جۆرێک بەرهەمی ئەو سەردەمە بوو کە وا باسم کرد، ئەم ڕەوتە وردە وردە ئەگەر ئێمە چووینە زیندان تماشامان کرد لە لایەن خەڵکەوە هەروا ناویان نێنراوە نیزامی کار، یەعنی ئەوانەی بڕوایان بە کاری چەکداری هەیە، خەڵکانی تر هەبوون لە زیندان کە دواتر لە ئێران بە ناوی خەتی سێ ناسران ئەوان زۆرتر ڕەئیان ئەوە بوو و لەو بڕوایەدا بوون کە بە بێ درووست کردنی حیزبی سیاسی و بە بێ خەباتی سیاسی سەرکەوتن مومکین نیە و لەو سەردەمەدا ئەمە دەبێ بکەوێتە پێش هەر خەباتێکی چەکداری، ئەمانە لە زیندان ئەو ناوەیان بەسەردا بڕابوو. زۆرجار دەزانن ئەو ناو بەسەردابڕانانە هەن، بە بێ ئەوەیکە کەسیک خۆی ناو دیاری بکا، بە سیاسی کار یەعنی ئەوانەی بڕوایان بەکاری سیاسی هەبوو، جەماعەتێکیش هەبوون لەگەڵ حیزبی توودەی ئێران بوون، ئەوانیش ناویان توودەای بوو، لە پاش چەنگ مانگ بە بێ ئەوەی خۆمان بزانین وردە وردە پێیان دەکووتین توودەای کار، یەعنی ئەوانەی بڕوایان بە کاری جەماوەری هەیە، لە ئەوەڵەوە خۆشمان گاڵتەمان پێی دەهات بەڵام بە ڕاستی ئەو نێوەمان بەسەردا دابڕا لە زیندانەکانی ئێران ئەو سەردەمە، جا تەمامە ئەوە بڵێم کار لەگەڵ جەماوەر، ئەهمییەت دان بە عامیلی جەماوەر لە سیاسەتدا، پێناسەیەکی گەورە و تایبەتمەندییەکی گەورەی سیاسەتی ئەو سەردەمەی کۆمەڵەیە، دیارە هەمیشە جەماوەر لە سیاسەتدا هەن بە بێ ئەوان سیاسەت ناکرێ، قسە لەوەیە ئایا وەکوو سیاهی لەشکەر؟

 ئەوەی کە لە بیری کاک فۆئادا بوو ئەوەیە کە جەماوەر بەشداری بکەن، بەڵام بە هۆویەتی خۆیانەوە، پێناسەیەک وەربگرن لەوەدا ئەزموونێک وەربگرن و بتوانن بێنە ئاستی سەرەوە لە سیاسەتدا و دەسەڵات بە دەستەوە بگرن، جەماوەر بێتە ئاستی دەسەڵاتەوە، ناتوانێ بێتە ئاستی دسەڵاتەوە، تا ڕێکخستنی نەبێ و تا هووشیاری نەبێ بۆیە کاک فۆئاد خۆی تەرخان کردبوو بۆ ئەوانە، جا من تەمامە ئەوە بڵێم ئەگەر بیرەوەرییەکانی ئەو سەردەمە و ئەو و ئەو ڕێبازەی کە کاک فۆئاد گرتیە بەر بیهێنینەوە بیر لێرەدایە کە سەرنجمان ڕادەکێشرێ بۆ کۆچی مێژوویی مەریوان و ئەو ڕێپێوانە گەورانە کە لە شارەکانی کوردستان ساز کرا، شارێکی گەورەی وەکوو مەریوان بە بێ ئەوەی کەس دەس بۆ چەک بەرێ وەکوو شێوەیەک لە خۆپیشاندان بە پادیگانی شار کە دەهات و دەستدرێژی دەکرد بۆ خەڵکی شارەکە، هەموو ئەو شارە کۆچی کرد و چووە کانی میران کە شوینێکی نزیکە لە دەرەوەی شار و لەوێ کۆچیان کرد، دیارە باروودۆخی ژیانیان بەڕاستی ناخۆش بوو لە هەموو کوردستانەوە یارمەتیان بۆ دەچوو، بەڵام مەبەستم ئەوەیە دۆزینەوەی ئەم شکڵە لە خەباتی جەماوەری و هێنانی خەڵک، بۆ نێو ئەو خەباتە و کەسایەتی پیبەخشین بەو خەباتە و پێناسە بەخشین بەو خەباتە و کردنی ئەم شێوازە لە خەبات یانی لە بزووتنەوەی جەماوەری بە شێوازێکی ئەسڵی لە خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا من وادەزانم ئەمە دیارییێکە، دیارە بارودۆخەکەی ئامادە بوو، دیارە سەردەم ئەوەی دەخواست هەروەکوو باسم کرد، بەڵام ئەمە دیاریێکە کە کۆمەڵە بەگشتی و کاک فۆئاد بە تایبەتی، پێشکەشی بزووتنەوەی کوردستانی کردوە لە ڕۆژهەڵات، هەر بۆیەشە کاک فۆئاد لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، لە هاوینی ساڵی ١٩٧٩ز لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ کە فەرمانی هێرشی خومەینی بۆ سەر کوردستان دەرچوو هەتا ٩ی مانگی خەرمانان کە کاک فۆئاد خۆی شەهید بوو، ١٣ڕۆژی زیاتر پێ نەچوو، کەوابێ ئەو تەنیا لەو کاتەوە کە شکڵی نوێی، یەعنی ئەم هێرشە کرا سەر کوردستان و لەگەڵ خۆی خەڵکی کورد مەجبوور بوو شکڵێکی نوێ و خەباتی چەکداری و موقاومەت و بەرەنگاری بەرانبەر بە حکوومەتی مەرکەزی بگرێتە بەر بە هەموویەوە ١٣ڕۆژی پێ چوو. ئەگەر ئەو بیرە و ئەو شێوازە بیر کردنەوە ئەو مێتۆدە لە کاری سیاسی لە نێو کۆمەڵەدا چەسپاو نەبوو، ئەیچۆن دواتر کۆمەڵە توانی چەندین مانگ دواتر و دوای ئەوەی یەکەم هێرشی ڕژیمی کۆمەری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان تێک شکا و دەورەیەکی وتوووێژ و گووفت و گۆ و لە ئاگر بەست لە کوردستان هاتە ئاراوە! چۆن لەو سەردەمەدا کۆمەڵە لە شاری سنە توانی ئەو بنکانە ڕێکبخا، ئەو شتەی کە بە ناوی بنکە لە شاری سنە ناسران ئیبداعی کۆمەڵە و خولقاوی کۆمەڵە نەبوون، ئەوانە ئەو شکڵە لە خەباتێکی خۆ ڕسک بوون لە ناو جەماوەری خەڵکدا کە سەریان هەڵدا، ڕەنگبێ خەڵکی دیکە بێز و بۆی لێکردبێ، نامۆیی لێکردبێ، کۆمەڵە لە باوەشی گرتن، دۆستایەتی لەگەڵ کردن، کتێبی بۆ بردن، فێری شتە سەرەتاییەکانی خەباتی چەکداری کردن، سەدا نەوەدیان لەگەڵ کۆمەڵە کەوت، ئەی ئەگەر ئەم شکڵە یەعنی ئەو میتۆدیە کە گرینگە ئێمە بیناسینەوە و لە کاری ئێستا بەرەو داهاتووشمان لەبەرچاوی بگرین، ئەویش شەڕی تەقریبەن یەک مانگەی شاری سنە بوو لە ساڵی ١٩٨٠دا دوای ئەوەیکە ئاگر بەستەکە لە لایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێشێل کرا و جارێکی دیکە بە فراوانی و بە شاڵاوێکی گەورە هێرشیان کردە سەر کوردستان چۆن شاری سنە وەکوو نموونەیەکی بێ وێنە بوو بە شانۆی مقاومەتێکی بە ڕاستی جەماوەری، ئەوە نەبوو بەس پێشمەرگە شەڕ بکا، پێشمەرگە کەم نەبوو و شەڕی چاکیشیان کرد لەوێ، بەڵام هەموو ئەو شارە یەکپارچە مقاومەت بوو، ئەو شارە چۆن هەمووی کرا بە قمووش و بە کاناڵ لە بن عەرزەوە، بۆ ئەوەی لە دیدی تۆپ و خومپارەی پادگان و لەشکرێک کە دەوری شاری دابوو بە دوور بن، چۆن ئەو شارەیان کرد بە قمووش و بە ڕەهەند و تێیدا چەکیان برد، تەقەمەنیان برد، نان و خوادنیان برد، ئاویان برد بۆ ئەوانەی کە لە خەڵکی شار مقاومەت دەکەن، چۆن یەک مانگ ئەو شارە درا بەر تۆپ و خومپارە بەڵام هیچکەس لە خەڵکی ئەو شارە پەیدا نەبوو کە بە پێشمەرگە بڵێ کاکە زەحمەت نەبێ بچنە دەرەوە چوون مقاومەت مقاومەتی خۆیان بوو، ئەم جۆرە جووت کردن و لێک هەڵپێکانی خەباتی سیاسی و حیزبی و پێشمەرگانە، لەگەڵ جەماوەر و بزووتنەوەی جەماوەری من وادەزانم ئەوشتەیە کە جارێکی دیکە ئەمڕۆ وەکوو مێتۆدێکی سیاسی درووست دەبێ پەنجەی لەسەر دابنێین و ئەلحەق فۆئاد ئەستێرەی پرشنگدار و ڕێنوێنی کەری ئەم شێوازە لە خەبات بوو.

 یەکی دیکە لەو خاڵانەی کە من تەمامە پەنجەی بۆ ڕاکێشم وەکوو دەرس وەرگرتنێک لە شێوەی کار و خەباتی کاک فۆئادی مستەفا سوڵتانی بریتیە لە فیکرێکی دینامیک، فیکرێکی نادوگم، چەق نەبەستوو، زیندوو و گیاندار، دینامیک لە لێکدانەوەی باروودۆخە سیاسییەکان و لە تێگەیشتنی و تەشخیسی درووستی سیاسی و چۆنیەتی هەڵبژاردنی شێوازی خەبات بۆ هەر سەردەمێک. نموونە زۆرە لەوەدا، عەرزم کردن لە حاڵێکدا ئەو وەختە هەموو کەس چەکدار بوو لە کوردستانی ئێران، بەڵام بە دیقەتێکی زۆر و بە حەوسەلەیەکی زۆر کاک فۆئاد هەوڵی دا کە شاری مەریوان بە خەباتی چەکداری وڵام نەداتەوە تا ئەو جێگایەی مومکینە بە خەباتی جەماوەری وڵام بداتەوە و هەر بە حەقیقەتیش وابوو، ئەو کۆچە دوای ١٠ ڕۆژ هەر وەکوو عەرزم کردن دوای ١٠ ڕۆژ بە سەرکەوتن گەیی و نوێنەر هات لە تارانەوە و وتوو وێژی لەگەڵ کرا، شوڕایەکی شار پێک هاتبوو، کاک فۆئاد وەکوو نوێنەری ئەو شوڕای شارە گفت و گۆی کرد لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و سەرەنجام ڕەزایەتیان دا کە پادەگان شار چۆڵ بکا و دەخاڵەتی زیادی لە کاری شاردا نەکا. مەبەستم ئەوەیە لەوێ ئاوا تەشخیسی دا کە بە هەموو جۆرێک تۆ دەبێ لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکە بی و دەست بۆ چەک نەبەی، دیارە چەک دانەنێی تەسلیم نەبی ئەمە شتێکی ترە، بەڵام مەرج نییە هەمیشە دەست بۆ چەک بەری و ئەوە شتێکی زۆر زۆر جیی دەرس لێوەرگرتنە بۆ سەردەمی ئەمڕۆ کە جارێکی تر خەباتی جەماوەری و بزووتنەوەی مەدەنی لە ئاستی هەموو ئێران سەری هەڵداوەتەوە، تەشخیس و تێگەیشتنی درووستی ئەوەی کە تۆ چۆن لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە هەڵسووکەوت دەکەی و چۆنی تێدەگەی و چۆن لەم هەل و مەرجەدا کاری چەکداری ناهێنیە ئاراوە چوونکە خزمەت ناکا بەو بزووتنەوە سیاسییە ئەمە خۆی باسێکی گەورەیە، بەڵام ئەوەی کە من دەمەوێ ئاماژەی پێبکەم بریتیە لەوە کەوابێ ئەهمییەت دانان بۆ بزووتنەوەی جەماوەری و بۆ خەباتی مەدەنی و بە تایبەتی بۆ یەکیەتی جوتیاران کە کاک فۆئاد خۆی درووستی کردبوو، بەڕاستی وەکوو پێناسەیەکی ئەوی لێهاتبوو ئەوە شتێکی زۆر گرینگ بوو هەموو کەس ئەوانەی بە کاک فۆئادەوە دەناسیەوە و بەوەوە پیناسەی دەکردن، بەڵام چەند ڕۆژێک پێش ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٧٩، پێش ئەوەی کە فەرمانی هێرشەکە یەکسەر بدرێ بۆ سەر کوردستان، من جوان لە بیرمە لە شاری سەقز کۆبووینەوە و دوای کۆمەڵێک سەرکەوتن کە خەباتی جووتیاران و زەحمەتکێشانی ئەو وەخت لە کوردستان و کۆمەڵێک دەستکەوتی بەدەستیان هێنابوو، هەموو کەسی سەر و دڵخۆش و دەتوانێم بڵێم تاڕادەیەک سەرخۆش کردبوو لەو خەباتە کۆببوونەوە تا ببیستن بزانن کە ئەوانەی زۆرتر وەکوو ڕەهبەری ئەو بزووتنەوە دەناسران و خەڵک قسەیان لێ قبووڵ دەکردن، و بەتایبەت شەخسی کاک فۆئاد لەو بارەیەوە دەلێ چی، هەموو کەس قسەی خۆی کرد و پێیان وابوو دەبێ ئەوەندەی دیکەش هەوڵ بدرێ بۆ ئەوەی کە ئەم خەباتە جەماوەرییانە ئەم یەکیەتی جوتیارانە و چی و چی ئەوانە گەشەیان پێ بدرێ و ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستا هەیە بپارێزرێن و کوردستانی داهاتوو جێی ئەوانەیە، لا حاڵێکدا لە نێوان سەر سووڕمانێکی گشتی هەمووان دا کاک فۆئاد کووتی؛ بەداخەوە وانییە ئەم شێوازە لە خەبات تەواو بوو، ئاخە کاکە چۆن تەواو بوو، چۆن یەکیەتی جوتیاران تەواو بوو چۆن ئەم خەباتە جەماوەرییانە تەواو بوو، وتی کاکە درەنگ یا زوو ڕژیمی ئێران هێرش دەکاتە سەر کوردستان، شکڵی خەباتی جوتیاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ ئەستاندنی مافەکانیان لە چوار چێوەی کوردستاندا ئەمە دەچێتە پەراوێزەوە تازە، مەسئەلەی ئەسڵی و سەرەکی لەمە بەولاوە دەبێتە مقاومەتی گەلی کورد لە بەرابەر هێرشی کۆماری ئیسلامیدا و دیارە لە ئەوەڵەوە خەڵکەکە شوکە بوون ئاسان نەبوو تێگەیشنی و بە تایبەت بیستنی ئەم قسانە لە لایەن کاک فۆئادەوە کە ئێمە مانانیش دیارە تەئیدمان کرد و پشتگیری ئەو خەتەمان کرد و لەسەری ڕۆیشتین بەڵام نیهایەتەن زۆری پێنەچوو وەڕاست گەڕا و لەوە ئەو نەتیجە وەردەگرم کاک فۆئاد دوگمی یا عەبدی هیچ شێوازێک لە شێوازەکانی خەبات نەبوو، بە شێوەیەکی دینامیک و گیاندار و مێژوویی سەیری ئەو شێوازانەی لە خەبات دەکرد بۆیە سەرەڕای هەموو ئەهمییەتێکی کە بۆ ئەم رێکخستنی جوتیارانی زەحمەتکێشی کوردستان لەو سەردەمە دیاریکراوەدا دایدەنا، بەڵام کە زانی سەردەمەکەی خەریکە بە سەر دەچێ بە حەفتەیەک دە ڕۆژ پێش ئەوە بڕیاری دا خۆتان چی دی بۆ ئەوە حازر مەکەن، بێگومان وەختی مقاومەت و بەرخۆدان دێ، ئێمە دەبێ خۆمان بۆ هەموو شکڵێک لە خەبات، لەوانە خۆمان بۆ خەباتی چەکداری ئامادە بکەین، و با ئەوەش بڵێم؛ لە ڕاستیدا لە دوو مانگ سێ مانگ پێش ئەوە وە، لە هەمانکاتدا کە کۆمەڵە ئەم خەباتە جەماوەرییە مەدەنییەی بە پانایی هەموو کوردستان و هەرچەندی زەمینە بوایە و زەمینە فەراهەم بوایە و ئەمیش دەستی ڕۆشتبایە بەڕێوەی دەبرد، بەڵام بە نهێنی و لە لیڕەوار و جەنگەڵەکانی سەردەشتدا، ئێمە بنکەی فێرکردنی پێشمەرگایەتی و فەرماندەییشمان هەبوو، چوون دەمانزانی ئەو ڕۆژە دێ دەمانزانی کۆماری ئیسلامی کوردستان لەگەڵ ئەم گەشە فیکری و سیاسی و نەتەوەیی و ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی کوردستان لەگەڵ ئەم ئەزموونە نوێیە دیموکراسیانە ناتوانێ بگونجێ و درەنگ یا زوو بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری خۆی لە هەموو ئێران مەحکەم بکا، ناچارە کە ئەم جزیرەی دیموکراسی لە نێو ئوقیانووسی ئیستبدادی ئیرانیدا بتوێنێتەوە و نوقم بکات، بۆیە خۆشمان بۆ ئەوە ئامادە کردبوو.

بەڵام تەمامە ئەوە بڵێم کاک فۆئاد چۆن دینامیک یا بڵێین دیالێکتیکی دەیڕوانیە شکڵەکانی خەبات و ئامادە بوو گۆڕانەکان ببینێ، ئامادە بوو تێبگا لە گوڕانەکان و بە گوێرەی ئەوە کار بکات، دەرس وەرگرتن لە هەموو ئەو دەورەیەی ژیانی کاک فۆئاد کە بە داخەوە ئەوەندەش درێژ نەبوو لە نێو خەباتە جەماوەرییەکاندا زۆر دەکێشێ و من لەوە زیاتر کاتی ئێوەی پێ ناگرم، بەڵام لە کۆتاییدا حەز دەکەم لە ڕێگەی ئەم تریبوونەوە جارێکی دیکە ڕوو بکەمە هەموو ئەو نەسلی نوێی خەباتکاری کە لەم دیوی ئەو سنوورەوەوە من ئێستا قسەی لێوە دەکەم، ڕوو بکەمە ئەوان و پێیان بڵێم جارێکی دیکە گوڕانەکان دەستی پێکردوەتەوە، جارێکی دیکە ئێران و کوردستان لە بەردەم ئەزموونێکی گەورەدایە، ئیمە پێویستیمان، ئەوانەی کە دەیانەوێ بەڕاستی ڕێبازی کاک فۆئاد بڕۆن، ئەوانەی کە نایانەوێ گەورە کردنەوەی مەزهەبییانەی کەسایەتی کاک فۆئاد بکەن بە کۆسپیک لە بەردەم پێشکەوتن و گەشە کردنی ئەوڕۆماندا بەڵکوو دەیانەوێ فۆئاد بکەن بە ئیلهام بەخشی خەباتی داهاتووشمان، ئەوانە حەقە بیر لەو دەرسانە بکەنەوە، حەقە بزانن جارێکی دیکە کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی لەبەردەم ئەزموونێکی گەورەدایە، جارێکی دیکە دیکتاتۆریەکی ڕەش و کوودەتایەکی تازە لە نێو خودی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەری هەڵداوە کە ڕەش تر لە ڕەشیش دەیەوێ ئێران لێبکات، هەڵەیەکی گەورەیە پێمان وابێ لە کوردستان خۆش دەبێ ئەگەر لە تاران سەرکەوێ، بۆیە هیچکەس بەقەد ئێمە، هیچکەس بەقەد ئێمەی کورد زینەفع نییە و بەرژەوەندی لە دێمۆکراتیزە کردنی ئێراندا نییە و هیچکەس بەقەد ئێمە ناشێ حەز بکات کە گوڕانی دیموکراسی جا لە کەمەوە بۆ زۆر  لە ئەستاندنی ئەم یا ئەو دەستکەوتەوە بگرە تا سەرجەم گوڕانی سیستەمی سیاسی لە ئێران گوڕانی قانوونی ئەساسی و دەستوور و کردنی ئێران بە وڵاتێکی دیمۆکراتیکی سیکۆلاری فێدراڵ، هیچکەس بەقەد ئێمە نە قازانجی لێ دەکا لە بوونی و نەبوونی بەقەد ئێمە زەرەری لیدەکا، بێجگە لەوە ئێمەی کورد ئێمەی خەباتکارانی ئەم سەردەمەی کوردستانی ئێران دەبێ ئەوەش بزانین کە ئێمە سیایی لەشکەری بزووتنەوەی خەڵکی نین، ئێمە بە ئەجێندای خۆمانەوە، بە بەرنامەی خۆمانەوە، بە ئامانجی خۆمانەوە لەو بزووتنەوە گشتییەدا بەشداری دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوو سەهمی خۆمان و بەشی خۆمان پڕ بە پڕ بەدەست بێنین نەک دەست درێژ بکەین و سبەینێ وەری گرین، بی ئەستێنین لە پڕۆسەی خەباتیکی سیاسی، جەماوەری و مەدەنی دا، بەو ڕژیمەی کە ئێمە دەیناسین ئەم خەباتە سیاسی، جەماوەری و مەدەنییە درەنگ یا زوو یا دەبێتە دیکتاتۆرییەکی ڕەش تر لە ڕەشیش، کە بێ گومان کورت خایەن دەبێ و ناتوانێ زۆر بکێشێ یا دەیکێشێتە ململانێ و ڕوو دەر ڕوویەکی گەورەی جەماوەر لەگەڵ دەسەڵات و ڕاپەڕینێکی نوێ لە ئێران، پێش بینی داهاتووی ئێران نە کارێکی ئاسانە و نە من بە تەمام لەم وتارەدا بیکەم، بەس ئەوەندە دەڵێم خۆ ئامادە کردن بۆ ئەم باروودۆخە ئەرکی سەرشانی ئەوانەیە کە پێیان خۆشە ئەو ڕۆ درێژەدەری ڕێگەی فۆئاد بن، بە کاری خورد و ورد و تاقەت پڕووکێن ئەو شەبەکەیە درووست بکەن لە سەرتاسەری کوردستان کە نموونەی ئینسیجام و یەکگرتوویی و فیداکاری و لە هەمانکاتدا، نموونەی تەشخیسی درووست و فیکری ڕۆشن و کراوەی ئەم سەردەمەیە، تێکەڵاو بن لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکان، لە ئاستی ئەوانەوە حەرەکەت بکەن، بەڵام خۆتان مەکەن بە عەبدی دواکەوتووییەکانیان، بە دڵسۆزییەوە لەگەڵیان بکەون، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بیر و باوەڕی نوێ و شێوازی نوێ و پێشکەوتنخوازانەتر لە خەبات، شەفافییەتی زۆرتر بهێننە ناو بزووتنەوەکانەوە، ئەهمییەت بدەن بەو خەباتەی کە لەسەرتاسەری ئێران هەیە هاوپشتی و هاوخەباتی لەگەڵ بکەن، بە بێ ئەوەی ببین بە سیایی لەشکرێکی بێ پێناسە و بێ هوویەت، بەڵکوو هەروەکوو عەرزم کردن؛ بە ئاجێندای خۆمان و بە هوویەت و پێناسەی خۆمان، لە هیچ فیداکارییەک مەترسن هەرچەند هیوای من ئەوەیە خوێن لە لووتی کەسێک نەیە و من ژیری لەوەدا نازانم کە قوربانی زۆرتر بدەین، بەڵام لە هەمانحاڵدا ئەوەش بزانین خەباتی ئێمە خەباتێکە، بەداخەوە وایە هێشتا سندووقەکانی دەنگدان نەبوونە مەحەکی مەقبووڵیەتی خەڵک و مەشرووعیەتی نیزامی سیاسیمان، هێشتا دیالۆگی ئازاد و سەربەستانە نەبووتە ڕێگەی ئەساسی و سەرەکی بۆ قەناعەت پێکردن بە جەماوەری خەڵک، ئەمە ئەو هەدەفەیە کە کۆمەڵە تەعقیبی دەکا، کەوتوەتە شوێنی و ئەگەر ڕۆژێک ئەوانە لە ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان بێنە ئاراوە و ببنە ڕیبازی زاڵ و شێوازی زاڵی ژیانی سیاسیمان کۆمەڵە ئەو ڕۆژە خۆی بە بەختەوەر دەزانێ، بەڵام تا ئەوکات دەبێ بزانین ڕێی خەباتمان هێشتا سەخت و دوورە و فیداکاری دەوێ و ماندوو نەبوونی دەوێ و نەوەستانی دەوێ و هەمبەستەگی و یەکگرتووی دەوێت.

لە کۆتاییدا جارێکی تر سەری رێز دادەنوێنم بۆ کاک فۆئاد مستەفاسوڵتانی، بۆ کاک سدیقی کەمانگەر و هەموو سەرکردە و خەباتکاران و پێشمەرگەکانی کە لە ریزی کۆمەڵەدا گیانایان بەختکردووە، سەری رێز دادەنوێنم بۆ هەموو ئەوانەی بە پانایی کوردستان لە رێگای ئازادی و عەداڵەتی رزگاری گەلی کورددا خەباتیان کردووە و گیانیان بەختکردووە و سڵاو دەنێرم بۆ تێکۆشەرانی ئەو سەردەمەمان، بۆ لاوان و گەنجانی ئێستا کە بێگومان من پێی دڵخۆشم فۆئادەکانی داهاتوومان لە نێو ئەواندا سەرهەڵدەدەن.





ئه‌م بابه‌ته 669 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:26:31/08/2021